په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

گوێز بە ژمارە مایەی دیارە!


ستار محەمەد قادر


کارەسات لەوێدا نییە کە هیچ دەربارەی کەلە پوورو میژووی میللەتان نەزانیت، بەڵکو کارەساتی راستەقینە لەوێوە سەر چاوە دەگرێت کە هیچ شتێک دەربارەی کەلە پوور و مێژووی میللەتەکەی خۆت نەزانیت!


پەند و قسەی نەستەق دوو وشەن کە لە فەرهەنگی میللەتاندا تا هەنووکە بە چاوی رێزەوە لێیان دەنواڕن و خوێندنەوەی ورد بۆ وشە بە وشەی دەکەن و بە شێوەیەک مامەڵەیان دەکەن، وەکو ئەوە وایە زادەی ئەمڕۆ بن!


بێ گومان پەند و قسەی نەستەقی کوردی، بە بەراورد لە گەڵ هیی میللەتان، لەو باوەڕەدام ئەگەر زیاتر نەبن، کەمتر نین. ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە لێرەدا ئەویش ئەوەیە کە جیاوازییەک هەیە لە نێوان تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەو شتانە لە گەڵ هیی میللەتاندا، ئەوان لە بارتەقایاندایە ئەوەی لە کەلەپوورەوە بۆیان ماوەتەوە بیکەن بە کەلتوور، لێ ئێمە پێویستیمان بە گەڕیدەیەکی بیانی هەیە بۆ ئەوەی مێژوومان بۆ تۆمار بکات!


بۆیە زۆر ئاساییە ئەگەر کەسێک لە ئێمە بۆ ماوەیەک لە وڵاتێکی بیانیدا نیشتەجێ بێت، ئەگەر بیدوێنیت، دەبینیت بۆ زۆر شت پەنا وەبەر پەندی ئەو میللەتە دەبات کە ئەو لە وڵاتەکەیاندا پەنا هەندەیە، کەواتە سەر سامی ئەو بۆ ئەو پەندە لەوێوە سەر چاوە ناگرێت کە لە فەرهەنگی میللەتەکەی خۆیدا پەندو قسەی نەستەق بوونی نەبێت، بەڵکو لەوێوە سەر چاوە دەگرێت، کە ئەو میللەتە بە زیندوویی هێشتوویانەتەوە، بۆیە لە زیهنی بیسەرانیدا زیندوو دەمێنێتەوە!


ئەمڕۆ ئەگەر بە سینەێکی فراوانەوە سەرنج بدەینە ئەو پەندانەی کە لێرەو لەوێ وەبەر گوێمان دەکەون، دەبینین بیانین! لە کاتێکدا لە کەلەپووری کوردەواریدا پەندی زۆر لەوە جوانتر بوونیان هەیە، بەڵام زۆر دەگمەن ئاماژەیان پێدەکرێت، هەروەکو ئەو پەندە عەرەبییەی کە دەڵێت: "عینک على مالک دواء" کە بووە بە شتێکی باو و زۆرێک لەو کەسانەی بەکاری دەهێنن لەو باوەڕەدام کە یەک پیت عەرەبی نەزانن بەڵام زۆر بە جووانی لە نێوەڕۆکی ئەو پەندە دەگەن، ئەمەش بۆ لاوازی بیر کردنەوی ئێمە دەگەڕێتەوە نەک دەوڵمەندی کەلتووری ئەوان!


گوێز بە ژمارە مایەی دیارە، رەنگە بۆ کەسانێک بە شێوەیەکی تەندروست لە چەمکی ئەم پەندە کوردییە نەگەن، بە شێوەیەک تەفسیری بۆ بکەن، کە چوار چێوەیەکی تەسکی بۆ دابنێن و لە رووی مەعریفەوە پەڕو باڵی بکەن! لێ ئەگەر بمانەوێت لە ماهییەتی ئەم پەندە بگەین، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم جگە لەوەی لەو سەردەمەدا گوێز بە کێشانە نەفرۆشراوە، لێ ئەمە لە بەردەمماندا نابێت بە رێگر تا خوێندنەوەی وردتر بۆ ئەو پەندە نەکەین و رووەکانی دیکەی نەهێنینە زوبان، بۆیە ئەگەر بشمانەوێت دەتوانین بڵێین ئەم پەندە لە سەر ستایلی سەر ژمێریی خۆی وێنا دەکات، بەڵام لە فۆرمێکی دیکەدا؛ فۆرمێک مرۆڤ زۆر بە سانایی دەتوانێت لە رووی فەلسەفییەوە رەهەندێکی زیاتری بداتێ، چونکە ئەم پەندە کشانیی هەیە، کشانێک ئەگەر ئیشی لە سەر بکەین و بگەین بە دەرەنجامی ئەوەی کە ئەمە یەکەم دیاردەیە کە لەو سەروەختەدا ئاماژە بە گرنگی و رۆڵی ماتماتیک دەکات لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکاندا و بە شێوەی پەند ئاماژەی پێکراوە، کە لە رێی ئەم پەندەوە سەرنجی تاکی کورد بۆ لای رۆڵی ژمارەیی "رەقەمی" رابکێشێ و ئەوە بخاتە بەر دیدیان کە دەبێت هەمیشە بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ هەر شتێکدا، دەبێت ئەوە لە بەر چاو بگرن کە بە بێ حیساباتێکی ورد، رەنگبێت قازانج سەر مایە بخوات!


هەر چەندە ماتماتیک بە بناغەی هەموو زانستەکان دادەنرێت، سەرە ڕای ئەوەش کە لە ژیانی رۆژانەماندا زۆر پەنا بۆ ئەو زانستە دانسقەیە دەبەین، دەبینین لە زۆر رووەوە کاری پێ ناکەین، رەنگە کەسانێک لە پێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆیاندا هەزارو یەک حیساب و کیتاب بۆ بچووکترین شت بکەن، لێ بە داخەوە لە سەر ئاستی بەرژەوەندیی گشتی ئەو حیساباتە لە گۆڕێ نییە!


ئەمڕۆ ئەگەر سەرنج بدەینە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، دەبینین هاوکێشەکان بە ئاقارێکدا دەڕۆن، ئەگەر ئێمەی کورد مامەڵەیەکی ماتماتیکییانەی لە تەکدا نەکەین؟ ئەوا بە هیچ شێوەیەک نابێت بیر لە دەسکەوت بکەینەوە، چونکە دەبێت باش ئەو راستییە بزانین کە ماتماتیک تەنها بریتی نییە لە یەک کۆی یەک یان بە پێچەوانەوە، بەڵکو وەکو لە سەرەوە ئاماژەم پێیداوە پاناتییەکی زۆر لەوە فراوانتری هەیە لەوەی کە پێشبینی دەکەین، بۆیە یۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەکەوینە نێو حیساباتی هەڵەوەو زیانەکان بە سوود لە قەڵەم نەدەین، دەبێت بە پلەی یەکەم ئەو پەندە کوردییە وەبیری خۆمان بهێنینەوە کە دەڵێت: قەدری ماڵ، بە ساحێب ماڵەوەیە" ئەو جار ئەگەر لە بارتەقاماندا بوو بە هەمان تێڕوانینی خۆشەویستی بۆ ماڵەکەی خۆمان لە نیشتیمانەکەمان بنواڕین، بە دڵنیاییەوە چۆن هەزارو یەک حیساب بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆمان دەکەین، بە هەمان شێوەیش مامەڵە لە گەڵ چارەنووس و بەرژەوەندییەکانی میللەتێکدا دەکەین، چونکە زۆر بە راشکاوانە ئەوە دەڵێم : "ئەگەر ئێمە پیچێک خۆمانمان ماندوو بکردبایە و گوێزەکانمان بژماردایە، بە دڵنیاییەوە نە مایە پووچ دەبووین و نەش کەس دەیتوانی کڵاو بکاتە سەرمان"؟!
 

 

star_qadr@yahoo.com