١٥\١١\٢٠١٤ فەیسبووکە چیرۆک - ٩ -. چێشتخانەی ژێر دەمژمێرەکە.
فەتاح حەسەن
باڕی سەرسوچەکە، پیزەری ٢٠٠٠ (ساڵی کردنەوەی) ،سەرتاشخانەی ٧٤ ( ژمارەی دوکانەکە) ، ئەم جۆرە ناوانە، لە کۆبنهاون و شارەکانی دیکەی دانیمارك دا دەبینرێت، وەنەبێت ناو چوبێتە قاتی، بەڵام وەك شتێك ئەو ناولێنانە بوە بەباو، (چێشتخانەی ژێر دەمژمێرەکە)ش کە دەکەوێتە سوچی یەکێك لەگۆڕەپانەکانی کۆبنهاون، یەکێکە لەو چێشتخانانەی خواردنەکانی بە تامە و تاڕادەیەکیش هەرزانە هەربۆیە ( ئەرجومەن ) ، ( کە پیاوێکی هندی تەمەن چل و حەوت ساڵ بوو) ، کردبوویە پیشە هەفتەی دوو جار خۆی لێتێردەکرد و دوو بیرەشی بەسەردا دەکرد. ئێوارەیەك، زۆر هەستی بە تەنیایی دەکرد، هەرچەندە زۆریشی برسی نەبو، قاچەکانی بەرەو چێشتخانەکە رایکێشا. گارسۆنێکی کچ فەرموی لێدەکات و ( مینیۆ) یەك دەخاتە سەرمێزەکەی، کاتێك سەرهەڵدەبڕیت، چی ببینێت .. نازانێت سەیری کوێی بکات بە پەشۆکاوییەکەوە بە هەڵەوگەڕاوەیی چاوێك بە مینیۆکەدا دەخشێنێت چاوێکیشی لەسەر بەژنی گارسۆنەکە ئەبڵەق دەبێت. بەدەنگێکی لەرزۆکەوە.. ئا بەڵێ، دەکرێت کەمێکی تر بێیتەوە، کچەش بەدەم خەندەیەکەوە سەری رەزامەندی بۆ دەلەقێنێت. ( مرۆڤە تەنهاکان زۆربەیان لەبەرخۆیانەوە قسەدەکەن هەندێکیان لەناخەوە هەندێکیان لێوەلەرزەی بۆدەکەن هەندێکیشیان بەدەنگێکی بیستراو). بەلێوەلەرزە کەوتە دواندنی خۆی، زیاتر لە دوو ساڵە هاتوچۆی ئێرە دەکەم جوانی بەم شێوەیەم نەدیوە، زۆر سەرنج راکێشە، دەی بە من چی!! کچێکی وا شۆخ و شەنگ چۆن لوت بەمن دا دەهێنێت، هەنوکە دڵخوازی خۆی هەیە، پێدەچێت تەمەنی هەر بیستو پێنج بەهار بێت ( لەم وڵاتەدا بۆ یەکتر ناسین دوای زانینی ناوی یەکتر یەکسەر دەڵێت تەمەندت چەندە؟ بۆ پەیوەندی بەستنیش تەمەنی کوڕ و کچ زۆر لەیەکەوە نزیکە) ، هەربۆیە لێوە لەرزەیەکی تری بۆکرد، چیداوە لەبەتەمەنێکی وەك من، خۆم توشی سەرئێشەناکەم ، تەنیایی و نامۆییەکە بۆ من باشترە لە راکردن بەدوای سێبەردا، نانی خۆم دەخۆم، سەری خۆم کزدەکەم و لۆژ لۆژ دەچمەوە بۆ لای خۆشەویستەکەم ، ژورە تەنهاکەم کە: هەرگیز لێم وەڕس نابێت. هەر بەدەست بەرزکردنەوەیەك هەمان گارسۆن وەك پەیکەر لەبەردەمیدا چەقی، بێئاگایەنە خواردنی ژمارە بیستوپێنجی هەڵبژارد، رۆژی دایە دەم هەفتە لە هەینییە خوانێکی ئێوارەدا هەمان گارسۆن خوانێکی ناوازەی بۆ ئامادەکرد ، پاش هەڵدانی دو بیرە ، وتی حساب، لە وەڵامدا وتی : - حسابی ئەم ئێوارەیەت لەسەر منە ، ئەگەر پێشتخۆشبێت سبەینێ پشوم، کاتژمێر هەژدە ( شەشی دوای نیوەڕۆ)، قاوەیەك لە ماڵەوە پێکەوە دەخۆینەوە، ئەمەش ناونیشانەکەمە:- ... .... .... ... ئەرجومەن وەك هەنگوینی لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، لە خۆشیدا لەبیری کرد کچەکە دانیمارکیە بە هندی وتی : (تیکهێ) .. دەستی راستی نوقاندو لەسەر مێزەکە توندی کردو وتی : باشە زۆر سوپاس. بۆ سبەینێکەی، هەر لە عەسرەوە ئەرجومەن لە بیری ئەوەدا بو چ جۆرە گوڵێکی بۆ بکڕێت، چ بەرگێك بپۆشێت .. ئەبێت ماڵەکەی چۆن بێت، تەنها بێت .. جێگەی بەخۆی نەدەگرت تەلەفزێۆنەکەی دادەگیرساند لاپتۆپەکەی دەکوژاندەوە، هێندەی نەدەبرد تەلەفزێۆنەکەی دەکوژاندەوە لاپتۆپەکەی دادەگیرساند، پاش خۆگۆڕین لە ماڵ هاتە دەرەوە و، لەبەر ئەوەی دوو دڵ بو لە کڕینی جۆری گوڵ، بۆنێکی ( دیۆری فەرەنسی) لە سوپەر مارکێتیك کڕی و بەڕێکەوت بەرەو ناونیشانەکە. دەستینا بە زەنگی شوقەکەدا،کچە فەرموی لێکرد، جلێکی ئاسایی پۆشیبو، کتێبخانەیەك دیوارێکی هۆڵەکەی داگیرکردبو مێزێکی بە بوتڵیك شەراب و دوو پەرداخ و دوومۆمی سپی رازاندبۆوە، پاش ئەوەی دوو پێك شەرابی سوریان بەیەکەوە خواردەوە، کچەکە لە چێشتخانەکەوە بە دەنگێکی بەرز پرسیاری کرد قاوەکەت چۆن بێت ؟ دوو قاوەی لەسەر سینییەکی ئەنتیك هێناو یەکێکیانی لەبەردەم ئەرجومەن دا دانا، قەوانێکی مۆسیقای کلاسیکی خستە سەر گرامافۆنی گۆشەیەکی هۆڵەکە و بە بزەیەکەوە وتی : - ئەگەر خۆم لە ماڵەکەدا نەبم هەرکەسێك بێت چاوبگێڕێت بە ماڵەکەدا دەڵێت گومانم نییە ئەوەی لەم ماڵەدا دەژی تەمەنی لە سەرو پەنجاوەیە، لە راستیدا لای من تەمەن تەنها ژمارەیە و هیچی تر. ئەرجومەن ، بەدوا رستە زۆر دڵخۆش بوو، بەڵام وەك خوێندکارێکی گوێڕایەڵ گوێی شلکردبوو بۆ کچەکە تا لە رێگەی قسەکانییەوە زیاتر ئاشنای بێت، بەدەم خواردنەوەی قاوەکەوە چاوی دەگێرا بە دیکۆری ماڵەکەدا، چاوی نیشتەسەر چوارچێوەیەك چەند وێنەیەکی رەش و سپی لەخۆگرتبو، زۆر سەرنجی راکێشاو بەرەو خۆی کێشیکرد، قومێکی لە قاوەکەدا و بەکچەکەی وت : - دەتوانم سەیرێکی ئەو وێنانە بکەم ؟ ئەویش بەدەم خەندەیەکەوە، وەك بڵێی خۆی ئامادەکردبێت بۆ ئەو پرسیارە، ئەی بۆ نا!! هەر زۆر ئاساییە، دەمودەست کچە هەستاو، چوارچێوەکەی بۆ داگرت. لەتەك سەیرکردنی وێنەکاندا بەچاویش دەیژمارد وێنەی پاکستانییەکی هاوڕێی سەرنجی راکێشا، پەنجەی خستەسەرو - وتی:- ئەم کوڕە چۆن دەناسیت؟ کچەکەش کەوتە گێڕانەوەی بەسەرهاتی چۆنێتی ناسینی کوڕە پاکستانییەکە، ئەویش بە واقوڕماوییەوە دەیڕوانیە کچەکە. قومێکی لە قاوەکەداو بە ئەرجومەنی وت دوای ئەوەی ئەتۆش چۆنێتی هاتنی خۆتم بۆ دەگێڕییەوە دەیکەمە چیرۆکێك و پێویستم بە وێنەیەکی رەشوسپی تۆش دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی. ئەرجومەن سەری رەزامەندی بۆ لەقاندو ، چوارچێوەکەی لەشوێنی خۆی هەڵواسییەوە، پاش نزیکەی کاتژمێرێك، کچە ناو بەناو سەری هەڵدەبڕی بۆ کاتژمێری سەر دیوارەکە. ئەرجومەن هەستیکرد دانیشتنەکەیان زۆری خایاندووە، عەزی نەدەکرد ببێتە میوانێکی رەزاقورس، هەربۆیە پرسی لەوە دەچێت وەختت نەمابێت، ئەویش بۆ دواجار سەیری کاتژمێرەکەی کردو - وتی:- نیوکاتژمێری دیکە دەبێت بچم بۆ وەرزش. ئەرجومەن هەردودەستی خستە سەر هەردوو دەسکی کورسیەکەی و هەستایە سەرپێ، دەستی تەوقەی بۆ درێژکرد و - وتی وەرزشێکی خۆش .. لەوەڵامدا ئەویش وتی سوپاس رۆژێکی باش بۆ تۆش. ئەرجومەنیش بەدەم پێکەنینەوە لەناو دەرگاکەدا وتی : هەروەها بۆ تۆش.
تاکێك پێڵاو.
_____________________________ تێبینیی: بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی: بەشی هەشتەم: www.emrro.com/feysbukecirok8.htm بەشی هەفتەم: www.emrro.com/feysbukecirok7.htm بەشی شەشەم: www.emrro.com/feysbukecirok6.htm بەشی پێنجەم: www.emrro.com/feysbukecirok5.htm بەشی چوارەم: www.emrro.com/feysbukecirok4.htm بەشی سێیەم: www.emrro.com/feysbukecirok3.htm بەشی دووەم: www.emrro.com/feysbukecirok2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/feysbukecirok1.htm
دانیمارک - ڤالبی
|