١١\٣\٢٠١٥ فەیسبووکە چیرۆک - ١٠ -. مۆبایل.
فەتاح حەسەن
کە لە ئیشەکەی تەواو دەبوو ، بەلەشقورسییەکەوە کلیلەکانی دەردەهێناو وەك بڵێیت بێگاری پێبکەن سلفی لە ئۆتۆمبیلەکەی دەدا و بەرەو ماڵەوە بەڕیدەکەوت، لە خانویەکدا دەژیان کوڕ و کچەکەی هەریەکەیان ژوری تایبەت بەخۆیان هەبوو، خۆی و هاوسەرەکەشی لەگۆشەیەکی خانوەکەیاندا، ژورێکی نوستنی ساردو سڕیان هەبوو، بەمانگێك دوو مانگ جارێك شەوجێگەی لەتەك هاوسەرەکەیدا بەئەنجام دەگەیاند، بۆخۆشی هەرگیز ( کۆندۆم ) لە گیرفانی نەدەبڕا. هەریەکەیان لاپتۆپ یا ئای پادی خۆی هەبو، موخوڕکەی گومان بەجۆرێك تێیدابون، تەنانەت بەچونیان بۆ ئاودەستیش دەیانکوژاندەوە. پاش بەتاڵکردنی سندوقی پۆستەکە بە ئەسپایی دەرگاکەی دەکردەوە، هاوسەرەکەی بەخێرهاتنەوەی دەکردو لێیدەپرسی پیاوەکە نانت خواردوە؟ لەسەر قەنەفەی هۆڵەکە لێی رادەکشا ، بەدەنگێکی گڕەوە، ئەی خۆ، خۆم لەبرسا ناکوژم! هاوینێکی گەرم بوو شۆرتێکی لەبەرکردبو کرێمی دژەهەتاوی لەخۆی سویبو، لە چیمەنەکەیاندا راکشابو، وەك کۆلارەیەك گەیشتبێتە هەوای خۆی پەتی بۆ خەیاڵەکەی بەردابوو، هاوسەرەکەی بەقاپێک شوتی و دوو چەتاڵەوە لەبەر دەمیا چەقیبوو، شوتی سارد ناخۆیت؟ سێپاتی کردەوە سودی نەبوو، ئەوە تۆ لە کوێی؟! بەنا ئاگاییەکەوە ، تایلاند لە دەمی دەرپەڕی. هەرچەند لەمێژ بوو خۆی مۆبایلێکی دوو سیمکارتی هەبو.. بۆ وەڵامدانەوەش هەندێك جار دەچوە چیمەنەکە یان ئاودەست و گەرماوەکە، ئەمڕۆ زانی، هاوسەرەکەی دوو مۆبایلی پێیە، بە لاقرتێیەکەوە چییە خانم بویت بەخاوەنی دوو مۆبایل؟! بەڵێ، یەکێکیان هی ئیشەکەمە. چەندجارێک کە لە هۆڵەکەدا زەنگی تەلەفونی ئیشەکەی لێیدەدا، لە جانتا دەستییەکەی دەریدەهێنا، سەیرێکی دەکرد و دایدەخستەوە. ئەویش ژێر بەژێر سەیرێکی دەکردو متەقی لەخۆی دەبڕی. سەرماکەی ئەمڕۆ برەوی بە قەمسەڵە و چەتر سەند، ئەمیش، کێچی گومان لە مێشکیدا هەڵبەزودابەزی دەکرد، دوو جار زەنگی بۆ هاوسەرەکەی لێدا، پێدەچو تەلەفونەکەی داخستبێت. پاش ئەوەی لە ئیشەکەی بوەوە، بەپێچەوانەی رۆژانی ترەوە سلفی لێدا بۆ ئەو شوێنەی ناوبەناو خۆی لێبەتاڵ دەکردەوەو هێندە خۆی مەست کرد ئۆتۆمبیلەکەی لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بەجێهێشت و بە تاکسییەك گەڕایەوە، بەربەیان بوو گەیشتە ماڵەوە، وەك خوی پێوەگرتبوو بەئەسپایی دەرگاکەی کردەوە ، بینی، کچ و کوڕەکەی هەریەکەیان لەسەر قەنەفەیەکی هۆڵەکە نوستون، کوڕەکەی خەبەر کردەوە وتی کوا دایکتان؟؟ کوڕەکەی بە بێزارییەکەوە وەڵامی دایەوە :- چوزانم، نەهاتۆتەوە ئمێکی بۆ کرد، منیش لەسەر ئیشەکەم دوو جار زەنگم بۆ لێدا لەوەدەچو تەلەفونەکەی داخستبێت، لەم مشتومڕەدابون، کچەکەی چاوی هەڵگڵۆفت و – وتی :- نا بابە نا، ئێستا تەلەفونەکەی کراوەیە .. چەندجارێك تەلەفونم بۆکرد، بەڵام ( ئەنسەر مەشین )، وەڵام دەداتەوە، چەندین کورتە نامەشم بۆ نارد، هەر وەڵامی نەبوو. مۆبایلەکەی دەرهێنا، ئەمیش زەنگی بۆ لێدا.. ببورە ناتوانیت ئێستا، پەیوەندی بەئەم ژمارە تەلەفونەوە بکەیت، دەتوانیت پاش بیستنی ،پییپ، کورتەنامەی بۆ بنێریت..
_____________________________ تێبینیی: بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی: بەشی نۆیەم: www.emrro.com/feysbukecirok9.htm بەشی هەشتەم: www.emrro.com/feysbukecirok8.htm بەشی هەفتەم: www.emrro.com/feysbukecirok7.htm بەشی شەشەم: www.emrro.com/feysbukecirok6.htm بەشی پێنجەم: www.emrro.com/feysbukecirok5.htm بەشی چوارەم: www.emrro.com/feysbukecirok4.htm بەشی سێیەم: www.emrro.com/feysbukecirok3.htm بەشی دووەم: www.emrro.com/feysbukecirok2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/feysbukecirok1.htm
دانیمارک - ڤالبی
|