![]()
|
چیرۆک دووربین.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئاوه‌که کاتێ به‌گوڕ ده‌یدا له به‌رده ئاوسووهکانی نێو چه‌می باسه‌ڕه، به‌باڵایاندا هه‌ڵده‌شاخێ و خوڕه‌یه‌کی ئاوازداری لێ هه‌ڵده‌سێ.. ژاڵه سوور‌و سپییه‌کانی هه‌ردوو ڕۆخی چه‌مه‌که، به‌شنه‌با حاڵیان لێهاتووه.. خۆریش وه‌ک هاوڕێکانی له ئاوه‌که‌دا مه‌له ده‌کات.. تیشکه‌که‌ی له گۆمه‌که‌دا ده‌شکێته‌وه، تابلۆی شێوه کریستاڵ ده‌نه‌خشێنێ. زه‌رفی نایلۆنی ههمهڕهنگت لێوه دیارن، هی سهیرانکهرهکانی دوێنێ شه‌ون، بهزریسک و بنچکه‌کانه‌وه عاسی بوون. بوتڵی شکاو، قاپی سه‌فه‌ریی.. شوێنی ئاگره‌که‌یان ڕه‌ش ده‌چێته‌وه.. به‌شه‌وقی لۆکس و ئاوازی ڕیکۆرده‌ر و جووڵه و گه‌ڕه‌لاوژه‌یان، ئاوه‌دانییان خستبووه ئه‌م دهوروناوه.
ئه‌م جموجووڵه له‌پڕه، دنه‌ی دان شوێنه‌که تاقیبکه‌نه‌وه. کاتێکیان بهخۆزانی له ژوور سه‌ریانه‌وه وه‌ستاون. وه‌ک برابن و چه‌ند ساڵێک بێ له‌یه‌ک دابڕابن، تێر ئه‌ملاو ئه‌ولایان ماچکردن.. ئه‌وان له جه‌نجاڵی و په‌ژاره‌ی شار خۆیان دزیبۆوه.. چاوت تێوه‌بوو شه‌رم دایگرتبوون. شووشه‌کانیان به‌ژێره‌وه کرد و خوڵکی ماسیی برژاویان کردن. چه‌ند گوزه‌رانێکی پڕ له ڕووداوی سه‌یره!.. هه‌ر ژهمهو له‌سه‌ر خوانی خانه‌خوێیه‌ک. پێت خۆش بوو، کاتێک ئه‌وان شووشه‌کانیان شارده‌وه. له ده‌روونتا مارێکی نه‌وسن که‌وته سه‌ره‌تاتکێ!
هه‌ر له‌وێوه پاشماوه‌ی ترومبێله زهبهلاحهکهت چاولێیه. ئه‌وه‌تا لووتیان پێداژهندۆته ناو گۆمه‌که‌وه. له‌م دیمه‌نه‌دا جێده‌ستی ده‌سته‌یه‌ک له هاوڕێکانی خۆت ده‌بینی. ئه‌وه‌تا له‌بان پلێتی بۆدییهکهیهوه، شڵپ خۆیان ههوادهدهنه ناو گۆمه‌که‌وه. ئه‌و شوێنه‌ی لێی وه‌ستاوی ڕوانگه‌یه. به‌رزاییه‌که‌ی هه‌روا ده مه‌ترێک ده‌بێ. له‌وێوه به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌وروبه‌ردا زاڵیت و ده‌ستت درێژه.. جاده‌یه‌کی قیر له‌ڕێگه‌ی سه‌نگاو جیاده‌بێته‌وه و سه‌روژوور، پێچه‌وانه‌ی ئاوه‌ڕۆی باسه‌ڕه هه‌ڵده‌کشێ. هه‌تا به‌رده‌م ئه‌م گرده دێت و ده‌کوژێته‌وه. لێره به‌ره‌وژوور ئیتر باریکه ڕێیه‌که، به ڕۆخی ئه‌م چه‌مه‌دا، ڕووه‌و ده‌ربه‌نده‌که هه‌ڵده‌کشێ.. ڕێ ڕوو له هه‌ورازه‌و ڕوبار ڕوو له نشێو. جێ جێ تاوێره و جێ جێ زیخهڵڵانی. هه‌ندێ شوێن زه‌ق و زۆپه و ڕێبوار ئاشکرا ده‌کا، بڕێ جاریش ڕوو له چاڵییه و ده‌یشارێته‌وه. تا خۆی به‌زاری ده‌ربه‌نده‌که‌دا ده‌کا و له‌وێ خۆی قایم ده‌کات.
ئه‌م ته‌پۆڵکه‌یه‌ی، که لێوه‌ی ده‌ڕوانی، ساڵه‌هایه‌ک به‌رله ئێستا، بۆسه‌یه‌ک بوو، ته‌واوی ئه‌م دهوروناوهی ده‌خسته ژێر چاودێریی خۆیه‌وه. ئێستاش ماوه‌ته‌وه سه‌ر چه‌ند پایه‌یه‌کی که‌ل و کۆم و داڕووخاو. دووربینه‌که‌ت له‌و پێویستییانه‌یه، که لێت جیانابێته‌وه و بۆته به‌شێک له‌خۆت. له دووره‌وه یارو نه‌یاری پێ له‌یه‌ک جیا ده‌که‌یته‌وه. ده‌زگه‌یه‌که زوو له ده‌وروبه‌ر ئاگادارت ده‌کا.. ئه‌وا له‌هیکڕا ده‌نگێکی ناساز، لووره‌ی گورگ ئاسا، دووربینه‌که‌ی پێ به‌رزکردیته‌وه.. چاوت گێڕا، دوو فڕۆکه‌ی بارگواستنهوهن، له ئاستی ژاڵه‌وه بۆ سه‌رچیا، تاپۆی جووتێک واشهیان ماوه‌ته‌وه، کاروانێکی ئاساییه، هه‌فته‌ی چه‌ند جارێک به‌م ئاسته‌دا ڕه‌ت ده‌بێ. گه‌رماوه‌که‌ت له هاوڕێکانت تێکنه‌دا و ئاگادارت نه‌کردن.. باسه‌ڕه ئه‌گه‌رچی چه‌می پێده‌ڵێن، به‌ڵام به‌هاژه‌و تافه‌تاف منه‌ی ڕوبارێکی سه‌ره‌ڕۆ ده‌کاو به‌هاران گا ده‌فڕێنێ..
هاوڕێکانت بڕێ جار گه‌رماوه‌که‌یان لێ ده‌بێته گاڵته‌ی منداڵان؛ هه‌رچه‌نده ئه‌وان هیچی وایان له قۆناغی منداڵیی ههڵنهبواردووه. ئه‌وه‌ی له هه‌مووتان به‌ته‌مه‌نتره (سه‌ردار)ه، به‌مام سه‌ردار بانگی ده‌که‌ن.. ته‌مه‌نیشی ته‌نیا بیست و حه‌وت ساڵه. ئه‌وه‌تا له‌پاڵ تاوێرێکدا هه‌ڵتروشکاوه؛ سه‌رنجی ئاسمانی بان چیاکه ده‌دات. له‌وانه‌یه ئه‌ویش ده‌نگه ناسازهکهی بیستبێ.. ئه‌وا جووڵاو بۆ به‌رزاییه‌که‌ی به‌رامبه‌ری ده‌چێ. ئه‌م جیایه. نه وه‌ک ئه‌وانی دی گاڵته‌و مه‌زاق ده‌زانێ و نه نوکته گێڕانه‌وه. سه‌رتا باوه‌ڕت پێی نه‌بوو بتوانێ بزنه شه‌لێک گڵبداتهوه. که‌چی له‌هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌کدا، کاتێ چاوت بۆ گێڕاوه له پێشته‌وه بووه. له دوای هه‌مووشتان شه‌ڕگه‌ی چۆل کردووه. لێره‌وه بۆت ده‌رکه‌وت، که بوێری و که‌ڵه‌وه‌کێشی به‌ڕه‌نگ و ڕوو نییه.
هاوڕێکانت ده‌ڵێی ئه‌و باڵندانه‌ن، که خۆیان به‌ده‌م شه‌پۆلی ڕووباره‌کانه‌وه ده‌ده‌ن. شڵپ و هووڕ و ده‌نگ و قریوه‌یه‌کی هه‌رزه‌کارانه‌یان لێ به‌رزده‌بێته‌وه. دووربینه‌که‌ت به‌چاوته‌وه نا. به‌ره‌وخوار به‌جاده قیره‌که‌دا ڕوانینت ده‌نێری.. سه‌رنجت له‌سه‌ر که‌نده‌ڵانێک له‌نگه‌ری گرتووه. وه‌ک ئێسکه‌په‌یکه‌ری داینهسوورێک، کۆمه‌ڵیک ئاسنی تێکپهڕیوی ژه‌نگ خواردوو، لاشیپانی ده‌رگه‌ی ڕزیوو تێکقوپاو، خۆیان به‌چاوی دووربینهکهتدا کرد. له گیاندارێکی هێجگار گه‌وره ده‌چێ، داڵ لێیدابێ؛ ته‌نیا داروباره‌که‌ی ماوه.. بیرت گه‌ڕایه‌وه ئه‌و به‌یانییه به‌هارییه‌ی، که وه‌ک بارگیرێکی چه‌مووش تێیدا گلاو سهرهنگری بوو. ** تۆ له شانی مام سه‌رداره‌وه له په‌نا بهردێکدابووی، کاتێ ده‌نگه‌کان تێکه‌ڵ بهنرکهی باسه‌ڕه ده‌بوون.. ئه‌و حه‌له باسه‌ڕه هه‌ڕه‌تی شه‌پۆلانی بوو. چاوت لێ‌بوو ئه‌و عه‌زیایه، بهتهپاوتل و ته‌قله‌لێدان، بهخهرمانێک گڕه‌وه، ڕووه‌و چه‌م دایکێشاو به‌یه‌کجاریی له کهندهڵانهکهدا شانی دادا. گڕێکی سوور وه‌ک زمانی گورگ له پێشییه‌وه ده‌هاته ده‌رێ و ورده ورده ده‌ته‌نییه‌وه. به‌ته‌قینه‌وه‌یه‌کی گوێ کاسکهر، له‌به‌ر تۆکمه‌یی خۆی ئه‌و ناوه‌ی هه‌ژاند. گه‌واڵه‌یه‌ک دووکه‌ڵی قیرین به‌ناخی ئاسماندا چوو.. پارچه قورقوشم زه‌رده‌زیڕه‌ی ورووژاو بوون، گیزه گیز به‌چوار که‌ناردا بۆ سیپه‌و په‌نا ده‌گه‌ڕا. ناوبه‌ناو گرمه‌یه‌ک، زه‌ویی ژێرتانی ده‌هه‌ژاند. سووکه شانێکی به‌و گابهردانهش هه‌ڵده‌ته‌کاند، که له سه‌رده‌می ساوایه‌تیی گه‌ردوونه‌وه چه‌سپی زه‌وی بوون و له‌ره‌یان بۆ نه‌کردووه.
ڕێکده‌که‌وێ که‌ڵه‌شێرێکی بچکۆله‌ی باڕ، یه‌کێکی جقه درێژ ده‌به‌زێنێ.. هه‌ڵۆیه‌کی گچکه، سهرگهڕێک له حه‌لحه‌له‌ی ئاسمانه‌وه به‌رده‌داته‌وه.. زۆرانه‌که‌ی ئێوه‌ش وه‌هابوو.. هه‌ر بهگلاندنی عهزیاکهی پێشه‌نگی کاروان، که به‌عینوان ده‌هاته ڕێوه، سه‌رگه‌ڕ به‌په‌له‌پڕووزێ له چنگی هه‌ڵۆی په‌ڕکوور ده‌ربازبوو. ** ڕووت وهچهرخاند، دهربهندت هێنایه به‌رده‌مت. تاک و ته‌را ده‌وه‌ن، لێره و له‌وێ، خۆیان به‌و چیا به‌ردینه‌وه هه‌ڵواسیوه. بڕکه بزن بهدامێنهوه ڕووه‌و پاده‌شت سه‌ریان له دووی یه‌ک ناوه. چاوه‌کانت گه‌یشتنه ئاستی زاری ده‌ربه‌نده‌که.. زاری ده‌ربه‌نده‌که له یه‌خه‌ی بلووزه‌که‌ی (که‌ژاڵ) ده‌چێ.. گه‌ڕایته‌وه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی پێکه‌وه له سای ده‌وه‌نێکدا دهمهتهقێتان بوو.. ** ((ئه‌رێ کاوه قسه‌یه‌ک بکه‌م پێی دڵته‌نگ نابی؟)) ((جا من که‌ی به‌قسه‌ت تۆ دڵته‌نگ بووم، که‌ژاڵ!)) ((ده‌ڵێم، چه‌ندم ده‌کۆشا باوه‌ڕم په‌یدا نه‌ده‌کرد، که‌تۆ به‌م چیا‌و چۆڵه‌وه گوزه‌ران بکه‌ی و هۆگری ببی!) ((ده‌ی ده‌ی کچی باش، تمه‌س کاتی خۆی باوه‌ڕت پێم نه‌بووه؟!)) ((نا نا، وام نه‌وت کاوه گیان. ئاخر تۆی قوتابیی و ده‌ست و پێ سپی، هه‌موو پێویستییه‌کت هاتۆته به‌رده‌ست، مه‌گه‌ر بۆ سه‌یران چیات دیبێ، ئه‌ی وانییه خاڵۆزا؟)) ((گرنگ بڕوا بوونه به‌و کاره‌ی، که مرۆڤ ده‌ستی ده‌داتێ.. ئه‌گه‌ر بڕوای هه‌بوو، ئیدی هه‌موو شتێکی له‌ده‌ست دێ که‌ژاڵ خان!)) ((ئه‌گه‌ر بڵێی قوتابییه‌کانی هاوڕێشت، سه‌ریان سووڕده‌مێنێ، که‌ده‌ڵێم هه‌میشه نزیکه‌ی بیست کیلۆی به‌کۆڵه‌وه‌یه!)) ((جا ئێستا ده‌ڵێی چی؟.. شوو به‌کۆڵ به‌کۆڵ ده‌که‌ی؟)) ((ڕاستییه‌که‌ی دوای ئه‌وه‌ی هۆڵی خوێندنت چۆڵکرد، منیش ئه‌وه‌ی به‌شوێنیدا ده‌گه‌ڕام دۆزیمه‌وه!.. گفتم پێداوه و بڕاوه‌ته‌وه!!)) ((ئه‌و به‌خته‌وه‌ره کێیه پوورزا؟)) ((خاڵۆزامه!!)) ((ئه‌ی شه‌یتانی چاوشین.. فێری قسه‌کردنیش بووی!.. ئه‌وه خه‌ریکی چیت؟)) ((ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ی قۆنداخی دارده‌سته‌که‌ت تۆخ ده‌که‌مه‌وه. بام له دووره‌وه وه‌ک ئه‌ستێره‌ی ئاسمان گه‌ش بدره‌وشێته‌وه.)) ((جا به‌بۆیه‌ی نینۆک، کچی باش؟!)) ((ئه‌ی بۆنا؟.. له‌به‌ر دوو شت...)) ((چی و چی؟)) ((یه‌که‌م، تاکو له‌یادم نه‌که‌ی.. دووه‌میش، تاکو ئه‌م داردهستهت هینده‌ی من خۆشبوێ!)) ((قسه‌کانت خۆش بوون پوورزا! به‌ڵام هاوڕێکانم بزانن به‌بۆیه‌ی نینۆک ڕه‌نگکراوه، لێم نابڕنه‌وه.. ئه‌وان به‌زۆریی گه‌رمیانین!)) ((ئاخر نه‌بادا منیش و داردهستهکهیشت له یادبکهی!)) ((هه‌رچه‌ند به‌م ده‌ربه‌نده‌دا ڕهتببم دێیته‌وه یادم.. سه‌یرکه، له‌یه‌خه‌ی بلووزهکهت ده‌چێ!)) ** سه‌رنجی گۆمه‌که ده‌ده‌یت. فه‌ره‌یدوون خۆی پۆشتهکردهوه.. په‌یکه‌رێکه و له‌سه‌ر تاوێرێک ڕاوه‌ستاوه. لاوێکی تێکسمڕاوی بازۆڵه پته‌وه. به‌ئارامه و پشوو درێژ.. هه‌ڵسایته‌وه، چاوه‌کانی دووربینه‌که‌ت کرده‌وه ده‌ربه‌نده‌که. تاکه سوارێک وا تازه‌کی له گه‌رووی ده‌ربه‌نده‌که‌وه به‌مدیودا دێ. سه‌ڵته زه‌لامێ جڵهوکێشێتی.. که‌وتیته ده‌ستکاریی به‌کره‌ی دووربینهکهو به‌ڕوونی ناو ده‌ربه‌نده‌که‌ی هێنایه پێش، به‌ڵام ڕێبواره‌کان که‌وتنه نشێوی. ده‌سووڕێیت و چاوه‌کانیشت هه‌ر بهدووربینهکهوهن.. جم و جووڵێکی ئه‌وتۆ به‌دی ناکه‌ی.. پادهشتیش هیچ هه‌ستێکی نوێت پێ نابه‌خشێ. بۆیه دووربینه‌که‌ت به‌گه‌ردندا شۆڕکرده‌وه. شیروان ئه‌وه‌تا له ڕۆخی گۆمه‌که چیچکه‌ی کردووه. هێشتا خۆی ڕووت نه‌کردۆته‌وه. ئاوێنه‌یه‌کی خڕ له قولی مستا و بهمووکێش خه‌ریکی ڕێکخستنی ڕیش و سمێڵێتی.. شیروان هه‌میشه ده‌ست به‌خۆیدا دێنێ. ئه‌م کوت و مت ده‌ڵێی (کاروان) ی براته.. وا بیرت بووه مه‌لێکی باڵ سووک و بۆ جه‌نجاڵی و گوزه‌رانی شار هه‌ڵفڕی. ** کاره، وه‌ک له ماڵه‌وه بانگی ده‌که‌ن.. کاروان، کاروانی حه‌مه‌عه‌لی؛ قه‌ڵافه‌تی له ته‌مه‌نی گه‌وره‌تر بوو.. ڕیشه خورماییه‌که‌ی، جۆره سام و که‌سایه‌تییه‌کی دابوویه.. ئه‌گه‌ر به‌لایدا ڕوت بوویتایه، هه‌ر ده‌بوو ئاوڕێکی لێ بده‌یته‌وه.. چاوه‌کانی وه‌ک چاوی نێرگز، به‌لای زه‌رددا ده‌یڕوانی.. هه‌میشه ئاره‌زووی له جل و به‌رگی ڕه‌ش بوو. پشتوێنێکی پانی ده‌به‌ست و ته‌زبیحێکی قه‌زوانی گوڵنگه زه‌ردی به‌رده‌دایه‌وه.. کاتێ ئێوارانی لێ ده‌هات، ئاوه‌ها خۆی ده‌گۆڕی و ده‌هاته سه‌ر سیله‌ی ئه‌و کۆڵانه ته‌نگه‌به‌ره‌ی، وه‌ک جۆگه‌له‌یه‌کی باریک ده‌چێته‌وه سه‌ر ڕوباری شاڕێگه‌که. له‌گه‌ڵ دووان سیانێ له هاوڕێکانیدا، تا ئێواره‌یه‌کی ده‌رنگ سیله‌ی کۆڵانه‌که‌یان ده‌گرت.. له هه‌واڵ و قسه‌ی قوتی نوێ ئاگادار ده‌بوون. وه‌ختێ تاریک داده‌هات خۆیان به‌ماڵدا ده‌کرده‌وه و سه‌ریان به‌سه‌ر کتێبه‌کانیاندا دادهژهندهوه. کاره، بههێوابوو نمره‌ی باش بهێنێ و ده‌می له دوکتۆرییهوه ده‌دا.. کابراش قینی له سێ که‌س زۆر ده‌بۆوه.. ئه‌وانه‌ی کڵاش به‌سه‌رپێوه ده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ی ڕیش ده‌هێڵنه‌وه. ئه‌وانه‌شی سیله‌ی کۆڵانان ده‌گرن.
ئه‌و ئێواره‌یه‌ش باری شه‌قامه‌که شڵه‌ژا.. ئوتومبیله‌کان باریکیان کرده‌وه و په‌نایان گرت. چرای پێشه‌وه‌یان کزکرد و گلۆپی ناوه‌وه‌یان هه‌ڵکرد.. کابرا و ده‌سته‌که‌ی به‌خێرایی ده‌هاتن. خۆیان بهئوتومبیلهکانیاندا هه‌ڵواسیبوو. له ئاستی کۆڵانه‌که، زیڕه‌ی ئیستۆپێک ئه‌و ناوه‌ی شڵه‌ژاند. وه‌ک تیپی یاریی تۆپی پێ، به‌گۆڕه‌پانی شه‌قامه‌که‌دا بڵاوبوونه‌وه و چاوی ڕێبواره‌کانیان ترساند. پله‌ی گه‌رمیی له سیله‌ی کۆڵانه‌که‌دا هه‌ڵچوو. کاره ڕه‌هێڵ بوو. هات و چوون بۆ چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک وه‌ستاو ڕێبوار په‌نگیان خوارده‌وه. پارچه ئاسنێکیان ئاخنییه باخه‌ڵی کاروانه‌وه! که په‌نگاوی خه‌ڵکه‌که به‌ری ڕایی بوو، وه‌ک پۆله کۆتری له واشه ترسا‌و، ده‌یانویست هه‌رچی زووتره په‌ناو پاسارێک بدۆزنه‌وه، خۆیانی تێبپهستن.. به‌به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه ئاسنه‌که‌یان له باخه‌ڵی ده‌رهێنا!
له‌سه‌ر پشت که‌وتبوو. که‌وتنه‌که له چوار مێخه‌ی عیسا ده‌چوو. خیزه خیزو لرخه لرخێکی سامناکی لێ به‌رزده‌بۆوه. ته‌نها پێڵاوه‌کانی ڕێک له‌گه‌ڵ ترپه‌ی دڵیدا به‌ره‌وڕوویان ده‌له‌رییه‌وه.. پاژنه‌ی له زه‌وی گیرکردبوو، وه‌ک نه‌یه‌وێ سه‌ر زه‌مین به‌جێبهێڵێ. دوان ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ریان لێگرت. ههوایهندایه پاشی پیکابێک و له‌سه‌ر سینگی که‌وتنه هه‌ڵپه‌ڕین و هات و هاوار.. گه‌ڕه‌که‌که‌یان پڕ هه‌راو زه‌نایه‌کی ناسازکرد.. کۆڵانه‌که‌یش هه‌ڵچوو.. کاره.. کاروان؛ کاروانی حه‌مه عه‌لیی چایچی... **
هه‌موو براده‌ره‌کانت ئه‌م ڕووداوه ده‌زانن، گوێت لێیان بووه وتوویانه: ((کاوه، گشت گیانی زامه، دڵی ڕابگرن.)) ئه‌وا هه‌ناسه‌یه‌کی تاڵ هه‌ڵده‌كێشی. له‌شت کرژ بووه. ده‌ستت به‌دوگمه‌ی ڕادوێدا ناو ئاوازێکی هێمنی لێ به‌رز ده‌بێته‌وه. هه‌ڵسایته‌وه، دووربینهکت به‌رزده‌که‌یته‌وه. په‌نجه بهبهکرهکهیدا ده‌هێنی. وا له‌سه‌ر ڕووی هێستر سواره‌که نێت بووه. شێوه‌ی ده‌که‌ی، هه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌نگتان ناگاتهیهک، ئه‌گینا وه‌کوتر له پاڵتایه.. له‌گه‌ڵ شێوه کردنیدا، وه‌رده ورده ئه‌و ڕووداوانه‌شی، که خۆیان تێوه ئاڵاندووه، له گه‌نجینه‌ی بیرهوهرییهکانتهوه به‌ئاگا دێنه‌وه. ** هه‌ندێ هه‌ناسه‌ی ژیان هه‌ن چاره‌نووسیان پێوه به‌نده و هه‌ریه‌که‌یان نرخی ساڵانێکان له ته‌من هه‌یه. ئێوه‌ش هه‌ناسه له سینه‌تاندا په‌نگی خواردبۆوه؛ ورته‌تان له خۆتان بڕیبوو.. هه‌ر جووته چاوه و دووربینێک بوو بۆ خۆی. گوێ ئاماده‌ی قۆستنه‌وه‌ی ده‌نگ بوو، جا له ئاسمانه‌وه بوایه یان له زه‌وییه‌وه.. چاوه‌کانی تۆش به‌جاده قیره‌که‌وه قه‌تیس مابوون. له بێده‌نگیدا، خه‌ڵکی گوێ له ده‌نگی نزمیش ده‌گرن. باسه‌ڕه‌ی باڵا ده‌نگ، لافی به‌هارانی لێده‌دا و به‌هاژه له‌سه‌ردا ده‌هات.
چاوت تێوه بوو وه‌ک گای تاڵانی، لۆرییه‌ک له‌ڕێ لایداو گلا. ناڵه‌یه‌کی لێوه‌هات و له شیوه‌که‌ی ده‌سته‌چه‌پدا خامۆش بوو. دووکه‌ڵێکی قیرین سه‌ری شیوه‌که‌ی نایه‌وه و که‌پرۆکه‌ی به‌سه‌ره‌وه هه‌ڵدا. بۆنی دووکه‌ڵه‌که‌ت پێ ناساز بوو. گڕ، زمانی شه‌یتان بوو، به‌ناخی ئاسماندا ده‌چوو. هه‌راو فڕکان فڕکان و شڵه‌ژان.. بانگ کردن و تێخوڕینی شپرزانه.. په‌ناگرتنی زه‌لام. له‌سه‌ر زگ، خۆ به‌کێش کردنی پێکراو. به‌رزبوونه‌وه‌ی فیزاح و تێکچوونی ڕیزی کاروانه‌که. لاڕێ گرتنی ئۆتومبیله‌کانی دواوه. باڵنده ترساوه‌کان ڕووه‌و ده‌ربه‌نده‌که، له شه‌ققه‌ی باڵیان دا‌و په‌ڕته‌وازه بوون. وه‌ک زه‌مان له‌جێی خۆی چهقیبهستبێ و زه‌وی تۆپه باغهیهکی بهجهڕو مه‌نگه‌نه کارکردوو بێت و خاو بووبێته‌وه.. که‌چی وه‌کوتر ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند کاروانه‌که‌ی به‌رامبه‌رت پهلهپڕووزهی پێکه‌وت.
ئۆتومبیله‌کان به‌تیژی پێچیان ده‌کرده‌وه و قیره‌که‌یان ده‌ڕووشاند. بڕێ جاران سواری کۆڵی لاڕێ و وشکهسییهکه ده‌بوون و ده‌نگی ناساز له مه‌کینه و پێچکهکهنیان هه‌ڵده‌سا. ڕاکردنه‌که‌یان له‌جم و جووڵی کاریکاتێرانه ده‌چوو. ئه‌وان دوو یادگارییان لێ به‌جێما. یه‌که‌میان له دۆڵه‌که‌ی ده‌سته چه‌پدا، دووکه‌ڵێکی ته‌نکی لێههڵدهسا. بۆنی لاستیک و بۆیه و ئیسفه‌نجی سووتاو لووتیان تووشی په‌سێو ده‌کرد. ئه‌وی دیکه‌یان ماشینێکی گچکهبوو، تایه‌کانی ڕووه‌و تۆ چه‌پ و چێڕ وه‌ستابوون. له‌گه‌ڵ تاشه به‌ردێکدا شهڕهشۆقیان کردبوو. به‌رده‌که ته‌وێڵی ئه‌وی تێکقوپاندبوو. لووتی به‌قووڵدا چووبوو. وێنه‌ی به‌رانی شاخ شکاو له ئاستی زنارهکهدا نه‌ختێک هاتبووه دواوه و چووبوو.. ئه‌مه یه‌که‌م نیشانه‌بوو به‌رامبه‌رت قوت بۆوه.
تۆ له په‌نا بهردێکددا، که نزیکه‌ی بستێک سه‌ر زه‌وی که‌وتبوو، له‌سه‌ر سک درێژ ببووی، ئه‌ویش تاده‌هات پتر به‌ری ڕوانینی لێدهگرتی. کردته نیشانه، چاوت لێ‌بوو وردهکونی ڕه‌شی تێده‌بوو. له شوێنی کونه‌کانه‌وه دووکه‌ڵ ده‌هاته ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر خێرایی خۆشی به‌رده‌وام بوو. بایدایه‌وه لاڕێ و تووشی گاشه‌به‌رده‌که هات. ناڵه‌یه‌کی لێ به‌رزبۆوه و له داروبارهوه له گرێژه‌نه چوو!
ده‌رگه‌کانی کرانه‌وه و شوفێره‌که‌ی به‌سه‌ر ستێرنهکهوه لاربۆوه.. دیمه‌نی ماشینه‌که، له ده‌ست هه‌ڵبڕینی کابرایه‌کی زاره‌تره‌ک ده‌چوو. ته‌نیا زه‌لامێکی لێهاته ده‌ره‌وه. ئه‌ویش به‌ده‌رگه‌ی سهکندا شۆڕبۆوه. دواتر له‌سه‌ر وشکهسییهکه گرمۆڵهبوو! نه‌یتوانی بستێک چییه له‌و دهوروناوه دوور بکه‌وێته‌وه و پهنابگرێ؛ که له ته‌نووری داخراو ده‌چوو.. ئاوها ئه‌و چه‌ند ساته کورته‌ت بینیی..
کاتێ گه‌یشتیته سه‌ری، له ماشینه‌که دوورت خسته‌وه و له‌سه‌ر پشت، له‌بان قیره‌که درێژت کرد. به‌په‌له چاوێکت پێدا گێڕا. (عه‌لی).. (عه‌لی خه‌ڵه‌ف).. هیچ نیشانه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به‌قۆڵ و لامل و سهرشانهکانێوه نه‌بوو.. مام سه‌ردار به‌سه‌رسامییه‌وه پێی وتی:
((نیازی چیت به‌م کابرایه هه‌یه، کاوه؟.. ئه‌وه‌تا گیان ده‌دا.. ئه‌مشه‌و لێده‌بێته‌وه!)) ((نیازم خراپ نییه مامه!)) ((دوور نییه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌رمان، له‌وانه‌یه ئه‌مجاره له ئاسمانیشه‌وه بۆمان بێن. له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌ست و برد چاکه! عه‌لی دهیلرخاند. له‌سه‌ر جلهکانێوه ده‌ڵه ده‌ڵ له‌به‌ری ده‌ڕۆیی. چاوه‌کانی گێژ، له‌وه‌دابوو ژێره‌وژوور ببن. سه‌رت هه‌ڵبڕی، هێشتا مام سه‌ردار به‌ژوور سه‌رته‌وه بوو. فه‌ره‌یدوون له‌دوایه‌وه چاوه‌ڕوان بوو.)) ((ئه‌وا گشتیان په‌ڕینه‌وه ئه‌وبه‌ر چه‌م، هه‌ر ئێمه لێره ماوین. ده‌ترسێم له‌م که‌ین و به‌ینه‌دا تێدابچی کاوه!)) ((لێیگه‌ڕێ مامه، ئه‌وه کاوه‌یه، هه‌رچی ده‌کات بام بیکا!))
فه‌ره‌یدوون ئه‌مه‌ی به‌گوێی مام سه‌رداردا دا (گشت گیانی زامه).. ئه‌م قسه‌یه‌ت وه‌ک بروسکه به‌یاددا هات. وه‌ک زه‌نگێکی گه‌وره له‌وانه‌ی بهقوللهی که‌نیسه‌کاندا شۆڕبوونه‌ته‌وه، له کاسه‌ی سه‌رتا ده‌زرنگایه‌وه.. زامه‌کانت هاتنه‌وه سوێ.. دیمه‌نی دوا ئێواره‌ی ته‌مه‌نی کاروانت هاته‌وه پێش چاو.. له‌سه‌ر پشت که‌وتنه‌که‌ی.. لرخه لرخ و نووزه‌ی به ئاسته‌می.. هه‌راو زه‌نای کۆڵان.. کونه‌کانی سینگ و گه‌ردن و ڕووی.. چوارمێخه‌ی عیسا بوو، جارێکی دی به‌خاویی له‌به‌ر چاوت لێدرایه‌وه.
لاقهکانیت جووت کرد، هه‌ردوو ده‌ستت بۆ بنباڵی برد. پڕت پێداکرد و به‌سه‌رشانتدا دا. پارچه گۆشتێکی شله‌په‌ته بوو، توانای خۆڕاگرتنی نه‌مابوو. خیزه و لرخه لرخێکی سامناکی لێ به‌رزده‌بۆوه. وه‌ک کۆمه‌ڵه ده‌نگێکی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و ئاڵۆز، له‌بنی بیردا نووزه‌یان بێ و داوای کارێکی گرنگت لێبکه‌ن و تۆ لێیان حاڵیی نه‌بی وه‌هابوو... له‌سه‌ر شانی ڕاستت جێت بۆ کرده‌وه.. تینی گه‌رمیی گه‌یشته کۆڵنجت، وه‌رده ورده پێیدا شۆڕبۆوه.. شانتان به شانی یه‌که‌وه نا، به‌ده‌ستی ڕاستت ڕانهکانیت گرتبوو. لووتی پێڵاوه‌کانی ده‌یدا له کهشکهژنۆت. به ده‌ستی چه‌پیشت، له‌نگه‌ری کۆڵه‌که‌ی خۆت گرتبوو.. قه‌ده‌رێک به‌که‌ناری باسه‌ڕه‌دا سه‌ره‌وژوور بوویته‌وه. ئه‌ژنۆت شڵ و هه‌ناسه‌ت سوار. ئه‌مجا له‌سه‌ر ته‌ختاییه‌ک درێژت کرد.
ڕووی عه‌لی بههێیهکی گه‌یو بوو. لێویشی وه‌ک خاڵه کوتراوه‌که‌ی سه‌رلووتی شین هه‌ڵگه‌ڕابوو.. توێژاڵێکی سپیی ڕێ ڕێ، له‌سه‌ری قه‌تماغه‌ی به‌ستبوو.. ده‌نگێکی بێواتای لێ به‌رزده‌بۆوه.. مام سه‌ردا و فه‌ره‌یدوون له‌وبه‌ری چه‌مه‌وه دارده‌سته‌کانیان هه‌ڵبڕی و هێمایان بۆ کردی.. ده‌سته‌کانت له ئاوه‌که‌دا شت و به‌مستی پڕه‌وه گه‌ڕایته‌وه سه‌ری و کردت به‌زاریدا.. زمانێکی به‌لێویدا گێڕا‌و چاوه لێڵ و گێژه‌کانی تا ماوه‌یه‌ک له‌سه‌ر ڕووت نهترووکاند و نهیگواستنهوه. که‌مێ تووکی ڕوون بۆوه، وه‌ک بڵێ زۆرم تینوو بوو، کارت ڕاست بێ! ئه‌وه‌نده هه‌بوو تێڕامانه‌که‌ی له گومان و دڵنیایی تێکه‌ڵ بوو، وه‌ک بڵێ ئه‌رێ کابرا نیازی چیت پێمه، خۆمن له حه‌وت ساڵان ڕاست بوومه‌ته‌وه؟! چهقۆیهکهت له‌به‌ر پشتێن جیاکرده‌وه.. ده‌ستێکت خسته ژێر شانی و ههڵتبڕی. وه‌ک مریشکی نه‌خۆش سه‌ری لێ ببوو به‌ته‌وق و پێی ڕاگیر نه‌ده‌بوو. دوگمه‌کانی کراسه بهڵهکهکهیت یه‌که یه‌که ترازاند و پاڵت بهتاوێرێکهوه دا. لووتی چه‌قۆکه‌ت بهتاوێرهکهدا دا‌و ده‌مه‌که‌ی کرایه‌وه... ** ڕووت کرده‌وه ده‌ربه‌نده‌که. قاتر سواره‌که هاته‌به‌ر بینایی دووربینه‌که‌ت و کادیره‌که‌ی پڕکرده‌وه.. به په‌له دێته ڕێوه. توند خۆی بهکورتانی قاترهکهوه نووساندووه. ڕێبه‌ره‌که‌ی خێرا خێرا ئاوڕی لێ ده‌داته‌وه. چاوت لێیه وه‌ک گه‌رد و تۆز بێت و له شوێن سمی وڵاخه‌که و شوێن پێی چاوساغی پیاده به‌رزببێته‌وه وه‌هایه. بایه‌که گێژی ده‌دا و چوار په‌لی وڵاخه‌که‌ش له‌وه‌ده‌چێ به‌ناو ته‌نکه ته‌مێکدا ڕێبکا..
ئه‌وا په‌نجه‌ت بۆ به‌کره‌ی دووربینه‌که برد‌و سووڕاندت. ته‌واو له‌سه‌ر ڕووی سواره‌که نێت بووه.. ئێستا گومانت له‌لا نه‌ماوه، که (عه‌لی خه‌ڵه‌ف) خۆیه‌تی. کابرای پیادهیش چاوساغێتی و ڕه‌نگه عه‌لی هێستره‌که‌ی لێ به‌کرێ گرتبێ، تاکو پێی بگاته جاده‌ی قیرو له‌وێوه بۆ شوێن و مه‌نزڵی خۆی بگه‌ڕێته‌وه.. دیمه‌نێکی بێده‌نگ و بهجووڵهیه. ** ده‌می چه‌قۆکه‌ت تێناو تا ناوشان کراسهکهیت ههڵتڵیشاند. ئه‌مجا له لاسکی فانیله‌که‌ت ناو ههڵتهێنایهوه.. پاڵت به تاوێرهکهوه دایه‌وه. هێشتا هه‌ر له‌به‌ری ده‌ڕۆیی. جامانه‌که‌ت له‌سه‌رت داماڵی. له‌سه‌ر زه‌وییه‌که پان و شهفتوولت کرده‌وه. سێگۆشه‌یه‌کی درێژی لێده‌رچوو. له بنباڵییهوه بردت بۆ سه‌رشانی و توند گرێت دا. له ڕه‌نگ و ڕوخساری تێکشکاویدا، ته‌نیاباڵی و بێکه‌سی ده‌خوێندرایه‌وه. ملی بۆ ڕاگیر نه‌ده‌بوو. به‌هێڵه چاڵه‌کانی نێوچاوانیدا دڵڕه‌ق ده‌هاته پێشچاو. هه‌وڵی ده‌دا خۆی قیت بکاته‌وه. سه‌رنجه‌کانی ڕاوه‌ستاوتر و گونجاوتر بکا.. رووی تێکردیت. وه‌ک هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌کردبێ وا بهکهفتهکاریی بکه‌وێته به‌رده‌ست کابرایه‌کی نه‌ناس و بگره ناحه‌زیش.. ئاخێکی هه‌ڵکێشا و ده‌ستی به‌ناڵه و خیزه خیز کرده‌وه. نه‌یتوانی هیچ بڵێ.. تۆ ئه‌و جۆره ده‌نگه‌ت له‌وانه بیستبوو، که ده‌بوورانه‌وه، یاخود په‌رکه‌میان له‌گه‌ڵدابوو. له‌وانه‌یشه هاواری که‌سێکی ئازیزی کردبێ.. ** سه‌رنجت له‌سه‌ر عه‌لی خه‌ڵه‌ف گواسته‌وه. دووربینه‌که‌ت بهبهرۆکتدا شۆڕکردۆته‌وه.. (ئاسۆ) له‌سه‌ر تاوێرێک جلکی ژێره‌وه‌ی ده‌شوات. له‌پاڵ خۆیدا کراسه‌که‌ی به‌سه‌ر بنه تهروویهکدا داوه، ده‌ڵێی کوارگه هه‌ڵتۆقیوه.. چه‌ند لاوێکی ڕۆحسووکه!.. ئه‌گه‌ر له شیرین خه‌ویشدا ڕایپهڕێنی به‌ده‌مته‌وه پێده‌که‌نێ.. هه‌میشه نوکته‌ی به‌سه‌ر زاره‌وه‌یه. ئه‌وا (حه‌مه‌ساڵح) هه‌ڵیکرده قه‌تار.. خۆشت نازانی بۆ، کاتێ حه‌مه ساڵح گۆرانی ده‌ڵێ، ئیتر بهتۆبێ، نه‌هێڵی با سروه‌ی بێ و مه‌ل بجریوێنێ؟.. بهتۆبێ هه‌موو گیانت ببێ به‌گوێ و بۆ گۆرانییه‌کانی ئه‌وی شل بکه‌یت. له‌وانه‌یه سروشته جوانه‌که و ئه‌و کات و سه‌رده‌مه‌ی گۆرانییه‌که‌ی تێدا ده‌ڵێ، ئاوازه میللییه‌کانی ئه‌وی له‌لا خۆشه‌ویست کردبی.. ئه‌وا هه‌واکه‌ی گۆڕی و بوو به به‌سته‌یه‌کی به‌ئاهه‌نگ و خێرا. له‌گه‌ڵ خێراییهکهدا له‌رینه‌وه‌یه‌کی کوردانه‌ی تێدایه. هه‌ر چه‌ند ڕسته‌یه‌کی کورتی مۆسیقایه، دووباره ده‌بێته‌وه به‌ڵام نابێزرێ. شان ده‌هێنێته بزاوتن و ئاره‌زووی هه‌ڵپه‌ڕین ده‌جووڵێنێ. ئه‌وا دوان له هاوڕێکانی دارده‌سته‌کانیان هه‌ڵپه‌سارد و له‌سه‌ر ته‌خته تاوێره‌کان ده‌ستیان به‌شان جووڵاندن کرد. حه‌زده‌که‌ی له‌گه‌ڵیاندا ده‌ست بگری. به‌ده‌نگی حه‌مه‌ساڵح ده‌روونت ده‌که‌وێته سه‌ر جۆش و خرۆشێکی بێئه‌ندازه. له‌وه‌دایه قاچه‌کانت له‌سه‌ر زه‌وی به‌رز ببنه‌وه و بفڕی. له‌م ده‌مه‌دا بیر له هیچ ناکه‌یته‌وه. زامهکانیشت بیرچوونه‌ته‌وه. وه‌ک کاتی له‌دایکبوون وه‌هایه. ده‌روونتی پێ له بۆدڕن و خه‌وش دادهشۆردرێ و وه‌ک شیری دایک سپی ده‌بێته‌وه.
ده‌ستت بۆ دووربینه‌که‌ت برده‌وه. هه‌رده و باسکه‌کانی خوێڵێنهکهت کێش کرده به‌رده‌مت و ده‌شتی کرکایکرکت هێنایه‌وه یه‌ک. ئه‌م پادهشته لبادێکی کوردییه و له‌به‌ر پێتا ڕاخراوه. باسه‌ڕه‌ی به‌هات و فهڕیش، سه‌ری له به‌رپێی خاکی تهژنهی ڕه‌شباوی گه‌رمیاندایه. باسه‌ڕه هه‌ر ده‌ڕوات و سه‌وزایی له‌پاش جێده‌مێنێ.. چاو بهکهڵۆز و مله‌و هه‌ورازه‌کاندا ده‌گێڕی. به‌ری لای چه‌م، ههڵدیره. که‌ند و شینکه و تاوێره.. ده‌م ڕێگه‌ش حوشترخوار. هه‌تا زاری دهربهندهکهش ئه‌م گیا قژقژاوییه ئه‌و ناوه‌ی ته‌نیوه. که‌چی له‌وێ به‌ولاوه، ته‌ڵێک چییه به‌دی ناکرێ..
ئه‌وا ڕووت کرده‌وه ده‌ربه‌نده‌که.. هێستر سوارهکهت ته‌واو لێوه نزیکه. چاوی دووربینه‌که‌ی داگیرکردووه.. هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی دڵنیاییت هه‌ڵکێشا، دڕی بهڕێزنه ئاسنه ده‌نووک تیژه‌کانی سه‌رسینگت دا.. خۆشییه‌ک هرووژمی کرده سییه‌کانته‌وه.. خۆشیی کڕینه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤێک.. مرۆڤێکی ساویکله.. به‌ده‌نگێکی ئاشکرا وتت: ( دیاره دوکتۆر سیروان ڕه‌نجی چاکی له‌گه‌ڵ داوی، ئه‌گینا ئه‌و زامانه هه‌روا زوو ساڕ‌ێژ نه‌ده‌بوون..) ئێستا ڕووی عه‌لی خه‌ڵه‌ف، پڕ به‌کادیری دووربینهکهته. شه‌ماڵ تاڵه مووه‌کانی سه‌ری ده‌هێنێ و ده‌با.. لچکی جامه‌دانییه‌که‌ی کابرای چاوساغیش بۆ دواوه ده‌فڕێنێ و ده‌یداته‌وه به‌سه‌ر شانی‌دا.. وڵاخه‌که له‌سه‌ر ڕه‌وتی خۆی، به‌په‌له وه‌ک ئه‌سپی وێرغه، له‌سه‌ر ڕه‌زمێکی نه‌گۆڕ ڕێگه‌که ده‌پێچێته‌وه. له‌و هه‌ورازه سه‌رهه‌ڵێنێ ئیدی له‌به‌ر ده‌متدا قوت ده‌بێته‌وه. دووربینه‌که‌ت بهبهرۆکتدا شۆڕ کرده‌وه و بیریشت بۆ ده ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر گه‌ڕایه‌وه... ** به‌وه‌ی باش بوو، کورتانه‌که‌ی عه‌جه‌می بوو.. باوه‌شت پێداکرد و له‌سه‌ر ده‌م دات بهناوکۆڵی کورتانهکهدا.. هێستره‌که، پڕمه‌یه‌کی لێوه‌هات و سڵه‌مییه‌وه. وه‌ک بڵێت، تاکو ئێستا له‌م جۆره مرۆڤه سواری پشتم نه‌بووه! قاچه‌کانی به‌لای باسه‌ڕه‌دا و سه‌ریشی له نێوان هه‌ردوو باڵیدا به‌دیوی وشکاییدا شۆڕبۆوه.. کاتێ له‌وه دڵنیابووی ته‌رازوو داتناوه، هێسترهکهت ده‌نگدا. بهسهراوردی ئه‌م دیمه‌نه‌وه، ده‌ربه‌نده‌که له پیتی (V) ده‌چوو. ڤییه‌کی هێجگار گه‌وره!
جڵه‌وی هێسترهکهت گرت.. عه‌لی، جگه له چه‌ند نووزه‌یه‌کی ئاڵۆز و تێکه‌ڵ، که له وڕێنه‌ی تاووتێی گرانه‌تا گرتوو ده‌چوو، هیچی لێ حاڵی نه‌بووی. ئه‌وه‌نده هه‌بوو کفت و کهلهلاو بوو. ته‌واو له هاوڕێکانی خۆتی ده‌کرد، کاتێ ده‌پێکران.. به‌زمانه‌که‌ی خۆی ئه‌مه‌ت به‌گوێدا چرپاند: ((گوێ مه‌ده‌رێ براده‌ر، له‌گه‌ڵ دوکتۆردا ڕۆحمان به‌سه‌ر یه‌که‌وه ده‌رده‌چێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بتگهێینمه دێلێژه، ئیتر له خه‌م ڕهخسیوی!))
پێده‌چوو له هۆش خۆی چووبێ. جگه له بڵمه بڵم و خیزه‌ی سینگی هیچی دیکه‌ت لێ هه‌ڵنه‌کڕاند. ڕووتکرده ده‌ربه‌نده‌که. خۆر بۆ باوه‌شی چۆم و چۆمه‌ڵانی (زه‌نگنه) شۆڕده‌بۆوه. تیشک ده‌یدا لهناوشان و تیلاکت. له پشته‌وه سێبه‌ره‌که‌ت به‌سه‌ر باسکه‌کاندا ده‌کشا و ده‌ته‌نییه‌وه. ورده ورده که‌ڵه‌گه‌ت ده‌بوو. ئه‌مجا بهچیایهکهدا هه‌ڵده‌زنا. له‌و ده‌مه‌دا خۆت لێ‌بوو به‌پاسه‌وانێکی به‌شکۆ. پێت وابوو، ته‌واوی ناوچه‌که، به‌مرۆڤ و ده‌شت و بهندهنهوه، تۆ ده‌یانپارێزی. به‌تایبه‌ت کاتێ سێبه‌ره‌که‌ت به‌چیاکه‌دا هه‌ڵده‌گژا و سه‌رت وه‌ختابوو بگاته لوتکه.. ئه‌و خولیایه‌ی کاسه‌ی سه‌ری ته‌نیبووی، هینده‌ی دی له‌لات شیرین‌تر ده‌بوو.. (ڤی) یه گه‌وره‌که‌ی ده‌ربه‌ند باسه‌ڕه، باوه‌شی بۆکردێتهوه. گرته‌یه‌کی پانۆڕامایی به‌نرخه، له ده‌فته‌ری یادگاردا سڕینه‌وه‌ی نابێ.. ** ئێستا به‌شی زۆری براده‌ره‌کانت خۆیان پۆشتهکردۆتهوه.. چاوت لێیه (ڕێبوار)، شانی به بهردیکهوهیه، ده‌خوێنێته‌وه.. سه‌رنجی ده‌ربه‌نده‌که ده‌ده‌یت. ئه‌وا چاوت به‌باڵای چیاکه‌دا سه‌رخست. ئه‌م دیاردهیهت بۆ لێکنادرێته‌وه. هه‌رچی دیوی زهردیاوایه جه‌نگه‌ڵستانه، دایکێکی دڵسۆزه، ئامێزی بۆ ساواکانی واڵایه، که‌چی به‌دیوی گه‌رمیاندا ڕووته‌ن و سووتماک!
به‌رامبه‌رت تیترواسکێک باڵه بازووه‌کانی پێکدا ده‌دات. سرکه، نزیکه زه‌وی ده‌فڕێ. دهزیقێنێ و تیژ باده‌داته‌وه. تا ئێستا نه‌تدیوه به‌باڵای مناره‌یه‌ک به‌رزببێته‌وه. له‌وه‌ده‌چێ به‌رزه‌فڕ نه‌بێ و له به‌رزایی بسڵه‌مێته‌وه. زیقهزیقهکهیشی هه‌ر له ئه‌نجامی ترسه‌وه بێ.. کڵاوکوڕه ساویلکه‌کان، بهجووکه جووکی ناسکیانهوه دێن و ده‌چن. زوو زووش سینگ به‌زه‌وییه‌وه ده‌نێن و مت ده‌بن. دانه‌وێته‌وه، سه‌یری به‌رپێی خۆت ده‌که‌ی. چه‌پکێ (کلدان)، بێ لهدهرگهدان، خۆیان به‌ده‌روازه‌ی چاوه‌کانتا کرد.. تۆ سه‌رنج بده له شوێنی کۆنه پاسگه چی ڕوواوه!.. ئه‌م دێهاتییانهش چه‌ند جوان ناوی گوڵ و گیای ده‌شتیی ده‌نێن!.. ته‌نها دوو گه‌ڵای مۆر، یه‌کێکیان په‌ل و ئه‌وی دیکه‌یان درێژکۆله، له شێوه‌ی کلچۆکدا. ئه‌گه‌ر گوڵناسهکان به‌م گه‌ڵایه ئاشنابوونایه، له‌مێژبوو لێیان گواستبۆوه و ئینجانه‌کانی شاریان پێ ڕازاندبۆوه.. وا جارێکی دیکه خه‌یاڵت بۆلای ده ڕۆژێک به‌رله ئێستای عه‌لی خه‌ڵه‌ف هه‌ڵده‌فڕێ.. ** دهربهندهکهت بڕی و به‌لای ڕاست دا وهرچهرخایت. قاترهکه لووتی بهچیاوه نا.. گوندی دێلێژه، هه‌ڵۆیه و له سای سه‌گرمه‌دا هه‌ڵنیشتووه.. که‌وتیته شوێن هێستره‌که.. ده‌نگی ناڵهکانیت جاریکی دی له ئه‌شکه‌وت و ئهستهمهکانهوه ده‌بیسته‌وه. ڕێگه ڕهشماڕێکه کلکی له چه‌مه و سه‌ری وا له‌ناودێ.. دوو پێچ سه‌رکه‌وتیت و به‌ده‌نگته‌وه هاتن:
((وامزانی هی خۆمانه!)) ((خۆمان زیانمان نه‌بوو!)) ((مزگێنییه‌کی خۆشه!)) دوکتۆر هه‌ر به‌سه‌ر هێسترهکهوه چاوێکی خێرای پێدا خشاند و هیچی وه‌های له باره‌یه‌وه نه‌درکاند.)) ((کاوه، ده‌بووایه تۆ دوکتۆر بوویتایه!)) ((له‌به‌رچی دوکتۆر؟)) ((گیانی فریاکه‌وتنت تێدایه.. ئه‌دی هاوڕێکانت کوان؟)) ((په‌ڕینه‌وه به‌ری تیله‌کۆ.)) ((خۆت خستۆته مه‌ترسییه‌وه!.. تاک و ته‌نیا به‌شوێن ئه‌م کابرایهوهی.. پێم ناڵێی چۆن چوویته ژێر ئه‌م باره گرانه؟)) ((پێشتر هی خۆمانم به‌و ڕهزهڵخواییه دیبوو. ئه‌میشم وه‌ک ئه‌وان هاته پێشچاو.. ئه‌وان ئاسا ده‌یناڵاند و هاواری ده‌کرد!.. ئه‌میش زوو زوو لێوی وشک ده‌بێ.. ئه‌میش زمانی شکابوو. به‌چاو داوای یارمه‌تیی لێده‌کردم.. خۆشت ده‌زانی بۆ دواڕۆژ ئه‌مانه ده‌بنه پشت و په‌نای خۆمان.!)) ((له‌وانه‌یه.. ئه‌ی ئه‌گه‌ر هی ئێمه بووایه و بکه‌وتایه‌ته لای ئه‌وان؟!)) ** خۆشییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌ماره‌کانت ڕاده‌ژه‌نێ. وه‌های بۆدهچیت کارێکت کردوه له ده‌ست هه‌موو که‌سێک نایه.. هاوڕێکانت له ده‌وری (ئاسۆ)ی قسهخۆس به‌پشتا ده‌که‌ون و ده‌تریقێنه‌وه.. (نه‌وزاد) نه‌بێ له سروستی مراویدایه، له‌ش و لارێکی درێژ و تووکن، گه‌نمڕه‌نگ.. خیرا خێرا خۆی نوقم ده‌کا. ڕه‌نگه ماسییه‌کان بهمارماسییهکی زیانیدهی تێبگه‌ن و لێی بڕه‌ونه‌وه.. مام سه‌ردار دارده‌سته‌که‌ی له‌سه‌ر ڕانی درێژکردووه، وه‌ک به‌لایه‌وه ناجۆر بێ به‌بست لێی دووربکه‌وێته‌وه.. ڕه‌نگ و ڕووی له‌هی ئه‌و مامۆستا ئاغرو سه‌نگینانه ده‌چی، که هێمن و له‌سه‌رخۆ، چیرۆکی پڕ له په‌ندو به‌سه‌رهات بۆ شاگرده‌کانیان ده‌گێڕنه‌وه.. ده‌ستت دایه‌وه دووربینه‌که‌ت. ڕووی عه‌لی خه‌ڵه‌ف هاته‌وه ناو کادیره‌وه.. ڕوخساری ته‌واو گۆڕاوه.. پێستی سپی هه‌ڵگه‌ڕاوه. دڵڕه‌قییه‌که‌ی ئه‌وسا بهههنییهیهوه نابینرێ. ته‌واو ڕوویت لێوه نزیکه.. دیمه‌نه‌که جارێکی دیکه‌ش سواری باڵی خه‌یاڵی کردیت و گه‌ڕایته‌وه دواوه.. ** ((حه‌زده‌که‌م سه‌رێک له نه‌خۆشخانه‌که‌مان بده‌ین؟)) ڕاپه‌ڕیت و دوای دوکتۆر که‌وتی. سه‌ربانه‌کانی لای خواروو ببوونه حه‌وشه بۆ ماڵه‌کانی سه‌راورد.. لۆکسهکه، به شه‌وق و ده‌نگییه‌وه خه‌ڵکی بۆلای خۆی کێش ده‌کرد. به‌رهه‌یوانێکی لاکێشه‌یی، به‌چه‌ند پلیکانه‌یه‌ک ئه‌وجا بۆی سه‌رده‌که‌وتن.. دۆشه‌کێکی ئیسفه‌نج، له‌سه‌ر لبادێک ڕاخرابوو، عه‌لی له‌سه‌ری ڕاکشاوه. جاجمێک تاسه‌ر سینگی هاتووه. ((ئه‌مه کاوه‌یه.. به‌ڵام له‌جێی خۆت نه‌جووڵێی؟!)) دوکتۆر بوو وه‌های پێگوت. پڕ بهپێڵوو چاوه‌کانی کردوه‌و سه‌ری به‌لای تۆدا لارکرده‌وه. زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک، که‌وته سه‌ر لێوانی و زوو ڕه‌وییه‌وه،. بوو به‌وه‌ڵامێکی هێمن. ((نازانم چۆنتان چاکه بده‌مه‌وه؟)) ** دووربینه‌که‌ت بهبهرۆکدا شۆڕکردۆته‌وه. سه‌رنجی گۆمه‌که و ده‌ورو به‌ری ده‌ده‌ی.. باڵنده‌یه‌کی وردیله‌ی قاچ و ده‌نووک درێژ له که‌نار چینهدهکا.. حه‌مه ساڵح بۆلای تۆ سه‌رده‌که‌وێ.. عه‌لی له‌وه‌دایه بگاته به‌رده‌م ده‌ربه‌نده‌که. به هه‌ردوو ده‌ستی توند پێشی کورتانه‌که‌ی گرتووه.. تۆش سووڕایت، سه‌ره‌وخوار تا ئاسۆی ده‌مکه‌ل ده‌ڕوانیت و وردده‌بیته‌وه. هیچی وا به‌دی ناکه‌ی جێی گومان بێ. ده‌شته ڕاکشاوه‌که وه‌ک گۆمێکی مه‌نگ، له نێوان سه‌گرمه و هه‌رده‌کانی خوێڵێنهکهدا قه‌تیس ماوه. چیاکان هه‌رچه‌نده سه‌خت و سه‌ربه‌ته‌م بن. ده‌شته‌کانیش هه‌رچه‌ند به‌رین و ڕاکشاو بن، هه‌رده‌بێ له بناردا به‌یه‌ک بگه‌ن. له که‌لاوه‌که ده‌رهاتی. ڕووی بۆلای تۆ وه‌رچه‌رخاندو به‌دیی کردیت. ویستی دابه‌زێ. بانگت کرده چاوساغه‌که‌ی:
((نه‌هێڵی دابه‌زێ ناساغه!)) به‌ڵام ئه‌و خه‌ریکه به‌ملی هێسترهکهدا خۆی شۆڕبکاته‌وه.. به‌ره‌وڕووت دێ. تۆش دابه‌زیت و له بناری گرده‌که‌دا به‌یه‌ک گه‌یشن. باوه‌شتان به‌یه‌کدا کرد. ((دوکتۆر زۆر شتی پێگوتم.. گشت گیانت زامه، که‌چی به‌ته‌نگ زامی منه‌وه بووی!.. ئه‌گه‌ر تۆ بوویتایه و ده‌ست ئێمه بکه‌وتیتایه، ده‌زانی چاره‌نووست چۆن ده‌بوو؟!)) ((چاک ده‌زانم.. به‌ڵام ئێمه، تۆ‌و براده‌ره‌کانت به دوژمن نازانین.. دۆستی دواڕۆژمانن!)) ((تۆ مرۆڤێکی گه‌وره‌ی!.. ئه‌م ده ڕۆژه بارته‌قای ده ساڵان لێتانه‌وه فێربووم.. یه‌کدی ده‌بینینه‌وه.. که چوومه‌وه به دایکم ده‌ڵێم: چیدی من تاقانه نیم، برایه‌کم له چیایه کاوه‌ی ناوه.. هه‌رچیم دیوه بۆ ئه‌وانیشی ده‌گێڕمه‌وه. له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه باسی جوامێریی تۆ.. ((به ئه‌رکی سه‌رشانم زانیوه.)) ((سه‌رم سووڕما، که دوکتۆر پێی وتم، هاوڕێکانت بۆ ساڵی ئاینده ده‌بنه ئه‌ندازیار!)) ((جا بۆ سه‌رت سووڕما؟)) ((ئاخر شاره‌که‌ت ده‌ڕازانده‌وه.. شه‌قامت ڕاده‌کێشا.. کۆشک و...)) ((لێره‌ش نه‌خشه‌ی کۆشکێکی هێجگار گه‌وره ده‌کێشم. گه‌وره هینده‌ی ئه‌م سه‌رحه‌ده، بۆ دواڕۆژ.. لێره‌ش هه‌ر ئه‌ندازیارم...)) ((ئه‌م قسه‌یه‌شت بۆ براده‌ره‌کانم ده‌گێڕمه‌وه!))
ئه‌و که‌وته سه‌ر جاده قیره‌که.. وا له‌چاو ون ده‌بێ.. تۆش ڕووت و قووت، له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێک ڕاوه‌ستاوی. نیازت وایه وه‌ک سووره ماسییه‌ک، تاسه‌ی دڵت، له گۆمه‌که‌ی به‌رده‌متدا بشکێنی.
سلێمانی ته‌شرینی دووه‌می 1982
بڕوانه: نووسه‌ری کورد، ژماره: 11، خولی دووه‌م،1983 ** دیلێژه: گوندێکه له دیوی قه‌ره‌داخه‌وه به‌سه‌ر چه‌می باسه‌ڕه‌و زاری ده‌ربه‌ند باسه‌ڕه‌دا ده‌ڕوانێ. ژاڵه: گوندێکه به‌قه‌دپاڵی سه‌گرمه‌وه، نزیک بهدهربهند باسه‌ڕه، له دیوی گه‌رمیانه‌وه. زوردیاوا: قه‌ره‌داخ. ته‌ژنه: (هه‌ورامییه) واته: تینوو. گرته: بچووکترین پێکهاته‌ی فیلم. به‌و ماوه‌یه ده‌ڵێن، که کامێرامان په‌نجه له‌سه‌ر دومگهی کامێرا داده‌نێ تاکو په‌نجه‌ی به‌رزده‌کاته‌وه. ڕهزهڵخوا: داماو، لێقه‌وماو، نه‌دار.
تێبینی: ئه‌و ئه‌فسه‌ره عاره‌به‌ی بووه هۆی شه‌هید بوونی ده‌یان لاوی کورد، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی سلێمانیدا و له‌م چیرۆکه‌دا (کاروان)ی برای (کاوه) شه‌هید ده‌کات، هه‌ر به‌ڕاستی ڕکی له سێ جۆر لاوی کورد ده‌بۆوه: ئه‌وانه‌ی کڵاش به‌سه‌ر پێوه ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی ڕیش ده‌هێڵنه‌وه، ئه‌وانه‌شی سیله‌ی کۆڵانان ده‌گرن و ته‌زبیحی قه‌زوانیان هه‌ڵده‌گرن. ئه‌فسه‌ره‌که ناوی (مولازم موحسین)بوو. ئه‌و ڕووداوه‌ی ناوشاری سلێمانی، که بۆته فیگه‌رێکی ئه‌م چیرۆکه، ڕاسته‌قینه‌یه و پرۆسه‌ی کوشتنه‌که‌ش به به‌رچاوی خۆمه‌وه ڕووی دا. کاتێک چیرۆکه‌که‌یش له گۆڤاری (نووسه‌ری کورد) دا بڵاوبۆوه. ئه‌فسه‌ری ناوبراو له سلێمانی، له‌وپه‌ڕی چالاکیی خۆیدا بوو. واته چیرۆکه‌که، له زه‌مینه‌ی واقیعه‌وه به‌خه‌یاڵ ده‌فڕێ. ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ش بڵێم، که بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکه، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا پڕکێشی و ئازایه‌تیی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئه‌وده‌مه‌ی گۆڤاری (نووسه‌ری کورد)ی تێدایه. داوای ته‌مه‌ن درێژییان بۆده‌که‌م. ئێستاش، له‌سه‌ر داوای ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ئه‌ده‌ب دۆستانی ئازیز له ئه‌وروپا، وا جارێکی دیکه بڵاوی ده‌که‌مه‌وه. کوردستان هه‌ر پایه‌دار و پێشمه‌رگه‌ش هه‌ر باڵاده‌ست بێت.
|