په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١١

عەدنان عوسمان بە "ئەنتێنا" دەگاتە فیستیڤاڵی دێتمۆلدی ئەڵمانی.

 

مه‌نسوور جیهانی


فیلمی "ئەنتێنا" لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد عەدنان عوسمان بە ئامادەبوونی دەرهێنەر، وەکوو تەنیا فیلمی کوردی لە بەشی پێشبڕکێی رەسمی حەوتەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "دێتمۆلد" لە ئەڵمانیا نمایش دەکرێت.


بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی "ئەنتێنا"، بە گشتی 3500 فیلم لە لایەن سینەماکارانی 75 وڵاتی جیهانەوە بۆ نووسینگەری ئەم فیستیڤاڵە رەوانە کراوە و لە لایەن ستافی فیستیڤاڵەوە 74 فیلم بۆ بەشی کۆتایی هەڵبژێردراون، "ئەنتێنا" یەکێکە لەو فیلمانەیە و بڕیاروایە لە رۆژی 9ی جوونی 2011 بەئامادەبوونی دەرهێنەری لاوی کوردستان نمایش بکرێت و دەنگ و رەنگی کورد بە دنیا بگەیێنێت.


فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "دێتمۆلد" بە نمایشکردنی 74 کورتە فیلمی چیرۆکی، ئەنیمەیشێنێ، دیکۆمێنتی و ئەزموونی لە رۆژانی 9 تا 14ی جوونی 2011 لە شاری دێتمۆلد لە ویلایەتی "نۆردراین ـ وێستالێن" لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "دێتمۆلد" یەکێکە لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی بواری کورتە فیلم لە ئاستی دنیادا و تایبەتە بەو فیلمانەی کە ماوەکەیان تاکوو 15 خولەکە.


"ئەنتێنا" لەم فیستیڤاڵە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتی جیهان لەوانە: ئەمەریکا، ئێران، سویسرا، بەریتانیا، ئیسپانیا، کەنەدا، کۆریا، یۆنان، فەرەنسا، فلستین، پورتوگال، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، میسر، تورکیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا، تایوان و چەندین وڵاتی دیکە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی سەرەکی لە رکابەریدا دەبێت.


فیلمی "ئەنتێنا" لە دەرهێنانی عەدنان عوسمان و بە رۆڵ بینینی خاتوو "نەسرین غەفار" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمە ڤیدیۆییەکانی "ئیمپێریا" لە ئیتاڵیا نمایشکرا و خەڵاتی باشترین دەرهێنانی بەدەستهێنا.


کورتە فیلمی "ئەنتێنا" کە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم" لە شاری سنە بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ڤیدا ساڵحی" و "سەتار چەمەنی گوڵ" لە سەرتاسەری دنیا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکرێتەوە.


"ئەنتێنا" بەر لە بەشداری فیستیڤاڵی فیلمی "ئیمپێریا" بە ئامادەبوونی عەدنان عوسمان لە بەشی پێشبڕکێی دووەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی بابل نمایشکرا و خەڵاتی باشترین دەرهێنانی لە سەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی ئم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی رێزلێنانی تایبەتی پێبەخشرا.
 


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی کورتە فیلمی "ئەنتێنا"
ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک