په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٤

گەرای حەقیقەت.


ئەرسەلان مەحمود  

هەورێک
بەسەر سەری منەوە، دەگرمێنێت، دەگرییەت، خۆشیناکاتەوە،
پەشیمانی لێدەبارێت!
دەنگێک لەدورەوە بانگم دەکات، بۆنی ئاوازێکی ونبووی لێدێت، تامی گۆرانییەکی خامۆش دەدات، چاو تروکانێک ئەولاتر خەیاڵم لەرەی یادەوەری دەیبات.. بەخۆم دەڵێم: ئەگەر هەروا ڕقمان لەیەکتری بێت، چۆن دەشێت عەشق و خۆشەویستی لەم دنیایەدا، لەم بەرهەیوانی خوایەدا، بەرقەرار بێت!
سێبەرێک
لەدرەوشانەوەی تەنهایی منەوە، دەپژێت، هەراش دەبێت،
میهرەبــانی دەڕوێت!
رۆشناییەک هەڵدێ‌، شنەبایەک هەڵدەکات، چرایەک لەبێتامی خامۆش دەبێت، هەناسەیەک ئەولاتر ئەوەی نافراژێت، ئەوەی پێنگات، چرۆی ئازادییە لەتۆدا، پژانێکى هەنارییە لەمندا.. بێدەنگیم دەڵێت: ئەگەر هەروا لەهەموو شتێکی مندا هەبیت، ئەگەر هەروا هەموو شتێکت هەر هی منبێت، بەڵام خۆت هی کەسێکی تربێت، چۆن دەبێت ئیتر دنیا، ئەم مەئوایە هەست بەبێکەسی خۆی نەکات!

کانییەک
لەڕونی وشەکانی منەوە، دەڕژێت، بەزمانی فێنک دەڵێت:
حەقیقەت وشکایی نایــەت!
تارمایی نادیارێک بەدیارێکەوە دەکشێت، ڕۆشنایی دیارێک بەنادیارێکەوە ڕەگەکانی دەکەونەوە ڕێ‌، شەپۆلدانێک لەئاگایی پەنهانێکدا دەخنکێنێت، نەفەسێک ئەولاتر ئەوەی لەناوناچێت، ئەوەی لەدەستدەچێت، حەشارگەیەکى جەنگەڵییە لەتۆدا، گەنجینەیەکى هەتاوییە لەمندا.. دڵم دەڵێت: ئەگەر هەروا بەفری سەرم ڕۆشنایی خۆی لەشەوی سیات نەبڕێت، چۆن دەکرێ‌ دنیا، ئەم گەردونە لەکۆتاییدا غەرقبێت لەتاریکیدا!
باوەڕناکەم هیچ باخێک هەبێت تامی باخێکی دی بدات، دایکم جیاوازترین درەخت بوو لەناو هەموو ژنانی دنیا، باوەڕناکەم هیچ گوڵێک بتوانێ‌ بەهای گوڵێکی دی بدات، ئەو جیاوازترین گوڵ بوو لەناو هەموو کچانی دنیا، ئەوەی هەنگە پیاوێک لەژێر دروشمی سۆراغکردنی حەقیقەتدا دەیکات، مژینی گەرای حەقیقەت نییە، ژاکاندنی گوڵزارە لەحەقیقەتدا، خۆکوشتنەیەتی بەناوی ژیانکردنەوە..
مەهێڵە وەک ئەو گەڵایەی هەڵوەرین دەیسپێرێت بەخامۆشیەت و خۆڵەمیش، ببیت بەئازارێکی ئەبەدی لەمندا، بمکەی ژانێکی ناخۆش لەخۆتدا، ئەگەر هەروا بەردەوام بێت کەڕییەتی ناخت، چۆن دەلوێ‌ دنیا قسەیەک بکات، چۆن دەبێت ئیتر هیچ ببیستێت!

بێدەنگییەک
لەهەڵمی هەناسەی منەوە، غەڵبەغەڵبی لێدەتکێت،
تۆفانێک هەڵـــدەستێت!
باسەفای سنور دەبڕێت، دوری لەپەرداخی ئینکاری دەڕژێت، وشەی هۆشمەند بەسەر شانی کپییەوە دەبارێنێت، ئەی سێوستانەکەی ئومێدم، ئەی ئەوانەی کاسەی سەرتان پڕیەتی لەخەونی شکۆدار، دەست بەترپەکانی کاتەوە بگرە، هەر دڵۆپەی هەنگاوێکەو دەبێت بەدەریا، بەلوعەی چاوەڕوانی بگرنەوە، موعاناتی نەهات لەدەمارەکانتانەوە فیچقە دەکات، چەتری چاوتان بتەکێنن، بێدەنگی سەوز دەبێت، غروری سنەوبەر دەشکێت، بەفوارەی تەبیعەت دەست لەچۆڕاوگەی گۆشەگیری بشۆن، تەڕبوونی چۆلەکەی ڕۆحتان بەڕوداوی عەشق، دڵی بەرد نەرم دەکات!
لەعەشقدا، شتێک نییە بەناوی ئاوابوونەوە، نوری بەرەبەیانێکی ئەبەدی هەیە، لەعەشقدا فەزایەک نییە بەناوی تاریکییەوە، ئاسمانی میهرەبانییەکی شین هەیە، کۆڵانێک هەیە دەکەوێتە ئەودیوی چینەکانی غافڵگیرییەوە لەئاواییدا، شەقامێک هەیە خاڵییە لەکاڕوش و میوەجاتی بەرخۆری لەبازاڕدا..
لەعەشقدا ئیمان هەیە بەڵام لاڕێکاری نییە، مرواری هەیە بەڵام مەرگ نییە، لەحەوزەی عەشقدا مارو خشخشۆکەی بەدبەختی نییە، هەر زیندەوەرەو بەنۆرەی خۆی، ملوانکەی مانایەک لەخۆشەویستی بەگەردەنی ژیاندا دەکات، کاوێژ نییە، عەلەفی سەرگەردانی ڕۆناکرێت!

رۆناکییەک
تێکەڵ بەڕۆناکییەکی تــر دەبێت،
ئێمە پیر دەبین و، عەشق لەگەنجێتی خۆی ناکەوێت،
پایز، تەژی دەبێت
لەوەفا!
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک