په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٧\٢٠١٣

ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی شارۆن ستۆن و بەھمەن قوبادی سەردانی ھەڵەبجەیان کرد.
 

مەنسوور جیهانی


خانمە ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی شارۆن ستۆن و سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی سەردانی شارەکانی ھەڵەبجە و کەرکووکیان کرد.


ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی خاتوو "شارۆن ستۆن" Sharon Stone بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ سینەماکاری بەئەزموونی کورد بەھمەن قوبادی سەردانی شارەکانی ھەڵەبجە و کەرکووکیان کرد و لە نزیکەوە زۆربەی شوێنەکانی ئەو دوو شارەی کوردستانیان بینی.


شارۆن ستۆن دوای بینینی ھەڵەبجە و کەرکووک، ھەرێمی کوردستانی بەجێھێشت و ئێستاکە بەھمەن قوبادی سەرقاڵی پڕۆژەیەکی نوێیە کە لە شارەکانی بەغداد و نیۆیۆڕک و بەشێکیشی لە شاری ھەڵەبجە وێنەدەگیرێت.


شارۆن ستۆن چەند ساڵ پێش ئێستا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە شاری تاران میوانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی بوو. ئەم دوو ھونەرمەندە و ھەروەھا ٦ کەسایەتی دیکە لێژنەی نێودەوڵەتی دژە مین پێکدێنن و تاکوو ئێستا لە چەندین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دژە مین لە ئاستی دنیادا بەشداریان کردووە.


ئەم ڕۆژانە بەھمەن قوبادی لە شارەکانی بەغداد و نیۆیۆڕک سەرقاڵی بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانییەتی.


شارۆن ستۆن ساڵی ٢٠٠٧ لە میانەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای حەقیقەت "سینەما وێریتێ" Cinema Verite فیلمی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی بە ھۆگرانی سینەما ناساند و فیلمەکە بە ئامادەبوونی پاشا و بنەماڵەی سەلتەنەتی و ژمارەیەکی زۆر لە پەیامنێرانی دنیا لە مۆناکۆ لە فەڕەنسا نمایشکرا.


ستۆن سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" گووتی: ئەم فیلمە زۆر جوان سازکراوە و لە دەرھێنەرێکی بلیمەت و بێ وێنەیە کە نە تەنیا یەکێک لە بەھێزترین فیلمەکانە لە بواری شەڕ و بێرەحمیدا، بەڵکوو نیشاندەری بەھرە دەروونییەکانە کە ھەر مرۆڤێک لە کاتی شەڕ لە خۆیدا دەیبینێتەوە. ئەم فیلمە بنەما و پێکھاتەیەکی بەھێزی ھەیە و ئەم فیلمە یەکێکە لە سەرکەوتووترین و سەرسوورھێنەرترینی ئەو فیلمانەی کە لە ساڵانی دواییدا بینیومە.


شارۆن ستۆن ڕۆژی ١٠ی مارسی ١٩٥٨ لە شاری میدویل پێنسیلوانیا لە ئەمەریکا لە دایک بووە، دووھەمین منداڵی بنەماڵەیە و برایەک لە خۆی گەورەتر و دوو خوشکی چکۆلەی ھەیە. لە نەوەدەکاندا وەکوو قوتابییەکی خوڵقێنەر لە بواری نووسیندا لە زانکۆی ئێدینبۆڕۆی پێنسیلوانیا بوورسییەی وەرگرت و بە پلەیەکی زۆر باش دەرچوو.


سەرەتا وەکوو شاجوان سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا ھەر بەم ھۆیەوە بە شوێن ھونەری مانکەنیدا ڕۆیی و بووە مانکەنی ڕیکلامی کۆمپانیای فۆڕدی ئەمەریکی کە بووە ھۆی ئەوەی کە بۆ یەکەمین جار بچێتە پێش کامێڕا و لە نێوان خەڵکیدا بناسرێت.


ستۆن بۆ یەکەمین جار لە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی خۆش خەیاڵی"ـدا لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری جیھان ۆودی ئالێن لە ساڵی ١٩٨٠ ڕۆڵی بینی و لە دواییدا لە کۆمەڵێک فیلمی دیکە وەکوو ئەکتەر ڕۆڵی بینی.


ئەم ئەکتەرە زیاتر بە بۆنەی رۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی "غەریزەی سەرەکی" لە ساڵی ١٩٩٢ لە دەرھێنانی مایکێڵ کیتۆن ناسراو و بووە یەکێک لە ئەستێرەکانی ھۆلیڤوود.


شارۆن ستۆن تا ئێستا لە فیلم گەلی زۆر، ھونەری خۆی نواندووە و لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا خەڵاتی گرینگ و بەنرخی بەدەستھێناوە.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک