ئه‌گه‌ر حکومه‌ت نه‌گۆرێ ده‌دۆڕێ.
نه‌وزاد وه‌لی*
یه‌کێک له ئاواته مه‌زنه‌کانی هه‌ر ڕۆڵه‌یه‌کی ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه و به درێژایی ده‌یان ساڵ ، ئه‌وه بووه که ڕۆژێک له ڕۆژان به چاوی خۆی ئازادیی له به‌شێک له خاکی کوردستانه‌که‌یدا ببینێ!
کێ هه‌یه له‌م نیشتمانه‌ی ئێمه‌دا که خزمێکی ، یان دۆست و ئه‌زیزێکی ، له‌پێناوی ئه‌و ئاواته مه‌زنه‌دا گیانی نه‌به‌خشی بێ؟ یان ژیانی شاخ و ئه‌شکه‌وته‌کانی هه‌ڵنه‌بژاردبێ؟ یان جارێک له جاران میوانی زیندانه به‌دناوه‌کانی به‌عس نه‌بووبێ و ئه‌شکه‌نجه و ئازاری گیانیی و جه‌سته‌یی ، هاوڕێی شه‌و و ڕۆژی نه‌بووبێ؟ کێ هه‌یه له‌م نیشتمانه‌ی ئێمه‌دا که که‌سێکی ، ئه‌نفالکراو و کیماییبارانکراوی نه‌بێ؟ یان هه‌ر هیچ نه‌بێ که‌سێکی ، ئاواره‌ی وڵاتانی په‌نابه‌ریی نه‌بێ؟ کێ؟ و کێ؟ بێگومان ژماردنی ئه‌و (کێ)یانه به ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستانه!
وا له سایه‌ی خوێن و قوربانییدانی ئه‌و هه‌زاران هه‌زار ڕۆڵانه‌ی گه‌لی کوردستانه‌وه ، هه‌ژده ساڵه ئه‌و ئازادییه‌مان ده‌ستکه‌وتووه ، به‌ڵام که‌سانێک که نرخیان نه‌زانی ، هه‌ر وه‌ک تۆپی یاریی سه‌یریان کرد و شه‌قیان تێهه‌ڵدا!
هه‌ژده ساڵه دوو حیزب و چه‌ند حیزبێکی هاوکاریان وه‌ک برا ، هه‌موو شتێکیان له‌م خاکه‌دا به‌شکردووه! له هه‌ژده ساڵدا نه‌یانتوانی بۆ گه‌له‌که‌یان بسه‌لمێنن که ده‌توانن کێشه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌کان چاره‌سه‌ربکه‌ن و ژیانی کامه‌رانیی و خۆشگوزه‌رانیی بۆ هاونیشتمانییانیان دابینبکه‌ن!
ئه‌و نه‌توانینه‌شیان ڕاستییه‌کی تیادایه و ده‌بێ مافی خۆیان بدرێتێ! به‌ڵێ .. ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبانه له‌وه‌ته‌ی هه‌ن هه‌ر ته‌نیا یه‌ک سه‌رکرده و سه‌رکردایه‌تی و یه‌ک جۆر سیاسه‌تیان هه‌بێ ، چۆن به هه‌ژده ساڵ گه‌له‌که‌یان به‌ختیار ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر به‌پێی ڕاستییه مێژووییه‌کانی ئه‌وان بێ ، ئه‌وا ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه پێویستی به 34 تا 63 ساڵی تر هه‌یه تا ئه‌و حیزبانه (ئه‌گه‌ر) ئاواته‌کانیان بهێننه‌دی! به‌ڵام ئایا ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که هه‌ژده ساڵی تریش هه‌ر به‌م شێوه‌یه بژی و چاوه‌ڕێی گۆڕان بکا؟
له‌م هه‌ژده ساڵه‌دا چه‌ندان ده‌وڵه‌تی بچوک دروست بوون! یوگوسلاڤیا بوو به چوار ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ، ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ش به زۆر و به ده‌ستی خۆیان یوگوسلاڤیاکه‌ی عێراق و باڵکانیان دروستکرده‌وه! چێکوسلۆڤاکیا که دوو نه‌ته‌وه‌ی برا و خاوه‌نی یه‌ک دین و ڕێچکه‌ی دینیی و یه‌ک که‌لتور و زمانن ، به‌ڵام بوون به دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی چێک و سلۆڤاکیا! ئێمه‌ی گه‌لی کوردستانیش که هیچ شتێکی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ دانیشتووانی عێراقدا نییه ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ژده ساڵه‌مان ، خه‌بات بۆ یه‌کپارچه‌یی عێراق ده‌که‌ن و کوردستانی سه‌ربه‌خۆ به خه‌وی شاعیران ناوده‌به‌ن!
له‌م دواییه‌دا ئیسرائیل له‌سه‌ر دوو فیشه‌که‌شێته‌ی ئیسلامییه‌کان ، گه‌لی فه‌له‌ستینی جینۆساید کرد ، ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ش له کاتی تۆپبارانکردنی گونده سنورییه‌کانماندا له لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه ، گوێی خۆیان ده‌ئاخنن و گوێیان له‌و هه‌موو هاواره‌ی گوندنشینه‌کانیشمان نییه!
دوو جار گه‌له‌که‌مان له ڕاپرسییدا ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان داوه ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران تا ئێستا ئه‌و ئه‌نجامه ته‌نیا وه‌ک ئامرازێکی هه‌ڕه‌شه‌کردن به‌کاری ده‌هێنن و مامه‌ڵه‌ی بودجه‌وه‌رگرتنی پێده‌که‌ن!
به ڕاده‌ی بودجه‌ی شه‌ش وڵاتی ئافریکا ، ده‌سه‌ڵاته هه‌ژده ساڵییه‌که‌ی ئێمه‌ش ساڵانه دۆلار وه‌رده‌گرێ! له‌و وڵاتانه‌دا که له بیابانیشدا ده‌ژین ، حکومه‌ته‌کانیان کاره‌بایان بۆ زۆربه‌ی کوێره‌دێیه‌کان ڕاکێشاوه ، له وڵاتی 9-10 میلیارد دۆلاریی بودجه‌ی ئێمه‌شدا ، کاره‌با له شاره گه‌وره‌کانیشدا به نۆره به‌سه‌ر دانیشتوواندا به‌شده‌کرێ! که‌چی هاوکات پیاوانی دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که‌ش له‌بری ده‌وڵه‌ت کاره‌با به دانیشتووان ده‌فرۆشنه‌وه و ژینگه‌ی کوردستانیان پیس و وێرانکردووه!
ئاو سه‌رچاوه‌ی ژیانه ، به‌ڵام لای ئێمه به نرخی نه‌وت و سوته‌مه‌نی ده‌فرۆشرێ!
له دواکه‌وتووترین وڵاتانی جیهاندا ، پارله‌مان بڕیاری دابه‌شکردنی بودجه به‌سه‌ر بواره هه‌مه‌جۆره‌کانی ژیانی گه‌له‌که‌یدا ده‌دا و چاودێریی و لێپرسینه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن ده‌کا ، لای ئێمه‌ش نه‌ک هه‌ر پارله‌مان ، ته‌نانه‌ت سه‌رکردایه‌تی دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که و حیزبه هاوکاره‌کانیشیان ، یه‌ک دووانێکیان نه‌بێ ، که‌س نازانێ بودجه و سامانی ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه و حیزبه‌کانی خۆشیان چی لێدێ!
له دواکه‌وتووترین وڵاتانی دنیادا ، ڕێز له سه‌ربازان و تێکۆشه‌رانی دێرین ده‌گیرێ ، له لای ئێمه‌ش پێشمه‌رگه‌ی دێرین و زیندانییه سیاسییه‌کان لایان لێ ناکرێته‌وه و ڕێز له جاش و خۆفرۆشان و کوردکوژان ده‌گیرێ!
له دواکه‌وتووترین وڵاتانی دنیادا ، تاوانباران ده‌درێن به دادگا و سزا ده‌درێن ، له لای ئێمه‌ش کیمیاییبارانکه‌رانی کوردستان به نهێنی و به فه‌رمانی سه‌رۆک ، ئازاد ده‌کرێن!
له دواکه‌وتووترین وڵاتانی دنیادا ، یاسا له سه‌روو هه‌موو شتێکه‌وه‌یه ، له لای ئێمه‌ش بنه‌ماڵه و حیزبه‌کانیان له سه‌روو یاسا و هه‌موو شتێکه‌وه‌ن!
ئافره‌ت نه‌ک هه‌ر نیوه‌ی کۆمه‌ڵه ، ته‌نانه‌ت هیچ پیاوێکی زرنگ و هۆشمه‌ند و به‌هێز و به‌توانا و هیچ پێغه‌مبه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌ک نییه له‌م دنیایه‌دا که به‌شێک له گیان و جه‌سته و هه‌ناوی ئافره‌تێک نه‌بووبێ و له ئامێزی ئافره‌تێکدا گه‌وره و په‌روه‌رده نه‌بووبێ ، له وڵاته هه‌ژده ساڵییه‌که‌ی ئێمه‌شدا پارله‌مانه‌که‌ی دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که بڕیاری فره‌ژنیی ده‌دا و ڕۆژانه‌ش ده‌یان ئافره‌ت ده‌کوژرێن و هه‌تک ده‌کرێن!
لاوان نه‌وه‌ی دواڕۆژ و ئاواتی گه‌لانن ، له لای ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بیری لێ نه‌که‌نه‌وه ، لاوان و خوێندکاران و ده‌رچووانی زانکۆکانن!
له دواکه‌وتووترین وڵاتانی دنیادا ، کار بۆ نه‌هێشتنی بێکاریی ده‌کرێ ، له لای ئێمه‌ش ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵکه‌که‌ی خۆمان ده‌ڵێ ته‌مبه‌ڵن و کارگه‌ران له وڵاته هه‌ژاره‌کانه‌وه ده‌هێنن!
له دنیادا ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ده‌سه‌ڵاتی چواره‌من ، له لای ئێمه‌ش سه‌رکرده‌کان به ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ڵێن با وه‌ک سه‌گ بوه‌ڕن!
مرۆڤ به‌نرخترین سه‌رمایه‌یه ، له وڵاتی ئێمه‌شدا نرخی هه‌موو شتێک گرانه ، ته‌نیا نرخی مرۆڤ نه‌بێ!
له فه‌رهه‌نگی ئابوری و سیاسی‌دا ، بوون و گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌سازیی و کشتوکاڵیی ، نیشانه‌ی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگایه ، له لای ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که باشترین و زۆرترین سامانی سروشتییمان هه‌یه ، ته‌نانه‌ت سه‌وزه و میوه و ئاوی خواردنه‌وه‌ش له دراوسێکانمان ده‌کڕین!
هه‌زاران که‌موکوڕیی و ناته‌واویی له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردستاندا هه‌یه و نه‌ک له هه‌ژده ساڵدا ، ته‌نانه‌ت له هه‌شت ساڵدا ده‌توانرا زۆربه‌یان چاره‌سه‌ر بکرێن ، به‌ڵام تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتداران نه‌یانکردووه!
ئا ئه‌مانه بوون وایان له چه‌په‌کانی کوردستان ، ڕۆشنبیران ، پێشکه‌وتنخوازان و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان کرد که بۆ یه‌که‌م جار له کوردستاندا به ده‌نگی به‌رز بڵێن: ئه‌گه‌ر حکومه‌ت نه‌گۆڕێ .. ده‌دۆڕێ.
کاتێک که چه‌په‌کان و جه‌ماوه‌ر له خۆپێشاندانه‌کانی ئه‌م سێ ساڵه‌ی دواییدا ، هاواریان ده‌کرد و ئه‌و دروشمه‌یان به‌رزئه‌کرده‌وه ، زۆربه‌ی حیزبه‌کان و ده‌سه‌ڵاتداران له ڕۆژنامه (چاو‌دێر)ه‌کانیانه‌وه گاڵته‌یان به‌و دروشمه ده‌کرد و ده‌یانوت ئه‌وه (شیعاری گروپێکی سیاسی نوێی بچوکه)! به‌ڵام وا ئه‌مڕۆ هه‌موو جه‌ماوه‌ری گه‌ل به چاوی خۆیان ئه‌یبینن که چه‌ندان گروپ و لایه‌ن ، هه‌ر وه‌ک قارچک هه‌ڵده‌تۆقن و دروشمه‌که‌ی چه‌په‌کان ده‌ڵێنه‌وه! هه‌ژده ساڵه چه‌په‌کانی کوردستان داوای گۆڕانکاریی و چاکسازیی و پاکسازیی و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له حیزب و بنه‌ماڵه ده‌که‌ن ، ئه‌گه‌رچی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یانوت (گروپێکی بچوک)ن ، به‌ڵام خاوه‌نی ئه‌زمون و به‌رنامه و ئازایه‌تی و دڵسۆزیین و له ده‌سه‌ڵات یاخیین و داوای مافه ڕه‌واکانی به‌شخوراوانی گه‌له‌که‌یان ده‌که‌ن ، هه‌ر ئه‌وه‌شه که وای له جه‌ماوه‌ر کردووه که پێکه‌وه بڕژێنه ناو شه‌قامه‌کانه‌وه و بێ مۆڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران ، داوای مافه ڕه‌واکانیان بکه‌ن.
گرنگ ئه‌وه نیه که چه‌په‌کانی کوردستان گروپێکی بچوکن یان نا ، گرنگ ئه‌وه‌یه که خاوه‌نی مێژووی پڕ له قوربانییدان و ده‌ست و داوێنپاکن و که‌وتوونه‌ته لای چه‌پی هاوکێشه‌کانه‌وه که ئه‌ویش بریتیه له خانه‌ی به‌شخوراون ، ئه‌نفالکراوان ، ژه‌هربارانکراوان ، بێ ئاو و کاره‌با و کرێچی و هه‌ژاران ، پیر و په‌ککه‌وته و که‌نه‌فتان ، ئافره‌تان ، لاوان ، ڕۆشنبیران ، کارگه‌ران ، جوتیاران ، پێشمه‌رگه دێرینه‌کان ، زیندانییه سیاسیه‌کان ، مافی مرۆڤ ، سیستمی پارله‌مانیی و دیموکراتیی ، پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادیی تاکه‌کان ، دژی گه‌نده‌ڵ و دز و تاڵانکه‌ران ، چاره‌سه‌ری دادپه‌روه‌رانه و ڕاستینه‌ی کێشه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌کانی گه‌له سته‌مدیده‌که‌مان.
ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی ، هه‌ڵبژاردنه‌کان له کوردستاندا ده‌کرێن و که‌م یان زۆر دزیی و فێڵ و ته‌ڵه‌که‌بازیی و مافخورادن و پێشێلکردنی یاسا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵتدارانه‌وه ده‌کرێ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر سنوقه‌کانی ده‌نگدان محه‌ک ده‌بن و که‌م یان زۆر گۆڕانکاریی له هاوکێشه‌کاندا ده‌کرێ.
بوونی چه‌ندان لیستی جیاواز له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ، ده‌بێته هۆی په‌رشوبڵاویی ده‌نگه‌کان ، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری بێزار و ناڕازیی کوردستان ئه‌زانێ ئه‌م جاره ده‌نگ به کێ و به کام لیست ده‌دا.
ئه‌رکی هه‌موو ڕۆڵه به ئه‌مه‌که‌کانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌که‌مان ئه‌وه‌یه که به‌بێ گوێدان به زۆربه‌ی بنه‌ما ئایدیۆلۆجییه‌کان و به‌رژه‌وه‌نده حیزبییه‌کان و له‌پێناوی گه‌ل و نیشتمان و دابینکردنی مافه بنچینه‌ییه‌کانی هاونیشتمانییان له دابینکردنی بژێو و پێویستییه ڕۆژانه‌ییه‌کان و خزمه‌تگوزارییه‌کانیاندا ، له یه‌ک لیستی سه‌ربه‌خۆدا کۆببنه‌وه و به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بکه‌ن و ئه‌و په‌رشوبڵاوییه که‌مبکرێته‌وه.
ئیتر ئه‌مڕۆ کاتی ئه‌وه هاتووه که ئه‌و دیواره جیاکه‌ره‌وه‌یه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر بڕوخێنرێ و بازووی گۆڕان و پێشکه‌وتنی لێ هه‌ڵبماڵین و پێکه‌وه سنورێک بۆ ئه‌و که‌موکوڕییانه‌ی ده‌سه‌ڵات دابنێن.
نابێ که‌سیش ئه‌وه‌ی له‌بیربچێ که بوونی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵیی له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستاندا ، به‌رهه‌می خه‌بات و خوێن و قوربانییدانی سه‌دان ساڵه‌ی گه‌له‌که‌مانه و ئێمه دوژمنی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیی نین ، به‌ڵکو مه‌به‌ستی ئێمه له کۆبوونه‌وه‌مان له یه‌ک لیستی هاوبه‌شدا و به‌شدارییکردنمان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ، بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه و شارستانییانه‌ی ده‌سه‌ڵاته و سه‌روه‌رکردنی یاسا و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان ، جێبه‌جێکردن و داد ، هه‌روه‌ها ڕاگه‌یاندنیش وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ، له حیزب و خێڵ و دانانی که‌سانی شیاو و دڵسۆز له شوێنی ڕاست و شیاوی خۆیاندا و لابردنی که‌سانێکی ناشیاو که به هه‌ڵه و به پێوه‌ری حیزبایه‌تی ته‌سک و خێڵ و به‌رژه‌وه‌ند ، له شوێنێکدا دانراون که شیاوی نین.
ده‌بێ هه‌موو لایه‌کمان ئه‌وه بزانین که گرنگیی به‌شدارییکردنمان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ته‌نیا له سه‌رکه‌وتنماندا نییه ، به‌ڵکو به‌گشتیی مه‌به‌ست له‌وه‌یه که به ده‌سه‌ڵاتداران بڵێین ، به‌شێکی زۆری ئه‌و جه‌ماوه‌ره بێزاربووه و ده‌ڵێ ده‌یان ساڵه هه‌ر ئه‌و ده‌موچاوانه و هه‌مان ڕه‌فتار و سیاسه‌تیان ده‌بینین و ئیتر کاتی گۆڕانکاریی له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا هاتووه!
* ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی چه‌پی کوردستان.
09-02-2009
|