په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠١١

ئەنتی دوهرینگ
شۆڕشی بەڕێز ئۆجین دوهرینک لە زانستدا.

به‌شی سێیه‌م: سۆسیالیزم

                                                                                                         

   فریدریک ئەنگلس                                                                                                        وه‌رگێڕانی: سه‌ڵام عه‌بدوڵا
 

چاپته‌ری یه‌که‌م: کورتەیەکی مێژوویی.


وەک لە(دەسپێک)ەکەدا بەرچاومان کەوت، چۆن فەیلەسوفە فەرەنسییەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا، بە بانگەواز بۆ ئەقڵ، وەک تاقە دادوەر لە گشت بوارێک، رێگەیان بۆ شۆرش خۆشکرد. ئەمانە داوای دامەزراندنی دەوڵەت و کۆمەڵگای عەقلانی دەکردو لەناوبردنی بێ بەزەییانەی هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئەقڵی نەمر، ناکۆکن. هەروا بینیشمان کە ئەو ئەقڵە نەمرە، لە راستیدا هیچ شتێکی تر نییە، غەیری تێگەیشتنی ئیدیالیستانەی ئەو هاوڵاتییە بۆرژوا بچوکانەیە کە ئەوسا بەرەو بۆرژوازی بوون، پەرەیانسەند. کاتێ ئەو کۆمەڵگاو دەوڵەتی ئەقڵە لە واقیعدا جێبەجێ کرد، دەرکەوت، دەزگا نوێیەکانی، سەرەڕِای عەقلانییان، لە بەراوردکردن لە گەڵ بارودۆخی کۆندا، هەرگیز ئەقڵداری رەها نین. دەوڵەتی ئەقڵ دووچاری شکستی تەواو بوو. (پەیمانی کۆمەڵایەتی)ی رۆسۆ لە سەردەمی تیرۆر جێبەجێ بوو. لەو کاتەدا بۆرژوازی شایەنە سیاسییەکەی لە دەستدا، یەکەم جار پەنای بۆ دیرێکتۆریسمۆس(دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی)بەرتیلخۆرەکان بردو پاشان بۆ زەبروزەنگی ناپۆلیون. موژدەبەری ئاشتی هەمیشەیی گۆڕِا بۆ جەنگی داگیرکەرانەی بێ کۆتایی. ناوچەوانی کۆمەڵگای ئەقڵ لەوە باشتر نەبوو، ناکۆکی لە نێوان دەوڵەمەندو هەژارەکان، لە بری ئەوەی لە ناو بەختەوەری گشتی لەنێوبچێت، بەهۆی لەناوبردنی پردە رێکوپێک ومافە تایبەتییەکانی ترو خێرخوازی کڵیسا کە لە بارەکەی نەختێک سووک دەکردەوە، ، توندوتیژتر بووەوە.


گەشەسەندنی پیشەسازی لە سەر بنچینەی سەرمایەداری وای کرد، هەژاری و کڵۆڵی جەماوەری کرێکاران ببێ بە مەرجی ژیانی کۆمەڵگە. ژمارەی تاوانکردن، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو هەڵکشان دەچوو. گەرچی بۆرژوا کارە چڕوکەکانی دەرەبەگەکان لەناونەبرد کە جاران بەبێ شەرم، بە رۆژی نیوەڕۆ بڵاویان دەکردەوە، کەچی ئێستا بۆ پلەی دووهەمیان دابەزاندووە، لە بری ئەواندا، بە سنگ دەرپەڕاندنەوە، کارە چڕوکەکانی بۆرژوا، کە پێشتر بە شاراوەیی دەیانکرد، چرۆی گرت. تا دەهات، بازرگانی بەرەو موقوربازی پەڕەیدەستاند، جاڕدانی درووشمی شۆڕشگێڕ((برایەتی))یش، بەرەو فێڵکردن لەیەکتر، بەخیلی وپۆتشکاندن لە ناو ناکۆکی کێبرکێ کردندا، پەڕەیدەستاند. بەرتیلخواردن، شوێنی چەوساندنەوەی زەبروزەنگ ئامێزانەی گرتەوە. شمشێر، وەک یەکەم دەسکی دەسەڵات، پوول شوێنی گرتەوە. مافی یەکەم شەو(زاوابوون)لە دەرەبەگەکانەوە گواسترایەوە بۆ بۆرژوا خاوەن کارگەکان. سۆزانی بە رادەیکی وا بەرفراوان بڵاوبووەوە کە پێشتر نەبیسترابوو. هاوسەرگیری کە شێوەیەکە لە جندەیی، وەکو جاران مایەوەو لەلایەن یاسا، وەک پەردەیەکی رەسمی جندەیی، دانی پێنرا، شانبەشانیدا ناپاکی ژن و مێردی زۆرو زەبەن، کارەکانی تر تەواو کرد. بە کورتییەکەی، لە بەراوردکردن لە گەڵ راگەیاندنە بە شانازییەکانی رۆشنگەری بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگا کۆمەڵایەتی وسیاسییانە کە((سەرکەوتنی ئەقڵ))دایمەزراند، خۆیانیان وەک چاوەڕوانییەکی شکستخوردە، سەڵماند.


ئەم بارودۆخە لە هیچی کەم نەبوو، تەنها ئەو کەسانە نەبێ کە توانایان هەبوو، ئەو شکستییە دەرببڕِن. ئەوەتا لە گەڵ دەسپێکردنی سەدەی نوێ، پەیدابوون. سانسیمون لە ساڵی 1802((نامەکان لە ژنیفەوە)) و یەکەم کتێبی فورییە لە 1808، بڵاوبوونەوە، کەرچی بنچینەی تیئۆرییەکانیان لە ساڵی1799وە داڕشتبوو. لە ینایری ساڵی1800رۆبێرت ئەوین ئەرکی بەڕێوەبردنی (نیولانارک)ی خستە ئەستۆی خۆی.


بەڵام، ئەو کاتە، شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ولە تەکیدا ناکۆکی لە نێوان بۆرژوا وپرۆلیتاریادا، بە بێ پەڕەسەندن مانەوە. یەکەمجار، پیشەسازی گەورە لە بەریتانیا، پێکهات، ئەو کاتە هێشتا لە فەرەنسا نەناسراو بوو. لەلایەکەوە تەنها پیشەسازی و ئەو ناکۆکییەکانە کەوا دەکەن، وەرچەرخان لە شێوازی بەرهەمهێنان ببێ بە پێداویستییەکی بێ چەند وچۆن، گەشەیانکرد. ئەوانەش گرفتگەلێک نین تەنها لە نێو ئەو چینانەدا کە ئەم پیشەسازییە گەورەیە پەیدای کروون، بەڵکو لەنێوان هێزە بەرهەمهێنەرەکان و شێوەکانی کۆڕینەوە کە بەهەمان شێوە هەر بەخۆی پەیدای دەکرد. لەلایەکی دیکەوە، ئەم پیشەسازییە گەورەیە، رێک لەو گەشەسەندنە مەزنەو ئامرازەکانی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە وەپێشکەوت. پاشان، گەرچی ئەو گرفتانە کە لە سیستێمی کۆمەڵایەتی نوێ سەریانهەڵدا، هێشتا وەک ساَی1800لە قۆناغی لە دایکبووندان، ئەوا ئەو کاتەش ئامرازەکانی چارەسەرەکردنیشیان، زۆر پاشکەوتووتر بوو.


لەگەل ئەوەی جەماوەری پاریس لە کاتی تیرۆر، بۆ چرکەیەک دەستیان بە سەر دەسەڵات گرت، بەوە هیچ نەسەلمێنرا، جگە لە مەحاڵبوونی هاتنەسەرکاری ئەو جەماوەرە بۆ حوکمڕانی لە ژێر ئەو پەیوەندییە باوەی ئەو کاتە. ئەو پرۆلیتاریایە، کە وەک توێی چینێکی نوێ، تازە لەو جەماوەرە هەژارە گشتییە پێکهات و بەوپەڕِی بێ توانایی مایەوە بۆ پراکتیزەکردنی کاری سیاسی سەربەخۆ، تەنها توێژێکی چەوساوەو پڕِ ژان بوو، لە بەر ئەو بێ تواناییەدا، بۆ ئەوەی بەخۆی یارمەتی خۆی بدات، لە باشترین دۆخ، نەکرا یارمەتی بدرێت، تەنها لە دەرەوەوە یا لە سەرەوەوە نەبێ.


ئەم بارودۆخە مێژووییە بیروڕای دامەزرێنەرانی سۆسیالیستیشی دیاریکرد. حاڵەتی پێنەگەیشتوویی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پەیوەندی پێنەگەیشتووی چینایەتی، تیئۆری پێنەگەیشتوو، هاوجووتی بوون، بۆیە چارەسەری ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو پەیوەندییە ئابوورییەکاندا جەقدەبەستن و پێویستی بە گیان لەدەستدان بوو. ئەو کاتە سیستێمی کۆمەڵایەتی تەنها لە نوقسانی پێکهاتبوو. لابردنیان بوو بە ئەرکی ئەقڵی بیرکەرەوە. پێداویستەکان، داخوازی بە داهێنانی سیستێمێکی نوێی کامڵتربوو بۆ سەرخانی کۆمەڵایەتی وبەزۆر سەپاندنی بەسەر کۆمەڵکای باو لە دەرەوەوە، بە ڕێگای پروپاگەندەو بە گوێرەی توانا، بە نموونەی ئەزموونگەلێک وەدووی بکەون. ئەم سیستێمە کۆمەڵایەتییە نوێیانە پێشوەخت مەحکومبوون بەوەی وەک یۆتوبیایەک بمێننەوەو هەرچەند چارەسەرکردنیان لە وەردەکارییەکانی دوور دەخران، ئەوەندە ئەم تیئۆریانە لە گۆڕەپانی خەیاڵیش دوور دەکەوتنەوە.


پاش دڵنیابوونمان لەوە، بۆ چرکەیەکیش لەلایەنی ئەم مەسەلەیە کە ئێستا بوو بە رابردوو، راناوەستین. ئەوە بۆ نووسەرە بێ ئەرزشەکان وەک دوهرینگ بە جێدەهێڵین،بە شانازییەوە ئەو خیاڵاتانە بپشکێنن کە ئێستا تەنها بوون بە گەمەو سەریان سوڕبخوا لە سەڵامەتی بیرکردنەوەیان، لە بەراوردکردن لە گەڵ ئەم جۆرە((بوورانەوە))یە. ئێمە زۆر زیاتر خۆشی دەکەین بۆ جنۆکەی بیرە بلیمەتەکانی ئەو درۆزنانە.


سان سیمۆن لە((نامەکان لە ژنێفەوە)) باسی ئەو بابەتەی کرد کە دەڵێ((دەبێ هەموو خەڵک کار بکەن)).


لە هەمان نووسراوەدا، هێمای بۆ ئەوە کرد کە دەسەڵاتداری زەبروزنگ لە فەرەنسا، دەسەڵاتداری جەماوەرە هەژارەکە بوو. بە هاوارەوە رووی لەو جەمارەوە کرد:((بڕوانن چی لە فەرەنسا روویدا کاتێ هاوڕێیەکانتان حوکمڕانیان کرد: برسییەتیان لە دایک هێنا)).


بەڵام تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە شۆرشی فەرەنسی ناکۆکییەک بوو لە نێوان ئەشراف، بۆرژوا وهەژارەکان لە ساڵی1802دا، دۆزینەوەیەکی ئەوپەڕی بلیمەتانە بوو. لە1816سان سیمۆن رایگەیاند کە سیاسەت، زانستی بەرهەمهێنانەو مەزەنەی ئەوەی کرد کە ئابووری بە تەواوی سیاسەت قووتدەدا. ئەگەر تێگەیشتنی ئەو ڕاستییە کە بارودۆخی ئابووری، بنچینەی رێکخستنە سیاسییەکان پێکدەهێنن، تەنها بە شێوەیەکی سەرەتایی هاتووە. بەوپەڕی روونییەوە ئەو بیرەی دەربڕی کە دەڵێ، بەرێوەبردنی سیاسیانەی خەڵک دەبێ بگۆڕدرێ بۆ بەکارهێنانی شتەکان و بەرێوەبردنی بەرهەمهێنان، واتە بیرۆکەی لەناوبردنی دەوڵەت، کە لە بارەیەوە هەراوهوریایەکی زۆری لە سەر نرایەوە.


بەهەمان ئەم ئەندازەیە، سان سیمۆن، بەسەر هاوچەرخەکانی بەوە سەرکەوت کە لە 1814رایگەیاند-بە هۆی ئەوەی هاوپەیمانەکان بۆ ناو پاریس چوون-وپاشان لە1815لە کاتی جەنگی سەد رۆژدا، کە هاوپەیمانی فەرەنساو بەریتانیا، پاشان هاوپەیمانییەتی ئەم دوو دەوڵەتە لە گەڵ ئەلمانیا، تاقە گارانتی بوو بۆ پەڕەسەندنی ئاشتیانەو گەشەکردنی ئۆروپا. مۆچیاریکردنی فەرەنسالە1815بۆ هاوپەیمانی لە گەڵ سەرکەوتووەکان لە جەنگی واتەرلۆ،بەگشتی پێویستی هەبوو بە ئازایەتییەکی گەورەتر لە راگەیاندنی جەنگی گۆبەن نانەوە لە دژی مامۆستا ئەلمانەکان.


ئەگەر لەلای سان سیمۆن، پانتایی بلیمەتانەی تێروانینەکانی، تێبینی بکەین، بۆچوونەکانی دەبن بە جنۆکەی هەموو ئەو بیرۆکە نائابوورییە رەقوتەقەی ئەو سۆسیالیستانە کە پاش وی هاتن. دەبینین لەلای فورییە رەخنەگرتن لە سیستێمی باڵادەست هەیە کە تێدا روح سووکی فەرەنسی لە گەڵ لێتۆژینەوەی قووڵ، بەراورد دەکرێ. فورییە، بۆرژوازی لە دەمی خۆیەوە مەحکوم دەکات و هەمان شتی کرد لە گەڵ پەیامبەرە زیرەکەکانی سەردەمی پێش شۆرش و پێهەڵدەرە بەرتیلخۆرەکانی سەردەمی پاش شۆرش. بە بێ بەزەییانە پرۆپوچی ماددی و مەعنەوی جیهانی بۆرژوازی رسوا دەکردو لەگەل بەڵێنە جوانەکانی رەوشنگەران لە بارەی دامەزراندنی ئەو کۆمەڵگایە کە تەنها ئەقڵ تێدا باڵادەستەو شارستانییەتێکە خۆشبەختی بۆ هەموو دەهێنێ، بەراورد دەکرد. هەروا لە گەڵ گوتارەکانیاندا لە بارەی توانای مرۆڤ بۆ جێبەجێ کردنی کەمالی بێ سنوور بەراوردیانی دەکرد، ورسوای دەربڕینە بۆشە زەردوسوورەکانی ئیدۆلۆژە بۆرژواکانی سەردەمی دەکردو پیشانیشی دەدا، چ واقیعێکی قیزەوەن لە گەڵ ووشە دەنگدەرەوەکانیان جووتن، بە گاڵتەجاڕییە بە تامەکەی هەڵیدەکوتایە سەر ئەو فرەبێژییانە کە رووبەڕووی شکستی تەواوبوون. فورییە تەنها رەخنەگر نەبوو، بەڵکو هەمیشە وەک سرووشتەکەی، بوو بە ساتیرنووس، بە یەکێک لە مەزنترین ساتیرنووسی هەموو سەردەمەکان، بە ووشەی تیژو گاڵتەجاڕی وێنەی کەڵەکبازی جامبازەکانی دەکێشا، ئەوانەی ئەو کاتە، لە پاش شۆڕش، بە خۆهەڵکێشان و گیانی دوکانداری ناشرین گەشەی کردو دەسەڵاتی بەسەر هەموو چالاکی بازرگانی فەرەنسا گرتبوو. بە شارەزاییەکی گەورەترەوە، رەخنەی لە شێوەی پەیوەندی بۆرژوازیانەی هەردوو رەگەزو باری ژنان لەناو کۆمەڵگای بۆرژوازی دەگرت. فوریە یەکەم کەس بوو گووتی، پلەی رزگاری ژنان لە هەر کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا، پێوەری سرووشتی ئازادی گشتییە. بەڵام مەزنی فورییە، بە درەوشاویترین شێوە لە تێگەیشتنی بۆ مێژووی کۆمەڵگا دەرکەوت. هەموو کۆمەڵگای رابردوو بۆ چوار پلەی پەڕەسەندن دابەش کرد: هەمەجییەت، باوکسالاری، بەربەرییەت و شارستانییەت. دوایین پلە لەلای ئەو، لە گەڵ کۆمەڵگای بۆرژوازی جووتەو پیشانی دا:(سیستێمی شارستانی شێوەیەکی ئاڵۆز، هەڵە، جووتانەو درۆزنانە بە سەر بوونی هەر خراپکارییەکی بەربەرییەت کە بەشێوە ساکارەکەی پێهەستاوە، دادەنێت))، شارستانییەت لە((بازنەیەکی بۆش)) دەسووڕێتەوە، لەناو ئەو ناکۆکییەنانە، سەرلەنوێ و بە بەردەوام لە دایکیان دەهێنێ‌ وپێیشی ناکرێ بەسەریان زاڵ بێت، بۆیە هەمیشە دەگاتە سەرئەنجامێکی ناکۆک لە گەڵ ئەو سەرئەنجامانە کە بەراست یا بە رووکەشی دەیەوێ پێیان بگات. هەروا بۆ نموونە دەڵێ((هەژاری لە شارستانییەتەوە لە دایک دەبێ، لە خودی دەوڵەمەندی)).


وەک روون و ئاشکرایە، فورییە، وەک لێزانینەکەی هیگلی هاوچەرخی، ئاستی دیالەکتیکی هەیە. بە دیالەکتیکیانە، دووپاتی دەکاتەوە، بە پێچەوانەی ئەو ووتانە لە بارەی توانای مرۆڤ بۆ گەیشتن بە کەمالی بێ‌ سنوور، کە هەر قۆناغێکی مێژوویی نەک تایبەتمەندی بە هێڵی بەرەو هەڵکشاندنی هەیە، بەڵکو بە هێڵی بەرەو رووچونیش. ئەم شێوە تێگەیشتنە بە سەر دوارۆژی هەموو مرۆڤایەتی جێبەجێ دەکا. وەک چۆن کانت بیرۆکەی لەناوچوونی زەمین لە دوارۆژ، بۆ ناو سرووشتناسی هێنا، ئاوا فورییە، بیرۆکەی لەناوچوونی مرۆڤایەتی لە دوارۆژ، بۆ ناو تێگەیشتنی مێژوو هێنا.


لەوکاتەی گەردەلوولی شۆرش فەرەنسای پاکژدەکردەوە، لە بەریتانیا وەرچەرخانێکی هێمن، بەڵام زەبروزەنگەکەی کەمتر نەبوو، بەرپاکرا. هەڵم و ئامیرە نوێیەکان، مانیفەکتۆرەکانی بۆ پیشەسازی گەورەی هاوچەرخ گۆڕی و بەمە شەقڵێکی شۆرشگێڕانەی بە سەر هەموو بنچینەی کۆمەڵگای بۆرژوازی دانا. بەراستی پەرەسەندنی خاو لە سەردەمی مانیفەکتۆر بۆ قۆناغی گەردەلوول و هێرشبردنی بەرهەمهێنان، گۆڕا. بە پەلەیەکی خێرا، دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆ گەورە سەرمایەدارو پرۆلیتاری نەدار روویدا، لە نێوان ئەم دوو لایەنە، جەماوەری پیشەدەستییەکان وفرۆشیارە بچووکەکان،واتە ئەو جەماوەرە بگۆڕە، ئەو کەرتە زۆر مەییوەی دانیشتوان، ئێستا ژیانێکی لەرزیوو دەژین. هێشتا شێوەی بەرهەمهێنانی نوێ لە سەرەتای هێڵی هەڵکشانی پەڕەسەندنی بوو. هێشتا تاقە شێوەی سرووشتی و بەکاری بەرهەمهێنان بوو لە سێبەری ئەو بارودۆخەدا. کەچی لەو کاتەوە، کارەساتی کۆمەڵایەتی زەق لەدایک بوو: کەڵەکەکردنی دانیشتوانی لانەواز لە گەرەکە تەنەکەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان، وێرانبوونی هەموو پەیوەندیەکانی ئینتیما میراتبووەکانی رابردوو و شێوەی باوکسالاری و خێزان، درێژبوونی رۆژی کارکردن تا رادەیەکی سەیرو بە تایبەتی بۆ ژن و منداڵان، روخاندنی ورە بە شەویەکی بەرفەرەوان لەلای چینە زەحمەتکێشەکان کە لە پڕێکدا خۆیان لە بارودۆخێکی زۆر نوێ بینییەوە.


لەم ماوەیەدا، یەکێک هەستا بە رۆڵی ریفۆرکارێک، پیشەسازێکی تەمەن بیست و نۆ ساڵ، مرۆڤێکی خاوەن رەوتاری باش و خاوەێن وەک کارەکتەری منداڵان، لە هەمان کات بە زگماگی وەک بەڕێوەبەرێک، بە دەگمەن هاوتای دەبینین. رۆبێرت ئەوین فێرکاری لەو مەتریالیزمی رەوشنگەری تێگەیشتبوو، کە دەڵێ کارەکتەری مرۆڤ، لە لایەکەوە بەرهەمی پێکهاتە سرووشتییەکەیەتی و لەولاوەوە بەرهەمی بارودۆخی دەوروبەرەکەیەتی بە درێژی ژیانی وبەشێوەیەکی تایبەت، لە قۆناغی پەڕەسەندنی بارودۆخەکەیدا. زۆربەی برادەرەکانی لە بارەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، شۆرشی پیشەسازی تەنها وەک شپرزەیی و هەرا، دەبینی کە بۆ ئەوە باش بوو لە ناو چڵپاو ماسی بگیرێ و بۆ بە خێرا دەوڵەمەندبوون، بەڵام ئەوین، شۆرشی پیشەسازی، بە هەلێکی گونجاو دەبینی بۆ ئەوەی بیرۆکە خۆشەویستەکەی لە هێنانی رێکخستن بۆ ناو ئەو هەرایە. لە مانشیستەر بەرێوەبەری کارگەیەک بوو، 500کارگەر تێدا کاری دەکرد، لەوێ سەرکەوتوانە هەوڵیدا بیرۆکەکەی جێبەجێ بکات. لە ماوەی1800تا1829بەڕێوبەرایەتی کارگەی کوتاڵی پەموو کرد لە نیولانارک لە سکوتلەندە. لە بەر ئەوەی بەرێوەبەر بوو وبەشی هەبوو لەم دەزگایە، بۆیە بەهەمان مەبەست و بە ئازادییەکی زیاترو سەرکەتووانە کاری دەکردو وای لێهات ناوی لە ئۆروپا دەنگ بداتەوە. دانیشتیوانی نیولانارکی کە بەرەبەرە ژمارەیان بۆ 2500کەس زیادی کرد، گۆڕی بۆ دانیشتیوانێکی زۆر نموونەیی، هیچ دیاردەگەلێک وەک سەرخۆشی، پۆلیس، دادگای تاوان داوەتکاری و خزمەتکردنی هەژاری و خێرخوازی نەبوو. ئەمەی تەنها بەوە جێبەجێ کرد، خەڵکی لە بارودۆخێکدا دانا، زیاتر بە دەنگی کرامەتی ئینسانی دەهات، و بە تایبەتی بایەخی بە پەروەردەکردنی باشی نەوەی نوێ دەدا. بۆ یەکەم جار لە نیولانارک باخچەی منداڵانی کردەوە کە بە خۆی دایهێنا. ئەو باخچەی منداڵانە، منداڵان لە تەمەنی دوو ساڵەوە وەردەگرت. منداڵان بە باشترین شێوە کاتەکەیان بەسەر دەبرد، تەنانەت بە زەحمەتی دەبرانەوە ماڵەوە، کەچی کێبرکێ کەرانی ئەوین کرێکارەکانیان ناچار دەکرد، رۆژی13-14سەعات کار بکەن، بەڵام ماوەی کارکردن لە نیولانارک 10سەعات ونیو بوو. کاتێ قەیرانی کوتاڵی پەموو پێویستی بەوەی کرد، بۆ ماوەی چوار مانگ، بەرهەمهێنان رابگیرێت، کرێکارە بێ کارکراوەکان کرێی کاری تەواوی خۆیان وەردەگرت، لە گەڵ ئەمەشدا، بەهای دەزگاکە دوو جار زیاتر بووەوەو بە درێژایی کات قازانجێکی زۆری بۆ خاوەنەکانی دەهێنا.


بەڵام هەموو ئەوانە بۆ ئەوین بەس نەبوو، چونکە ئەو بارودۆخی گوزەرانییەی بۆ کرێکارەکانی رەخساندبوو، هێشتا، بە پێی بۆچوونی خۆی، دوور بوو لە جێبەجێ کردنی پێداویستەکانی کەرامەتی ئینسانی.


((ئەو خەڵکە کویلەی من بوون))، ئەوین وای گۆ. ئەو بارودۆخە رەلەتیڤ گونجاوە کە بۆ کرێکارەکانی نیولانارکی رەخساندبوو، هێشتا زۆر دوور بوو لە پەڕەپێدانی هەمە لایەن و راتسیونالانەی کارەکتەر و تێگەیشتنیان، باسی چالاکی ژیانی ئازادانەیان ناکەم.


((ئەرێ، ئەو بەشە کارەی ئه‌و دانیشتوانه ‌ 2500کەسە، ئەوەندە سەروەتی بۆ کۆمەڵگا بە بەرهەم هێنا، نیو سەدەی پێشوو، پێویستی بە دانیشتیوانێک هەبوو لە 000 600 کەس. من پرسیارم لە خۆ کرد: ئەو جیاوازییە لە نێوان ئەو سەروەتە کە2500هەزار بەکاری دەهێنن و ئەو سەروەتە کە دەکرێ000 600کەس بەکاری بهێنێ، بۆ کوێ دەچن؟)).وەڵامی ئەم پرسیارە روون بوو. ئەم جیاوازییە بەشی خاوەنی کارگەکان بوو کە5%سوسان وەردەگرت لە سەر ئەو سەرمایەیە لە دەزگاکە بە بەکاردەهێناو سەرباری ئەوەش000 3000جونەی ستەرلینی زیاتر قازانجیان وەردەگرت. ئەمە لە هەموو کارگەکانی بەریتانیاو زیاتر لە نیولانارک جێبەجێ دەکرا.


((بەبێ ئەم سەروەتە نوێیە کە ماشینەکان دەیانخوڵقاند، نەدەکرا جەنگ بۆ روخاندنی ناپلیون بەرپا بکرێت و پەرەنسیپەکانی ئیروستوکراتی سیستێمی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت، کەچی ئەم هێزە نوێیە لە بەرهەمی چینە زەحمەتکێشەکان بوو.


بۆیە دەبێ بەرهەمەکەیان بۆ خۆیان ببێ. ئەم هێزە بەرهەمهێنەرە نوێ و مەزنە کە تا ئێستا ئامرازێک بوو بۆ دەوڵەمەندی چەند کەسێک و کویلەکردنی جەماوەر، بۆ ئەوین وەک بنچینەی کۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەهاتە پێش چاو.


لە سەر رێگای ئەم شێوە بازرگانییە، وەک بڵێ، بەروبوومی حیساباتی بازرگانی، کۆمونیزمی ئەوین پەیدابوو. لە هەموو شوێن و کاتێک پۆی عەمەلی خۆی پاراست. ئەوین لە 1823پێشنیاری بنەبڕکردنی هەژاری لە ئیرەلەندا، بە ڕێگای پێکهێنانی کۆلۆنی کۆمونیستانە کردو سەرجەم حیساباتەکانی خستەبەر دەست وەک نرخی دەزگاکان، خەرجی ساڵانەو مەزەنەی دەستکەوتەکان، لە بارەی پلانە دیاریکراوەکەی دوارۆژو وەردەکارەکانی بەکارهێنانی تەکنیکی کە بە شارەزاییەکەی زۆر باشەوە داڕیشتبوو. گەر میتۆدی ئەوین بۆ ریفۆرکردنی کۆمەڵگا بەو شێوەیە پەسەند بکرێت، ئەوا ناهێڵێ لە بۆچوونی پسپۆریشەوە، شتێکی وا لە بەرامبەر وەردەکارییەکانیشی بگوترێت.


گواستنەوە بەرەو کۆمونیزم خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانی ئەوین. کاتێ کاری دەکرد، وەک کەسێک بوو، هەڵدەستا بە چالاکی خێرخوازی، سەروەتی دەست نەکەوت، بەڵکو تەنها پیاو چاکی رێز و ناوداری. بەناوبانگترین پیاوی ئۆروپا بوو. نەک تەنها برادەرەکانی لە ئاستی کۆمەڵایەتی بە بایەخدانەوە، گوێیان لە خیتابەکانی دەکرت، بەڵکو تەنانە پیاوانی دەوڵەت و پاشاکانیش بەڕیزەوە گوێیان لێ دەکرت. بەڵام کاتێ تیئۆرییە کۆمونیستانەکەی هێنا پێشەوە، بارودۆخەکە گۆڕا. بە بۆچوونی خۆی، بە پلەی یەکەم، سێ رێگری گەورە هەبوو، لە پێشی رێگای گۆڕینی کۆمەڵگا:موڵکایەتی تایبەتی، ئاین و شێوەی ئیزدواجی باو. کاتێ دەستی بە خەبات کرد لە دژی ئەم رێگرانە، دەیزانی چی دێتە پێشی: بێزلێ نەهاتن گشتی لە لایەن کۆمەڵگای رەسمییەوە، لە دەستدانی هەموو شوێنە کۆمەڵایەتییەکەی. بەڵام ئەمانە نەیانتوانی ئەوین رابگرن و لە وزەی هێرشبردنە نەترسەکەی کەم نەکردەوە. رێک ئەوەی پێشبینی کرد، هاتە پێشی.


ئەو ئەوینە کە کۆمەڵگای رەسمی بێزیان لێ دەهاتەوەو رۆژنامەکانیش بێدەنگیان هەڵبژارد لەبارەیەوە، توشی هەژاری هات بەهۆی سەرئەنجامی ئەزموونە کۆمونیستە شکستخوردەکانی لە ئەمریکا کە لە پێناویاندا هەموو شتێکی لە خزمەتی دانا، راستەوخۆ رووی کردە چینی کرێکار و لە نێویاندا، بۆ ماوەی 30ساڵی تر، درێژەی بە چالاکییەکانی دا. هەموو ئەو بزووتنە کۆمەڵایەتییانە کە لە بەریتانیا، لە بەرژەوەندی چینی کرێکار دامەزران وهەموو دەستەکەوتە بە کردەوەکان، بەسترابوون بەناوی ئەوین. لە1819وبە هۆی رەنجەکانی کە پێنج ساڵی خایاند، یەکەم یاسا بۆ سنوور دانان بۆ کاری ژنان و منداڵان لە ناو کارگەکان دەرکرا. ئەوین سەرۆکی یەکەم کۆنگرە بوو کە هەموو سەندیکاکانی بەریتانیا تێدا یەکیان گرتەوە لە سەندیکایەکی گشتی و گەورە. ئەوینوەک ئیجرایەک بۆ گواستنەوە بۆ سیستێمێکی کۆمەڵایەتی کۆمونیستانە-کۆمەڵەی هەرەوەزی(شمەک بەکاربردن و بەرهەمهێنەر)ی دامەزراند، و پاشان لەلانی کەمەوە بە شێوەیەکی عەمەلی سەلماندی کە توانای تەواوی هەیە بۆ پێویستی نەبوونیان بە بازرگان و بەخاوەن کار. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە، بازاڕی کرێکاری رێکخست بۆ گۆڕینەوەی بەرهەمەکانی کار بە رێگای پوولی، کارێ، کە هەر دانەیەکی، بەرامبەر بە سەعاتێکی کار بوو. ئەم بازاڕانە دەبوایە شکست بخوات، بەڵام موژدەبەرێک بوو بە بانقی گۆڕینەوەی برۆدۆن کە پاشان بە ماوەیەکی زۆر درەنگتر، دەرکەوت. ئەمە بە یەک شت لەوی جیاوازی هەبوو، ئەوەش ئەوە بوو کە بە چارەسەری جیهانی هەموو خراپکارییەکانی ناو کۆمەڵگا دانەنرا، بەڵکو تەنها وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو گۆڕانگاری ریشەییتر کۆمەڵگا، دانرا.


ئەمانە ئەو کەسایەتییەن کە بەرێز دوهرینگ لە تروپکی(دوا راستیی و بڕیاڕی کۆتایی))بە چاوی سووکایەتییەوە تەماشایان دەکات، وەک لە((پێشەکی)) چەند نموونەیەکمان پیشان دا. ئەم سووکایەتییە بە مانایەکەوە، بە بێ بنەچەی پێویست نییە: لە راستیدا، سەرچاوەکەی نەزانی بێ سنووریەتی بە نووسراوەکانی هەموو ئەم سێ یۆتۆبیانە. بەڕێز دوهرینگ لە بارەی سان سیمۆن بۆ نموونە دەڵێ ((لە راستیدا، بیرۆکە بنچینەکەی درووستە، گەر هەندێ لە بابەتە یەک لایەنەکانی وەلا بنێین، ئێستاش دەتوانن ببن بە پاڵپێوەنەرێک بۆ داهێنانی فعلی)). بەڵام سەرەڕای ئەوەی بەڕێز دوهرینگ وەک دەردەکەوێ، بە راست هەندێ لە کتێبەکانی سان سیمونی گرتووەتە دەست، ئێمە بە بێ سوود گەراین لە ناو ئەو27لاپەڕە لە چاپدراوو تایبەتکراوەی لە بارەی((بیرۆکە بنچینەیەکانی))سان سیمۆن، وەک چۆن پێشتر بە بێ هۆ گەڕاین بە دوای وەڵامدانەوەی پرسیارێک لە بارەی((ئەو مانایە کە کیسنی بە خۆی دابینی دەکا))بۆ خشتە ئابروورییەکەی، لە دواییدا دەبوایە ئێمەش بەم قسە بەتاڵە رازی بین: ((خەیاڵکردن و شەڵەژانی خێرخوازی باڵی بە سەر هەموو بیروبۆچوونەکانی سان سیمۆن کێشا...لە گەڵ بەستراوەیی گاڵەکردنی بە خەیاڵەوە))!


دوهرینک هیچ لە نووسینەکانی سان سیمۆن نازانی، فەنتازییەکانی دواڕۆژ نەبێ کە تا رادەی رۆمانسییەت وێنەی کێشاوە. دوهرینگ تەنها بایەخ بەمە دەدا، هەڵبەت ئەمە لایەنەکی((زۆر گرنگترە))بۆ دووپاتکردنەوەی سەرکەوتنی هەمیشەیی بەرێزی بە سەر فوریە لە هەوڵدان بۆ لێکۆڵینەوەی ئەوەی چۆن"لە هەلێکدا، ڕەخنە لەم بارودۆخە واقیعییە بگرێت"، کەچی لە زۆربەی لاپەڕەی نووسراوەکانی فورییە، پریشکەدانی ساتیرو ڕەخنە، ئابرووی نزمی شارستانییەت کە ئەوان زۆر بە هەیبەتەوە باسی دەکەن، بردووە. ئەمە وەک ئەوە وایە، یەکێک بڵێ بەڕێز دوهرینک تەنها لە"هەڵەکاندا"خۆی وەک گەورەترین بیرمەندی هەموو سەردەمەکان دادەنێ. ئەو دوازدە لاپەڕەیە کە تەرخانیکردووە بۆ رۆبێرت ئەوین، ئەوا بەڕێز دوهرینگ هیچ سەرچاوەیەکی بەکارنەهێناوە، تەنها باسکردنی حەقارەتی ژیانی کە لە لایەن سارغانتی مونافیقەوە نووسراوە، کە ئەمیش هیچ ئاگای لە نووسراوە گرنگەکانی ئەوین نەبووە، مەبەستم نووسراوەکانی لە بارەی ئیزدواج وسیستێمی شیوعییەت. بۆیە تەنها لە بەر ئەمەیە بەڕێز دوهرینگ دەوێرێ بڵێ کە((مەرجی لابەلاکەرەوەی شیوعییەت بوون))لەلای ئەوین بەدی ناکرێ. بە هەر حاڵ، گەر بەڕێز دوهرینگ لەلانی کەمەوە، نووسراوەکەی ئەوین((کتێبێک لە بارەی جیهانی ڕەوشتی نوێ))بەدەستەوە بگرێ، ئەوا نەک هەر ئەوپەڕی هەموو بڕیارەکانی کۆمونیزم لە گەڵ ئەرکی یەکسان بۆ هەمووان لە کارکردن و مافی یەکسان لە بەرهەمەکان-یەکسانی بە پێی تەمەن، وەک ئەوین بۆیی زیاددەکا-،بەڵکو نەخشەکێشانی وردیش پێکهاتنی کۆمونەی دوارۆژی شیوعییەت لە گەڵ هێڵکاری گشتی و رووبەر و دەرکەوتنی لە سەرەوە دەبینی. بەڵام ئەگەر مرۆڤ لە((توێژینەوەی ڕاستەوخۆی بەرهەمەکانی نوێنەرانی ئەو بیروباوەڕانەی سەر بە بازنەی سۆسیالیزم))تەنها سەردێڕی ئەو بەرهەمانەوە بخوێنێتەوە یا لە باشترین حاڵەت، تەنها...دروشمەکانی-وەک بەڕێز دوهرینگ دەیکات- هەڵبەت هیچ نامینێتەوە، غەیری وتنەوەی ئەو قسە سەخیف و ئیدعا ڕاستەوخۆ درووستکراوانە نەبێ. ئەوین تەنها موژدەبەری((هەڵویستی کۆمونیستی))نەبووە، بەڵکو بە کردەوە لە ماوەی پێنج ساڵ(لە کۆتایی سییەکان تا سەرەتای چلەکان)لە کۆلۆنی هارمۆنی هال لە هامبسیر جێبەجێی کردووە، ئەو کاتە هێشتا کۆمونیزم هیچی لە بڕیاردانی کەم نەبوو. من بەخۆم هەندێ لەو کەسانە دەناسم کە کاتی خۆی لەو ئەزموونە کۆمونیستە نموونەییە بەشداریان کردبوو. بەڵام سارغانت، نە لەم و نە لەو هیچ نازانێ، لە چالاکییەکانی ئەوین بەگشتی لە ماوەی1836تا1850هیچ نازانێ، بۆیە لەم بارەیەوە، ((نووسینی قووڵی مێژوو))ەکەی بەڕێز دوهرینگ لە ناو دەریای نەزانی نوقم بووە.


