په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١\٢٠١٣

فڕین بۆ بولبول سوودی چییە ئاسمان ھەموو قەلەڕەش بێ.


بەنگینە پیرۆت نوری   

''ئێوە دەتوانن ھەوڵ بدەن وەکو ئەوان بن، بەڵام ھەوڵ مەدەن ئەوان وەکو خۆتان لێبکەن'' (جوبران خەلیل جوبران).

"ئەم نووسینە پێشکەش بە گیانی رێبازی شەھیدانی قەڵەم و ھاواری ئەو رۆژنامەنووسانەی دەمانچەی بێدەنگ!".


"شوورەیی" ئەو رۆمانەیە "تەسلیمە نەسرین"ی ژنە بەنگڵادیشی لە سەر ناوەرۆکە کەی ئێستا پەناھەندەی ھەندەرانە بەدەر لە ھەستیاری دەمارگیریی ئاینی یا نەتەوەیی یا خێڵەکی کە بەو بۆنەیەوە تەسلیمە ناوی رۆمانەکەی ناوە "شوورەیی" ھەست دەکەی.


دەمارگیرییەکی کوشندە تر ھەیە کە دەمارگیریی سەرکوتکردنی رۆژنامەنووسانە.


لێکچوواندنی توندڕەوانی بەنگاڵی بەس نییە لەگەڵ ئێستای تاکی کوردی، ھەر کەس ڕۆمانی "دۆن کیشۆت"ی"سێرڤانتێس"ی خوێندبێتەوە لەوە تێدەگات کە کەشیش و دەلاک و خوشکەزای دۆن کیشۆت لەگەڵ ھەندێک کەسی ئەمرۆ دوای ٤٠٥ ساڵ کە بەسەر نووسینی ڕۆمانەکە تێپەڕیوە، جیاوازیان نییە، ئەوان بە سوتاندنی کتێبەکانی نەیانتوانی دۆن کیشۆت بکەنەوە "سینێور کیژادی"، ئەوان لە کوێ بزانن دونیای کتێب ئەوە نییە کاروانسەرا بە قەسر ببینیت و ئاش بە دێو و ئەسپ بە کەر و قەتارچی بە دز و جەردە و خەون و خەیاڵی تێر بە جیاوازی واقعی ورگی برسی. ھەروەھا ھەموو کەسیش سانکۆ پانزە نییە وەک دۆن کیشۆت بۆی تێیی کەوتبوو.


بۆیە، ھیچ شوورەیی نییە کەشی فەوزای وڵاتێک ناوبنێیت دیموکراتی و شوورەییەکەشی ناوبنێیت ئازادی، لەبەر دۆن کیشۆتەکانی وڵات. ئەوەی شوورەیی نییە باسکردنی ھەموو شتێکە بەس شوورەییە باسی دیموکراتی و ئازادی ڕا دەربڕین بکەیت. بە خوێندنەوەی ڕۆمانی شوورەیی ھەست دەکەیت شوورەییە باسی ھەڵبژاردن و دروستی دەسەڵاتێک بکەیت کە پێیی شوورەییە باسی ئازادی و سەربەستیەک بکەیت لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی، لە ھەموی شوورەیی تر شوورەییە باسی خواردنی خەراپ و ڕەوشی خەراپ و گوزەرانی خەراپ و فەرمانبەر و مامۆستا و خوێندکاری خەراپ و سەوزەفرۆش و کۆنکرێتی خەراپی کۆڵانەکان یا سەرکردەی خەراپ و گەندەڵی و ھەموو شتێکی خەراپ بکەیت. بۆ؟ چونکە شوورەییە ئەم ئازادیە لە دەست بچێت، بۆچی لە دەست دەچێت؟ واتە بە باسکردنی گەندەڵی یا ڕەخنەی لەجێ ئازادی لە دەست دەچێت؟ ئەدی تاکەی ھەر دەبێ مل کەچی کوشتنی ئازادی و دەمکوتکردنی ئەم و ئەو بین، واتە ئازادی قسە کردن و ڕەخنە و ڕای ئازاد شوورەییە؟ یا بێدەنگ کردن. بۆچی ئێمە باسی چی دەکەین؟ تا ئازادی لە دەست بچێت ئەوەندە پیرۆز و ھێڵی سوور بێ! خۆ باسی سەرکردە نییە؟ بۆچی باسکردنی کەموکوڕیی و ڕەخنە لە سەرکردە ھێڵی سوورە؟ یانیش سەرکردە لە ئازادی و دیموکراتی و ژیانی خەڵک و کێشەی نەتەوە و ئاڵا و خاک و نەوت و ئاو و کارەبا و ژنان و ھتد... گرنگترە؟


دەی باشە باسی ئازادی نەکەین، ئەرێ ئەی باسی چی بکەین؟ باسی ئاشتی دەکەین، جا چۆن بە بێ ئازادی باسی ئاشتی بکەین؟بۆ نابێ، ئەی بۆ بە بێ ئاشتی باسی ئازادی دەکەین!


باسی ئاشتی دەکەین،زۆر جار زمانی دیپۆماسیەت ناتوانێت پەیامی ئاشتی جێگر بکات،ڕەنگە کردنی ئەو کارە بە گووتنی گۆرانیەک بکرێت، جا ئەوە چۆن دەبێ؟ بۆچی نابێ؟ئەی ئەوە نییە گاندی ھەتا مردیش داوای ئاشتی دەکرد، ماندێلا لە پێناو ئاشتی لە وڵاتی خۆی ٢٧ساڵ زیندانی کرا، مارتن لۆتەرکینگ وتەیەکی عیسای کردبوو بە دروشمی خەباتی ئەمەریکای لاتین بەردەوام دەیگوت "دوژمنەکانی خۆت خۆش بوێت و داوای ڕەحمەت بۆ ئەو کەسانە بکە کە نەفرەتت لێدەکەن، داوای بەزەیش لە خوا بکە بۆ ئەوانەی بەدڕەفتاریت لەگەڵدا دەکەن" تا گیانی بە ئاواتی ئاشتی بەخشی. بە ھەمان شێوە ئەحمەد تورک لە نێو تورکان و گورگان لە پێناو ئاشتی لووتی دەشکێ پەیمانی ئاشتی ناشکێنێ. دە باشە دەی گۆرانیەکە چی دەڵێ؟گوێ بگرە "ئاشتی و ئاسایشَێکی زۆر لە جیھاندا ھەیە، لێگەڕێین پێکەوە بژین، بۆ ئەوەی جوانییەکەی لە دڵ بگرێن"، دەی ئەوە لە پەیامی ئاشتی تێگەیشتم چی تر ماوە؟


ئەوەی ماوە لە ھەموویان غەمگین تر ئاینەکانن، "سەیرە ھەموو ئاینەکان بە تەنھا یەک ئامانجیان ھەیە ئەویش ئاشتییە، ئێستاش بە ناوی ئاینەوە ئەم ھەموو نا ئارامی و لە دەستدانی ئاشتییە ڕوودەدات و ئەم خوێنە دەڕژێت و چەندین مرۆڤ ئازار دەچێژێت"، وابزانم لە سەردەمی زەندەقەش شتی وا ڕووینەداوە؟ وایە بەڵام ھەر سێ "ئا"کان، ئازادی، ئاشتی، ئاین، خاڵی ھاوبەشیان ھەیە بەڵام پێویستی بە گاندی یا ماندێلایەک ھەیە وەکو ئاو و ماسی ئاوێتەی یەکتریان بکات،لە پێناو دڵنیایی"ئەگەر دڵنیایی بوونی نەبێ لەم ووڵاتەدا، چ شوێنێکی تر ھەیە لەم جیھانەدا کە بتوانین بۆی بڕۆین"، ھەمووشی لە ترسی ھەندێک فەریکە سەرکردە کە ترسیان لە ئاشتی ھەیە و نرخ بۆ ڕای ھاوڵاتیان دانانێن، جگە لە زمانی تیرۆر زمانێکی تر نازانن و وڵاتی خۆیان خۆش ناوێت ھەمیشە پێچەوانەی ئەم وتەی "جۆن ئێف کەنەدی" ڕاھێنان بە خۆیان و ئەمسالی وەک خۆیان دەکەن، کە ساڵی ١٩٦١ سوێندی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکای خوارد و وتی"مەپرسن کە وڵاتەکەتان دەتوانێ چیتان بۆ بکات، بپرسن ئێوە دەتوانن چی بۆ بکەن".


لە کتێبی "پەیامبەر و دێوانە" جوبران خلیل جوبران، دەڵێ ئەم ووتەیەی سەرۆک تا ئەڕۆکە خەڵکی ئەمەریکا لە ماڵەکانیاندا بە دیوارەکانیان ھەڵیان واسیوە. لە کاتێکدا پێش زاینی و پێش دۆزینەوەی کیشوەری ئەمەریکا و پێش سەربەخۆیی وڵاتی تەسلیمە و گاندی و ماندێلا و پێش نوسینی دۆن کیشۆت و پێش و پێش و پێش و ھتد... کێشەی خاک و نەتەوەی کورد ھەیە و ھەبووە، بەدرێژایی مێژووی بەرخودانیشی بە سەدان سەرۆک و سەرکردەی ھەبووە و ھەیە، وتەیەک نییە بە دیواری ماڵەکانماندا ھەڵیان واسین. ئایا کورد قەیرانی سەرکردەی ھەیە؟


ئایا بۆچی "ووڵاتەکەم جێ بھێلم و بڕۆم بۆ شوێنێکی دیکە؟ ئەگەر بژیم دەمەوێت لە سەر ئەم خاکە بژیم...ئەگەر مردیشم ھەر لێرە بمرم". دواجار نووسین چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی ھەیە لە سەر گوتنی سێ وشە بە سی گوللە وەڵام بدرێتەوە! لە ھەمووشی کۆمیدی تر باس ھەر باسی ڕای ئازاد و ئازادییە، بۆ بولبول فڕین سوودی چییە ئاسمان ھەموو قەلە ڕەش بێ، سوودی دیموکراتی چییە تفەنگەکان بێدەنگ نابن و قەڵەم خوێنی لێدەچۆڕێ، سوودی ئاشتی چییە مرۆڤ نەتوانێت لە ژێر لێفەش بە ئازادی خەونیش ببینێ، تکایە شەھیدانی دوێنێ و قەڵەم بەدەستانی ئەمرۆ کە پەیامی ئاشتی و ئایندەی ئازادین لە بیر مەکەن، تکایە چیتر ڕێگە مەدەن ھێزێک بە ئازادی خۆی ئازادی خەڵکی ئازادیخواز تیرۆر بکات و دیموکراتی سەر ببڕێت، "پێڕیستی دوور و درێژی ئەم تاوانە گەورانە کۆتای نییە".

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک