په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٤\٢٠١٧

گەڕانەوە لە کەناری مەرگ.

شوان سديق       

 

"گەشبین نیم بە سیاسەت و حوکمڕانی کوردی ئەوان ھێندە ‌ وەفاداریان بۆ کورسی و پارە بووە، پشتیان لە مۆدێلی بەعسیزم نەکردوە".


وتارێکی تایبەت بە"ژیانی خێزانیمان لە نوگرە سەلمان...‌ رۆژێک پێش کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە ھەموو شتێک ئاسایی دەڕۆیشت، ژیان مات و بەھێواشی وەک ئاوی باوەکۆچەک و کانی عاشقان رێی دەکرد، باڵندە و ئاژەڵ و گیان لەبەرەکانیش، چاوەڕوانی بەھار و سەوزای بوون، وەک ھەر ساڵێکی تری ژیانیان ئەو ساڵەش بۆنی بەھار بکەن. لەوکاتەدا ھێشتا بەفری شنروێ بەڕووی شاردا پێ دەکەنی کچان و کوڕان، عاشق و مەعشوقەکان، خەڵک و دانیشتوانی شار بەگشتی، خۆیان ئامادەکردبوو لە خەیاڵی ئەوەدابوون، بەھاری تازە بەرگی زستان فرێ بدەن لە نەورۆز بەدواوە، سەیرانگا بە سەیرانگاو بگەڕێن، خەم و ئازار و ماندووبونی زستان لای بەھار بگێڕنەوە، بەڵام ئەفسوس ھەموو ئەو پێشبینی و چاوەڕوانیانە وا دەرنەچوو!


کیمیایی کارێکی وەھایکرد کانییەکان پڕ بن لە ژەھر، ژنان و منداڵان و گەنجانی ھەڵەبجە پەرتەوازە بن، خەون و نیازەکان ھەمووی لە گۆڕنران، خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون، بەشێکیان گیانیان لە دەستدا، ئێمەش لە گەڕەکی کانی عاشقان، بەخێزانەوە، لەگەڵ دوو ماڵی تر لەماڵە دراوسێیەکمان، لە ژێر زەمینی دراوسێکەمان، خۆمان لە ترسی مەرگ و مردن، خۆشویستنمان بۆ ژیان خۆمان حەشار دابوو، ئەوەش بە خەیاڵی ئەوەی دوای تەواو بوونی گێژاوی کیمیایی و میوانداری دراوسێکەمان لە ژێر زەمین بێینە دەرەوە، بۆ تەواوکردنی ئەو ژیانەی کە ماومانە، بەڵام ناخۆشی و مەرگەساتەکان، لە دوای ١٦/٣/١٩٨٨ دەستیپێکرد لە ھەڵەبجەوە بۆ ئێران، دواتر گەڕانەوە، بۆ سلێمانی لە وێشەوە بەرەو بەندیخانەی نوگرە سەلمان!


چەند رۆژێک دوای کەم بوونەوە و نەمانی گاریگەرییەکانی کیمیایی بەھاوکاری ئەوکاتی ھێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، رەوانەی وڵاتی ئێران کراین، ناکرێ رۆڵی ئەوکاتی دەسەڵاتی ئێران و خەڵکە خۆشەویستەکەی ئێران بەرز رانەگرین، بەڵام بەھۆی ناھەمواری و زۆری ئاوارەی کورد و عێراقی لە وڵاتە، ژیانی خەڵک لە ئۆدوگاکاندا، بەتایبەت لە ئۆردوگای "سەریاس"ی نزیک لە شاری پاوە زۆر خراپ بوو، خراپی بارودۆخی سەختی ژیان لەو ئۆردوگایە، ھاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنێکی بەناو "لێبوردن"ی گشتی ئەوکاتەی رژێمی بەعس رێگای بۆ خەڵک خۆشکرد بگەڕێنەوە بۆ وڵات.


ئەوەی لە دەفتەری بیرەوەریەکاندا، خراونەتەڕوو ئێمەش بیرمان مابێ دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ھەڵەبجەییەکان، لە ئێران گەڕانەوە، بەشێکیان رەوانەی شاری سلێمانی کران، لەوێش بە بڕیاری ئەوکاتی حکومەتی عێراق لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تری کوردستان ھەڵەبجەییەکانیان تێکەڵ بە خەڵکی گەرمیان کرد. دواتر رەوانەی شارەکانی خواری عێراق کراین، واتە لە رێکەوتی ٩/٨/١٩٨٨ بە خاو خێزانەوە (دایک، باوک. چوار کوڕو سێ کچ) لەگەڵ داپیرەم لە بەندیخانەی نوگرەسەلمان بۆ ماوەی چوار مانگ و دە رۆژ لە ژێر رەحمەتی ژیانێکی سەخت وەک ئەوەی دۆستی مەرگ بین. دواتر لە رێکەوتی ١٩/١٢/١٩٨٨ بەر "لێبوردن"ی گشتی ئەوکاتی رژێمی بەعس کەوتین.


قسە کردن لەسەر ئەو ماوە دوورودرێژە لە بەندیخانە و دەست بەسەرکردنمان بە خێزانەوە، لەگەڵ سەدان ماڵە ھەڵەبجەیی و گەرمیانی تر لە نوگرە سەلمان. رەنگە بە کتێبێکیش تەواو نەبێ چونکە ئەم کارەساتە چەندان، رووی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و پرسی جیاجیای دۆزی میلەتێکی بێ دەوڵەت و ناسنامە و زوڵم لێکراو لەخۆ دەگرێت.


بۆیە ئەگەر وەک تێگەیشتن، لە تێگەیشتنێکی ئەخلاقی و پەروەردەی و مێژوییانەوە سەیری ئەم کارەساتە نەکەین، ئەوا نا توانین، راستی چەشتنی ھەموو ئازار و ناڕەحەتییەکانی میلەتەکەمان، وەک خۆی بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین. چونکە کاتێک پرۆسەیەکی وەھای وەک ئەنفال بەسەر ھاوڵاتی کوردا ھێنرا. خێزان و کەسوکار و کچ و منداڵان، بە پێی خۆیان بەرەو بەندیخانە راپێچ دەکران، لەوێشەوە زۆرێکیان بەرەو گۆڕستان راپێچ دەرکران، لە بیابانەکانی کوت و عەمارە و سەماوە، بۆ چەند کاتژمێرێک بەخاک دەسپێران. دواتر کەس نەیدەزانی لاشەکانیان گێژەڵوڵکەی بیابان لەگەڵ خۆی دەی برد، یان دەبوونە خۆراکی سەگەکان!


کەواتە ئەو تێگەیشتنە ئەخلاقییە ناچارمان دەکات، ئەگەر ھیچمان لەدەست نەیەت، دەبێ کەمێک پەردە لەسەر راستی و ھەقیقەتی ناوەوەی رووداوەکان ھەڵ بدەینەوە، بۆ ئەوەی نەوەی ئەمڕۆ بزانن میلەتی کورد خەڵکی ھەڵەبجە یان گەرمیان و ناوچەکانی تر لە رابردوودا، بەھۆی کورد بوونەوە چ کارەساتێکیان بەسەردا ھاتووە.


ئەگەر ئەو مەرگەساتانەی بەسەر خێزانی خۆمدا ھاتوون، وەک ھەر خێزانێکی تری کورد لە بینینی کیمیایی، ئاوارەبوون بۆ ئێران، ئەنفال و کۆچی زۆرەملێ چیرۆکە سەختەکانیان بگێڕینەوە، من ئەمەش بەزەحمەت دەزانم چونکە مەگەر تەنیا دایکم "بتوانێ" ئازار و ناخۆشەییەکان باس بکات و دواتر بیانووسینەوە، کە چۆن لە ساتە ناخۆشەکانی کیمیاباران و رۆژەکانی ھەشتاو ھەشتدا، چ مەرگەساتێکیان بەسەرھاتووە.


ئەو زۆر باشی لەبیرە لە ١٩٨٨ لەگەڵ ھاوسەر و منداڵ و کەسوکار و ھاوسێ رۆژانەییەکانی گەڕەکەکەیان، لە سلێمانیەوە، بەبێ ویستی خۆیان بەرەو نوگرە سەلمانیان بردین، ئەوان بێ خەبەر بوون لە ئەنفال و نوگرە سەلمان و ئەو کۆچەی لە کوێستانەوە بۆ بیابان پێیان دەکەن.


ئەوانەی بەرەو نوگرە سەلمان بەڕێ دەکران، گومانیان لە پاکی و بێگەردی خۆیان نەبوو بەڵکو ئەوەی ھەڵدەستا بەکارەکە ئەوان رۆحیان بەبەری کەڵکەڵەی رژێمی بەعسی فاشیستدا دەکرد کە چۆن سەدام و دارودەستەکەی بەو حوکمە شکستخوار و دیکتاتۆریە سود وەرگرتووە لە ئیسلام لەبەرامبەر مافی ئاسایی ھاوڵاتی بووندا قەراری نەدەگرت، وەک وەڵامێک ھەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و لەناوبردنی ئینسانی کوردیدا!


ئەمڕۆ کە بیست و نۆ ساڵ بەسەر ئەو رووداو و، کارەساتەی ئەنفال و رەشبگیری بەندیخانەی نوگرە سەلمان تێدەپەڕێت، گێڕانەوەی چیرۆکگەلی ئەو رووداوانە زۆر سەختە.


بەڵام کەم تازۆر لە زھنی ئەو کەسانەدا ماوەتەوە،‌ کە خۆیان لە رووداوەکەدا بوون، ئەگینا سەد حەیف رەنگە نووسەران و رۆژنامەنووسان کەم تازۆر توانیبێتیان لەکاتی بۆنەو بیرەوەرییەکاندا، بابەتەکەیان زیندو کردبێتەوە، بەڵام لە ئاستی واقیقدا ئەنفال وەک پرۆسەیەک نە ناسراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت رەفتارەکانی بەعس لەگەڵ کوردا چۆن بووە؟


زیاتریش بۆ ئەوەی ھیچ نەبێ ئەو ھەزاران پەپولە ئەو ھەزاران مرۆڤ و دۆستانەی میلەتەکەمان کەسوکارەکانمان. قوربانییەکانمان کاتێک سەیر دەکەن گیانیان زیندوە و لەبیرنەکراون ئەوان رۆحیان ئاسودە بێت، کە لەدوای ئەنفال ھاونیشتمانیەکانیان، رابردوویان کردۆتە دەسپێک بۆ بنیاد نانەوەی کۆمەڵگا، بۆ ئاشتەوای، بۆ خۆشگوزەرانی و بۆ نەھێشتنی ئاسەوارەکانی رژێمی فاشیستی سەدام کە چۆن ھەزاران گوندی کوردستانی وێرانکرد ھەروەھا لە ساڵی ١٩٨٨ ئەو رژێمە ھەستا بە شاڵاوەکانی ئەنفال کە زیاتر لە ١٨٢.٠٠٠ سەد ھەشتاو دوو ھەزار ئینسانی کوردی لە ناوبرد!


بەڵام ھیچ گومانێک لەوەشدا نییە نەتوانراوە، کار لەسەر تاوانەکانی ئەنفال بکرێ بۆ ئەوەی کۆمەڵگای دوای ئەنفال کۆمەڵگایەک بێت، بەشی ھەرە زۆری ئەو کاروکردەوانەی بەعسی پێ دەناسرایەوە لە ناومان، نەوەکانی ئێستاو داھاتووش باش لە چەمکی دوای تراژیدیای ئەنفال بگەشتبان. ئەوەی زیاتر جێگەی داخە ٢٩ ساڵ لە دوای کارەساتی ئەنفال ھێشتا دڵنیا نین لەوەی کولتووری بەعس و لەناوماندا کۆتایی پێ ھاتووە؟ ئایا چیتر ئەنفال بە رەنگ و دەنگ و ناوێکی تر نایەتەوە ناومان. دەشێ چاوەڕوانی ئەنفالێکی تر بین؟!


بەش بەحاڵی خۆم گەشبین نیم بەو سیاسەت و سیستەمی دەسەڵات و حوکمڕانیە کوردیەی ئەمڕۆ چونکە ھێندە وەفاداریان بۆ کورسی و پارە و مەبەستی شەخسی بووە، نەیان ویستوە پشت لە مۆدێلی بەعسیزم بکەن. ئەوان نەک کاریان لەسەر سرینەوەی تاوانی بەعسیش نەکردووە. بگرە تاوانبارەکانی ئەنفالی کورد کە بەعسین، داڵدەیان داون. ئەوان پشتیوانیان لە خراپەکاری میـــژوویەکی رەشی بەعسکردوە!


ئەوەی پەیوەندی بە عێراقی بەناو دیموکراسی و فیدراڵیەوە ھەیە بەوەش گەشبین نیم ئەوەی من لێی دەڕوانم لە عێراقی پاش ٢٠٠٣ش ھێشتا ئومێد روون نییە چونکە ئەم وڵاتە کاروباری حکومەتی سەربەخونییە ھەروەھا حکومرانیشی لەسەر ئاستی مەزھەبی ئایینیە بۆیە وڵاتەکە رووبەڕووی دونیایە کیشەی خزمەتگوزاری و پەروەردەو نەبوونی سەروەری یاسایی و ئەزموونیکی باش بۆتەوە.


لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی خۆمانیش لەسەر پرسی ئەنفال ئاسۆی کۆمەڵگای کوردیش ھەر لەچوارچێوەی بابی خەیاڵیدا دەخولێتەوەـ ئەم میلەتەی ئیمە رووبەڕووی زۆر لە کێشەکانی رۆژانەیان بوونەتەوە. لەوەھا بارودۆخیکدا ئەنفالیان بیر چووە. کەس بیر لەوەناکاتەوە پیویستە تاوانەکانی ئەنفال بکریتە میژوو بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئەم تاوانە بەزیندوی بمینیتەوە و بیشتوانین وەک چەکیک بەکاری بھێنین.


بۆیە بەم مۆدێلە لە حکومڕانی و سیاسەتکردن و پەروەردەییە گەشبین نیم! بیریشمان نەچێت ھێشتا دۆخی کورد لە دۆخێکی ھەستیاری نا دڵنیایدا دایە!


کاتێک بەم شیوە قسە دەکەم ئەزموونی حکومرانی کوردیم بینیوە بۆیە تەواو لێی ‌بێ ئومێدم!!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک