په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٣

    گوڵچین گوڵێک بچێنە تا بێ تاقەت نەبیت..

شوان عوسمان

گوڵچێن تا رۆح بە گوڵێک ئەکا،
گوڵێک بە رۆح ئەکا،
گوڵێک لە رۆح ئەبێت،
گوڵێک لە رۆحیدا بەر ئەبێتەوە...
گوڵەکان بێ تاقەت بوون،
ئەوەندە لە شەڕدا لکیان کونکون بوو،
پەلکیان وەرا...
ئەوندە بۆنی بارووتیان پێ پژا،
تاقەتیان لە بۆن چوو ،شەڕ بێتاقەتی کردن..
چیتر بۆن ناکەن،
بۆن دەرنادەن..
تۆ ئەوەندە گوڵت چنی،
دەنکەتۆوت وەشاند شەتلت چاند،
شەڕیش ئەوەندە گوللەی بە دارەکانتەوە تەقاند،
گوڵی لەباخچەکانتەوە رنی..
تۆ تاقەتی ئاودانت نەما ،ئاو تاقەتی ئاوەدانی نەما،
جۆگە خۆی لەخۆی چک بوو ،ئاو سەرەوژێر ئەچێت..
بۆنی گوللە ناهێڵێت گوڵ بۆن بکات..
کە کەسێک نەبێت پیاسە بکات ،کێ بۆنی گوڵ بکات..
مەرکان لەبەر پەنجەرەکان مەکر ناکا،
لە ترسی تەقە زارەترەکە،
لە کونێک ئەگەڕێت تا خۆی پێدا رابکات..
کێ هەیە بوێرێت سەر دەرکات وبۆنێک بکات..
کە گوڵێک نەبێت بۆنی لێ بێت،
ئیتر عەتر شووشە بە تابووت خۆی ئەزانێ..
ئیتر ئاو بۆ بڕوات،
ئاویش تاقەتی نامێنێ..گوڵ ئاودات..
تازە تا شەڕ هەبێت،
گوڵ ئاو ناخواتەوە،
کە باخەوان ئاوێک نەبێت بیخواتەوە،
کێ ئەتوانێت گوڵ ئاوبدات...
ئەویش تاقەتی نامێنێ،
ئاو بۆ گوڵ ببات..
شەڕ تامی ئاوی لە بیر بردینەوە،
تێنوو بیر لە گوڵ ناکاتەوە...
ئەوەی بیر لە گوڵ نەکاتەوە،
بیر لە پەپوولەش ناکاتەوە...
شەڕ بەردەرکەی بەر نادات...
شەڕ بێ تاقەتی کردین ،تاقەتمان لە تەقە چوو..
تازە گوڵ گوڵ ناکا بۆنیش نادات،
تازە گوڵ روو لە خۆر ناکا،
رووی خۆش، خۆش ناکات..
تازە گوڵ رێ ناکا رێش نادا،
رێی لە خۆڵێک وەرنادات..
شەڕ نیشتمان ناشیرین ئەکا،
کە تەقە بێت کەس نازی گوڵ هەڵناگرێ،
کەس لە جوانی ناپرسێت ،کەس جوانی ناپەرستێت...
کەس بەدەوری گوڵ ناگەڕێت،
کەسێک گوڵ بۆن ناکا ،کەسێک گوڵ ناکڕێت،
گوڵفرۆش نامێنێت..
نازنازیش ناز ناکات..
مەوسیمی رق وکینەیە گوڵم،
دونیایەکی سەیرە گوڵم ،تا دونیا هەبێت دونیا سەیرتر ئەبێت...
ئەوین لە کۆچوبارە یاریش لە کۆچکردنە..
نیشتمان لە نازی گوڵ ولە عیشوەی ئاو ئەبێت،
نیشتمانیش لەبێنازی بێ تاقەت ئەبێت..
گوڵەکانی بێناز ئەکات ،بەناز نامێنێ..
کاتێک شەڕ ئەبێ ،نیشتمان لێمان ئەبێ،
لەگەلمان ئەکەوێتە شەڕ..
ئێمە لە نیشتمان ئەبین..
لەگەل نیشتمان ئەکەوینە شەڕ..
هەموومان لەدوای سۆزێک ئەگەڕێین،
هەموومان بێ تاقەت ئەبین،
هەموومان لە خۆشەویستی ئەکەوین..


٢٤\٤\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک