په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠١١

ئێمە لەکوێوه‌ هاتووین.

                                                                                                        

نووسینی: ستیفن هاوکینگ                                                                                                     وەرگێڕانی: حسێن حسێنی
 

بە پێی باوەڕی کۆنی خەلکی ئەفریقای ناوەندی ، پێش ئێمە تەنها تاریکی و ئاو و خودایەکی گەورە بە ناوی (بومبا ) بوونی هەبوو.

رۆژێک (بومبا) تووشی سکێشە بوو رشایەوەو خۆری هێنایەوە. خۆریش بەشێک لە ئاوەکانی زەوی کرد بە هەڵم و وشکایی دروست بوو. (بومبا )هێشتا نەخۆشی بەرینەدابوو ،بەردەوام بوو لە رشانەوە، مانگی هێنایەوە و لە دواییدا ئەستێرەکان و لە دواییدا پلنگ و تیمساح و کیسەڵ و لە کۆتاییدا مرۆڤی هێنایەوە.

ئەم چیرۆکەی ئافراندن وەکو زۆر لە چیرۆکەکانیتر ، بە ئامانجی وڵامدانەوەی پرسیاری زۆر ریشەیی و کۆنی مرۆڤ دروستکراوە ،برسیارگەلێک کە هێشتا لە مێشکماندایەوە و لە کۆڵمان نە بووەتەوە .

بەختەوەرانە ئێمرۆ ئێمە ئەمرازێکمان لە بەردەستدایە کە بە یارمەتی ئەو دەتوانیین وڵامی پرسیارەکانمان بدۆزینەوە ، ئەو ئامرازەش زانستە.


یەکەمین وڵام بۆ پرسیاری بنچینەیی " لە کوێ وە هاتووین ؟" هەشتا ساڵ لەوەو پێش درایەوە، کاتێک (هابل) لە( ١٩٢٠) ەکاندا بە یارمەتی تەلسکۆپێکی ١٠٠ ئینچی لە سەر کێویی (ویلسن) لە (لۆسئانجلێس) سەیری ئاسمانی کرد.

(هابل) بەسەر سوڕمانەوە بینی هەموو (گەلە ئەستێرەکان) خەرییکی دورکەوتنەوەن لە یەکتری . هەروەها بینی کە هەتا( گەلەئەستێرەکان) دورتربن لە یەکترییەوە بە خێرایی زیاتر دوور دەکەونەوە، ئەم دۆزینەوەیە بە ( کشانی گەردوون ) ناوی دەرکردووە ، کە بە یەکێک لە گەورەتریین دۆزینەوەکانی مرۆڤایەتی تا ئەم سەردەمە ئەژمار دەکرێت.

تیوری کشان ببوو بە هۆی گۆڕانی گەورە لە بیرکردنەوەکانمان و خاڵی سەرەتایی بۆ گەردوون هێنا کایەوە. ئەگەر (گەلەئەستیرەکان) لەیەکتری دوور دەکەونەوە ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە چەند میلیارد ساڵ لەوەو پێش هەموویان لە نزییکی یەکترییدا بووبێتن . بەڵام ئایا ئەمە خاڵی دەسپێکی گەردوون بووە؟ لەو کاتەدا زۆر لە زاناکان حەزیان لەوە نەبوو خاڵی دەسپێک بۆ گەردوون دابنێن ، چونکوو ئەمەیان دەگەڕاندەوە بۆ ناکارایی یاساکانی فیزیک.

لەو قۆناغەدا بۆ پاساودانی چۆنیەتی دروستبوونی گەردوون و شیکاری خاڵی سەرەتا هۆکارێکی دەرەکی پێویست بوو کە بەسادەیی دەتوانرا پێی بوترێت خودا. بۆیە هەندێک گریمانە هێنرایە کایەوە کە گەردوون ئێستاش دەکشێت بەڵام هەرگیز خاڵی سەرەتایی نەبووە، باشتریین وڵام بۆ ئەم ئاراستەیە بریتی بوو لە (تیوری دۆخی وەستاو ) کە لە ساڵی( ١٩٤٨) دا پێشنیار کرا.


بە پێی تیوری دۆخی وەستاو ، گەردوون هەمیشە هەبووەو شێوازێکی وەستاوی هەیە. تایبەتمەندی گرنگی ئەم تیورییە ئەوەبوو کە دەکرا تاقیبکرێتەوە و تاقیکردنەوەکان پیشانییدەدا ئەم تیورییە گونجاو نییەو خەلەلی زۆری تیداییە.

 


بەڵگەی سەلماندن بۆ تیوری دروستبوونی گەردوون بە سەرەتایەکی زۆر چرەوە لە ساڵی (١٩٦٥) دا پێشکەشکرا . لەو کاتەدا زانایان تیشکدانەویەکی کزی( مایکرۆوەیڤ)یان لە فەزادا دۆزییەوە، تەنها هۆکار بۆ بوونی ئەم تیشکدانەوەیە ئەوەیە کە دەبێت پاشماوەی دۆخێکی سەرەتایی زۆر چڕ و گەرم بێت. بە کشانی گەردوون ئەم تیشکانە بەرەبەرە سارد بووەتەوە و لە ئێستادا ئێمە دەتوانیین پاشماوەکەی ببینین.

تیورییە نوێکان بۆ ئەم بیرۆکەیە یارمەتیدەر بوون . من (ستیڤن هاوکینگ) لەگەڵ (راجر پنروز) پیشانماندا ئەگەر تیوری رێژەیی گشتی (ئانیشتاین) راست بێت دەبێت خاڵێکی (تەک) بوونی هەبێت . ئەم خاڵە (چڕی بێکۆتایی) هەیەو چەماوەیی زۆر لاری (شوێن فەزا) دروستدەکات ، واتە ئەو خاڵە ، خاڵی دەسپێکی (کات)ە.

گەردوون لە ئاکامی تەقینەوە گەورەکە (بیگ بانگ ) دروستبووەو لەو کاتەوە بە خێرایی و تاودانەوە دەکشێت. بەمە دەگوترێت (ئاوسان ) و بە پێی ئەمە لە قۆناخەکانی سەرەتایی تەمەنی گەردوون (ئاوسان)ەکە بە خێرایی زۆر بەرزەوە روییداوە : چەندینجار لە کەرتێکی بچووکی چرکەدا، لە دوایی بیگبانگ ئاوسانەکەی دوو بەرامبەر بووە.

ئاوسان بووە بە هۆی ئەوەی گەردوون بە شێوازێکی گشتی فراوان و نەرم و یەکجۆر دروست ببێت. هەرچەند بەتەواوی و یەکجۆرێش نییە: لە هەندێک شوێندا نایەکجۆری بوونی هەیە . ئەم نایەکجۆرییە بووە بە هۆی جیاوازی لە پلەی گەرمی سەرەتایی گەردوون ، ئەمە هەر ئەوەیە کە بە شێوەی مایکرۆوەیڤەکانی بەکگراوندی گەردوون لە ئێستادا دەیبینین.

 


نایەکجۆری گەردوون هەروەها بەو واتایەیە کە گەردوون لە هەندێک شوێندا بە خێرایی جیاواز دەکشێت. ناوچە هێواشترەکان لە کۆتاییدا ناکشێن بەڵکو دێنەوە یەک و تێکدەڕمێن و ئەستیرەو گەلەئەستێرەو هەروەها کۆمەڵەی خۆر ، دروست دەبێت.

کەوابوو ئێمە بوونمان پەیوەندی بە نایەکجۆری رووبەری گەردوونەوە هەیە. ئەگەر گەردوونی سەرەتایی بە تەواوەتی نەرم و یەکجۆر بووایە، هیچ چەشنە ئەستێرەو ژیانێک دروستنەدەبوو. لە راستییدا بوونی ئێمە بە هۆی زبری و نایەکجۆری کوانتەمی سەرەتایی گەردوونەوەیە.

 


لەگەڵ هەموو دۆزینەوەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دروستبوونی سەرەتایی گەردوون ، هێشتا نهێنی زۆر هەیە و ئێمەش بەرەو دۆزینەوەی وڵامی پرسیارە هەمیشەیەکانمان هەنگاو دەنیین واتە : ئێمە لە کوێوە هاتووین ؟ ئایا ئێمە تەنها بوونەوەری گەردوونیین کە ئەم پرسیارانە دەکەین؟.

______________________________________
سەرچاوە: گۆڤاری New Scientist ژمارە ٢٨٢٢، ٢٣ ی جولای ٢٠١١

 

ماڵپەڕی حسێن حسێنی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک