په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٤\٢٠١٤

گەمەی ھەڵبژاردن و فریودان و بەکارھێنانی منداڵان!!

 


پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماوەیەکە لە شارەکانی عێراق و کوردستان دەستی پێکردووە، ھەموو ئەو پارت و لایەنانەی کە دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزیسیۆنن و لەم ھەڵبژاردنەدا بەشدارن، دەستیان داوەتە شەڕە پەڕۆ وگوێی کۆمەڵگایان کاس کردووە با دروشمی باقوبریق و ھەموویان خۆیان کردووە بە فریادڕەس و کەسانی ئازادیخوازو دیموکراتخواز و پارێزگاریکەر لە مافەکانی مرۆڤ. ئەوەی جێگەی سەرنج و نیگەرانی قوڵی ئێمەیە ئەوەیە کە لە لایەن زۆرێک لەم حیزبانەوە سنووری یاسا نێودەوڵەتییەکان و مرۆییەکان دەبەزێندرێن و ژێرپێدەنرێن و تەنانەت پابەندی ھیچ پرەنسیپێکی ئینسانیش نابن، ئەم لایەنانە منداڵان بەکار دەھێنن بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم حیزبانەو ھەڵبژاردنەکەیان دورو نزیک ھیچ پەیوەندییەکیان بە بەرژەوەندییەکانی منداڵانی عێراق و کوردستانەوە نییە، وە بەپێی یاساکانی یونسێف و ئەمنستی و جاڕنامەی جیھانی مافەکانی منداڵانی ١٩٨٩ بەکار ھێنان و تێکەڵکردنی منداڵان بە سیاسەت و کاری حیزبی قەدەغەو پێشێل کردنی یاساو مافەکانی منداڵانە.


نزیک بە دوودەھەیە پاروی دەمی منداڵانی عێراق و کوردستان لە لایەن ئەم حیزبانەوە بە بارمتەگیراوە، لە سایەی دەسەڵاتی ھەر ئەم حیزبانەدا توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان دەکرێت، کاریان پێدەکرێت و جەستەی ناسکیان لەژێر کاردا وردو خاش دەکرێت. لە ژێر دەسەڵاتی مالیکیدا بە یاسای جەعفەری لەتەمەنی ٨ - ٩ ساڵیدا شەرعییەت بە ئیغتسابی منداڵان دەدرێت و لە سەرەتاییترین مافە کۆمەڵایەتی ومرۆییەکانیان بێبەش دەکرێن.


بەچاوگێڕانێکی خێرا بە ھەلومەرجی ژیانی منداڵانی عێراقدا و بەپێی ڕاپۆرتێکی یونیسیف سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان نزیکەی ١ ملیۆن منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ٥ بۆ ١٤ ساڵدایە خەریکی کار کردنن، ١ ملیۆن و نیو منداڵی عێراق لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوەن و کێشەی نەبوونی و کەمی خۆراکیان ھەیە، ئەمە جگە لەوەی ٧٥٠ ھەزار منداڵ لە خوێندنگاکاندا ناونووس نەکراون و لە خوێندن و فێربوون بێبەشن.


کەچی ئێستا ھەر خودی ئەم حیزبانە بۆ پارستنی بەرژەوەندییەکانیان و قایم کردنی قاچی کورسییەکانیان بۆ دەورەیەکی تری بەتاڵان بردنی سەروەت وسامانی وڵات و برسی کردنی منداڵان، خۆیان کردووە با شەکرو وەعدو بەڵێن و پڕوپاگەندەی وا بڵاو دەکەنەوە کە لە قوتوی ھیچ عەتارێکدا نییە.


بۆیە ئێمە لەسەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی عێراق و کوردستان بە توندی لە دژی بەکارھێنانی منداڵان بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن و تێکەڵکردنی منداڵان بەکاری حیزبی و سیاسی دەوەستینەوە و ئیدانەی دەکەین، لەھەمانکاتدا ڕایدەگەیەنین کە سەرباری ئەوەی کە ئەم حیزب و لایەنانە، جۆری حکوم کردن و بەرنامەو کارکردنیان چییەوچۆنە و دەیانەوێت چی بکەن و چ پەیمان و بەڵێنێک دەدەن، بۆیان نییە منداڵان ئیستغلال بکەن بۆ بەرژەوەندی سیاسی و حیزبی بەکاریان بھێنن، ھەر حیزب و لایەنێک بەمکارە ھەستێت ناویان دەنێرین بۆلیستی ڕەش کە لە لایەن یونیسێف و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار دەکرێت و وەک پێشێکاری مافەکانی منداڵان ڕادەگەیەندریت.
 


سەنتەری بەرگریی لە مافەکانی منداڵانی عێراق و کوردستان
www.childiraq.com
www.santarimndalan.com



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک