په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١٦

فیلمی "ژیان لەسەر سنوور" دووەمین خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی "ژیان لەسەر سنوور" بە وەرگرتنی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی فیستیڤاڵی فیلمی "تیبوڕۆن" لە وڵاتی ئەمەریکا، تەنیا دوای چەند ڕۆژ لە خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا، دووەمین خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستھێنا.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ١١ی نیسانی ٢٠١٦ لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی ئەم فیستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بۆخۆی مسۆگر بکات و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی ئەمەریکیی بە دروشمی "تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم"ەوە، خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین"ی سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال پێشکەشکرا.


ئەم فیستیڤاڵە، بە نمایشی ٦٥ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان و چەندین بەشی لاوەکی لەوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ سینەماکارانی بانگھێشتکراو، کردنەوەی پانێلی ئاخاوتن و ھەروەھا وتووێژ سەبارەت بە ھونەریی سینەما لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری کەنارئاویی تیبۆڕن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.


"ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، ڕۆژی ١٠ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە سینەماییەی پێبەخشرا.


فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" کە یەکێک لە ڕووداوە گرینگ و جێی متمانەکانی سینەمای سەربەخۆی ئەورووپا دێتە ئەژمار و بە مەبەستی گەورەبوون و سەرھەڵدانی فیلمسازانی سەربەخۆ لە سەرتاسەری جیھان و پەرەپێدان، گەشەسەندن و ڕۆیشتن بەرەوپێشێی سینەماکارانی سەربەخۆ دامەزراوە، یازدەیەمین خولەیدا بە نمایشی ٧٧ فیلم لە ٣١ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جیاواز لە ڕۆژانی ٨ تا ١٠ی نیسانی ٢٠١٦ لە شاری پاریس لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

http://hosted.verticalresponse.com/157859/03568f4e9e/TEST/TEST

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک