په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٠

ئەفسانەی سوپای تورکیا و

سواڵکردن و پەلەقاژەی حکومەتەکەی ئەردۆگان.


شێرزاد عومەر مەحمود


مێژوو ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ فاتح شێخ هەلی یەکێ لە سوپاسالارەکانی سوپای عوسمانلی بووە و کە لە ساڵی 1910 کاتێ سوپای عوسمانلی هەنگاوی دەنا بۆ داگیرکردنی ئەلبانیا ئەو فاتحەیان کردە فەرماندەی سوپاکە، ئەو سوپاسالارە هەمیشە پشیلەیەکی خرپن و جوانکیلەی لە باوەش دەبێت و زۆر خۆشی دەوێت، چونکە حیکمەتێکی لەو پشیلەیە وەرگرتبوو ئەویش لەهەر شەڕێک پێش هێرش کردن پشیلەکە نەخەوتبایە ئەوا مانای ئەوەبوو لەشەڕەکە سەرناکەون و ئەگەر پشیلەکەش بخەوتبایە ئەوا سەرکەوتن لە شەڕ مسۆگەربوو، فاتح شێخ هەلی زۆر شانازی بە پشیلەکەی دەکرد، ناو و ناوبانگی پشیلەی فاتح شێخ هەلی هەموو سنوورەکانی بەزاندبوو، ئیمپراتۆری نەزان و مێشک پووچی عوسمانلیش بڕوای بەو ئەفسانەیە هێنابوو، بۆیە فاتح شێخ هەلی دەنێرنە بەرەی ئەلبانیا بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە، ئەلبانەکان بەشێوازێکی زۆر ئەقڵانی خۆیان بۆ ئەو جەنگە ئامادە کردبوو و لە هەموو شوێنێک لە بۆسەدابوون بۆ سوپای عوسمانلی، کاتێک راپۆرتی سیخوڕەکان و جاشەکانی ناو ئەلبانیا بۆ فاتح شێخ هەلی هات، بەڵام هەواڵەکان دڵخۆشکەر نەبوون هەموو راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەدا کە هێرش نەکرێت باشترە چونکە ئەلبانەکان زۆر بەهێزن و لە ئامادەگیەکی زۆر باش دان، بەڵام سوپاسالاری لەخۆبایی هەموو ئەو زانیاریە سیخوڕی و سەربازیانەی رەت کردەوە و گووتی: گرنگ پێشبینی پشیلەکەمە، ئەگەر ئەمشەو پێش هێرش کردن خەوی لێبکەوێ‌ ئەوە مانای وایە سەرکەوتنمان مسۆگەرە و ئەگەریش نەخەوت ئەوا تەواوی ئەو راپۆرتانە تەواون، پیشلەی بەستەزمانیش ئەوەندە ماندوو و هیلاکی رێگابوو هەر زوو خەوی لێ کەوت، کاتێک فاتح شێخ هەلی خەو لێکەوتنی پشیلەی قارەمانی بینی زۆر دڵخۆش بوو بەوەی سەرکەوتن و دەستکەوتێکی تری خستە سەر قارەمانێتیەکانی بۆیە یەکسەر بڕیاری هێرش کردنی دا، ئیتر ئەلبانەکانیش لە هەموو لایەکەوە بەرپەرچیان دانەوە و چ بەشەڕی پارتیزانی و چ بە شەڕی بەرەیی(جەبهەیی) توانیان لە کەمترین ماوەدا لووتی سوپای عوسمانلی بۆجاری یەکەم لە مێژوودا بشکێنن و تا گەیشتە ئەو ئەنجامەی سوپاسالار دەستگیر بکەن و لەبەرامبەر 220 دیلی ئەلبانی بیگۆڕنەوە و هاوکات پشیلەیەکی نێرەشیان بەدیاری پێدا کە وەک بووک و زاوا رازاندبوویانەوە و لەگەڵ فاتح شێخ هەلی ناردیانەوە بۆ لای ئیمپراتۆر، ئیمپراتۆریش بە بینینی ئەو شکستە سەربازیە گەورەیە و بەو دۆڕانە ئابڕووبەرە و بەو دیاریە ئەقڵ لە مێشکی پووچیدا نەماو یەکسەر بڕیاری لەسێدارەدانی فاتح شێخ هەلی دا.

گەلۆ" ئەمڕۆ ئەفسانەی سوپای تورکیا و پەلەقاژەی ئەردۆگان و فاشیستەکانی تورکیا مێژووی هەمان سیناریۆمان بۆ دووبارە دەکاتەوە، سوپای تورکیا کە تا ئێستا 5%ی چالاکیە سەربازیەکانی پەکەکەی بینیوە و تا ئێستا تووڕەیی راستەقینەی کوردانی لە باکوری کوردستان نەبینیوە وەها شپڕزە بووە، کەچی دەچن هانا بۆ ئەمەریکا و ناتۆ دەبەن کە بە هانایان بێن لە شەڕی سەرکوتکردنی کوردان لەو پارچەیە، ئەمڕۆ سوپای تورکیا فڕۆکەی(هیرۆن)ی ئیسرائیلی کردۆتە ئەفسانەی پشیلەکەی عوسمانلیان و لەخۆباییەکانیان گەیشتۆتە ئاستێک کە لە بچووکترین تەنگەژەدا ئەردۆگان دەکەوێتە پەلەقاژەی تەنازولات و پاڕانەوە و سواڵکردن لە وڵاتە زلهێزەکان، بە رادەیەک وڵاتە زلهێزەکانیش بێزاربوونە لەو(دەمێک لە خۆباییبوون و دەمێک پاڕانەوە و پەلەقاژەیە)، ئەوەی گرنگە لێرە بگوترێ ئەوەیە کە تورکیا وەکو میللەت تەواوی ئەو سوپایەی رەفزە، بەڵام حکومەت بۆ داپۆشینی هەموو تەنگەژە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و...هتد خۆی درێژە بە نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەی کورد و دروشمی سواو و ژێرپێکەوتووی (یەک دەوڵەت و یەک ئاڵا و یەک نەتەوە) دەدات و شەقامی تورکی بە ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووەکان سەرقاڵ دەکات، بێ ئاگا لەوەی کە مەرگی ئەو سوپایە و ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە بناغەی بوونی دەوڵەتی تورکیایە و پەلەقاژەکانی ئۆردوگان لەهەمبەر دۆزی رەوای کورد رۆژ لەدوای رۆژ نزیکتر دەبێتەوە.

 

 

 

 

 

 

s4632628@gmail.com