په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٩\٢٠١٧

ئەو وتووێژەی لە بارەی سەربەخۆیی باشووری کوردستانەوە کرا و، بلاونەبووەوە!


سیروان کاوسی    

بەڕێزان، سڵاوی ئازادی و سەربەخۆییتان لێبیت.
ئەم چەن لاپەڕەیەی خوارەوە، دەقی وتووێژێکی براتانە لەگەڵ رۆژنامەی ''خەبات'' (زمانڕەوشی پارتی دێمۆکراتی کوردستان). دیمانەکە لەبارەی راپرسیی باشووری کوردستان و لەڕێگەی رۆژنامەنووس رێزدار ''ساسان خەبات'' ەوە لە گەڵم کرا. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست و پێنج رۆژ وتووێژەکەیان بڵاونەکردەوە. دیارە هەر رۆژنامە و دەزگەیەکی راگەیاندن مافی رەوای خۆیەتی، ئەو بابەتانە بلاوبکاتەوە لە گەڵ ناوەرۆکی بیروباوەڕی دەگونجێت. بەڵام لێرەدا کە باسی دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەمان لە رۆژەڤدایە، باشوایە و پێویستە، میدیای حکوومەتی هەرێم کە ئەوڕۆکە خۆی بە بەرپرسیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستاندەزانێ، ئەوپەڕی ئامادەیی پێشانبدات بۆ زانینی بیروڕای نەتەوەییەکان و بیرورای جیاواز و رەخنەی هەر نیشتمانپەروەرێکی ئەم کوردستانە کە سالانێکی دوورودرێژە بە کردەوە خزمەتی بیری پیرۆزی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
لەخوارەوە دەقی دوو نامەی ڕێزدار ساسان خەبات و، هەروەها دەقی پرسیار ووەڵامەکان بۆ ئاگاداریی ئێوەی بەڕیز و نیشتمانپەروەر بڵاودەکەمەوە!
...............
ڕۆژباش مامۆستاوهاوبیری خۆشەویست، زۆر سوپاسی گەورەیت دەکەم بۆ بەخشندەیت بۆ کوردوکوردستان بەخامەبیری جوانی نەتەویانەتان دیمانەکەت گەیشتە دەستم دنیایەک سوپاس وخۆشەویستیم بۆ جەنابت ، پێم خۆشە پرس بکەم چۆن بتوانم بتان......ناسێنم، لەگەڵ وێنەیەکی خۆتان بچوک نەکرابێتەوە دووبارە سوپاس.
ساسان خەبات -
٥\٨\٢٠١٧
...............
ڕۆژ باش هاوبیرومامۆستام کاکە سیروان گیان دنیایەک سوپاس دەکەم ڕێزوحورمەتم هەیە بۆتان ماندوونەبن وێنەکان نامەکەت گەیشت
ساسان خەبات - ٧\٨\٢٠١٧
 

دەقی پرسیار و وەڵامەکان:


پ١/ دەوڵەتداری مافێکی سروشتی وڕەوای هەموو نەتەوەیەکە بەکوردیشەوە ؟ بۆچی تائێستا کورد بێ بەشە لەومافە!


سیروان کاوسی: لەراستیدا هاسان نییە وەرامی ئەم پرسیارە بە چەندێڕێ بدرێتەوە، چۆنکە گەر بمانەوێ لە هۆکارەکانی بە دەوڵەتنەبوونی کورد بدوێین، دەبێ لاپەڕەکانی سەتساڵی رابردووی پەیماننامەی سایکسبیکۆ و لۆزان و سیاسەتی دوو بلۆکی سەردەمی ''جەنگی سارد'' هەڵدەینەوە و دەبێ بگەڕینەوە بۆ کاتی دابەشکردنی کیشوەری پانوبەرینی عوسمانلی لەلایەن وڵاتانی کۆلۆنیالیستییەوە، کە چۆن دەیان دەوڵەتی تازەیان لەسەر خاکی عوسمانلی دامەزراند، بەڵام کوردستانیان پشتگوێخست. بە هۆی ئەو دابەشکردنە نامرۆڤانەوە گەلی کورد، هەزاران کارەساتی بەسەرهێنراوە و، سامان و کانزای بە تالان براوە. دابەشبوونی کوردستان هاوکات رێیخۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی حیزب و رێکخراوەی سیاسیی لەجوارچێوەی سنووری دەولەتانی داگیرکەر و بە داتاشینی درۆشم و بەرنامەی چەوت و نانەتەوەیی، هۆکاربوون و هەن لە رەوایەتیدان و چەسپاندنی زیاتری سنوورەکانی دەستکردی داگیرکەران لە نێو مێشك و دڵی جەماوەری کوردستان. ئەم دوو هۆکارە دەرەکی و نێوخۆییە شەوت و کاریگەرییان داناوە بۆ ئەوەی کورد دوای سەتساڵ بندەستی و هەڵکەوتنی چەن هەلێکی مێژوویی بۆی، نەتوانێ ببێت بە خاوەنی خاک و نیشتمان و ناسنامەی خۆی.


پ٢/ پێت وانیە لەدوای تێپەربوونی ١٠٠ سال لە ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ وهەڵوەشاندنەوەی کورد مافی خۆیەتی ئەودەرفەتە بقۆزێتەوە؟


سیروان کاوسی: دوای رووخانی مەملەکەتی سەربەخۆی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شای کوردستان شێخ مەحموود لەساڵی ١٩٢٣، چەن هەڵیک لە باشووری کوردستان هەڵکەوت بۆ کورد، یەکەمیان لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بوو، کاتێ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ''هەرێمی دژەفڕین'' لەچەن ناوچەیەکی باشووری کوردستان دیاریکرا و کاتی سەرۆکایەتیی فرانسوا میتران بوو کە داوای لە سەرۆکایەتیی هەرێم کرد کار بکەن بۆ دامەزراندنی پەرلەمان و لەشکر و سەرۆکایەتییەکی کوردستانیی، بەڵام نەیانکرد و لەکیس کوردیاندا. لەساڵی ٢٠٠٣شدا دەرفەتێکی مێژوویی و زێڕینی دیکە سەریهەڵدا،کاتێ رژێمی بەعس ڕووخا، بەداخێکی گرانەوە ئەو هەلەش لەبار برا و لەباتی سەربەخۆیی کوردستان، حکوومەتی داڕووخاوی عێراقیان بۆ عەرەبی سوننە و شیعە دامەزراندەوە و کەوتنە دەستپانکردنەوە لێیان بۆ وەرگرتنی مووچە و بژێویی جەماوەری کوردستان. ئێستا دەبێ کورد وەک دواهەل بڕوانێتە ئەم راپرسییە و پێشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داگیرکەرانیشی بدات خەبات و قوربانیدانی بێئەژماری لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی بووە.

پ٣/ تاچەند پێویستە ناسنامەی دیاریکراوی خۆمان هەبێت وەک کورد لە ئەندام بوون لە نەتەوەیەکگرتوەکان ؟ چۆن بتوانین ئەوکارەبکەین!


سیروان کاوسی: گرنگترین کارێ بۆ بەئەندامبوون لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ بکرێ و تاکوو ئێستا دیار نییە کراوە یان نا؟ هەرێمی کوردستان لە گەڵ UN لە کۆبوونەوەی بەردەوامدا بێ و، داوایان لێبکات رێگە بدەن وەک فەلەستینییەکان، هەرێمی کوردستان نوێنەری چاودێری هەبێت لە UN. ئەوجا دەبووا لەماوەی ئەم چارەکە سەدەی رابردوو کاریانبکردایە بۆ سازکردنی لابیی لە ئەمریکا و پەرلەمانی ئۆرووپا و سیاسەتکاری وڵاتانی دنیای دێمۆکرات بەگشتی، بۆ ئەوەی پێش راپرسی بەڵێن بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بدەن، پشتیوانی لە راپرسیدەکەن و، لە ئەگەری سەرکەوتنی راپرسیی، پشتیوانیی لە دەنگی جەماوەری کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکەن. بوونی ئەم لابییەش بە کۆمیتەیەکی پسپۆڕ و کارا و شارەزای دیپلۆماسی دەکرێت کە لە کوردی باشوور و لە کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بن. بەبێ پشتیوانیی وڵاتانی دیمۆکرات و بەبێ بەشداریکردنی شاندی فەرمیی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر راسپرسییەک لە کوردستان بکرێت سەرکەوتوو بێ یان ناسەرکەوتوو، تەنیا رای جەماوەری کوردستان بۆ دەوروبەر و دنیا دەردەخا و زۆر ئەستەمە کورد بە ئامانج بگەیەنێ.

پ٤/ دەنگدان بۆ ڕیفڕاندۆم وسەربەخۆی کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی وئەخلاقیە یان میزاجە؟


سیروان کاوسی: لە وشەی میزاج تێنەگەیشتم و باشوابوو ئەو وشەیە بە کوردی بنووسرێت. دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەک هەر ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەییە، بەڵکوو ئەنجامدانی ئەم راپرسییە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییشە بۆ جەماوەری کوردستان، دوای سەتساڵ جێنۆساید و ماڵوێرانی و سووکایەتی و بێڕێزیی بێئەژمار و دەستدرێژی و تالانکاری و داگیرکاریی، چەن لە ئازادیی تێگەیوە؟ هاوکات تاقیکردنەوەیەکی گرنگ و مێژوویشە بۆ سەرجەم سیاسەتکار و سەرۆکی حیزبەکانی کوردستان چەن باوەڕیان بەو درۆشم و بەرنامەی خۆیان هەیە لە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسەوە تاکوو ئیمڕۆ بە گوێی نەتەوەی کوردیاندا داوە ودەیدەن. بە کورتی قوربانیدان و ماڵوێرانیی سەتساڵی رابردووی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بەم راپرسییەوە بەندە. لەبەر ئەوە ئەرکی مێژوویی و نەتەوەیی و مرۆڤی هەر تاکیکی کوردە، لەم راپرسییەدا بەشداریبکا و، بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، پێشانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و داگیرکەرانیبدات گەلێکی هۆشیارە و شایانی ئازادییە.

پ٥/ ئایا ڕێگایی سیاسی هەرێمی باشووری کوردستان بەرەوڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی لەم هەلومەرجەوگەمەسیاسیەکاندا بەدروست دەزانێ؟


سیروان کاوسی: ئەوی راستیبێ، دیاریکردنی کەمتر لە دوو مانگی دیکە بۆ راپرسیی، دڵەڕاوکێ و پەژارەی خستووەتە دڵی هەموو نیشتمانپەروەر و دڵسۆزیکی کوردستانەوە، چۆنکە بارودۆخێ نێوخۆی کوردستان بەهۆی ناکۆکیی حیزبایەتییەوە زۆر خراپە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەشێکی گرنگی حکوومەت پێکدێنێ، بەهۆی ئاڵۆزیی نێوخۆیەوە سیاسەتی بانێک و چەن هەوا دەگێڕێ. گوێیەکی لە ئێران و گوێکەی تریشی نووساندووە بە دەمی گۆڕانەوە و زمانیشی لای راپرسییە. ئەوجا بزووتنەوەی گۆڕان بانگەشەی گەندەڵی و قووتدانی سامانی خەڵکی رەشووڕووت و ناکۆکیی حیزبایەتیی، تێکەڵ بە مافی بڕیاری چارەنووسی نەتەوەی کورد کردووە، لە کاتێکدا دەبوو بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد و رزگاریی کوردستان لەسەرووی کێشەنێوخۆییەکانەوە دانێت. پێ کێ کێ لەم دۆخە ناسک و هەستیارەدا زیاتر لە داگیرکەرانی کوردستان لەهەموو رێگەیەکەوە دژایەتیی هەرێمی کوردستان و راپرسیی دەکات، لەکاتێکدا چاوەڕوانیی ئەوەیلێدەکرا لەم دۆخە هەستیارەی باشووری کوردستان، لەباتی دژایەتیی ئاشکرای راپرسی و حکوومەتی هەرێم، لانیکەم بێدەنگبێ و تایبەتمەندیی ئەم بەشەی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.
سەرەرای ئەم خالە لاوازانە، نەتەوەییەکان و نیشتمانپەروەرانی خاوەنئەزموون و پاگژ کە مێژووییەکی تەژی لە خزمەتیان هەیە و لە نێو رۆشنبیران و چینی خوێندەواری کوردەواریی بەگشتیی پێگەیەکی بەهێزیان هەیە، لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە بۆ ئەم پرسە چارەنووسسازە پشتگوێخراون، لە کاتێکدا پێوێستبوو سەرۆکایەتیی هەرێم پێشوەخت بیانبینێ و پرسوراوێژیان لە گەڵ بکا و، داوایان لێبکات لەم دۆخە هەستیارەدا رۆڵی خۆیان بگێڕن. میدیای سەرجەم حیزبەکان، دەبوو هەموو کاتێکی خۆیان تەرخانبکردایە بۆ ئەوەی جەماوەری کوردستان لە پێویستیی بەشداریکردن لەم پرسە مەزن و مێژووییەدا هۆشیار بکەنەوە. بەداخەوە جگە لە میدیای پارتی دێمۆکرات کە تاکلایەنە پڕۆپاگەندەی راپرسیدەکات، ئەوانی دی وەک ئەم پرسە ئەرکی ئەوان نەبێ، گرنگیی نادەنپێی. دەبوو لە هەموو شارەکانی باشووڕ و لە دەرەوەی وڵات خۆپێشاندانی جەماوەریی رێکبخرایە بۆ پشتیوانیی لە راپرسی و سەربەخۆیی. سەمینار و میتینگی گەورە و جەماوەریی بۆ بگیرایە. دەبوو سەرنجی دنیای دەرەوە رابکێشرێتە سەر پرسی رفراندۆم لە کوردستان. دیمانە لە گەڵ سیاسەتکار و دۆستانی کورد لە دەرەوە بکرێ و داوایان لێبکەن رۆژی رفراندۆم لە کوردستان بن. بەداخەوە ئەمانە هیچی نەکراون و، وەک گوتم هەر ئەمانەشە بوونەتە هۆی دڵەڕاوکێ و ترسی دڵسۆزانی کورد. لە ئەگەری سەرنەکەوتنی راپرسیی، سەرۆکایەتیی هەرێم ناتوانێ سووچی سەرنەکەوتنەکە بخاتە ئەستۆی جەماوەری کوردستان و بەشدارینەکردنی هێندێ لایەنی سیاسیی کوردستانەوە. پرسی مێژوویی و گرنگی سەربەخۆیی ئەوڕۆکە کەوتووەتە سەرشانی بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمەوە. لەبەر ئەوە هیواموایە بەبێ دوودڵی و بە دڵنیابوونی لەسەداسەد لە سەرکەوتنی رفراندۆم، ئەو کات و رۆژەیان دیاریکردبێت. سەرنەکەوتنی راپرسیی، دەبێت بە گەورەترین کارەسات لە مێژووی کورددا. ئەمجارەیان کورد بەدەستی خۆی، ئەنفالی خۆیدەکا و، ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەدەبێ بۆ کورد دوای سەت ساڵ بندەستیی، هەلی بۆ هەڵکەوێ، لە ئازادیدا دەنگ بۆ کۆیلەکردنی خۆیبدات!

پ٦/ بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەرەشەی دەرەکی تاچ ڕادەیەک مەترسیە وئەگەر هەبێت چۆن خۆمانی لێ دەربازبکەین بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکەمان؟


سیروان کاوسی: بە دڵنیاییەوە رژێمەکانی داگیرکەری ئێران و ترکیا لە ئێستاوە کەوتوونەتە هەوڵ و پیلانگێڕان بۆ ئەوەی راپرسییەکە سەرکەوتوو نەبێت. بێدەنگیی ئێستایان لەبەر ئەوەیە چاوەڕوانی ئەنجامی راپرسییەکە دەکەن. گەر راپرسیی دەنگی زۆرینە بەدەستبێنێ، دەبێ چاوەڕوانی هەڕەشە و لەشکرکێشی و سنوورداخستن و گوشاری ئابووریی بۆ سەر باشووری کوردستان بین. لەبەر ئەوە پێویستە نێوماڵی کورد یەکخرێ، جەماوەری کوردستان ئامادەبکرێ بۆ پاریزگاری لە سەربەخۆیی و خاک و کەرامەتی خۆی. هاوکات پشتیوانیی ئەمریکا و ئۆرووپا زۆر گرنگ و پێویستە و، لانیکەم پێش ساڵێ هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی هاوپەیمانی شەڕی ''داعش'' رێککەوتبێ، دوای تەواوبوونی جەنگی داعش، رێز لە بڕیاری نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی بگرن و رێنەدەن جارێکیتر دانیشتووانی باشووری کوردستان بەرەوڕووی ئەنفال و داگیرکردن ببنەوە.

پ٧/ مادەی ١٤٠ لەدەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم تا چەند لە کۆتایی جەنگی تیرۆریستان دەتوانین پارێزگاریان لێ بکەین؟


سیروان کاوسی: مادەی ١٤٠ بۆ کاتبردنەسەر و خاپاندنی کورد بوو. لە ساڵی ٢٠٠٣وە ئەو مادەیە جێبەجێنەکرا و بەدڵنیاییەوە گەر شەڕی ''داعش'' رووینەدابا، مادەی ١٤٠ سەتساڵی دیکەش جێبەجێنەدەکرا. پێویستە پێشمەرگەی کوردستان پۆشتە و تەیارتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێ لەبەرامبەر دڕندەکانی توندئاژۆی ئیسلامیی (داعش) بەرگری لە کوردستان بکا و لمۆزی هەر دوژمنێکی دیکە بشکێنێ لە دوای داعش بیەوێ چاوببڕێتە بستێکی خاکی کوردستان.

پ٨/ تاچەند ڕاستە چاودیرانی سیاسی دەڵێن کورد ئەم دەرفەتە لەدەست بدات کاتی تروقوربانی زیاتری دەوێت؟


سیروان کاوسی: بەدڵنیایەوە ئەمە راستە و لەدەستدانی ئەم دەرفەتە لە داهاتوودا نەک هەر دژوارتر و ئەستەمتردەبیت، بەڵکوو تۆوی بێهیوایی لەسەرجەم بەشەکانی دیکەی کوردستان بڵاودەکاتەوە. بێهیوایی بەرامبەر چارەنووس و سەرکردەکانی و بەرامبەر بە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی و نیشتمانەکەی. بیری نەتەوەیی بۆ ماوەیەکی زۆر هەرەسدێنێ و، زەوینەیەکی لەبار بۆ داگیرکەران و بەکرێگیراوانیان دەڕەخسێنێ کاربکەن بۆ چەسپاندنی زیاتری فەرهەنگ و سیاسەتی داگیرکارانەیان لە کوردستان.

پ٩/ ئەوانەی گەمە بەسەربەخۆیی کوردستان دەکەن و بەڕەوای نازانن وناسنامەی نەتەوەی لە باخەڵیاندایە چۆنیان تێدەڕوانی؟


سیروان کاوسی: ئەگەر مەبەست لەم پرسیارە داگیرکەرانی کوردستانە، ئەوا مافی خۆیانە و لە داگیرکەر هەر کردەوەی دزێو و نامرۆڤانە چاوەڕواندەکرێ، لێ ئەگەر مەبەستت ئەوەیە کوردی وا هەبن دژی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بن، بێ هیچ دوودڵییەک دەچنە نێو بازنەی خۆفرۆش و نیشتمانفرۆشانی کوردستانەوە و، نابێ و ناکرێت وەک هاووڵاتیی کوردستانیی لە قەڵەم بدرێن.

پ١٠/ لەدوای سەربەخۆیی ودروست بوونی دەوڵەتی کوردستان پێتان وایە میکانیزم زۆربێ بۆ لێدانی گەندەڵی وهەروەها یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد؟


سیروان کاوسی: دوای گەیشتن بەسەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پێویستە بناخەی حکوومەتێکی کوردستانیی سیکۆلار دابڕێژرێ و ئەو حکوومەتە دەنگ و رەنگی هەموو تاکێکی کورد و کوردستانی و هەموو ئاین و ئاینزا وچین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردەواریی بێت. لە حکوومەتێکی سیکۆلاردا دەسەڵاتی دەوڵەت و ئۆرگانەکان سنووردارە و، پەرلەمان سەرچاوەی دەسەلاتە و لە خەڵکەوە وەریدەگرێت. هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی هەر چەن ساڵ جارێک و، دەستاودەستکردنی دەسەلات و بوونی پەرلەمان و میدیای ئازاد و وەزارەتی داد وەک ئۆرگانێکی سەربەخۆ، رێ لەبەردەم گەندەڵی و دیکتاتۆری و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حیزبیی دەگرێت.

پ١١/ دەوڵەتی کوردستان دەبێتە سیمبولی پێکەوەژیان کەهەمیشە لانکەی ژیانی نەتەوەوئاین و ئاینزاکان بووە؟


سیروان کاوسی: وەک لە وەرامی پرسیاری سەرەوە ئاماژەمداپێی، دامەزرانی حکوومەتێکی سیکۆلار لە کوردستان، دەستەبەری پێکەوەژیانی ئاین و هەموو پێکهاتەجیاوازەکاندەکا و مافی هەموو جیابیرانی سیاسی و حیزب و رێخکراوەی سیاسی و مەدەنی پارێزراو دەبێت. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، کوردستان لە دێرزەمانەوە تاکوو ئیمڕۆ لانکەی چەن ئاینێکی مرۆڤانەی وەک میترایزم و زەردەشتی و مانیزم و پاپەکیزم و یاری و ئێزدی بووە و، پێڕەوانی ئاینی مووسای وعێسای و ئاینزاکانی سەر بە ئیسلامی لێ ژیاوە و دەژی. لە گەڵ هاووڵاتیانی ناکوردی وەک ترکمان و ئاسۆری و کلدان بێ هیچ کێشەیەک ژیاوە و دەژی. ئەمەش لە فەرهەنگی رەسەنی کوردەوە سەرچاوەدەگرێت کە گەلێکی دەمارگرژ نییە و هێمن و ئاشتیخوازەو خاوەنی کەلتووریکێ مرۆڤانەی چەن هەزارسالەیە.
لێرەدا بە پێویستیدەزانم ئاماژە بکەم بە بەکارهێنانی بەهەڵەی وشەی نەتەوە بۆ ''ترکمان'' و هاووڵاتیانی ناکوردی دیکە لە باشووری کوردستان. زۆرجار لەلایەن بەشێ لە سەرکردەی حیزبەکان و کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمیشەوە ناوی ترکمان و کلدان و ئاشوور و سریانی بە نەتەوە دەبەن. ئەمە هەڵەیەکی سیاسیی گەورەیە و بێگومان لە نەشارەزایی سیاسیی ئەو بەڕێزانەوە سەرجاوەدەگرێ و نازانن یەکێ لە خاڵە گرنگەکانی ناوبردنی کۆمەڵەخەڵکێ بە ''نەتەوە'' ئەوەیە، ئەو خاکەی لەسەریدەژی، هی خۆیەتی. هەموو ئەو کەمایەتییە ناکوردانەی لە کوردستان دەژەین، هاووڵاتیی کوردستانن، هەروەک دوو ملیۆن کوردی دانیشتووی تاران و ئەڵمان و چوار ملیۆن کوردی ستانبول هاووڵاتیی ئێرانی و ئەڵمانی و ترکیان. ترکمان لە ترکمەنستان نەتەوەیە نەک لە کوردستان! ناوهێنانی ئەو کەمینە هاووڵاتیانەی کوردستان بە نەتەوە و بوونی دوو ئیدارەیی لە کوردستان کارێکی وایکردووە ئیمڕۆ داوای هەڵدانی ئاڵایاندەکەن، بەدڵنیاییەوە سبەینێش لەسەر خاکی کوردستان داوای سەربەخۆیی دەکەن، تۆش ناتوانی رێیانلێبگری، چۆنکە خۆت ناوتناون ''نەتەوە''.

پ١٢/ پێت وایە چەند کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم مافەماندایەوبەڕەوایی دەزانن کە بتوانن قەرەبووی هەمووزیانەکانمان بدەنەوە لە گوناحی چەندساڵەیان لە دابەشکردنمان؟


سیروان کاوسی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و سیاسیی خۆیان بە مافی رەوا دەزانن و، گوێنادەنە تاوانەکانی رابردوویان. کوردیش نابێ چاوەڕوانیی ئەوەیان لێبکات رۆژێ بێن وداوای لێبوردن بکەن لێی. یەکگرتوویی کورد و سۆربوونی کورد بۆ سەربەخۆیی، تاکەڕێگەیە دنیای دەرەوە حیسابی نەتەوە و مرۆڤمان بۆ بکەن و رێز لە بڕیارمان بگرن.

پ١٣/ تاچەند بڕوابە پێشوازیکردنی دەوڵەتانی جیهان بکەین بۆئەم پرسەمان کە هەمیشە لە ڕوانگەیی ئەوانەوە بۆ میللەتانی ژێردەست بە بەرژەوەندی کاریان کردوە نەک بەویژدان؟


سیروان کاوسی: هەروەک بەڕێزیشت دەزانی لەکولتووری سیاسیی دەولەتاندا وشەی ''ویژدان'' و ''برایەتی'' و ''هاوڕێتی'' و ''دوژمنایەتی'' بوونی نییە، ئەوی بیریلێدەکەنەوە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی وڵات و نێشتمانەکەیانە نەک شتی دیکە. یەکگرتووی وپێداگریی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و سیاسەتی ژیرانەی سەرۆکایەتیی کورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا پێوانە و مەرجن بۆ راکێشانی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی.

پ١٤/ بۆچوونتان چییە لەبارەی ''جوولانەوەی نەخێر لەئێستادا بۆ راپرسی''. وەک ئاگادارن ئەم جووڵانەوەیە لە سلێمانی دامەزرا بۆ دژایەتیکردنی راپرسیی بۆ سەربەخۆیی کە بڕیارە لەڕۆژی ٢٥ی سێپتەمبەری ئەمساڵ (٢٠١٧) بەڕێوەچێت.


سیروان کاوسی: بەدڵنیاییەوە دەستی ئێران لەپشتەوەی دامەزرانی ئەم جووڵانەوە نانەتەوەییەیە. دیارترینی ئەم پیلانگێڕییەی ئێران لەڕێگەی کەناڵی NRT و بەڕێوەبەرەکەی شاسوار عەبدولواحیدەوە بەڕێوەدەبرێت. ئامانجی ئەم جووڵانەوە ئەوەیە سەرنج و بیری خەڵک لە پرسی گرنگ و مێژوویی سەربەخۆیی کوردستان بگویزنەوە بۆ داوای نان و کار و مووچە. ئەگەرچی ئەم داوایانە پێویستیی ژیانی رۆژانەی هەر کۆمەڵگەیەکن، بەڵام سەرفرازی و سەربەخۆیی نەتەوەیەک و رزگاربوونی نیشتمانەکەی لەسەرووی هەموو داخوازییەکی دیکەوەیە. خەباتی بێوچان و قوربانیدانی بێئەژماری کوردیش هەر بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە هەڵگیرساون. بەداخەوە لەو کۆمیتەیەدا کەسانی خاوەنڕابردووی دڵپاکی وەک ''فەرهاد سەنگاوی''شیان تێدایە کە فریودراون و نازانن چ دەستێکی گڵاو و پڕ مەترسیی لەپشتی ئەم بزووتنەوە نانەتەوەییەوەیە. پێویستە میدیای حکوومەتی هەرێم و میدیای ئەو حیزبانەی راستەوخۆ پشتیوانیی لە راپرسییدەکەن، بێگوێدانە ناکۆکیی حیزبیی، هەوڵبدەن جەماوەری کوردستان لە گرنگیی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی هۆشیاربکەنەوە، بۆ ئەوەی بە ناهۆشیاریی نەکەونە داوی پیلانگێڕیی داگیرکەرانی کوردستانەوە.


لە کۆتاییدا ملیۆنێ جار بەڵێ بۆ سەربەخۆیی!
بەڵێ بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و دێمۆکرات و سەربەخۆ!
هەر شەکاوەبیت ئاڵای بەرز و پیرۆزی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان!

 

٣٠\٨\٢٠١٧
ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک