په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠١٧

ئۆپەرێت بۆ منداڵان:

گوند و گه‌نم و باران.


عەلی حەمەڕەشید   

 
منداڵان هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ده‌رده‌كه‌ون و وێنه‌ی گوندێك دروستكراوه‌ و دیاره‌ و دارو سه‌وزایی به‌دی ده‌كرێت ..منداڵان خه‌ریكی یاریكردنن .. یه‌كێكیان دێته‌ پێشه‌وه‌:


گوڵناز : هاوڕێیان با پشوویه‌ك بده‌ین ،.
كارا : ڕاست ده‌كات ده‌مێكه‌ یاری ده‌كه‌ین .
نڤار : ده‌ی با لێره‌دا دابنیشین گۆرانی بڵێین .
ڕه‌نیا : یاری ئێمه‌ ئه‌گه‌ر گۆرانی له‌گه‌ڵ نه‌بێت تامی نییه‌ .
ڕه‌نج :زۆر ڕاسته‌ ده‌ی با ده‌ست پێبكه‌ین .
هه‌موویان پێكه‌وه‌ ئه‌م گۆرانییه‌ ده‌ڵێن :
گونده‌كـه‌مان ئاوایه‌..بۆ ئێمه‌ سه‌یرانگــایه‌
ئێمه‌ی منداڵ له‌م گونده‌..ســه‌رمان به‌وه‌ بڵنده‌
به‌كاره‌وه‌ سـه‌رقاڵین..خه‌ریكی كشت و كاڵین
دڵ پڕ ئاوات و خۆشــین..چونكه‌ له‌ گونددا ئه‌ژین
كانی و سه‌رچاوه‌ی ئاوی ..جێی گــه‌شتن به‌ ته‌واوی
باخ و كێڵگـه‌ی ڕه‌نگینی..ســه‌وزه‌ و میوه‌ی شیرینی
كه‌ره‌ و ماست و دۆ و په‌نیر..گوێز و چواله‌ و هێلكه‌ و شیر
بۆ ئێمه‌ جێی شـانازینپێیانـــه‌وه‌ ئه‌نــازین
نڤار :
گونده‌كه‌مـــــان ئاوایه‌..قوتابخانه‌یشی تیایه‌
بۆ خـــوێندن و زانیاری..ده‌بنه‌ مایه‌ی به‌ختیاری
ڕه‌نیا :
چونكه‌ هه‌ر خوێنده‌واره‌..ئاسۆی گه‌ش و ڕوون دیاره‌
كارا :
هه‌وڵ ده‌ده‌ین ساڵ به‌ ساڵ..به‌ر و بوومی كشــتوكاڵ
به‌زۆری به‌رهـــه‌م بێنین..دڵســۆزی تیا بنوێنین
گوڵناز :
هه‌تا بینێرین بۆ شـــار..بگاته‌ ده‌ستی كڕیــار
زه‌وی و زاری ده‌وری دێ‌..كشــــتوكاڵی لێده‌كرێ‌
ڕه‌نج :
له‌وێ‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌م..گه‌نم دێننه‌ به‌رهـــــه‌م
له‌ دوای چاندن و كێڵان..چــــــاوه‌ڕوانین بۆ باران
نڤار :
هه‌ر كـــه‌ باران ده‌بارێ‌..دڵخۆش ده‌بین به‌ جارێ‌
چونكه‌ گــه‌نم زۆر ده‌بێ‌..بۆ خه‌ڵكی شــار و لادێ‌
ڕه‌نج :
ئه‌گه‌ر ساڵێك وا ڕێكــه‌وت..باران نه‌بوو یان دوا كه‌وت
ساڵ ده‌بێته‌ وشــــكه‌ ساڵ..كار ده‌كاته‌ كشــــتوكاڵ
گوڵناز :
گه‌نم نابێت وه‌ك جــاران..له‌به‌ر نه‌بوونی بـــاران
كه‌ باران باری نـــم نــم ..ئیتر زۆر ده‌بێت گـــه‌نم
هه‌موو :
خێر و خۆشی یه‌ باران..له‌ گوند دا بۆ جوتیاران
(ئاو سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌)..ســه‌رچاوه‌ی ئاو بارانه‌
گوڵناز : وه‌رن با پێكه‌وه‌ گۆرانییه‌كیش بۆ باران بڵێین چونكه‌ ده‌مێكه‌ باران نه‌ باریوه‌ .
ڕه‌نج : باران مایه‌ی خێر و خۆشی یه‌ بۆ هه‌مووان ئێمه‌ش حه‌ز ده‌كه‌ین .
نڤار : ڕاست ده‌كه‌ی كه‌ باران ده‌بارێ‌ و یه‌كه‌مجار زه‌وی ته‌ڕ ده‌بێت ، بۆنێكی خۆشی لێدێت .
كارا : ده‌ی با به‌ خۆشی باران و بۆنی خاكه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین .
هه‌موو :
وا هه‌مـــوو چاوه‌ڕوانین..چـــاوه‌ڕوانی بارانین
زه‌ویش وشكه‌ڵ وه‌ستاوه‌..ده‌غڵ و دان تینووی ئاوه‌
گوڵناز :
چی سه‌رچاوه‌ و كانی یه‌..كاریان چـاوه‌ڕوانی یـه‌
وه‌سـتاون له‌ ڕێی باران..تا زۆر ببن وه‌ك جـــــاران
چون باران له‌ گشت لایه‌..خێر و خۆشــــی له‌ دوایه‌
كارا :
منداڵی وردیلــه‌ و جـوان ..ســــرود ئه‌ڵێن بۆ باران
پێكه‌وه‌ گشت به‌ یه‌ك ده‌نگ..به‌ ئاوازێكی قه‌شـــه‌نگ
ده‌یڵێنه‌وه‌ بێ‌ وه‌ســـــــــتان
هه‌موو :
( هـــه‌یـاران و مـــه‌یـــاران.یاخــوا داكـاته‌ باران
بۆ فـــــه‌قیر و هــــــه‌ژاران )
منداڵێكی تر : هاوڕێیان منیش ئه‌م گۆرانییه‌ بۆ گونده‌كه‌مان ده‌ڵێم .
هه‌موو :
گونده‌كــــه‌مـــان..به‌و جـــــوانی یه‌
هه‌ر شـــــــایانیگــــــــۆرانی یه‌
ده‌ی ده‌ی هاوڕێ‌.به‌ ده‌نگی خۆش
ئه‌م ناوه‌مــــــان .بۆ بێنه‌ جـــــۆش
ئێمه‌ش ده‌یكه‌ین..به‌ هـــــه‌ڵپه‌ڕكێ‌
تا به‌شــــدار بێ‌..گشت خه‌ڵكی دێ‌
ده‌یسه‌لمێنین كه‌ كوردستان
خۆشـترین جێ یه‌ له‌ جیهان
منداڵ :
گونده‌كه‌م خۆش و جـــوانه‌..ڕازاوه‌ و ئـــــــــاوه‌دانه‌
بێ‌ وێنه‌ و بێ‌ هــــاوتایه‌..هه‌ر ده‌ڵێی سه‌یرانگـــایه‌
كێڵگه‌ و باخچه‌ و سه‌رچاوه‌ی..له‌ ئه‌ڵغام پاكـكــــراوه‌ی
خێر و خۆشی گونده‌كــه‌م..لای ئه‌وان به‌دی ئه‌كــه‌م
ئه‌وه‌تا لێو به‌ خــه‌نده‌ منداڵانی ئه‌م گـــــونده‌
به‌ ســـــرود و گۆرانی..ژین پڕ ئه‌كه‌ن له‌ جـــوانی
بۆ خـــــوێندنیان ڕۆژانه‌..ده‌ڕۆن بۆ قوتابخـــانه‌
به‌ڵێنیان داوه‌ هـــه‌مووان..به‌ كۆشـــشی بێ وچان
له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌ی چـــاكه‌..خزمه‌ت بكه‌ن به‌م خـــاكه‌


له‌ كاتی ته‌واو بوونی گۆرانییه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك قوتابی ده‌رده‌كه‌ون به‌ جلوبه‌رگی قوتابخانه‌وه‌ ، ئه‌وسا سرودی ( خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی) لێده‌درێ‌ ، له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هێواشی ئیتر ورده‌ ورده‌ ده‌نگه‌كه‌ی زیاد ده‌كات ئه‌وسا هه‌موو منداڵه‌ به‌شدار بووه‌كانیش تێكه‌ڵ قوتابییه‌كان ده‌بن و سروده‌كه‌ له‌گه‌ڵ ڕیكۆرده‌ره‌كه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ تا كۆتایی دێ.
 

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک