په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٨

گۆڤاری گوڵ.


عەلی حەمەڕەشید   


هه‌موو جارێك مامۆستا فه‌رهاد له‌گه‌ڵ وانه‌كه‌یدا ئه‌و گۆڤارانه‌ی ده‌هێنا كه‌ بۆ منداڵان ده‌رده‌چوون بۆ قوتابیانی پۆلی شه‌شه‌م، ئه‌وانیش به‌ خولیاوه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد و ده‌یانخوێنده‌وه‌. زۆر جار چیرۆك و هۆنراوه‌ و زانیاری و بابه‌تی تری بۆ ده‌خوێندنه‌وه‌. دانا و دلێر و سانا و ساڤا زۆر حه‌زیان له‌ خوێندنه‌وه‌ و بینینی گۆڤاره‌كان بوو، كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌رنجی مامۆستا فه‌رهادی ڕاكێشابوو. زۆر جار پرسیاری سه‌یر سه‌یریان له‌ مامۆستا ده‌كرد ده‌رباره‌ی ده‌ركردن و ئاماده‌كردنی گۆڤار، مامۆستاش به‌ هێمنی وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه‌. ئه‌وانیش هه‌رچواریان له‌ ماڵه‌وه‌ كۆمپیوته‌ریان هه‌بوو. ئیتر رۆژانه‌ پێكه‌وه‌ داده‌نیشتن و بیریان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ چۆن گۆڤارێكی جوان وه‌كو ئه‌و گۆڤارانه‌ی كه‌ مامۆستا فه‌رهاد ده‌یهێنان بۆ پۆل ده‌ربكه‌ن.. خۆیان چیرۆك و هۆنراوه‌یان نووسی و ده‌ستیان كرد به‌ تایپ كردنی. له‌ قوتابخانه‌ش وێنه‌ی هاوڕێكانیان وه‌رگرت و هه‌موویان (سكان) كرد و له‌ دوو لاپه‌ڕه‌دا دایان نا و هه‌ر وێنه‌یه‌ك ناوی خۆیان له‌ ژێردا نووسی، چه‌ند هاوڕێیه‌كیشیان ده‌ستی نیگار كێشانیان هه‌بوو، بۆیه‌ نیگاره‌كانی ئه‌وانیشیان هێنا و سكانیان كرد و له‌گه‌ڵ وێنی قوتابییه‌كه‌ و چه‌ند دێڕێكیشیان له‌سه‌ر نووسی وه‌ك چاوپێكه‌وتن. لێوان و ڕه‌ندیش به‌هره‌ی چیرۆك و هۆتراوه‌ نووسینیان هه‌بوو دوو بابه‌تی ئه‌وانیشیان هێنا و تایپیان كرد و له‌گه‌ڵ وێنی خۆیان له‌ دوو لاپه‌ڕه‌ی تردا... دانا به‌ یارمه‌تی باوكی له‌ سایته‌ كوردییه‌كانی ئینته‌رنێته‌وه‌ بابه‌تێكی تایبه‌ت به‌ منداڵی ئاماده‌كرد. ساناش له‌گه‌ڵ سیمای خوشكیدا چیرۆكێكی وێنه‌داریان ئاماده‌ كرد، تا وای لێهات بابه‌ته‌كان زۆر بوون. لاپه‌ڕه‌یه‌كیشیان ئاماده‌كرد به‌ ناوی ((هه‌ر جاره‌ و دڵسۆزێك)) كه‌ بۆ ئه‌م ژماره‌یه‌ مامۆستا فه‌رهادیان هه‌ڵبژارد چونكه‌ ئه‌و دڵسۆزی و هاوكارییه‌ی ئه‌و كردی شایانی ئه‌وه‌ بوو یه‌كه‌م كه‌س بێت باسی بكه‌ن. له‌ فایلێكدا له‌ ناو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی سانادا دایان نا... وێنه‌یه‌كیان له‌ هه‌موو لاپه‌ڕه‌كان ڕاكێشا تا نیشانی مامۆستا فه‌رهادی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێنمایی پێویستیان بداتێ، وه‌كو ڕێكخستنی لاپه‌ڕه‌كان و دانانی وێنه‌ و چیرۆكه‌كان و زانیاری و هۆنراوه‌كان، به‌ڵێنیشی پێدان كه‌ سه‌رپه‌رشتی گۆڤاره‌كه‌یان بكات. ئیتر به‌ هه‌مووان ناوێكی جوان و شایسته‌یان بۆ هه‌ڵبژارد كه‌ ئه‌ویش گۆڤاری (گـــــــــوڵ) بوو.. چونكه‌ هۆنراوه‌یه‌ك و بابه‌تێكی ده‌رباره‌ی گوڵ تیَدابوو، مامۆستاش هه‌ر به‌ گوڵه‌كه‌م بانگی ده‌كردن... دوای هه‌فته‌یه‌ك كاره‌كه‌یان ته‌واو كرد و ژماره‌ سفری (گۆڤاری گوڵ)یان هێنا بۆ قوتابخانه‌، سه‌ر و دانه‌یان دا به‌ قوتابیانی پۆلی شه‌شه‌م و گشت مامۆستاكان. چه‌ند دانه‌یه‌كیشیان له‌ كتێبخانه‌ی قوتابخانه‌دا دانا. ئیتر بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی ئه‌مان و سه‌رنج راكێشانی مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانه‌كه‌. ئه‌مان ئه‌م ژماره‌یه‌یان به‌ هاوكاری مامۆستا فه‌رهاد و دایك و باوكی هه‌ر چواریان ده‌ركرد.. ئیتر به‌ڕێوه‌به‌ر و گشت مامۆستاكان بڕیاریان دا كه‌ له‌ ژماره‌كانی داهاتوودا یارمه‌تی ئه‌م گوڵانه‌ بده‌ن تا (گۆڤاری گوڵ) زیاتر بۆندار تر و گه‌شاوه‌تر و جوانتر بێت.

 

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک