په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

      گەر ئەمجارە بە عیشق هەڵچمەوە.

زیاد نادر عاڵڵایى

بۆ من نەبووى شووشە ژن
وەک ناسکى تۆ،
بەناوبردنت لە خۆوە دەشکێم. .
بۆ من نەبووى شەکرە ژن
وەک گەڵاى زەردە وەرز،
بەر لە هاتنى با هەڵدەوەرێم . .
بیر لە چى دەکەیەوە . .
لەبەهەشتى وون بووى قەدەر،
یا لە خۆڵەمێشى تەمەنى تەنیایى ؟
بیر لە چى دەکەیەوە. .
لە ڕیشۆڵەى خەونە سەرهەڵگرتووە تەریووەکان. .
یا لە شۆڕابەى حەزە هەڵوەریوەکان ؟
بیر لە چى دەکەیەوە. .
لە ژاکانى گولاڵەکانى وەرزى بەهارو باران..
یا لە هەناسە خنکاوەکانى ژێر چنارى ژوانە شوشەییەکانى دوێنێ
بیر لە چى دەکەیەوە. .
لەو لەحزانەى دەستم بۆ دەستەمۆبوونت دەبرد،
کەچى سەرکێشانە دوور دوور هەڵدەفڕین. .
یا لەو چرکە شیرین و تاڵانەى دەتوویسست بە پەیڤێکى لە خۆت شیرینتر بمکوژى،
بەڵام سەرە ڕۆیانە بێ چپەو بێدەنگ دەماى. .
بیر لە چى دەکەیەوە. .
بە بیر کردنەوە ناگەیە ترۆپک
بە خەیاڵکردن ناگەیە ئاسۆگە. .
گەر ئەمجارە بە عیشق هەڵچمەوە
هونەرى عەشقم لە گەڵتا دەگۆڕم
لە جێگەى دڵ،
پەنجە برسیەکانم بۆ بەرەو باوەش و سنگى بەفرینت حەواڵە دەکەم.
لە جێگەى رۆح،
دەمى تێنووم بۆ چەم و زێى لێوى گوڵاڵەییت دێنم،
تا بە ماچ و ڕامووسان لێوت تەڕو گوڵ و گەڵاپۆش کەم. .
گەر ئەمجارە بە عیشق هەڵچمەوە. .
حەزم لێیە.. ئاشناى بست بە بستى جوگرافیاى جەستە و بەدەنى
نەرگزیت بم.. تا پەیتا پەیتا نیشتمانى بەرمووسەڵانت داگیر کەم.
حەزم لێیە ئەمجارە. .
هەرچى خەونە.. هەرچى هەستە.. هەرچى حەزە.. لە کەوشەنى

چاوتەوە بەماچە شەهوەتانى و پڕ لەزەتەکانەوە ئاودیوى گوڵستانى

گەردەن و زێى نێوان مەمکە مناڵانیەکانت کەم..
حەزم لێیە ئەمجارە..
هەرچى عیشقە.. هەرچى تاسەیە.. لە ئاوێزان بوونێ.. لە کەمەر گرتنێ..

لەدەست گووشینێ.. لە مووى سەرت تا پەنجەى پێت شیلە ئاسا چۆڕاوگە کا..
گەر ئەمجارە بە عیشق هەڵچمەوە،
تا بۆم بلوێ خۆم لە ئۆقیانووسى لەشى تۆدا نفرۆ دەکەم..
چى هەوسى سەر شێت هەیە لە نەرمە گۆشتى جەستەى هەوەس هەڵمژت دەتوێنمەوە..

گەر ئەمجارە بە عیشق هەڵچمەوە، حەزم لێیە
گەمەى ئیرۆسیەت.. گەمەى هەوەس.. لە هەر نۆ کونى پڕ شەهوەتى لەشت کەم..
بە چەقۆى هەڵگڵۆفین و ڕاموسانى گەرمم، وەکو سێوێ دوولەت و دوو بەشت کەم..

  هەنووکە من و تۆ یەک لە یەک تەنیاترین.
شــــاعیرێک چەندە تـــــامەزرۆى چــوارچــێوەى ،
شــــــیعرێکى جــوانە بۆ ئیلهـــامى خەونەکــانى ..
ڕێبــوارێکـــى ڕێ لێ وون بوو، چــــەندە تــــاسەى،
ڕێ نیشــاندەرێکــە بۆ ڕەوتـــــى بێ ووچـــــانى ..
تێنــــوویەک چــەندە خۆزیــــاى لیقاوگـــــەیشتن،
بـــــــەچۆڕێ ئــاو دەکـا.. لەســـــاراى ژیــــــــانى ..
هــــــەزار هـــێندە تــــامەزرۆى بینینى تــــــۆم ..
گــــــڕم گرتووەو چریکە چڕى هەڤپەیڤینى تۆم ..
هـۆ ڕازیـــــــــارى نیگا نــازک .. یــادت دەکەم و
بە دواى تـراویلــــکەى خەونەکـــانتــــەوە وێڵم ..
وا بـە ڕەژووى سووتـاوى پەنجەکانم،
سەهۆڵبەندانى دوورى نێوانمان دەکێڵم ..
شەوانـە لە مانگ و،
ڕۆژانە لە باڵاى چنار ڕادەمێنم ..
بەڵکو لە مانگ سەر دەرێنى و
لە نێودەمـــــى چناریــش چــوزەرەو چـرۆ بکەى ..
تاریــک و ڕوونان گـــوێ شل دەکــەم بۆ چــۆلەکە،
ئـــــێ خــودایە لە نــەواى چـۆڵەکەوە گـۆ بکەى ..

تـــا ئەو پـــەڕى بیرکـردنەوە بیرت دەکـــــەم ..
شەوانە تا تەنیا نەبم،
لە ناو بێشکـــەى ڕوحـــمدا شەتەکت دەدەم ..
هۆ خانــــمى خۆم ..
لــــەم وارە، بێ بەزەیـــــــى وەک تۆم نەدیوە ..
هــەنووکـە من و تۆ یـــەک لە یەک تـــــــەنیاترین
کەنگـــــێ شــــــاعیر تـــارى تــەنیایى ژەنیوە ؟‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍
لەوەتەى من گیرخـواردووم بە عیشقـــــــى تۆوە
بەمـــانــــاى ژیــــان چرکەیــــــێ ژیانم نییە ..
هــــەر چــەندە سەردێنـــم تا ژینێ چێ بکەم
توانـــــاى دانـــانى هیچ نـەخشـــەو پلانم نییە ..
عیشقـــــت یاڵى هــــەموو تەمەنــــى تەنیــوم ،
وەک بـــــەفرى بەفرانبـارى ساڵى پڕ لە هات ..
عیشقـــــت هـــەموو ژینــى بە گوڵ داپۆشیوم ،
وەک هــــەژگەلى هەڵــــــوەریوى زەردەسـات ..
چـاوەڕێى تۆم ..
کــــەى بەر هێڵى ئاسۆى بینـــاییم دەکەوى ..
لە ئەشکەوتى،
گـــیانم.. بۆ ئـەبەدى و خلودییەت دەخەوى‍‍‍‍ ‍‍‍‌‌‌‍‍‍‍‍‍‍‍‍؟؟ ‍‍‍‍


zyadnadr@yahoo.com