|
ئەمجارەش شەڕێكی دەستووری
بكەین؟

ئاسۆ عەلی فەرەج*
لە هەموو
پرۆسەکانی دوای ئازادی ئێراق کورد هێزێکی زۆر گەورەیی دەستوریی و
یاسایی بەکارهێنا تا ئێراق لە سەر پێی دیموکراسی و فرەنەتەوەیی و
فیدراڵی خۆی بگرێتەوە و لە چوارچێوەیەکی دەستوریدا مومارەسەی دەسەڵاتی
خۆی بکات و هاوبەشییەکی فیعلی بێت لەگەڵ بەغدا.
بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییە جۆرێک لە پاشگەزبوونەوەی عەرەب
نیشاندەدات بەرامبەر هەموو رێککەوتن و هاوپەیمانییەتیەکان و بەڵێنەکان،
ئەمەش وەک شەقامی کوردی و زۆرێکیش لە چاودێرانی سیاسی ئێراق
دەیگەڕێننەوە بۆ هێزی ئەقڵییەتی عەرەبی و بەهێزبوونیان لەبەرامبەر ئەو
ئاڵۆزیە ئەمنیانەی کە دوای 5 ساڵ وڵاتی لە گێژاوێکی سەختدا
دەخولاندەوە، ئەمڕۆ تیرۆر بەلاوازی دەبینرێت و ئەمەریکاییەکانیش
ئاماژەی روونیان ئەوەیە کە ئێراق لە سەرەتایەکی باشدایە بۆ
وەدەستهێنانی رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ئاسایش، لە هەمانکاتیشدا لە
سەرەتایەکی گەورەی ئاڵۆزی دەستووری و سیاسییدایە بەهۆی ناکۆکی گەورەی
نێوان کوتلە سیاسیەکانی بەشداربووی ئێراقی نوێی، بەتایبەتی کورد، چونکە
ئەوان نایانەوێت لە پاڵ ئەو دەستوورەی کە زیاتر لە %80ی ئێراقیەکان
دەنگیان بۆ داوە کورد بگاتە کۆمەڵێک مافی نەتەوەیی خۆی، ئەگەرچی
بەردەوامیش لە رێگای لێدوان و کۆبوونەوە و دانیشتنەکانی نێوان کورد و
بەرپرسانی عەرەبی ئەو خاڵە جەختی لەسەر دەکرێتەوە کە ئەم دەسکەوتانەی
کورد هیچ کاتێک نابێتە هۆکاری نیگەرانبوونی ئێراقیەکان وەک خۆیان
مەزەندەی دەکەن دەوڵەتی سەربەخۆییە، رووداوەکان شتێکی دیکە نیشاندەدەن،
ئەوان کاتێک پێچەوانەی دەستوور ورێککەوتنەکان پیادەی سیاسەت دەکەن ئەو
راستییە جارێکی دیکە دێتەوە یادی کورد کە عەرەب نایەوێت دان بەهەموو
ئەو مافانەدا بنێت کە دەستوور دیاریی کردووە و دەبێتە هۆی زیاتر
پێشکەوتنی رەوشی سیاسی و ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان،
ئێستا بەغدا لە مەنتیقی هێزی سەربازییەوە دەیەوێت مەرامەکانی خۆی
جارێکی دیکە نیشان بداتەوە دوای کودەتای دەستوورییەکەی 22ی تەمموزی
مانگی رابردوو.
لەم حاڵەتەدا واتا لە قەیرانی ناتێگەیشتن و پاشگەزبوونەوەی عەرەب کورد
ئەلتەرناتیڤی دەبێت چی بێت و بەچ میکانیزمێکی سیاسی و دەستووری مامەڵە
لەگەڵ ئەم واقیعەتەدا بکات کە بووەتە قۆناغێکی سەخت و هەمیشە گفتوگۆکان
ناتوانن بنەمای ناتێگەیشتنی ئەوان بسڕێتەوە؟ بێگومان کورد کارتی زۆری
لەبەردەستە و هێزی ئەوتۆشی هەیە رووبەڕووی هەموو ئەگەرەکان بێتەوە،
بەڵام ئاخۆ کام کارت و هێز دەتوانێت شەڕێکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ بەغدا
بگەیەنێتە لوتکەی دڵنیابوون و پابەندبوون بە دەستوور، تاکو ئێستاش شەڕ،
تەنیا شەڕی دەستوور و چەسپاندنی یاساییە بەلای کوردەوە، هەوڵدانە بۆ
هێورکردنەوەی نالەبارییەکان، بەڵام لەبەرامبەردا هەست بەوەش دەکرێت
پیادەکردنێکی دیکە لە سیاسەت هەیە بۆ ئەوەی رۆڵی کورد لاواز بکرێت و
سنوورێکیش دابنرێت بۆ ئەوەی لە هەندێک خاڵی دەستووری پاشەکشە بکات، کە
ئەمەش بەلای کوردەوە مەحاڵە، چونکە هەموو ئامانجەکانی کورد برەودان
بووە بەو دەستوورەی کە دەتوانێت ئێراق بەیەکپارچەیی بهێڵێتەوە، وەک چۆن
لەدیباجەی دەستورە هەمیشەییەکەدا هاتووە، ئەوان لەسەرەتاوە تاکو ئێستا
بە نیوەچڕی مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەرجارە
و ئاستەنگێک دروست دەکەن، کوردیش بەردەوام لەسەر مێزی گفتوگۆکان و
دانیشتنی پەرلەمانەوە دەیەوێت یەکلایی بکاتەوە، پرسیارێک لەم قۆناغەدا
ماوەتەوە لەلای کورد ئەگەرچی تاکو ئێستا هەنگاو یا بیرێکی ئەوتۆی
لێنەکردۆتەوە، کە ئەویش بەکارهێنانی هێزە، واتا هێزی چەکداری،
رووداوەکانی خانەقین و قەرەتەپە، جارێکی دیکە ئەم پرسیارەی وروژاند،
بەڵام دیسانەوە کورد گەڕایەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن،
ئەمە مەنتیقێکی دروستە تا ئەو خاڵەی کە عەرەب درک بەوە بکات، کە ئێراقی
نوێ، ئێراقی هێزی سوپایی نییە و دەبێت لە دەستووردا شەڕ بکرێت و یاسایی
یەکلایی بکاتەوە.
کەواتە دەبێت کورد ئەمجارە کام سووچی کێشەکان بگرێتە دەستەوە؟ ئایا
دەکرێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێەتی و رێککەوتنی
چەند قۆڵی نێوان ئەحزابەکان؟ یاخود ئەمجارە حکوومەتەکەی مالیکی
هاوشێوەی حکوومەتەکەی جەعفەری دەخەنە بەردەم ئەگەرێکی دیکە؟ لەوانەیە
شەڕێک سەرهەڵبدات لە نێوان هەولێر- بەغدا کە دەرئەنجامەکەی ئەمجارەش
گەڕانەوە بێت بۆ دەستوور و پیادەکردنێکی دیکەی سیاسی، بەڵام ئاخۆ
ئەمجارەش شەڕ بەرۆکمان دەگرێتەوە؟.
*
بەڕێوەبەری
نووسینی گۆڤاری 140
aso_ali2003@yahoo.com
|