په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١٩

ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا.


ناڵە حەسەن      

- تێگەیشتنێک بۆ ئەدەب.

بۆ تێگەیشتن لە ئەدەب دەکرێ ئەو قسەیەی ( تێری ئیگڵتن ) بە نموونە بهێنینەوە ، کە لە کتێبی 'تیۆری ئەدەبیدا ' لە وەڵام بە پرسیاری ئەدەب چییە دا ؟ دەڵێ ( تۆ دەتوانی ئەدەب وەک نووسینی خەیاڵی لە تێگەیشتنی داستانەوە پێناسە بکەیت ، واتە نووسینێک کە دەقاودەق ڕاستی نییە بەڵام ، کورترین سەرنجدان لەوەی خەڵک بە گشتی دەیخەنە ژێر ناونیشانی ئەدەبەوە ، نیشانی دەدات ، ئەوە پێناسەیەکی تەواو نییە بۆ ئەدەب ..! ) . دروست وایە ، ئەوەی کە پێناسەکردنی ئەدەب کارێکی گونجاو نییە . چونکە ئەدەب لە چوارچێوەی یەک مانادا جێگەی نابێتەوە ، زێتر لە گۆشە نیگا و مانایەک لەخۆ دەگرێت . چونکە بە یەک مانا و بەیەک بینین ، ناتوانین پەی بە ڕووبەرە فراوانەکەی ئەدەب ببەین . ئەدەبیش وەک شیعر و مۆسیقا و عەشق بوونێکی گەردوونی هەیە ، هەموو ئەو چەمکانەش کە بوونێکی گەردوونییان هەیە ، ناتوانین لە یەک ئاستدا بیانخوێنینەوە و مانایان بۆ دیاری بکەین . دەکرێ ئەدەب / هەوڵدانێک بێت بۆ بە سیستەماتیککردن و چڕکردنەوەی زمان تا ئاستی جیاکردنەوەی لە قسەی ڕۆژانە .. یان وەک لەلای فۆرمالیستەکان ،( ئەدەب بە شێوەیەکی گەوهەری بریتی بوو ، لە جێبەجێکردنی زانستی زمان لە توێژینەوە ئەدەبییەکاندا .. ، ) لەم گۆشەنیگایانەوە ئەو ڕاستییە دەبینین کە / ئەدەب هێندەی بایەخدانە بە بنیاد و ڕێکخستنی زمان ، هێندە بێشکە و هەڵگری هیچ بیروباوەڕێک و لەهەمانکات ئاوێنەی ململانێ و ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان نییە . چونکە لە بنەڕەتدا ئەدەب نووسینەوەی ژیانە یان دیوە نادیار و شاراوەکانی مرۆڤە بە تواناکانی خەیاڵ ، ئێمە لەم وتارەماندا خۆمان نابەستینەوە بەوەی کە ماناکانی ئەدەب چین ؟ بەڵام بۆمان گرینگە تێگەیشتنێکی دروستمان بۆ ئەدەب هەبێت . ئەدەب هەر مانایەکی هەبێت ، بە بڕوای من ( چەقی ئیشکردنی ئەدەب لەسەر مرۆڤ و بەها مرۆییەکانە ...! ) ، واتە هەر ئەمە ئامانج و هێڵە سەرەکییەکانییەتی . بۆیە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەدەبەوە هەوڵدەدا ، تەعبیر لە ئارەزووەکان و خەونەکان و غەریزەو حەزەکانی خۆی بکات ، وێنەی / خولیا و ئومێد و خۆزگەکانی خۆی بکێشێ .. بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە ، بەداوێک ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی خۆی بەیەکەوە گرێبدات . دەتوانێ پەیوەندییەکانی خۆی / بە ناوەوە و دەرەوەی خۆی دیاری بکات و ڕێکییان بخات ، ئەدەب دەتوانێ قسە لەسەر هەموو ئەو چەمک و گۆشە و ڕووبەرانە بکات کە پەیوەندییان بە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە ، مەبەستمە ئەوە بڵێم / ئەدەب لەو ڕووبەرە فراوانە ئیشدەکات کە بە ئەندازەی ژیان یان خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە ، کە هیچ سنووربەندی و چوارچێوەیەک ، ناتوانن بیگرنە خۆ . وە بۆ هیچ مەبەست و مەرامێکیش ناتوانین بازنەیەکی بەدەورەدا بکێشین و ڕووبەرە فراوانەکەی بچووک بکەینەوە.


- ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا.

 
دیارە هەموو ئایدیۆلۆژیایەک بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، هەموو ئایدیۆلۆژیایەک مەبەستییەتی کۆمەڵگە بەرەو ئەو ئاراستەیە بەرێت کە ئاسۆ و ڕێگاکانی لە بەرنامەکەیاندا نەخشەی بۆ کێشراوە . بۆ نموونە / ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم ، مەبەستییەتی کۆمەڵگە بەرەو سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم بەرێت و لەم ڕێگایەوە هەوڵدەدەن دنیایەکی بێ چین و چەوسانەوە بهێننە ئاراوە ، دیارە ئیدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و ئاینگەراکانیش هەر بەهامنشێوە. هەر ئایدیۆلۆژیایەک پێویستی بە حیزبێک هەیە کە بیکەن بە ئامرازێک ، بۆ بڵاوبوونەوەی بەرنامەکەیان و گەیاندنی پەیام و نەخشە ڕێگاکانییان ، لەو سەرەوەش هەنگاونان بەرەو دوا خاڵی ئامانجییان کە گەیشتنە بە ترۆپکی دەسەڵات . لەم پێناوەدا سوود لە هەموو چاڵاکییە مرۆییەکان دەبینن . بۆ نموونە / ئەدەب ، هونەر ، شانۆ ، مۆسیقا ، وەرزش ، ... . هەوڵدەدەن ئەم چاڵاکییە مرۆییانە لە ڕیگەی حیزب و ڕێکخراوەکانییان بەکاریان بهێنن .. بۆ بردنە پێشەوەی بەرنامە و بەرفراوانبوونی پێگەیان لەنێو جەماوەردا . لەوێوەش گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەیان و پێکهێنانی دەوڵەتێک بەو شوناسەی لە چوارچێوەی بەرنامە دیاریکراوەکەی خۆیان . کەواتە ئەدەب وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ ، ئایدیۆلۆژیا و ئایدیۆلۆژیستەکان وەکو هۆکارێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ، واتە لای ئەوان ئەدەب ( هۆکارە نەک ئامانج ) .لێرەدا ، ئەدەب ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا . چونکە لە بنەرەتدا ، ئەدەب ( ئامانجە نەک هۆکار ) . ئەدەب ئامانجە بۆ گەیشتن بە ڕووبەری جوانی ، ئامانجە بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوەی زمان ، ئامانجە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی مرۆڤ و پڕکردنی لە چێژ ، ئامانجە بۆ بەها مرۆییەکان و زۆر شتیتر ...! بەڵام ئایدیۆلۆژیا هیچ بەهایەک بۆ ئەم ئامانجانەی ئەدەب دانانێت و وەک هۆکارێک بەکاری دەهێنێت . واتە ئەدەب لە هەموو بەها و ئامانجەکانی دادەشۆرێت .. تا ئەو ئاستەی ئەگەر ئەدەب بەو ئاراستە دیاریکراوەی ئایدیۆلۆژییەکان ئیش نەکات بە ئامرازێکی بێ کەڵک و بێ بەها چاولێدەکرێت . نووسەر و ئەدیبەکانیش مەحکوم دەبن بەلادان و دەیان ناو و ناتۆرەی دروستکراو..! بۆ نموونە مارکسیستەکان بە نووسەرەکانی دەرەوەی خۆیان دەڵێن ( نووسەری بۆرژوازی ، لیبراڵ ، ڕۆشنفیکر .... ) زۆر ناویتر ، هەرچەندە ڕۆشنفیکر بەمانای ڕووناکبیر دێت بەڵام ئەوان ، بە دیدێکی نێگەتیڤ بەکاری دەهێنن بە مانای ( کەسێکی لاتەریک و بێئاگا ، دوور لە سیاسەت و خەبات ، قەڵەم بەدەستێکی ناجەماوەری ... ) ئیسلامییەکانیش نووسەرەکانی دەرەوەی خۆیان بەتایبەت ، نووسەرە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ، بە کافر و مولحید لە قەڵەم دەدەن و نوسینەکانیشییان بە شتێکی بێبەها چاولێدەکەن ، ناسیۆنالیست و نەتەوەپەرستەکانیش بەهەمانشێوە ، باس لە تابووری پێنج و خائین بەخاک و نیشتیمان و دەستی دەرەکی و زۆر توهمەت و ناو و ناتۆرەیتر.

 

لێرەدا دەبینین ، هەموو ئایدیۆلۆژییەکان بەبێ جیاوازی هیچ بەهایەک بۆ ئەدەبی دەرەوەی بازنەکانی خۆیان دانانێن ...! هەموویان ئەدەب وەک هۆکارێک و وەک دەزگایەک یان ڕێکخراوێکی حیزبی سەیر دەکەن ، نووسەر و ئەدیبەکانیش وەکو کەسانی وابەستە و کۆیلە و ملکەچ دەبینن . ئەوان نایانەوێت لەوە تێبگەن کەوا ئەدەب یان نووسین هەوڵێکی تاکە کەسییە ، نووسەرەکان لەنێو ئەدەبدا قسەی دڵی خۆیان دەکەن..! ئەوان نایانەوێت گوێبیستی ئەوەبن کەوا ئەدەب کردەیەکی زمانەوانییە و بارگاوییە بە مەعریفە ، ڕەنگە ئەو مەعریفەیە و ئەو ئاگاییە بۆ نووسین و داهێنان ، بۆ کەسایەتی و سەربەخۆیی تاک ، ڕیگە نەدات نووسەر قەڵەمەکەی کۆیلە و وابەستە بێت بۆ ئایدیۆلۆژیا و لایەنێکی دیاریکراو ..! بۆیە هەروەک لەسەرەتا باسمانکرد ، ئەدەب لە ڕووبەرێک ئیشدەکات کە بە ئەندازەی خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە ، بەهیچ دەلیل و هۆکار و ئایدیۆلۆژیاییەک ناتوانین ئەم ڕووبەرە فراوانە لە ئەدەب بەرتەسک بکەینەوە یان بازنەیەکی بەدەورەدا بکێشین . لەماناو تێگەیشتنە مرۆییەکەی دووری خەینەوە و دایببڕێنین . ئەدەب ڕەگوڕیشە و قەدوباڵای خۆی بەهیچ ڕەنگێکی دیاریکراو ڕەنگ ناکات ، ناتوانێ هیچ ماسکێکی دایاریکراو بپۆشێ ..! ئەدەب بە بیانووی هیچ مەبەست و ئایدیۆلۆژیایەک پۆلین ناکرێ و ناتوانین ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی بەبەردا بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم ، لە نووسینێک یان ڕۆمانێک یان هەر دەقێکی ئەدەبی کاتێک ، ناوەڕۆکەکەی هاوتەریب و هاوڕا دێتەوە لەگەڵ بەرنامە و ئاسۆ و ئامانجەکانی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئەدەبەکەی بخاتە خزمەت و ژێر ڕکێفی ئەو ئایدیۆلۆژیایە ، ناوێک یان پاشگرێک بە ئەدەبەکەیە بلکێنێ .. بۆ نموونە ڕۆمانی ( دایک ) ی مەگسیم گۆڕکێ ، ڕاستە بە دیدگایەکی سۆشیالیستانە نووسراوە و بە پراکتیکی نەخشەی خەباتی چینی کرێکارانی ڕووس دەکێشێ ، بەڵام کرێکارانی ڕووس بەشێکن لە کرێکارانی دنیا ، دەکرێ ئەم شاکارە جیهانییە ئاوێنەیەک و سەرچاوەیەکی لەزەتبەخش بێت بۆ هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیا ، دوای ئەوە ، هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیاش سۆشیالیست نین ، بەبڕوای ئێمە وا پێویست دەکات ، ئەم شاکارانە لەنێو رووبەرە گەردوونییەکە بهێڵێنەوە پێویست بەوە ناکات بە ئەدەبی سۆشیالیستی ناویان بەرین و لە ماهییەتە گەردوونیەکەیان کەم بکەینەوە ، چونکە کرێکار هەر کرێکارە لە هەر کوێیەکی دنیا بێت ، یان سەر بە هەر ئایین و ئایدیۆلۆژیایەک بێت ، لە بەرامبەر کێشەی ( کار و سەرمایە ) دەرگیری هەمان کێشە و گرفتن ، وە دواجاریش / شاکارە گەردوونییەکان موڵکی هەموو مرۆڤایەتین نەک دەستە تاخمە و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، یان بۆ نموونە ئەدەبەکەی ( بەختیار عەلی ) لەنێو ڕۆمانەکانی لە زۆرشوێن ، باس لە ئەنفال و کۆڕەو و شۆڕشی کورد و جەور و ستەمی کورد بەدەست ڕژێمی بەعسەوە دەکات بەڵام ، ناتوانین ئەدەبەکەی بەختیار عەلی بە ئەدەبی ناسیۆنالیستی ناوبەرین ، چونکە ڕۆمانەکانی بەختیار لە بنەڕەتدا ، بە دیدگایەکی گەردوونی و بە خەیاڵێکی گەردوونییەوە نووسراون بۆیە ، دوورنمایەکی مرۆیی و گەردوونییان هەیە ، هەر لەنێو ئەم ڕووبەرە گەردوونییەش دەمێننەوە . وەک چۆن ئەدەبەکەی ( ڤۆلتێر و ژانژاك ڕۆسۆ) ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە گۆڕانە سیاسی و ئابوورییەکانی فەڕەنسا تا ئاستی گۆڕینی سیستەمی دەرەبەگی و ئەریستۆکراتی ، لە پێناو ژیانێکی ئازاد و ڕەهادا ، داوای ڕزگاربوونییان دەکرد لەدەست دابونەریتە کۆنەپارێزەکەی ئەوکاتە و بۆ ئەم مەبەستە شەڕی خورافە و ئایین و کلێساکانییان دەکرد ، لەم پێناوەدا بە تایبەت ڤۆلتێر ڕووبەڕووی هەڕەشە و کوشتن و زیندان و مەنفا دەبوویەوە ، بەڵام ئەدەبەکەیان جگە لە ئەدەب و جگە لە شوناسی مرۆڤایەتی هیچ پاشگرێکی پێوە نەلکا ، دیارە بۆ ئەدەبی ( شکسپیر و تۆلستۆ و دەستۆفسکی و گابریل کارسیا مارکیز و ... ) ، ئەدەبی هەموو گەورە نووسەرانی جیهانیش بەهەمانشێوە . لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە هەرچی پاشگرێک و ناوێک بۆ ئەدەب ڕەتکەینەوە ، هەندێک پاشگر و ناو بەهۆی تایبەتمەندییانەوە بە ئەدەبەوە دەلکێن ئەوە ئاساییە چونکە ، هیچ سنووربەندییەک بۆ ئەدەب دانانێن و لە بەهاو ڕووبەرە فراوانەکەی کەم ناکەنەوە ، بۆ نموونە ( ئەدەبی منداڵ ) ، دیارە بەهۆی تایبەتمەندی منداڵان و باری تەمەن و دەروون و بیرکردنەوە و ئاستی وەرگرتنییان ، دەبێ بە شێواز و فۆڕمێکی تایبەت و گونجاو بە منداڵان بنووسرێت ، یان ( چیڕۆکی خۆشەویستی ) یان ( ئەدەبی لیریک ) ، ئەمانە بە فۆڕم و شێوە زمانێکی تایبەت دەنووسرێن و لەهەمانکات شوناسە مرۆیی و گەردوونییەکەیان لەدەست نادەن.

 

بەڵام ئەگەر بڵێین ئەدەبی ( ژنان و پیاوان ) ، ئەم جۆرە پۆلین و ناوبردنە لە تایبەتمەندی دەچێتە دەرەوە و دەچێتە خانەی سنووربەندی ، وەک چۆن ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک ( سۆشیالیزم و ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ... هتد ) ئەم پاشگرانە دەچنە خانەی سنووربەندییەوە ، ئەدەب ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ ئەم ئیزمانە ، بەڵام ئیزم و پاشگری قوتابخانە ئەدەبییەکان وەک ( سومبولیزم ، داداییزم ، سوریالیزم ، فۆرمالیزم ... هتد ) لێرەدا دەبینین ، ئەدەب هاوتەبا و ڕێک دێتەوە لەگەڵ ئەم ناو و ئیزمانە چونکە ، ئەم ناوانە بەهۆی تایبەتمەندی زمان و شێوازی جیا و داهێنانی نوێوە دێنە بوون ، ئەمانە ڕووبەری ئەدەب فراوانتر دەکەن و خشتێک دەخەنە سەردیواری ئەدەب و پەیکەرەی ئەدەب توندوتۆڵتر دەکەن . لەلایەکیترەوە ، ناتوانین ناتەبایی و شەڕ و ململانێی نێوان ئایدیۆلۆژییەکان بگوازینەوە نێو پانتایی ئەدەب ، بۆ نموونە / ( ئەدەبی سۆشیالیستی ) لەلایەن کەسانی ئاینپەروەر و نیشتیمانپەروەر ، داهێنان و جوانییەکانی ئەم ئەدەبە نابیندرێ ..! لە هەمانکات وەکو ئەوانیش چێژی لێنابینن ، چونکە لە بنەڕەتەوە خۆیان سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکی جیاوازن و ئایدیۆلۆژییەکەشیان لە شەڕو ململانێیەکی ڕیشەیی و سەختدان ، ڕەنگە داهێنانەکانی یەکتر بێبەها چاولێبکەن . یان ئەگەر بەهۆی پاساوی ڕزگاری نیشتیمانی و نەتەوە و ڕزگارکردنی چینیك بە دەستی چینێکیتر و یان ڕزگارکردنی ئاینێک بە دەستی ئاینێکی ترەوە ... ، ( ئەدەب لە پێناو ئەدەب ) ڕەتکەینەوە و وەک چەکێکی شۆشگێڕانە ئەدەب بخەینە خزمەت مرۆڤ بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ڕزگاری و ئازادی و ژیانێکی خۆشبەخت بەڵام ، دەبێ لەوە تێبگەین کەوا ، ئەدەب ئازادی و ڕزگاری بۆ مرۆڤەکان بە دەست ناهێنێ ، هەروەک ( سارتەر ) یش بڕوای وابووە کە ، ئەدەب دەتوانێ مرۆڤەکان والێبکات بیر لە ئازادی و ڕزگاری بکەنەوە . ئەدەب ناتوانێ کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە بەدەستبهێنێ ، بەڵام مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەدەبەوە ئەو وشیاری و مەعریفەیە بەدەستبهێنن کە بیر لە ژیانێکی خۆشبەخت و بیر لە ئازادی و لە کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چاوسانەوە بکەنەوە .. لیرەوە بەوە دەگەین کەوا ئەدەب ملکەچ و وابەستەیی بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەیەکی دیاریکراوی تایبەت نییە ، لە ئەدەبدا هیچ بیرکردنەوەیەک بە تەنها بوونێکی ڕەهای نییە ، ئەدەب لە ڕێگەی زمانەوە ئیش لەسەر وڕوژاندنی پرسیار و گومان و نامۆبوون دەکات ، لەبەرگێکی جوانکاری و بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی .. جوانیش هەم لە ئەدەب و لە هەموو شتەکانیتر بوونێکی ڕێژەیی هەیە . نامۆبوونیش دۆخێکە کە مرۆڤ لە جەوهەری ڕەسەنایەتی خۆی دادەبڕێنێ یان دووریدەخاتەوە . بۆ ئایدیۆلۆژیاش ( گومان و نامۆبوون ) دوو چەمکی توورەهات و بێمانان . چونکە گومان و نامۆبوون تەنانەت پرسیاریش دۆخێکی ناجێگیر و شلۆق و ناتەبایان هەیە لە پێگەی ئایدیۆلۆژیادا ، مانەوە لە نێو گومان و ڕاڕایی لای مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان بە عەیبوعارێکی گەورە چاولێدەکرێت . چونکە لە ئایدیۆلۆژیادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دیاریکراوەدا ، وەڵامی پرسیارەکان دراونەتەوە و ڕێگاچارەکان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و خۆشبەختی دیرایکراون ، مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان دەبێ وابەستەی ئەم بەرنامەیە بن و لەسەری بڕۆن ، کەچی لە بنەڕەتدا ، ( ڕێگاچارە بۆ کێشەکان هەڵنابژێردرێ بەڵکو دادەهێندرێ ..! مرۆڤ خۆی دەتوانێ ڕێگاچارە بۆ کێشەو گرفتەکانی خۆی دابهێنێ ، نەک ڕێگایەکی پێشوەختە بە ئاسۆیەکی دیاریکراو بۆ ئامانجێکی دیاریکراو هەڵبژێرێ ) . ئەدەب بەم ماسک و بەم جەستە ڕێکخراوەییە و بەم قەڵەمە وابەستەییە ناتوانێ ئیش بکات و داهێنان بکات . نووسەر ناتوانێ بە پەنجەکان و قەڵەمەکەی خۆی ، سنوورێک یان بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی بکێشێت . ناتوانێ بوخچەی ئارەزووەکان و بارە دەروونییەکەی خۆی فەرامۆش بکات ، تۆ ناتوانی بەسەر دیوی ناوەی خۆت بازبدەیت و دیوی ناوەوەی ئەوانیتر بکێشیت ، وەکچۆن ، ناتوانی زنجیر لە دەست و پەنجەکانی خۆت بکەیت و لەهەوڵی پچڕاندنی زنجیری دەستی ئەوانیتر بیت . چونکە ئەدەب لە بنەڕەتدا / فڕینە لە نێو ڕووبەری زمان و خەیاڵ و بیرکردنەوە ، فڕینە لەنێو بۆشایی دەروون و حەزوئارەزووەکانی خود ، نووسینەوەی گومانەکان و نائومێدییەکان و دەروونە تێکشکاوەکانە . یان رەسمکردن و نووسینەوەی وڕێنەکانە ، نووسینەوەی ئەم جوولە و شەپۆلانەیە کە ناوەوەی مرۆڤ دەجوولێنێ و ئاراستەی ڕۆیشتنی دیاریدەکات . بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا خۆشلکردن بۆ گرفت و موعاناتە تاکەکەسییەکان دۆخێکی نەخوازراو و بارێکی نێگەتیڤە . چونکە لە بەها پیرۆزەکانی ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەکە دووردەکەوییەوە . یان بە کەسێکی( لادەر ) ناوزەد دەکرێیت . هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) دا هاتووە و دەڵێ ( ئەگەر مارکس سەیری دەرئەنجامەکانی پێداویستی ئێمە بۆ کارکردن بکات ، لە ڕوانگەی پەیوەستکردنییەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو شێوازانەی سیاسەتەوە کە بەدوایاندا دێت ، ئەوا فرۆید سەیری تێوەئاڵاندنی ئەو پێویستییە دەکات بە ژیانی دەروونییەوە ، ئەم ناتەبایی و پارادۆکسە کە کارەکەی ئەوی لەسەر دەوەستێت ، ئەوەیە کە نابین بەوەی کە هەین ..! ) . دەبینین ( فرۆید ) سەیری تێوەئاڵاندن و پەیوەندییەکان و پەیوەستییان دەکات بە باری دەروونیی و ململانێیە دەروونییەکانەوە ، دەکرێ ئەم بیرکردنەوەیەی فرۆید ببێتە بیرکردنەوەی نووسەرێک کە لەنێو دەقێکی شیعری یان لە نێو چیڕۆک و ڕۆمانێک ئیشی لەسەر بکات ، بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا / ئیشکردن لەسەر ئەم بارە دەروونییە و کێشە دەروونییانەی خود کارێکی نەخوازراو و ناتەندروستە . چونکە ئایدیۆلۆژیا نووسەر و ئەدیبی گوشەگیر و یاخی ناوێت . باوەڕیان بە جیاوازی و ڕەتکردنەوە نییە ، بەڵام لە بنەڕەتدا / قسەکردن لەسەر سروشتی غەریزەکانی مرۆڤ و وەهم و نائومێدییەکانی خود ، بە بڕوای ئێمە ئەوە یەکێکە لە هێڵە سەرەکییەکانی ئەدەب . چونکە ئەدەب ئیش لەسەر دروستکردنەوەی مرۆڤ دەکات .. دواجار دەتوانین بلێین / کاریگەری ئایدیۆلۆژیا بەسەر ئەدەب بەمانای ، کوشتنی ئەدەب و بەرتەسککردنەوەی سنووری خەیاڵ و بیرکردنەوەکان و داشۆرینی بەهاکانی جوانی و نوێبوونەوە دێت.


- ئایدیۆلۆژیا و (زمان و ئازادی و ڕەخنە).


زمان سەرەکیترین بنیاد و پێکهاتەی ئەدەب و نووسینە ، لەدەرەوەی زمان هیچ ئەدەبێک بوونی نییە . لەنێو ئەدەبیشدا زمان دەیەوێت ڕۆلی خۆی ببینێت ، زمانی ئەدەبی لە ئاکامی گەشەی ڕەچەڵەکی مرۆڤ خۆیەوە هاتۆتەبوون و پەرەی سەندووە . لە ئاکامی ململانێکان لە پێناو مانەوەدا . ئەویش دەکرێ بڵێین ، مێژووی گەشەی مرۆڤ لە ئەنجامی بەریەککەوتنی ژیان و ئەو واقیعەی ڕووبەڕووی بۆتەوە ڕێکخستنیان لە پەیوەندییەکی زمانەوانیدا بووە . ( بە باوەڕی ( چۆمسکی ) یش نەک هەر زمانی ئەدەب / بەڵکو هەموو زمانە مرۆییەکان ڕەسەنن ، لەوەدا کە بەهۆیانەوە هەموو بیرەکانی مرۆڤ لەبارەی خۆیان و دەورو بەریانەوە دەگەنە مرۆڤی تر ، ڕەسەنایەتیش هەربەوە نایەت کە مرۆڤ یاساکانی زمانەکەی جێبەجێ بکات بەڵکو ، هەندێجار لە ڕێگەی بەزاندن و شکاندنی یاساکانەوە دروست دەبێ ...! ) ، دەکرێ لەنێو ئەدەبدا بە شێوەیەکی ئەبستراکت ئیش لەسەر زمان بکرێت ، بێ گوێدانە هیچ یاسا و ڕێسایەک و هیچ سیستەمێکی ڕێزمانی و خاڵبەندی و هیچ سیستەمێکی تر . ئەدیب دەتوانێت بەشێوەیەک ئیش لەسەر زمان بکات تا بەزاندن و لادان ، بۆ جیاکردنەوەی زمانی ئەدەبی لەگەڵ زمانی ئاسایی ڕۆژانە و بە شێوەیەکی چاڵاکانە ئیش لەسەر نوێبوونەوە دەکات . هەروەک لە کتێبی ( لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان ) دا هاتووە و دەڵێ ( بە پێچەوانەی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە زمانی چیڕۆک و زمانی زانستەکان ، زمانی شیعر ، دیاردەیەکی تەواو ئاڵۆزە نە کات ( مێژوو ) ، نە شوێن ( جوگرافیا ) نە ڕێزمان ، نە یاساکانی واتا سازی ، نە ڕێنووس ، سنووری بۆ ناکێشن و لە دەسەڵاتی کەم ناکەنەوە ) ، چونکە ئەدەب زێتر بابەتێکی جوانناسییە ، نەک پیادەکردن و بەرجەستە کردنی کۆمەڵایەتییانە و بیروباوەڕی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی . چونکە دواجار ئومێد و ئارەزووەکانی مرۆڤ دەبنە سەرچاوەیەکی پڕ وزە بۆ جوولەی ئەدەب و شارستانێتی . بەمانایەک زمان لە ئەدەبدا ، ئەو ڕووبەرەیە کە بیر و مەعریفە و خەیاڵی مرۆڤ تێیدا گەشە دەکات ، دواجار نەک هەر لە ئەدەبدا بەڵکو زمان دەبێتە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بوونی مرۆڤ ، مرۆڤ بە گشتی بە هەموو ڕەنگ و ڕەگەز و نەتەوەو ئایینەکانەوە . وەکچۆن منداڵ لە ساڵەکانی سەرەتادا ، کاتێک مێشکی لەژێر کاریگەری ناخودئاگایی دایە ، هەر کەلوپەلێکی بکەوێتە دەست یاری پێدەکات و لەناخی ناخەوەی ئارام و دڵخۆش دەبێ ، نووسەریش / ( زمان و وشە ) ئەو کەلوپەلانەن یاری پێدەکات ڕۆحی پێیان ئارام دەبێتەوە و لەزەتییا لێ دەبینێت ، وەک قوڕی دەستکرد ، وشەی نوێ و ڕەنگی نوێیان لێ دروست دەکات ، وەقسەیان دەهێنێ دەنگی نوێیان لێ دەبیستێ ، زمان بۆ نووسەر ئاوێنەیەکە ، دەتوانێ هەموو نهێنی و دیوە شاراوەکانی خۆی تیا ببینێ ، نووسەر لە نێو ئەم ئاوێنەیەدا کۆلۆمبسێکە ، هەموو ئەو رووبەرە تاریکە نەبیندراوانە و هەموو کوچەو کۆڵانە نەدۆزراوەکان ، دەدۆزێتەوە و بەسەرییان دەکاتەوە . بێ گوێدانە هێز و جوولە و کاریگەرییە دەرەکییەکان ، لەوکاتەدا تەنها هەرخۆیی و خەونەکانیەتی ، خۆی وەک بوونێکی رەسەن لەنیو ئەم ڕووبەرە کاردەکات .. ئازاد لە هەموو گاریگەرییە دەرەکییەکان ، لەم ڕووبەرە نووسەر بە تەواوی مانا ئازادە و مومارەسەی ئازادییەکانی خۆی دەکات ، وەک مرۆڤێکی یاخی خۆی بۆ هیچ بیروباوەڕ و کەلتوور و دەسەلاتێک شل ناکات ، ئەدەب و نووسین / ئەو شوێنانەن کە مرۆڤ دەتوانێ لەوێدا تەواو ئازاد بێ لە قسەکردن و لە ڕەفتار و لە دەربڕینی هەر شتێک کە بیەوێت ، ( نەک هەر ئەوە بەڵکو شاعیر یان ئەدیب بۆیان هەیە هەموو زمانە مرۆییەکان بە سەرچاوەی خۆیان دابنێن و فەرهەنگی ئەم هەموو فەرهەنگەکانی جیهانی بەهەر زمانێک بن و لە هەر سەردەمێکدا کۆکرابنەوە ) ، دواجار / ئازادیش ئەوکاتە مانایەکی هەیە کە مرۆڤ دەتوانێ مومارەسەی بکات ، هەروەها / ئازادی ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو بارەدۆخانەیە کە بوونی مرۆڤ دەشێوێنی و پڕی دەکات لە نامۆیی.

 

بەڵام ئایدیۆلۆژیا ئەم ئازادییەی نووسەر لەنێو ڕووبەری ئەدەب و زمان بە یاخیبوون و لادەر لە قەڵەم دەدات ، ئایدیۆلۆژیا گەمەی زمانەوانی و ئیشکردن لەسەر میتافۆر و وێنە و پارادۆکس و پرسیار و گومان و پێکهاتە ڕەوانبێژییەکان .. و ئەمانە بۆ ئەو بەهایەکی ئەوتۆیان نییە ، هێندەی زمانێکی شەفاف و ڕوونی لە نووسەر دەوێت هەندێکجاریش زمانێکی دروشمئامێز ، بۆ گەیاندنی مەبەست و پەیامێکی دیاریکراو . چونکە بۆ ئایدیۆلۆژیا ئەدەب جگە لە هۆکارێک هیچی تر نییە ، ئامانج نە داهێنانە نە جوانکاری . بە دیوێکی تریش ، ڕەنگە / زۆرێک لە نووسەران لە ڕێگەی ئەو عەشقەیان بۆ بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییەکەیان ، بێ هیچ فشار و کاریگەرییەکی دەرەکی بکەونە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژییەکەیان و لەزەت لەوە ببینن کە ، بەم شێواز و ستایلە بنووسن کە هاوتەریب دێنەوە لەگەڵ مەبەست و ئامانجی ئایدیۆلۆژییەکەیان . بە مانایەک نووسەرانێک خۆیان زنجیری ئایدیۆلۆژی و کاریگەرییەکانی دەرەکی لە دەستی خۆیان دەکەن و ڕووبەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و شێواز و ستایل و زمانەکەیان بەرتەسک دەکەنەوە ، بە بڕوای من / ئەم نووسەرانە کۆیلە و وابەستەن ..! چونکە دەبێ لەوە بەئاگابین ، ئایدیۆلۆژیا نەک هەر بەرامبەر بە گەمە زمانەوانییەکان و ستایل و جوانکارییەکان بەڵکو ، هەوڵدەدات ئازادی نووسەر سنووردار بکات ، چونکە ئایدیۆلۆژیا ناتوانێ لەوە تێبگات ( ئەدەب بە زمانی ئەندێشە و فەنتازیا دەنووسرێ ، ئەندێشە و فەنتازیاش سیفاتی دیالەکتیکییان هەیە ...! ) ، نەک هەر ئەمە بەڵکو ، ئایدیۆلۆژیا بەرامبەر رەخنەش هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت . ڕەخنە بۆ ئایدیۆلۆژیا ، یەک مانای هەیە ، ئەویش / دەبێ رەخنە لە ئەویتر بگریت و داکۆکی سەرسەختانە لە بیروباوەرەکەی خۆت بکەیت . ڕۆڵی ڕەخنەگر هەرەسهێنان و تێشکانی لەشکری بەرامبەرە .. ! قسەیەکی تەقلیدیش هەیە بەرامبەر رەخنە بۆ هەموو ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەرەکان ڕاستە ، کە ئەویش / ئەگەر ڕەخنەکە هاوتەریب بوو لە گەڵ ئاسۆ ئامانجەکانی ئەو ، واتە گەر لەبەرژەوەندی ئەودا بوو ، ئەوا ڕەخنەیەکی ( بونیادنەرە ) ئەگەرنا دەبێتە ڕەخنەیەکی ( ڕووخێنەر ) ..! بەبێ هیچ لەبەرجاوگردتنی میتۆد و جدییەت و بنەمای مەعریفی و زانستی ڕەخنەکە .. گرینگ ئەوەیە ئەم ڕەخنەیە لەگەڵ تۆ دێتەوە یان نا ..! رۆژانە ئەوە دەبیستین لە ڕەخنەکانی بەرامبەر بە یەکتری بە ( ژەهر ) ناوزەد دەکەن ، پێیان وایە ڕەخنەکان و نووسینەکانی دژبەیەک ژەهرێکە بە دژی یەکتری بڵاوی دەکەنەوە ، لەولاوەش هەموولایەن و ئایدیۆلۆژییەکان بە ماسکێکی ناشیرین و ڕەزا قوڕسەوە / باس لە ئازادی و دیموکراسی و گرینگی ئەدەب و ڕەخنە و بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکەن . ئەوەش بەو مانایە نایێت کە / دەستی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا ببڕین لەنێو ئەدەبدا یان ئەدەب نەتوانێ قسە لە سیاسەت بکات . بەڵکو هەموو نووسەرێک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە و یان هەڵگری چ بیروباوەڕیک و ئایدیۆلۆژیایەکە بەڵام ، گرینگە کە ئەدەبەکەی نەخاتە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، واتە / ئەدەبەکەی نەبیتە هۆکار بۆ ئایدیلۆژیایەکی دیاریکراو . مەبەستی تایبەتیشمان تەنها ( پاراستنی ڕووبەرە گەردوونیەکەی ئەدەبە ) ، لێرەدا بە باشی دەزانین کەوا / نووسەر خاوەن ڕوئیاو بیرکردنەوە و جیهانبینی تایبەت بەخۆی بێت ، چونکە بە پێویستی دەزانم لێرەدا پێ لەسەر ئەم وتە گرینگەی ڤۆڵتێر دابگرم کە دەڵێ ، ( ڕەنگە لە بیر و بۆچووندا جیاواز بین ، بەڵام ئامادەم بمرم لە پێناو داکۆکیکردن لە بیروبۆچوونت ..! ) دواجار ئەدەب بەرهەمی بیری مرۆڤە و هاوتەریبە لەگەڵ مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، حەقیقەتیش ( بە تەنیا ) لەلای هیچ لایەنێک و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە..!
_______________________________________________
سەرچاوەکان:
بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوود لەم سەرچاونە وەرگیراون.
١- کتیبی ( تیۆری ئەدەبی ).
نووسینی / ( تێری ئیگڵتن ) .. وەرگێڕانی ( عەتا قەرەداغی ).
٢- کتێبی ( ئەدەب چییە ) .. نووسینی ( ژان پۆڵ سارتەر ).
وەرگێڕانی ( مستەفا غەفوور ).
٣- کتێبی ( نامەیەک لەبارەی لێبووردەییەوە ).
نووسینی ( ڤۆڵتێر ) .. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە ( عەبدولڕەزاق عەلی ).
٤- کتێبی ( لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان ) .. نووسینی / ( پڕۆفیسۆر د.محەمەد مەعروف فەتاح ).
کۆکردنەوە و ئامادەکردنەوەی / ( شێروان حسێن خۆشناو ) ، ( شێروان میرزا قادر ).

 

کانوونی یەکەمی ٢٠١٨
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک