په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٢\٢٠١٠

    ئێوارەکان.

تەیب قادر

1

ئێوارەکان پێلاوی شەو لە بەر دەکەن
تا لە تاریکی دا بە رووتی دابەزنە سەر خەوی سپی
دەرگای ئاوابوون دەکەنەوە
پەنجەرەی بەجێهێشتن دادەخەن.


2

لەم ئێوارەیەدا وەک ئێوارەکانی تر
بەرداغی لەپم بە بەتاڵی دەپێچمەوە.


3

هاتنی ئێوارەیەک لە دوا قومی رۆژێکدا
واتە کۆن بوونی کراسێکی تر
واتە لێبوونەوەی پارچەیەکی تری جەستە، بە بێ هاتنی کۆتر.


4

کۆترەکانی نێو سەری من
ئەو ئێوارەیەشیان نەبینی
ئەوان چاوەڕوانی دایکیان دەکەن
تا لە کانی پرچی دا
بیان رژێنتە ئێوارەکان.


5

شەو ئێوارەکانی من وەرناگرێ
دەڵێ: وەک گۆرەویەکانت بەتاڵن.

ئێوارەی 14\9\2010 - هەولێر
http://taibqadir.kurdblogger.com

ماڵپەڕی تەیب قادر