بەڕێز دوهرینگ لە بارەی ئەوین دەڵێ((لە هەموو لایەنەکەوە نەهەنگێکی بکەر بوو بۆ خێرخوازی بە زەبر)). بەڵام کاتێ بەڕێز دوهرینگ بە خۆی باسی ناوەڕۆکی ئەو کتێبانە دەکا کە بەباشی لە ناو و دروشمەکانی بە ئاگایە، ئەوا ئێمە، بە هەر حاڵ، بۆمان نییە بێژین ئەو وێنەیەکە((لە هەموو بارێکەوە، نەهەنگێکی بکەرە بۆ نەزانی بە بەزەبر))، چونکە ئەگەر ئێمە ئەم دەربڕینە بە کاربهێنین، ئەوا بە((جوێندان))دادەنرێت.


یوتۆبیاکان، یۆتۆپی بوون، چونکە، وەک بینیمان، نەیاندەتوانی ببن بە شتێکی تر غەیری یوتۆپیایی لە سەردەمێکدا هێشتا پەڕەسەندنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لاوازە. ناچاربوون، لەناو مێشکیانەوە توخمەکانی کۆمەڵگای نوێ، دەستنیشان بکەن، چونکە ئەو توخمانە لە ناو خودی کۆمەڵکای کۆنەوە بە شێوەیەکی روون بۆ هەموو، دەرنەکەوتن. کاتێکیش نەخشە گشتییەکەیان بۆ دامەزاراوە نوییەکەیان کێشا، ناچار بوون بەس بکەن بە یارمەتی وەرگرتن لە ئەقڵ، چونکە نەیانتوانی کۆمەکخوازی لە مێژووی هاوچەرخەکەیان وەربگرن، بەڵام ئێستا، پاش ئەوەی بەڕێز دوهرینگ لە سەر شانۆ دەرکەوت، پاش تێپەڕبوونی80ساڵ بەسەر ئەو سەردەمەو ئیدیعاکردنی بە هەڵهێنجانی تیئۆری((سەرکردایەتی))سیستێمی کۆمەڵایەتی نوێ دەکا، نەک لە ماددەی فرەوان و پەڕەسەندنی مێژوویی بەو مانایە کە ئەم تیئۆرییە داتاشراوێکی پێویستە لە وی، نەخێر، بەڵکو لە مەعزی سەربەخۆ، لە ئەقڵی تایبەتی کە نوقم بوو لەناو((دوا راستییەکان)). ئەوا لە هەموو شوێنێک، تەنها بۆنی لاساییکەرەوان دەکا، تەنها بۆ لاساییکەرە یوتۆبییەکان دەگەڕێ، بەڵام بەخۆی نوێترین لاساییکەرەوەیە. ناوی یۆتۆبیایە مەزنەکان دەنێ((کیمیاناسە کۆمەڵایەتییەکان)). رەنگە وابێ، لە کاتی خۆی کیمیاناسەکان پێویستییەک بوون، بەڵام لەو قۆناغە بەدواوەوە، پیشەسازی گەورە، پەڕە بەو ناکۆکییانە دا کە لەناو تەرزی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هەن و بۆ ناکۆکیگەلێکی زەق گۆڕانکاری بە سەریان هێنا، بەشێوەیەک کە کاولبوونی تەوای تەرزی ئەو بەرهەمهێنانە وەک بڵێی بەدەست هەستی پێ دەکرا. چیتر نەدەکرا هێزی بەرهەمهێنان بپارێزرێ وتەنها بە هێنانی تەرزی نوێی بۆ بەرهەمهێنان، گەشەی پێبدرێ، بە شێوەیەک کە وەڵام بە قۆناغی نوێی گەشەکردنی بدا.


ئەو ناکۆکییانە تا ئەو ڕادەیە گەشەیان کرد کە ململانی لە نێوان هەردوو چینەکە، کە شێوەی بەرهەمهێنانی باو لەدایکیانی هێناو بە بەردەوام بە ناکۆکی دووبارەیان دەکاتەوە، تا دێ زیاترو زیاتر کەڵەکە دەبن و رەنگە هەموو وەڵاتە شارستانییەکان بگرێتەوە؛ رۆژ بە رۆژ توندتر دەبێ، بۆیە ئێستا، گەیشتن بە تێگەیشتنی ئەم پەیوەندییە مێژووییانەو بارودۆخی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەکان کە بە حوکمی ئەم پەیوەندیانە، بوو بە پێویستییەک، هەروا تێگەیشتن لە خەسڵەتە بنچینەیەکانی ئەم گۆڕانکارییە، ئەو خەسلەتانەن کە هەموو ئەوانە پشتی پێ دەبەستن.


ئەگەر ئێستا بەڕێز دوهرینگ، لە بری ئەوەی، ماددە ئابوورییەکە کە لە بەردەستدایە، لە کەللەسەری پایەبەرزیەوە، سیستێمێکی کۆمەڵایەتی یۆتۆبی نوێ بخوڵقێنێ، ئەوا بەس نییە پێ بگوترێ تۆ تەنها خەریکی((کیمیای کۆمەڵایەتی))سانا نیت، نەخێر، لەوە زیاتر هەڵسوکەوت دەکا، وەک یەکێک بییەوێ کیمیای کۆن زیندوو بکاتەوە، پاش ئەوەی یاساکانی کیمیای مۆدێڕن دۆزرایەوەو سەلمێنرا، دەیەوێ قورسایی ئەتۆمی، هاوکێشەکانی لەتەکان، لێهاتوویی کیمیایی وردیلەکان، زانستی کریستاڵ و لێتوژینەوەی شەبەنگی(التحلیل اللطیفی)بۆ یەک مەبەست بە کار بهێنێت، ئەوەش بۆ دۆزینەوەی بەردی فەیلەسوفەکان.
_____________________________________________
سەرچاوە: Karl Marx/Friedrich Engels، Ausgewaelte Werke،S281
تێبینی: ئەم بابەتە لە رۆژنامە و وەک بەشێک لە کتێبێک بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بە گرنگی دەزانم لە پەیوەست بە بارودۆخی ئێستا دووبارە بیخەمە بەردەستی خوێنەران.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک