په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١\٢٠١٣

دوو قسە لەگەڵ عەزیز محەمەد.


حەمەدەمین گاوان   


سی ساڵ سکرتێری حیزبی شەهیدان، حیزبی شوعی عێراقی تیکوشەر بووی، کە وتارت پێشکەشی بەشداربووانی کۆنگرەی پێنچ کردبوو لە رێکەوتی ١٤-٧-٢٠١٢ گلەیی و ناڕەزایی زۆرت هەبووە لە هاوپەیمانانی کاربەدەست، گوایە ئەو جیاوازیە زەقە دەکەن و بەو چاوە تەماشای دەوروبەری خۆیان دەکەن.. بە هەمان چاو تەماشای لایەنی تر و هاوڕێیان و لایەنگرانی ئێمەش ناکەن!!! هەروەها گوتبووت، من لە بارەی بەش بەشێنەوە باسی ئەوە ناکەم بەڵکو هەر لە رێگای لێوەشاوەیی کەسەکە خۆێەوە، ئەرێ بۆ لە کوردستان بەرێوەبەرێکی ناحیەمان نییە، ئەویش هەر لە رێگای لێوەشاوەیی و دلسۆزیی کەسەکە خۆیەوە، بڵێی لە کوردستان کەسێکی وامان نەبێت و شیاوی ئەو کارە بێت؟ ئەدی بۆ یەکێک لە ئێمە ئەپەڕێتەوە ئەم یا ئەو بەر رێزی زۆری لێدەنرێ، کاری گرنگی پێدەسپێردرێ، هەموو پێداویستیە تایبەتییەکانی بۆ جێبەجی دەکرێ؟ هەر لێرەوە با لە خۆشمان بپرسین گەلۆ بۆ واین کە بکرێ پەراوێز بخرێین؟

 

ئەمانە هەمووی قسەی تۆ بووینە ئەوجا مام گاوان دوو قسە ئەکات لەگەڵ بەرێزت، عەزیز محەمەد سی ساڵ سکرتێری حیزبی شەهیدان حیزبی خۆنەویستان لە پێناو گەل و نیشتمان، ئەدی بەرێز سکرتێری حیزب بۆ گلەیی لە خودی خۆت ناکەیت کە لەگەڵ ئەوانە پێکهاتی و رێککەوتی لەسەر چەند پارچە زەویەک بدرێ بە چەند سەرکردەیەک، هەروەها خانەنیش کردنی چەند سەرکردەیەک بە پلەی وەزیری بێ وەزارەت، جا ئەبێت کێ لەسەر ئەو پێکهاتنانە ئیمزای کردبێ؟ هەتاکو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێ؟ ئەوەی ئێوە چاندتان تۆیەکی نەزۆکی بێ بەر بوو، ئێستاش داوای بەرهەم و دروێنەی بە بەر لەم شوعیە بەستەزمانانەی ئەمڕۆ ئەکەن؟ ئێوە لە کاتێک زۆرترینی خەڵکی عێراق و کوردستانتان لەگەڵ بوو زۆرترین هەڵەی سیاسیتان کرد و لەبەر بەرژەوەندیە زۆر تایبەتیەکانی خۆتان خەڵک و جەماوەر و بگرە ئەندام و لایەنگرانی خۆشتان پشگوێ خست، تۆ ئەگەر راست ئەکەیت و ئێستاش باوڕت بەو قسانەی خۆت هەیە و تەنها شانۆگەریەک پێشکەش ناکەی یان ئەگەر مەبەستت نییە پاکانە بۆ کارە هەڵەکانی خۆت بکەیت و ئەگەر ناتەوێت دەستی چەوری خۆت بە شانی ئەو شوعیە بێ پەڵ و پۆیانە بسڕیتەوە، ئەوا پێویستە ئازایانە نەوەک تەنها بۆ شوعیەکان بەلکو بۆ هەموو هاوڵاتیان دان بە راستیەکان دابنێیت و لاپەڕە شاردراوەکان بۆ مێژوو هەڵدەیتەوە تا بتواندرێت باشترین وانە لە هەڵەکان وەربگیرێت، چونکە مرۆڤی شوعی لە هیچ کاتێ بەرژەوەندی تایبەتی ناخاتە سەر بەرژەوەندیەکانی گەل و نیشتمان، مرۆڤی شوعی هەردەم گیان لەسەر دەست بووە بۆ خۆبەختکردن لە پیناو مافەکانی گەل، هەروەها شوعیەکان ئەو کەسانەن لە خۆشیدا لە دواوەی هەموو خەڵکن و لە ناخۆشیدا لە پێشی پێشەوەن، شاهێدی قسەکانیشم کە تۆ زۆر باش ئەزانی، مێژووی حیزبە لە سەرەتای دروستبوونی تا ئەو کاتەی تۆ بووی بە سکرتێر، هەمووشمان ئەزانین لەو رۆژەی تۆ بووی بە سکرتێر حیزبی شوعی رۆژ بە رۆژ لە لاواز بووندایە و خەریکە مێژووەکەشی ئەشێوێندرێت. بۆیە بە پێویستی ئەزانم لێرە یادی پاڵەوانیەتی هاوڕێ نافع یونس بکەمەوە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بوو بە جەلادەکانی بەعسی ئەگوت، ئێوە خائین و روو رەشن، ئێوە ترسنۆکن، باش بزانن وا من هەموو نهێنیەکانی حیزبم لە لایە.. بتوانن لێم وەرگرن، تا گیانی پاکی گەیشتە شەهیدان هەر وای پی ئەگوتن، هەروەها لە ١٤-٢-١٩٦٣ لە بەندیخانەی نوگرەسەلمان شەهیدی نەمر و نەترس مەهدی حەمید نووسی (ژیان شیرینە بەڵام مردن لە پێناو ژیان شیرینترە) ئینجا گەر ئاوی هەموو دەریاکان ببێت بە مەرەکەب دلسۆزیی شوعیەکانی ئەو کاتی پێنانووسرێتەوە، چونکە مرۆڤی شوعی ئەم بەر و ئەو بەر ناکات، ئەوەی ئەو بەر و ئەو بەر ئەکات ئەوا قەت شوعی نەبووە، هەتا لەوپەڕی سەرکردایەتیش بێت، چونکە کە ئەبیت بە شوعی پێت ئەگوترێ، شوعیەت خۆبەختکردن و قوربانی دانە نەک بۆ کورسی و خۆ هەلکێشانە.

 

ئیتر لێرەوە ئەیبڕمەوە، چونکە کورد گوتوویەتی قسە هەزارە دووانی بەکارە ئەویش راستی و راستگۆییە، نەمریی سەربەرزیی بۆ شەهیدانی گەل و نیشتمان (حەیدەری، عەبەلی، هەمزە سەلمان، نافع یونس، مەهدی حەمید، ئیبراهیم محەمەد عەلی مەخموری، مەتا ئەلشێخ، توفیق مونیر، جۆرج حەنا تلۆ، محەمەد حوسێن ئەبو ئەلعێس، حەسەن عەوێنە) ئەمانە ناوی بەشێک لە هەزاران ئەو شەهیدانەن کە لە پێناو گەل و نیشتمان گیانی خۆیان بەخشی، کە تا ئیستا بە داخەوە نە گۆڕەکانیان دیارە نە کەس باسیان ئەکات، جارێکیتر سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی رێگای ئاشتی و ئازادی، بە تایبەت ئەو شەهیدانەی کە گۆڕ و ناویان ونە.
 


٢٨\١٢\٢٠١٢ - شەقڵاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک