په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١١

ئەویندارى یەکەم.

حەسەن باقى     


یەکەم ئەویندار، وەک تروسکەى مۆمێکە لە ژورێکى تاریکدا هەرگیز لەیاد ناچێت. کاتێک مێرمنداڵێک لە هەڕەتی لاویدا بوو. کچە پورێکی خۆی خۆش ویست.خۆشەویستیەک ، هەرجارێک ژوانیان دەبوو لە نێو یەکتردا دەتوانەوە. ڕۆژ هات وچوو ئەم دوو ئەویندارە زیاتر بۆ یەکتر دەسووتان. هەر جۆرە دوورکەوتنەوەیەک هەبوایە بەهۆکاری رۆژگارەوە، بۆکروزى دوورکەوتنەوەو ئاهی ساردیان دنیاى تەى دەکردوو دەهەژاند زۆر کەس ئاگاداری ئەم ئەوینە بوون کە چەند خۆشەویستیەکى پاکە.بە ئاواتەوە بوون چارەنووس و دواڕۆژی ئەم دوو دڵخوازە بزانن، ژوانەکانیان زۆرتر و گەرمتر بوو، هەمیشە لەناو یەکتردا دەتوانەوە، بە دزى و ترسەوە دەستەلەملانى یەکتر دەبوون. هەمیشە باسیان لە دواڕۆژێکى بەختیارو ئاسوودە بوو، دوور بوون لەوەى کە بزانن چ ڕۆژیکى تاریک لەبەردەمیاندایە.
کوڕە ئارامی نەما ناردیە خوازبێنی کچە. بەڵام بێدەنگى و نەبوونى وەڵامی ماڵى کچە، هەردوکیانی زیاتر شێتگیر دەکرد.ماڵی کوڕە هەژارو خێزیانێکى کرێکار بوون، بەلام ماڵی کچە پارەدار و دەوڵەمەند بوون بۆیە هێندە لووت بەرز بوون وەڵامیان نەدا و بڕو بیانوویان دەگرت. شێوازی بیرکردنەوەیان زۆر جیابوو.
بەهۆى نەدارى ماڵى کوڕەو لووت بەرزى ماڵى کچە، ئەوەى چاوەڕوانیان نەدەکرد، سەرى هەڵدا.چی دەکەیت لەگەلڕ زەمەن و کۆنەپەرستیدا..
دایکى کچە: من زۆر حەز دەکەم، بەوەندەسوێند و قورئان. بەڵام، چى بکەم شیریان خواردووە. کوڕە خوشک و بران!
پورێکیان: توتکە سەگ، چۆن دەتەوێت خوشکى خۆت بخوازى؟!!
کوڕ : نــا ، بڕوانــاکەم.
کــچ : هەموو دنیا لەنێو چاوە گەشەکانى ئەودا دەبینم.
باوکى کوڕە زۆر حەزى دەکرد.خوشکەزاکەی بێتە ماڵەکی تا بتوانن خێزانێک بەختیاریان هەبێت لەگەلڕ کوڕەکەی، بەڵام بێدەسەڵات بوو. با پرسیار بکەین!!
کـوڕ : لەکـــآ؟ بـــۆچــى؟
هەموو پێکهاتن لەسەر ئەوەى بچنە لاى مەلا، پێکڕا دایک و پورو کوڕە، گەلێک پرسیار قوتبوویەوە.
مــەلا : چەند ژەمـى خواردووە؟ دەبێت هێندەى خواردبێت نزرگەى کردبێت، یا ئەوەتە هێندەى خواردبێت بتوانرێت سەلکە پەنیرێکى لێدروست بکرێت!.
گێرمەو کێشەیەکى زۆر دروست بوو، دڵى کوڕەیان ئاگر تێبەردا، هیچ ئاسۆیەک نەما لەبەردەم کوڕەدا.
کوڕ : دەکرێت قوتویەک شیرى مەێلەحە بکڕم، بیگەڕینمەوە بۆ دایکى گەر وایە؟!
مەلا ی ریش چەرمگ، بەپێکەنینەوە ووتـى: کوڕە ئەوە چ قەوماوە، ئەو کیژە هێندە جوانە؟ ئەوەندە دێنێ تۆ واى بۆ بکەى؟ هەڕە واز بێنە و دواى یەکى دى بکەوە، تۆ کوڕێکى گەنج و ئێسک سووکى...
کوڕ : ڕاست دەبێَژى مامۆستا! بەڵام، گەر جەنابتان لە چاوى منەوە بڕوانن، ئەوا لەو جوانتر نابیننەوە لە دنیادا.
ژیان درێژەى کێشا، کێشەو ناخۆشیەکان گەورەتر بوون، خۆشەویستى ئەم دووانەش بەرەو قۆناغى نهێنى چوو. کوڕە خوێندنى تەواو کرد، بو بە سەرباز، پاش ماوەیەک لەسەربازى هەڵهات، وەک هاوەڵەکانى ترى باوەڕى بە بیرى پێشکەوتنخواز و دژە فاشى بوو.ڕووى کردە چیا سەر بڵندەکانى کوردستان، لەوێدا بۆى سەنگەرو خۆشەویستى تێکەڵ یەکدى کرد. هەمیشە لەسۆراخى خۆشەویستەکەیدا بوو. چاوەڕوانى درەفتێک بوو، بە یارەکەى شاد بێتەوە. پاش ماوەیەکى زۆر کوڕە ڕێى کەوتە ناوچەکەى خۆیان، ناردى بەشوێن خۆشەویستەکەیدا. بەداخەوە نەیتوانى بەتەنها ئامادەبێت، تا لە ئامێزى بگرێت و تامەزرۆى ئەو دووریە بشکێنێت.
کوڕە گیرا، دواتر دوورکەوتەوە.
پاشان لەگەڵ هاوڕێیەکى دێرینى، کە زۆر هاوەڵیان خۆش بوو، لەگەڵ ئەوەش خزمى یەک بوون هاوسەرێتى پێکهێنا. کاتى شەڕى کەنداو بوو، کوڕە بانگ کرایەوە بۆ سەربازى، دیسان هەڵهاتەوە، زۆر بە سەختى لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێکدەگەیشتن. بەڵام بەهاوکارى هەردولایان توانیان ژیانێکى بەختەوەر دەستەبەر بکەن. بەڵام کۆنە یار لەگەڵ ماڵى باوکى پێکەوە قسەیان وەرگرت و هاتووچۆى یەکتر کردنیان نەما. هاوسەرى نوێ تابڵێى جوان و شۆخ و شەنگ و ڕۆشنبیر بوو. زەمەن مەوداى نەدان تام و چێژى ژیانى بەختەوەرى بنۆشن. شەڕ کۆتایى پێهات، ڕاپەڕین دەستى پێکرد. کوڕە وەک هەر شۆڕشگێڕ و خاوەند هەڵوێستێک بەشدارى ڕاپەڕینى کرد بەچالاکانە. ژیانیان گۆڕا وەک هەر فەردێکى ترى ئەم کۆمەڵگایە. لە کۆڕەودا بەرەو ئێران کەوتنە ڕآ. ژنە دووگیان بوو.
هاوسەرى نوآ: دڵە حەزت لەمنداڵە؟
کوڕە: بەڵآ زۆر، منداڵێک وەک تۆ شۆخ و شەنگ و جوان. خۆشم دەوێیت و خۆشەویستیم زیاتر دەبێت سۆما گیان.
سۆما: باشە دڵە گیان
لەسەریاس نیشتەجێ بوون، هەرچەند لەژێر چادردا ژیانیان دەبردە سەر، بەڵام ئاسودە بوون. شەو ڕۆژیان دەژمارد تا کاتى منداڵ بوون نزیکتر دەبوویەوە، شەوانە سەرگوزشتەى خۆشیان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە. شەوێک لەشەوان کوڕە دەیویست سەر بنێتەوە، تا بۆ سبەى سەفەر بکات بۆ کوردستانى عێراق، لەبیرکردنەوەدا بوو..
کوڕە: سۆما گیان سبەى دەگەڕێمەوە، دەتبەم لەگەڵ خۆم، بۆلاى دایک و بابت، باشە ئازیزەکەم!!
سۆما: نا دڵە گیان نایەم تۆ گشت کەسمى، تۆ تەنها خۆشەویست و دڵى منى، بڕۆ. بەڵام منت لەبیربێت زوو بگەڕێرەوە، من بآ تۆ هەست بە تەنهایى دەکەم.
کوڕە: نا ! سبەى نەڵێیت نەخۆشم تا نەتبەم لەگەڵ خۆم، دەزانى خەوم دێت، ڕێگەم دە تا بتوانم بخەوم باشە سۆما گیان!!
سۆما: بخەوە، خەوى شادى و ..!
کەمێک بەسەرچوو کچەکە حەزى کرد قسەیەک بکات، بەهێواشى بە پوشێک ویستى یارى لەگەلڕ خۆشەویستەکەی بکات ، وەک ئەوەى هەستى کردبێت دواهەمین شەویانە پێکەوە.
سۆما بە هێورى، ئەزانم دڵە گیان نەخەوتووى، قەیناکا!، بنوە خەوى شادى و کامەرانى بێت، بەڵام بۆ دواهەمین شەوە پێکەوە بین و هەناسە و جەستەمان تێکەلڕ بکەین..!!
کوڕە ڕاپەڕى و بە سەرسوڕمانەوە!!
- ئەوە چى دەڵێیت؟ دەتەوێت ئازارم بدەى؟ زۆرم خۆش دەوێیت پێویست بەوە ناکات دڵم تەنگ کەیت.
سۆما: نا دڵـە گیان!! دەزانم، بەڵام !!
کوڕە : بەڵام چـى؟ بۆ قسە ناکەیت؟
دیار بوو کچە وەک ئەوەى هەستى بەشتێک کردبێت بە هێمنى و ئارامیەوە
- من دەمـرم!! بیرت دێت کاتى خۆى پرسیارم لێ کردى، حەزت لە منداڵە؟! بە بەڵێ وەڵامت دامەوە، منیش بڕیارم دا ئاواتەکەت بۆ بهێنمە دى و قوربانى بەژیانى خۆم بدەم، تا کۆرپەکەمان بگریتە باوەش... درێژەى پێدا، دەمەوێت خۆت کۆرپەکەمان بە خێو کەیت!!
- کوڕە بە واق وڕمان و بیرکردنەوە لە ووتەکان، هەروەک خەون بوو لەبەر چاوى و لەپڕ ووتى: ئەوە چـى دەڵێیت؟ تکا دەکەم لەوە زیاتر دڵم تەنگ مەکە! سۆما گیان چى ڕویداوە؟! بۆ وا قسە دەکەیت؟ ئا زانیم تاقیم دەکەیتەوە، پێوییست ناکات!!
سۆما : کۆرپەیەکى جوانمان دەبێت.
کوڕەش بەزەردەخەوە منیش وادەڵێم سۆما گیان.
سۆما : من دەمرم، بەڵام مەیدە کەس، خۆت بەخێوى بکەو سۆزى من و خۆشەویستى منى بدەرآ!!
کوڕە زۆر شڵەژا، تکاى کرد لەوە زیاتر گوآ بیستى ئەو قسانە نەبێت، بۆیە ووتى: سۆما گیان بەسە..!
سۆما : باشە دڵە بخەوە، ناتەوێت گوێم لێ بگریت!!
سبەى زوو کوڕە لە ئاه و ناڵەى هاوسەرەکەى بەخەبەر هات.
کوڕە : ئەوە چى یە سۆما گیان؟ باشە ناتبەم بۆ عێراق، ئەزانم حەز ناکەیت.
سۆما : نا دڵە گیان ئێشم زۆرە.
کوڕە : چۆن؟
هەستایە سەرپێ، ووتى با دایکم ئاگادار بکەمەوە، ماڵەوەیانى ئاگادار کردەوە، هەستا بچێت ئۆتۆمبیل پەیدا بکات تا بیگەیەنێتە خەستەخانە، بەڵام وەگیر نەکەوت، پاشان گەڕایەوە و چووە خەستەخانەى خێمەکان دیسان ئۆتۆمبیلى فریاکەوتن(ئیسعاف) چنگ نەکەوت، پاش هەوڵێکى زۆر ئیسعاف هات و سۆمایان برد بۆ خەستەخانەى پاوە.
زۆر لەسەرخۆ دابەزى، فریشتە ئاسا کەبەرە و دنیایەکى تر بڕوات، بە هێواشى و لەسەرخۆ بەرەو هۆڵى زایین ڕۆشت، بۆ دواجار بەتیلەى چاو بزەى سەرلێوەوە دواین نیگاى خۆى کرد، وەک بیەوێت شتێک بڵێت بە کوڕە..!!
کات تێدەپەڕى و کوڕە زیاتر پەتى چاوەڕوانى دەپسا، لە هاتووچۆ دا بوو لە هۆڵى چاوەڕوان کردن، پرزەى بڕا، کاتژمێرآ، دووان، یەکێ زا و دوان و عێراقیەک و ..تاد. بەرەو دەرگاى دەرەوە هەنگاوى نا. بەڵام قاچەکانى لە شوێنى نەدەڕۆیشت، لە بیرکردنەوەدا بوو، لە پڕێکدا وەک یەکێک دڵى توند بگوشێت، بەڕاکردن گەڕایەوە بۆ لاى ژوورى زایین.
- دایکە، مەیەڵە ئەو دەرزیەى لێبدەن! تکایە خێراکەن، بە پەلە بن!
دایک : کوڕم چى ڕویداوە؟ دەرزى چـى؟ حاڵى چـى؟ لەبەر خۆیەوە، وابزانم کوڕەکەم لێى قەوماوە.
کوڕە : نا، دایە تکایە بە پەلە بن، مەیڵن، ئەو دەرزیە، ئا ئەو دەرزیە!.
دەرزیان لێدا لەو دەمەدا. پاش کەمێک پەرستیارەکە هات ووتى: کآیە خاوەندى عێراقى یەکە؟!
کوڕە دەلەزرى و بە پەشۆکاویەوە، بەڵێ منم، چوویە ژوورەوە، چى دى!! سۆما لەسەر چەرپایەک ڕاکشاوە لاشەى بە عەبا ڕەشەکەى خۆى داپۆشراوە، هیچ قسەیەک ناکات.
پەرستیار : منداڵەکەتان وەزعى باشە، بەڵام خێزانەکەت نا، ئەوە بەرە بۆ تاقیگە، ئەنجامەکەیمان بۆ بهێنەرەوە.
کوڕە ڵالڕ بوو، من منداڵم ناوێت، ئەو ئەو تکایە.. بەپەلە دەرکەوت بەرەو تاقیگە
- خێراکەن ئا خێرا تا وەڵامەکە بەرمەوە، بۆ وەستاون! گەڕایەوە، چى دى! سۆماکەى لە عەبا ڕەشەکەیەوە پێچراوە، بەرەو دەرەوەى هۆڵەکەیان هێنا، نەیزانى چى بڵێت، واى هەست دەکرد بۆ ژوورى نەشتەرگەرى دەبەن، نا لەوێش تێپەڕى بەرەو دەرگەى دەرەوەى بیمارستان، لەوێدا چاوەڕوانى دەکرد. پێیان ووت دەتوانى سەرکەویت.
کوڕە و دایکى سەرکەوتن، لەگەڵ خۆشەویستەکەى، زمان شکاو تەنها چاوە سەوزە گەشەکانى دەدرەوشایەوە، کە پێناس ناکرێت. بەرەو کرمانشان کەوتنە ڕآ.
فێلیان لێ کرد، تا لەدەرەوەى بیمارستان گیان لەدەست بدات، بۆئەوەى کەس بەر پرسیار نەبێت، کەوتە پرسیار لەخۆ کردن، بۆچ ئەم کارەیان کرد، خۆ کارى ئەوان مرۆڤانەیە.. ماوەیەک بەڕێوە بوون، هەر سەیرى نێوچەوانى سۆما و چاودێرى ئاوە هەڵواسراوەکەى دەکرد، لە پڕێکدا نەترەیەکى کرد، ئاوەکەى وەرنەگرت.
کوڕە : بە هاوارێکى تاساوەوە تکایە، دکتۆر .. دکتۆر
دایکى کوڕە پرسى، ئەوە چى ڕویدا؟ ئەڵێى مرد؟
کوڕە زۆر بە کەساسیەوە، بە دوو دڵۆپ فرمێسک وەڵامى دایکى دایەوە، سەرى دانەواند.
دکتۆر : کاکى شۆفێر بوەستە.
پاش پشکنین و دەست کردن بە هەناسەى دروستکراو بۆى، ووتى تکایە خێرا باژوو خێرا!!
بە ماوەیەکى کورت گەشتنە کرمانشان.. لەگەڵ دابەزین و بردنە ژوورەوەى ژمارەیەکى زۆر لە پزیشک و پەرستیار لە دەورى کۆبوونەوە، دەست کرا بە پشکنینى خێرا، یەکێک لە دکتۆرەکان : کآ؟ بەڵآ کـآ دەرزى لێداوە؟
کوڕەکە دوواین نیگاى ماڵئاوایى لە سۆما کرد، بردیانە ژوورى نەشتەرگەرى تا کۆتایى دەوام دیار نەبوو، لە پڕ دایکى دەرکەوت، مەلۆتکەیەک بەسەر دەستیەوە بوو.ووتى: وەرە کوڕم کوڕەکەت ببینە! بەڵام کوڕى چى؟ وەک خەوتوویەک، گەورە، جوانکیلە، هەروەک پەریزادێک، کاتآ ویستى ماچى بکات، هەستى کرد سارد و بێ گیانە، هەڵوێستەیەکى کردو مات بوو. ئەى ئەو.. هێندەى وتوو کشایە دوواوە.
بەڵێ دەوام تەواو بوو، بەڵام سۆراخى هەرنەبوو، ئەفسەرێکى پۆلیس هات، پاش چەند پرسیارو وەڵامێک، ڕێگەى دا بە ئافرەتێک بەدوایدا بچێت بزانێت چ باسە، بەڵام هەر نە بوو، پاشان پۆلیسەکە هات پرسیارى کردەوە، ئەوە کآ لێیداوە؟
کوڕە : لە کآ ، لێدانى چى؟
پۆلیس: لەو ئافرەتە.. باشە من ئێستا دەچمە ژوورەوە بە دوکتۆرەکان دەڵێم، باش هاریکارى بکەن، ئەوە خزمى منە.
ڕۆشت و ماوەیەکى زۆرى پآ چوو. کوڕە لەبەر خۆیەوە، خۆزیا ئەو بەرگەى لەبەر نەبوایە. بەهەرحاڵ لەو کاتەدا پۆلیسەکە دەرکەوتەوە.
پۆلیس : ئەو ئافرەتە چیتانە؟
کوڕە : چى بڵێم؟ ئەو هاوڕآ و خۆشەویست و هاوسەرمە!
پۆلیسەکە زۆر بەهێمنى و ئەدەبەوە ووتى: هەموومان دەمرین، ئەو شەهیدە، لەسەر خاکى خۆى نى یە، ئەو چووە جێگەى خۆى!!
کوڕە و ئەوانەى لەگەڵیدا بوون دەستیان کرد بەشین و ڕۆ ڕۆ، ڕۆژى ڕەش جارێکى تر دەستى پێکردەوە، لە گریان و خەم و خەفەتدا وون بوون! خەڵکانى زۆر هاو ئاهەنگیان کرد بە گریان و ڕۆ ڕۆ.
ئۆتۆمبیلێکى تایبەتیان هێنا، لاشەى ساردو سڕى دایک و کۆرپەکەیان تێنا، کوڕەش لەپێشەوە سوار بوو، لە پەنجەرەى نێوانیانەوە جار جار سەیرى دەکردن و بە کوڵتر دەگریا. بەڵام هیچى نەدەدى جگە لە لاشەیەکى بە عەبا داپۆشراو نەبێت!!
ڕۆژى دواتر لە پاوەوە کەوتنەڕآ بۆ کوردستان، تا لە سەیوان بە خاکى بسپێرن. کوڕەش وەک دێوانەى لێهات، نەیدەتوانى ئەڵقەى خۆشەویستیان دابکەنێت، زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕى ئەوجا بەزۆرى خزم و برادەرانى ئەڵقەکەى داکەند. کات هات و چوو، کوڕە بەکارى سیاسى یەوە زیاتر خەریک بوو، ئەمەو هاوڕێکانى دەورو پشتى زیاتر هانیان دا کە بەهێزتر بێت و سەبوورى بۆ هات.
کوڕە لەسەر داندا بوو بۆ شارۆچکەیەک، تا خزم و ناسیاوەکانى ببینێت، لە پڕێکدا هەڵتەقا بە یەکەم ئەویندارىدا، ئەوەى کە نەیان دایەو تووشى کێشمە کێش بوو لەسەرى.
کچە : ئەم کاتەت باش، هەى بآ بەخت! ئەوە بۆ وات لێهاتووە؟ ڕەنگت زەردو لێو بە بارى.
کوڕە تف لە گەرویدا ووشک بوو، ووتى: سوپاست دەکەم. بآ دەنگ بوو، نەیتوانى زیاتر بڵێت. بە پێچەوانەوە کچە دەیویست زیاتر بیدوێنێت، لەکاتى دابەزینیان دا ووتى: دەمەوێت لەگەڵت بێم. کوڕەش سەرى ڕازى بوونى لەقاند، ووتى: باشە بەڵام!!
ڕۆژ هاتووچوو پەیوەندیان لە برەو بووندا بوو، سۆزى کۆنیان تازە بوویەوە، بەڵام کوڕە نەیدەتوانى بڕیار بدات. خۆشى دەویست، بەڵام وەک مرۆڤێکى بەوەفا، نەک وەک هاوسەرى تازەى، ئەو هەموو ساڵە چاوەڕوانى کردووە، ئازارى چەشتووە.
کچە : حەزدەکەم پێک شاد بین، گوڵەکەم، من هەموو کات تۆم لەبەر چاوە، قوتابیەکم ناوى تۆى هەڵگرتووە زۆرم خۆش دەوێت، بەڵام چى بکەم؟ من بێتاوانم!!
کوڕە : ڕاستە منیش هەروا تۆم خۆش دەوێ، بەڵام واچاکە هەروا بمێنێتەوە.
کچە : من دەڵێم واز لە سیاسەت بهێنە، با بۆ من بیت، ماڵێکى خنجیلانە دروست بکەین!! ئەوە تەنها مەرجى منە بۆ تۆ!! هیچم ناوێت!!
کوڕە : سیاسەت! من هەر ئەوەم، بیرو هۆشم بۆ خزمەتى مرۆڤ و مرۆڤایەتى یە، ماڵ جیایش زەحمەتە، من ئێستا بێدەستەڵاتم، هیچم نەماوە، نازانم چیتر بڵێم.
ڕۆژگار گۆڕا، کوڕە کەمێک دەوڵەمەند بوو، خەڵکى زیاترى ناسى، پەیوەندیەکانى بەر بڵاوتر بوو. بەڵام بەهۆى کارەساتێکى نەویستەوە، کە ئاگادارى نەبوو، سەرى لێشێواو، ماڵە باوانى تێکچوو، ئەمیش لەگەلڕ برایەکى تریدا ڕووى لەهەندەران کرد، سالڕ هاتوو ڕۆشت، تەمەن بەرەو هەڵکشان دەچوو، سیماى پیرى لەسەر و ڕیشەوە دەستى بەدەر کەوتن کرد، کوڕە لەسەر دانى ماڵى باوکى بوو.
دایک : ڕۆڵە ژنێک بهێنە، تا مالڕ و حاڵێکت هەبێت، دڵم خۆشکە.
باوک : ئاى کوڕم چەند خۆشە منداڵەکەت لە ئامێز بگرم!!
دایک : ئەوە باشە وەک براکەت، بە لەناوچوونى خۆى هیچ ئاسەوارێکى نەما، جا تکا دەکەم کوڕم ژنێک بهێنە.
کوڕە : دایە گیان، من کوڕى تۆم، لە ناخۆشى و دەردەسەرى زیاتر چیم بۆ تۆ کردووە!! هیچم ناوێت.
دایک و باوک بە نهێنى ناردبوویان بە شوێن کۆنە یاردا، بۆ ئەو کچەى کەتاڵى زۆر چەشتبوو، ئێوارەیەک درەنگان کوڕە گەڕایەوە ماڵەوە، پاش ئەوەى کاتێکى خۆشى لەگەلڕ هاوڕێکانیدا بەسەر بردبوو، کەمێکیش کەیل بوو، کە خۆى کرد بەژووردا، چى دى؟ میوان،.. بەڵام کێن؟ دوو دەستە خوشکى کۆنە یار، کوڕە کەیف خۆشتر بوو، ئەملاو ئەولاى ماچ کردن زۆر بە دڵسافى. لە پڕ کۆنە یار هاتە ژوورەکە، کوڕە ووتى: ئا وەرە تۆش، ئا تۆش، ماچ دەکەم، ترسى ناوێت، بەبآ مانا، وەک هاوڕێیەک دەستى لەمل کرد، پاشان بە ئاسایى دەست بە قسان کرا، تا شەوێکى درەنگ، هەموو شەوباشیان کرد تەنها کچە نەبێت.
کچە : ئەوا هاتووم بۆ لاى تۆ، دەزانى گەر جاران بووایە نەمدەوێرا، بۆ چرکەیەکیش بە تەنها لەگەڵت بم. ئۆخەى نەمردم پاش ئەو هەموو ساڵە بە گوڵى خۆم شاد بوومەوە، ئاى خوایە چەند خۆشە، تا مەزرۆتم، دەى با قسان کەین!!
کوڕ : باسى چى بکەین، خۆشەویستى، تالڕ و سوێرى کۆن، .. زۆر ڕێزت دەگرم، پاش ئەوەندە سالڕ هەر چاوەڕوان بوویت.
کچ : بۆ منت ناوێ؟ منت خۆش ناوێت؟ دەپێم بڵآ .. قسە بکە!!
کوڕ سەرنجێکى قوڵى دایە و هیچ قسەى نەکرد، واى دەزانى خەون و خەیاڵە، جاران قەدەغە بوو یەکتر ببینن، کە یەکتریان دەدى لە یەکتردا دەتوانەوە، کەچى ئێستا وانـى یە، بۆ پیریە و پیر بوون، نا دڵیانە، ناسۆرى دەرونیانە!! سەرنجى یەکتریان دەدا، ڕۆژانى ڕابووردویان دەهاتەوە یاد، زۆر مانەوە بآ قسە و خەریکى سەرنجدا بوون، لە ناکاو باوەشیان بەیەکدا کردوو لە یەکتردا توانەوە، ئارەقەیان کرد، زۆر یەکتریان لێسایەوە، سۆى کۆنیان لە بن دەرکێشا، بآ ئاگا لە هەموو شت، بآ سڵەمینەوە، تا دوو کاتژێر وایان زانى چەند چرکەیەکە.
کچ : گوڵە گیان گەر ئێستا بمرم قەیناکا، ئۆخەى چاوە گەشەکانتم دیەوە، بە مرادى خۆم گەشتم، خۆم لە ئامێزى تۆدا بینیەوە، ئێمە زۆر بآ بەخت بووین، ژیانیان لێ تالڕ کردین..!!
کوڕ : باشە ئازیز، خۆشحالڕ بوویت، بەڵام دەزانى ناتوانم هیچ بڵێم! ئا خۆشم دەوێیت، ڕاستە خۆشەویستى یەکەم هەرگیز لەیاد ناچێت..!!
وەک ئاشقەو ماشقە لێک ئاڵان، لەیەکا توانەوە، بوونە پارچەیەک ئارەق، زۆر ئاسوودە بوون، ئەو کاتە تامى ژیان خۆشە کە دوو دولبەر ئاوها بآ ترس لە یەکتریدا بتوێنەوە.
زۆر هەیە ئاواتەکانى دەباتە ژێر خاک ..
کچ کەوتەوە قسە ووتى: بەیانى دەگەڕێمەوە، هەوڵ دەدەم بە زوویى لە ئامێزت بگرمەوە، دێمەوە، تا بتوانین هەتا هەتایە پێکەوە بژین.
دەستیان لە ملى یەکتر کرد، تا خەو هێرشى بۆ هێنان، بەرەنگاریان دەکرد، بەڵام دەترسان نەبا پێکەوە بخەون، نەوەک نیەت پاکى و خۆشەویستیان لاى خەڵک بێتە تاوان.


کانوونی دووه‌می ٢٠١١

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک