په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١١

ئەو کچەی لە ئوسترالیا دادگا نەیهێشت بەزۆر بیدەن بەشوو.

عامر سابیر     


لە ئوسترالیا کچێکی ١٦ ساڵ لە خێزانێکی ئیسلامی لوبنانی، هانای بۆ دادگا برد، تا ڕێگە بگرێت لە بردنەوەی بۆ لوبنان و بەزۆر بەشوودانی بەو کەسەی کە باوک و دایکی بۆیان دیاری کردبوو. ڕۆژنامەی (The Sydney Morning Herald) لە ژمارەی (٥٤٢٨٥) دا بڵاویکردەوە کە کچێکی ١٦ ساڵ کە قوتابی قۆناغی دواناوەندییە، دادگای ئوسترالیای ئاگادارکردۆتەوە تا ڕێگە بگرێت لە بەزۆر بردنەوەی بۆ لوبنان و بە زۆر بەشودانی بەو پیاوەی کە باوک و دایکی بۆیان دیاری کردووە و ئەم لە ژیانیدا تەنها یەک جار بینیویەتی. دادگا بڕیاری دەرکردووە و هەموو خاڵەکانی چوونەدەرەوەی ئاسمانی و دەریایی ئاگادارکردۆتەوە کە ئەم کچە نەبرێتە دەرەوە لێی.


دادوەر (Joe Harman) لە دادگای فیدراڵی ئوسترالیا، ستایشی زۆری ئازایەتی ئەم کچەی کرد کە سیستەمی یاسایی بەکارهێناوە و هانای بۆ دادگا بردووە و ملی نەداوە بە زەواجێکی زۆرەملێ کە باوک و دایکی بۆیان دیاریکردووە، دادگا باوک و دایکەکەشی ئاگادارکردۆتەوە کە نابێت فشاری بۆ بهێنن و لێیبکۆڵنەوە و پرسیاری لێبکەن دەربارەی ڕێڕەوێک کە بۆ پارێزگاری لەخۆی هەڵیبژاردووە، وەهەروەها بەرپرسیاری کردوون لەهەر ئازار و ڕەفتارێکی نادروست کە بەرانبەر بە کچەکەیان بیکەن.


زۆر سەیرە، ئەم دایک و باوکە کە گیرۆدەی دواکەوتووی و کۆنەپەرستی ئیسلامین، خەریکن تاوانێکی گەورە دەرهەق بە جگەرگۆشەکەیان ئەکەن. کە ڕەنگە زۆرجار خۆکوشتن و خۆسووتاندنی جگەرگۆشەکەیانی بەداوادا بێت و ڕەنگە وەک ڕێگەیەکی نادروست بۆ ڕزگاربوون بیری لێبکرێتەوە. ئەم جۆرە دایک و باوکانە بۆ ناهێڵن منداڵە جوانەکانیان خوێندن تەواو بکەن و خۆیان بڕیاری هەڵبژاردنی هاوسەری خۆیان بدەن، ئەم دایک و باوکانە بۆ ناهێڵن ئەو کاتەی کە جگەرگۆشەکانیان بە گونجاوی ئەزانن خۆیان بەم کارەهەستن.


ئەم کچە ئازایە، کە لەبەر پرۆسەی دادگا، ڕۆژنامەکە هەر بە (Ms Madley) ناوی دەبات، ڕێگەیەکی دروستی بۆ پارێزگاری لە خۆی هەڵبژارد و تەسلیمی بڕیاری کوێرانە و دواکەوتووانەی دایک و باوکی نەبوو، وە پەیڕەوی لە فەرهەنگی داڕزیوی ئیسلامی نەکرد.


بە هیوای هاوتەمەنەکانی ئەم کچە لە کوردستانیش بەهرەمەندبن لە یاسایەکی ئینسانی و پێشکەوتووخواز کە بتوانن بۆ پارێزگاری لەخۆیان بەکاریبهێنن. بەڵام بەداخەوە لە کوردستاندا فەراهەمکردنی یاسایەک کە لانی کەمی مافەکانی ئینسانی تیادا پارێزراو بێت، تەنها بە ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە ناسیۆنالیستییە ئیسلامییە داوکەوتووەی ئێستا ئەتواندرێ بەدی بهێندرێت.


٧\١٠\٢٠١١
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک