په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

گوتوبێژی (رابه‌ر فاریق) لەگەڵ (د. موحسین ئەحمەد عومەر)دا.


د. موحسین ئەحمەد عومەر:

بۆ من ئەندازیارێکی خراپی کورد و شاعیرێکی خراپی کورد، هەمان شتن، هەمان کەرەستە فڕێ دەدەنە بازاڕەوە، ئەمیان بینای خراپ، ئەویشیان شیعری فەل و دیوانی فەل و ڕستەی تۆزاوی.

 

یەکێک لە نووسەر و ڕەخنەکار و وەرگێڕە کوردەکان (د. موحسین ئەحمەد عومەر)ە، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا توانیوێتی کۆمەڵێک کتێبی پوخت و جوان بخاتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە، هاوکاتیش لە ڕێگەی کۆمەڵە چیرۆکی (تاریی نیوەڕۆ)وە، کە یەکێک لە کۆمەڵە چیرۆکەکانێتی، تایبەتمەندیی خۆی نیشانی خوێنەران بدات و بە شێوەیەکی هێمن و دوور لە ڕەوتی شپڕێوی ئەدەبی کوردیی، لق و پۆگەلێک لە ئەزموونی نووسینی خۆی بکاتەوە. یەکێک لە کارە هەرە جوانەکانی ئەم نووسەرە ئەوەیە کە ڕۆمانی (بێگانە)ی "ئەلبێرت مامو"ی لە زمانی فرەنسییەوە، بە کوردییەکی پاراو کردووەتە کوردی، ئەمە لە پای کۆمەڵێک کتێبی تر، کە بەشی زۆریان پێوەندییان بە ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوە هەیە.
د. موحسین ماوەی چەند ساڵێک لە فرەنسادا ژیاوە، ئێستە سەرپەرشتیاری بەشی فرەنسیی زانکۆی سەلاحەدیینە. لەم گوتوبێژەی خوارەوەدا، لە بارەی کۆمەڵێک پرس، کە پێوەندییان بە ئەدەب و ڕەخنە و چەند باسی تری پێوەندیدار بە وانەی سەرەوە هەیە، ڕوانینگەلێکی خۆی خستوونەتە ڕوو، لە زۆربەی ڕوانینەکانیشیدا هەوڵ دەدات بە هێمنی و دوور لە پێشمەرج، وەرامی پرسیارەکانم بداتەوە، ئەگەرچی هەندێک جاریش وەرامەکانی کورتن، بەڵام هەردەم پوختییان تێدا دەبینرێت... وەها باشترە بە یەکەوە خودی گوتوبێژەکە بخوێنینەوە:


رابه‌ر فاریق: زۆربەی ئەو کەسانەی لە نێو کورداندا وەک ڕەخنەکار ناسراون، کاتێک دەق هەڵدەسەنگێنن، تەنیا لە دوو ڕوانگەوە تەماشای دەکەین، یانی دەڵێن: "ئەم دەقە جوانە"، یان ئەم "دەقە ناشیرینە"، ئەمەش لە کاتێکدایە، بە بێ ئەوەی هیچ یەکێک لەم دوو ڕوانینانە، تەندروست بن و پێوەندییان بە فیکرەوە هەبێت. بێجگە لەمانەش، بەشێک لە نووسەرانیش وەک "داهێنەر"، بەشەکەی تریشیان وەک "فاشیل" یان "دز" وێنا دەکەن، تۆ ئەم ڕوانگە ناڕەخنەییانە چۆن لێک دەدەیتەوە؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: تۆ خۆت لە پرسیارەکەدا وەرامیشت نووسیوە، بەو مانایەی کە هاتوویت دەڵێیت ئەمانە ڕەخنە نین. هەڵبەتە منیش لەگەڵ ئەو ڕوانینەی تۆ دام، بەڵاًم پێویستمان بەوە هەیە ڕوونکردنەوەی پتر بە خوێنەران و خۆشمان بدەین، لە بارەی پرسیارەکەوە، چونکە ئەمە شیاوی هەڵوێستەگەلێکە.
من پێم وایە، هەر تێکستێک کە نووسرا و بڵاوکرایەوە، دەبێت بخرێتە ژێر میکرۆسکۆبی ڕاڤە و لێکدانەوەی وردەوە، ئەمەش لە ڕێگەی ڕەخنەکاری وەهاوە دەبێت، کە شارەزای تیۆرە تازەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە بێت لە جیهاندا، یانی ئێمە هەموومان دەتوانین لە بارەی هەر دەقێکەوە بێت، ڕوانینمان بخەینە ڕوو، بەڵام ئایا ئەم ڕوانینانە کامانەیان دەتوانن لایەنە درەوشاوە و نەدیتراوەکانی دەقەکەی بەردەستمان دەربخەن و ببن بە کۆمەککاری خوێنەر، تا پتر لە نێواخنی دەق نزیک ببێتەوە؟ ئەم پرسیارە جەوهەرییە، یانی پێویستە هەرچی ڕەخەکاری کوردان هەن، بەرەو ڕووی خۆیانی بکەنەوە، ئەنجامەکەش دیارە و پێویستی بە گوتن و نووسین نییە، یانی بە بێ فێڵ لە خۆ کردن، وەها کەسانێک کە ناویان لێ نراوە ڕەخنەکار، تێ دەگەن خەریکی هەر شتێک بن، لە ماهیەت و بنەما هەرە سەرەکی و حاشاهەڵنەگرەکانی ڕەخنە تێنەگەیشتوون.
ئەو دیاردەیەش کە باست کرد، پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە تا ئێستە ڕەخنەی تیۆری و پراکتیکیی لە نێو کورداندا نەنووسراون و نەناسراون، ئەم سستییەی نەناسین و نەنووسینەش، بوونەتە هۆکردی ئەوەی هەندێک قەڵەمی ساکارنووس و هەندێک نووسەری بێ فیکر، بە ناوی ڕەخنەوە وەعزگەل و ڕستەگەلی بێمانا بنووسن، لەولاتریشەوە وەشانخانە و کۆوار و ڕۆژنامەکان، بە بێ ئەوەی بیانخەنە بەردەستی "لێژنەی هەڵسەنگاندن"ەوە، کە تا ئێستە لە نێو کورداندا ئەمە نییە، گوتارە ناتەواوە ناڕەخنەییەکان، بە تەواو و ڕەخنەییی بڵاودەکەنەوە، خوێنەرانیش وەک ڕەخنە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.
ڕەخنەی تیۆری و پراکتیکی و تێماتیکی و ڕاڤەیی، لە نێو کورداندا زاراوە و ڕەخنەی تازەن، ئەم ئاشنانەبوون و تازە ئاشنابوونەش بۆ سادە و ساکاریی کۆمەڵگەی کوردەواریی دەگەڕێتەوە، تەنانەت تاکەکانیشی بۆ کۆمەڵگەش.
ئێمە بە شێوەی تاکڕەهەند و تاکمەودایی بیر لە کێشە بچووک و گەورەکانمان دەکەینەوە، ئەمەش وا دەکات بەردەوام بەرەو دواوە بگەڕێینەوە و نەتوانین بە زانیاری و تیۆرە تازەکانی دنیا ئاشنا ببین و سوودی تەندروستیان لێ وەرگرین.
کۆمەڵگەی کوردی ڕوانینی قووڵی نییە، نەک هەر ئەمە، بەڵکوو هەوڵیش دەدات دەق و هەر شتێکی تر کە هەن، بە ڕاگوزەریی لێکبداتەوە و خۆی بە ڕەهەندە نادیارەکانیانەوە قاڵ نەکات.
تەنانەت کاتێک کەسێک نووسین بە ناوی ڕەخنەوە بڵاودەکاتەوە، بەوە نازانێت ڕەخنەکەی لە سەر چ بنەمایەکە، بۆ نموونە: ئایا لە سەر بنەماکانی ڕەخنەی تیۆری، یان پراکتیکی، یان سۆز، یانیش ڕوانینی تاکەکەسیی بۆ دەقێک، کە سەرنجکێش، یان بێ خوێنە، بنیاتناوە. یانی بۆ نموونە لە خۆیەوە و بە بێ گوێدان و پشتبەستن بە هیچ ئارگیومێنتێک، دێت و بە خوێنەری کورد دەڵێت: ئەم شیعرە جوانە، ئەو چیرۆکە ناشیرینە، ئەو دەقە هەردوو لایەنی لە خۆیەوە پێچاوە.
بێجگە لەمەش، تۆ دەیان نووسەری وەک ڕەخنەکار ناسراوت هەن، کە بێلایەنیی خۆیان نەپاراستووە، بەڵکوو هەردەم لایەنگیرن، لایەنگیریی چی دەکەن؟ تەنیا نووسەر و هیچی تر، ئەمەش ڕەخنە بەرەو ئاقارێکی سەرابیی دەبات و خوێنەر دەخلیسکێنێت. تا ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە ناهەڵسەنگاندنانەش بەردەوام بن، پێم وا نییە بتوانین باس لە ڕەخنەی نووسراو و گوتراوی کوردان بکەین. ناکرێت تۆ لێکۆڵەر، یان ڕەخنەکار بیت و شارەزای کۆمەڵێک ڕەهەندی زانستیی ڕەخنە و ڕاڤە نەبیت، بۆ ئەوەی بە وردی دەق بخوێنیتەوە...
ئەزیزم، ڕەخنە کاتێک و لە نێو کۆمەڵگەیەکدا دروست دەبێت و گەشە دەکات و هەڵدەتۆقێت و وەک ڕەگەکانی دار، پەل دەهاوێت و پێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و ڕەگەکانی دادەکوتێت، کە کات و کۆمەڵگەکە توانای ئەوەیان هەبێت ڕەوتێکی تەندروست بدۆزنەوە بۆ ڕێکردنیان و گەیشتنیان بەو شوێنانەی کە پێویستن، بۆ پێشڤەچوون و پتر گەشەکردنی ئەقڵی کۆمەڵگە و تاک، هاودەمیش کردنەوەی دەرگەی تر بە ڕووی ڕەخنەدا.
لە لایەکی تریشەوە، ئەوەی لە کۆوار و ڕۆژنامەکانەوە بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبی و فیکرییەوە دەیبینم و خوێندوومنەتەوە، بێجگە لە قسەی بازاڕی و ڕستەی بە ڕاداندراو و جنێو و باسکردن لە بنووس، شتێکی ئەوتۆ نین، کە بتوانین هەڵوێستەیان لە سەر بکەین و سوودیان لێ وەرگرین، هەر ئەمەشە بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەدەب پەراوێز بکرێت و نەچێتە نێو ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵانی خەڵکەوە، تەنانەت بۆ ڕۆژنامەوانیش دەتوانین هەمان خاڵ پێڕەو بکەین.
لە ئەوروپادا، لە دەرەوەی زانکۆ لێکۆڵینەوەی تیۆریی هەن، لێکۆڵینەوەگەلێکی وەها جوان و پوخت، کە دەکرێت نووسەران و باسکاران بەردەوام وەکوو سەرچاوە بگەڕێنەوە سەریان و سوودیان لێ وەرگرن، بەڵام هەرچی کوردستانە، نەک لە دەرەوەی زانکۆ، کە ئەمە حەتمییە، بەڵکوو لە نێو زانکۆشدا لێکۆڵینەوەی جیددی و قووڵ و مەرجەعیت نین، ئەمەش یەکێک لە گرفت و نەخۆشییە هەرە گەوەر و پڕ لە مەترسییەکانی نێو کولتووری کوردەوارییە.
مێژووی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی کوردی، لە سەرەتای نەوەدەکان، یان لە دوای ساڵی 2000ەوە دەست پێ دەکات، یانی ئەم مێژووە ئەزموونی نییە، یانی 10 تا 20 ساڵ وەکوو سەرەتاش تەماشای ناکرێت، دواتریش کامانەن ئەو لێکۆڵینەوە و ڕەخنە قووڵانەی لەم مێژووەدا نووسراون و وەشێنراون؟ دوور لە ڕوانینە باوەکە، دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە لە چەند دانەیەک پتر نین.

رابه‌ر فاریق: باست لەوە کرد کە ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی کوردان لە 10 تا 20 ساڵی ڕابردوو، ئەویش وەک سەرەتا، سەرەتایەکییش کە کەس نازانێت چۆنە، هەڵتۆقیون، ئەم ڕوانگەیە چۆن لە لایەن ئێوەوە دروست بوو؟ یانی دەمەوێت بڵێم: نموونەی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەکان کامانەن؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: لە کوردستاندا بنیاتی ڕەخنە و ڕاڤەی کوردی بۆ دامەزراندن و کرانەوەی زانکۆ دەگەڕێتەوە. بە کورتی: هەموو ئەو ڕەخنە و لێکۆڵینەوانەی لە نێو زانکۆکاندا نووسراون و پێشکێشکراون، بە هەر شێوەیەک بن، زۆر لەوانە باشتر و پوختتر و شیاوترن بۆ سەرچاوە، کە لە دەرەوەی زانکۆکانەوە بەرهەم هاتوون.
مەبەستم ئەوەیە کە ئەوانەی پێشکێش بە زانکۆکان کراون بە لانی کەمەوە بنچینەی زانستییان هەیە، ڕوانینی تاکەکەسەییان تێدایە، کۆمەڵێک سەرچاوەی باش لە خۆ دەگرن و نووسەرەکانیان زمانی تر دەزانن، کە ئەمەش کۆمەکیان دەکات بۆ دیتنی چەند ڕەهەندیی دەق و وردتر بوونەوە لەو ڕەهەندانە، هاوکات چەند باسی تریش، کە ڕەنگە لێرەدا نەتوانین ئاماژە بۆ هەموویان بکەین، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە هەر شتێک لە زانکۆ بەرهەم هات، ئۆتۆماتیکییەن جوان بێت، نەخێر، بەڵکوو کۆمەڵێک نووسراوەی زۆر سەقەتی بازاڕیش نووسراون، دواتریش کەوتوونەتە بەر دەستی خوێنەر و خوێندەوارانی کوردەوە، بە بێ ئەوەی کەسانێک هەبن لە دوای خوێندنەوەی لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکان، تیشک بخەنە سەر لایەنە درەوشاوە و ناتەواوەکانیانەوە.
یەکێک لە کێشە جەوهەرییەکانی کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە، کە تا ئێستە نەکراوەتەوە، نازانێت نوێخوازیی چییە، ناتوانێت تێکەڵ بە سەرچاوە تازە و جوانەکانی دنیا ببێت و ڕوانگەی جوایەز قبووڵ بکات، ئەوەش دەزانم کە ئێستە جۆرێک لە کرانەوە، یان کۆمەڵێک پەنجەرە بە ڕووی کولتووری کورداندا کراونەتەوە، بەڵام ئەمە کافی نییە، یانی ئەو کرانەوانە نەبوونەتە هۆکاری پتر بەرەو پێشچوونی ڕەوتی ڕەخنە و فیکری باسکارەکان، بەڵکوو سەرەتایەکی زۆر ساکارن، ئەگەرچی من وەکوو خۆم ئەم سەرەتایە بە باش دەزانم، تا خراپ، یان نەهێشتنی.
ئێمە پێش ئەوەی دەست بە گوتوبێژەکەمان بکەین، باسمان لەوە کرد بۆ نموونە کاتێک ئەندازیارێکی کورد بنیاتی خانوو، یان زانکۆ، یان هەر بینایەکی دادەنێت، لە بری ئەوەی ئەوپەڕی ئێستێتیکا و قووڵیی بە کارەکانییەوە دیار بن، دەبینی کە زەوقت دەکوژێت، چێژت لە کن ناهێڵێت، ئەو ڕوانینەی لە نێو چاوی تاکدا هەیە، سەرکوتی دەکات، بۆچوونەکانت دەگۆڕێت، بە بێ ئەوەی ئاگادار بیت کۆمەڵێک شتی ڕووکەش و بازاڕیی دەخاتە بەرچاوتەوە، کە نەک هەر جوانیت پێ نابەخشن، بەڵکوو پتر بێزارت دەکەن.
ڕەنگە ئەوەی من باسی دەکەم، وەکوو شتێک، یان لایەنێکی ساکار بێتە بەر چاوی خوێندەوار و نووسەر و خوێنەرانەوە، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە هەیە، نەک ئەوەی لە خەیاڵدا هەیە، نەک ئەوەی کە ئێمە ڕاستین و ئەوانی تر هەموویان هەڵە بن.
زۆربەی باڵاخانە و خانوو و بیاناکانی کوردستان، کتومت تۆپی قوڕین وەهان، کتومت ناشیرینیی وەهان، ناتوانن سەرنجکێشت بکەن بە ڕواڵەت و جەوهەریان، چونکە هەردەم ناشیرینیی بەرهەم دەهێنن و دەیاننوێننەوە، تەنانەت گەییشتووەتە ئەو ئاستەی، کە کەم کەس هەن لە نێو کۆمەڵگە و تاکی کورداندا، بتوانن ڕۆژێک لە ماڵ، یان تەنیا لە شوێنێک، یانیش لە ژوورێکدا بن، ئەمە بەشێکی هەرە زۆری پێوەندیی بەو خاڵەوە هەیە کە ئاماژەم بۆ کرد.
زەوقی گشتی، زەوقی تاک، ژینگەی کوردستان، هەموویان ڕوویان لە پۆخڵێتییەکی ئەوپەڕی کرێتیی کردووە. تۆ زۆر زەحمەتە بتوانیت جادەیەکی بێ کەموکوڕیی ببینیت، زۆر زەحمەتە بتوانیت گەشتێک بکەیت و بە لەعنەتکردن لە دەیان شت و مرۆڤ و تەنانەت ژیانیش، نەگەڕێیتەوە بۆ ماڵ، تەنانەت جار وا هەیە لە ماڵیش کێشە دروست دەبێت، کە ڕەنگە تۆ دژی بچووکترین کێشەش بیت، لەگەڵ هاوسەرت، یان منداڵت، یان هەر کەسێکی تری نێو خێزانەکەت، هاوکاتیش دەرەوەی.
ئەمانە کێشەی بچووکن، لە هەمان کاتیشدا گەورەن، یانی ئێمە لەوە ئاگادارین کە بەشی هەرە زۆری کێشەکان بە گەورە و بچووکیانەوە لە دەروونی کێشە جەوهەریی، یانیش زۆر ساکار و بیر لێنەکراوەکانەوە، هەڵدەتۆقێن.
لە نێو کورداندا دەیان نووسەری باش هەن، یانی لە توانایاندا هەیە داهێنان پێشکێش بە خوێنەران بکەن، بەڵام بارودۆخی دەروونییان تەواو نییە. من کەم نووسەرم دیوە بارودۆخی دەروونیی تەواو بێت، بتوانێت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەگەڵت دابنیشێت و کێشە بۆ خۆی، یان تۆ دروست نەکات، ئەمەش وا دەکات ڕەخنە دروست نەبێت، چونکە کاتێک ڕەخنە لە نووسەرێکی دەروونپشێو دەگریت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا و زۆربەی نووسەرانی وەهاش، ڕەنگە زۆر لە کنیان ئاسایی بێت یەخەت بگرن و جنێوت پێ بدەن و کۆمەڵێک شتی تر، کە لێرەدا ناتوانین ئاماژە بۆ هەموویان بکەین و بۆ هەر یەکێکیشیان لێکدانەوەی تایبەت و قووڵ بکەین. ئەمە پێویستی بە کات و خۆتەرخانکردن و ئارگیومێنتی قەناعەتپێکار هەیە.
بۆ من ئەندازیارێکی خراپی کورد و شاعیرێکی خراپی کورد، هەمان شتن، هەمان کەرەستە فڕێ دەدەنە بازاڕەوە، ئەمیان بینای خراپ، ئەویشیان شیعری فەل و دیوانی فەل و ڕستەی تۆزاوی.

رابه‌ر فاریق: تۆ باست لە نوێخوازیی کرد... حەز دەکەم ئاماژە بۆ ڕوانینێکی (ساڵح سووزەنی)ی شاعیر بکەین، کە لە گوتوبێژێکم، یانی لە وەرامی یەکێک لە پرسیارەکانم دا، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی نەک هەر نوێخواز، بەڵکوو نوێترخوازە، یانی پۆستمۆدێرنە. بێجگە لەمەش، دەمەوێ بۆچوونت لە بارەی ئەزموونی ئەو نووسەرانەی لە ئەوروپا و کوردستانی ئێرانەوە وەرگرم، بەو مانایەی کە ئایا هیچ یەکێک لەمانە توانیویانە نوێخواز، یان بە قەولی سووزەنی دەقی نوێترخواز (پۆستمۆدێرن) بنووسن؟ لە بارەی ڕەخنەشەوە، کە گوتت لەم 10 تا 20 ساڵەی دوایی لە نێو کورداندا دروست بووە، پێت وایە ئەم ڕوانینە ئەو شوێن و ناوچانەش بگرێتەوە کە ئاماژەم بۆ کردن، یان نەتیا مەبەستت لە کورستانی باشوورە؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: من وا هەست دەکەم نوێخوازی لە نێو کولتووری کوردیدا نییە، دەکرێت ئاماژە بە هەندێک هەوڵ بدەین، کە سەرەتایانە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە بە شێوەیی بەرفراوان ئیشیان کردبێت و بە فیعلی بڵێین ئێمە کۆمەڵێک دەقی نوێخوازمان هەن، کە هاوشانی دەقگەلێکی جوان و پێشەنگی جیهانین. دواتریش لە کن من کۆمێدیایە تۆ خۆت، لە ژیانی ڕۆژانەتدا، لە بیرکردنەوەی بەردەوامتدا نوێخواز نەبیت و باس لە نوێخوازیی بکەیت، کە زۆربەی ئەوانەی باس لە وەها نوێخوازییەک دەکەن، تەنیا لە سەروەختی نووسین، ئەویش چەند خولەک، یان کاتژمێر بیری لێ دەکەنەوە و ئیتر ناگەڕێنەوە کنی، تا سەروەختی تری نووسین.
لە بارەی نوێترخوازیشەوە، ئەم دەستەواژەیە، یانی پۆستمۆدێرن، بە هەڵە کراوەتە کوردی و بە سەقەتیش لێکدانەوەی سادەنووسی و سادەگۆییی بۆ کراوە؛ ئێمە لێرەدا حەقیشمان بە سەر ئەوەوە نییە کە کێ باس لەوە دەکات، بەڵکوو هەڵوێستە و ئێست لە سەر ئەوە دەکەین کە بەڕاستی ئەمە حەقیقەتە و ئێمەی خوێنەر ئاگاداری نین، یان هەڕەمەکییە.
با خۆمان فریو نەدەین و تۆزێک بە دروستی بڕوانین: نەک هەر پۆستمۆدێرن، بەڵکوو هێشتا شیکڵە تەندروستەکەی مۆدێرنەش نەهاتووەتە نێو فەرهەنگی کوردانەوە، ئەوانەش کە بانگەشەی وەها دەقانێک دەکەن، تەنیا خۆیان بە وەهم و قسەی ساکارەوە قاڵ کردووە، هاوکاتیش هیچ ئارگیومێنێکی متمانەپێکراویان لە کن نییە، بۆ ئەوەی خوێنەر و خوێندەواران، تا بتوانن قەناعەتیان پێ بکەن.
نازانم بۆچی بەشێک لە نووسەرانی کورد، تەنانەت ئەوانەش کە وەک نووسەری ئیدیۆل ناسراون، زاراوەکان وەها بە سەقەتی بە کار دەهێنن، لە کاتێکدا بتوانین ڕێک وەکوو خۆیان بیانگوازینەوە، بە بێ ئەوەی سەرئێشە و ئاڵۆزیش دروست بکەین. نموونەکان زۆرن، بۆ نموونە زاراوەی پۆستمۆدێرنیزم، کە تۆ ئاماژەت بۆ ئەوە کرد یەکێک لە نووسەرەکان گۆڕیویەتی بۆ نوێترخوازی، ئەمە لە سەر لە خۆ شێواندن بترازێ، هیچی تر نییە. دواتریش زمانی کوردی لە زمانە ئەوروپیەکانەوە نزیکە، یانی توانای وەرگرتنی زاراوەکانی وەک خۆیان هەیە.
دیسانەوە، کە دەڵێم ڕەخنە لە چەند ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم ئێمە تازەین، ئەمەش شتێک نییە پێویستی بە هەڵوێستەی زۆر بێت، یانی کە تۆ ڕەخنە و لێکۆڵینەوەت نەبێت و بتەوێ باسیان بکەیت، هیچ بەرهەم ناهێنیت، بێجگە لە سەرئێشە و ڕستەی پفدراو و هەرزان. بۆ نموونە، هەر کۆلێژ، یان زانکۆیەک کە دروست دەکرێت، دەبێت بە لانی کەمەوە کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی وەهای تێدا بێت، کە قوتابی و خوێندکارانی بتوانن وەکوو سەرچاوە سوودیان لێ وەرگرن بۆ لێکۆَڵینەوەی ورد و زانستی، بەڵام لێرە، لە کوردستاندا ئەمە نییە، تەنانەت مامۆستاکانیش لە ماڵەکانیان نییانە، بێجگە لەوەی ڕۆژانە تەماشای ڕۆژنامەکانیش ناکەن. بە کورتی: یانی ناخوێننەوە و ئاگاداری دەقە تازە و ئێستێتیکییەکانی نێو کولتووری خۆیان و جیهان نین.
بە نیشبەت خۆشمەوە، من لە ماڵەوە کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندم هەیە؛ تا ئێستە نەچوومەتە دەرەوە، تا داوای کتێب لە کەسێک، یان کەسانێک بکەم، دەکرێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە من تۆزێک جیاوازم، ئەمەش بە حوکمی ئەوەی گەڕاوم لە کتێبخانەکاندا، بە وڵاتانی تردا، لە دواجاریشدا توانیومە ئەرشیڤی پوخت و جوان و تایبەت دروست بکەم.

رابه‌ر فاریق: بەڵام من ویستم لە بارەی ئەو چەند ساڵەوە، کە پێت وایە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە دەستیان پێ کردووە لە نێو کورداندا، نموونە بهێنیتەوە. هەڵبەتە من ئاگادارم لە هەندێک هەوڵ، بەڵام پێویستم بە نموونەکانی تۆ هەیە. نموونەکان کامانەن؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: د. ئەحمەدی مەلا و ڕێبوار سیوەیلی و عەتا قەرەداغی، هاوکاتیش حەمەسەعید حەسەن، ڕەخنە و لێکۆڵینەوەیان هەیە، بەڵام نووسراوەکانی هەموویان دەکەونە نێو ئەو خانەیەوە، کە تەنیا دەکرێت وەکوو سەرەتا باسیان بکەین و هیچی تر. ئەو بەڕێزانە مرۆی باشن، پێوەندیی هاوڕێتیم لەگەڵ زۆربەیان هەیە، ڕەنگە کەسانی تریش هەبن کە لەگەڵ ڕەوتی ئەم سەرەتایەدا بن و من ئێستە لە بیرم نەبن.

رابه‌ر فاریق: دەمەوێ ئینسانی باش و دەقی باش، ئینسانی خراپ و دەقی خراپ، لە یەکتریی جوایەز کەینەوە، چونکە مرۆکان بە باش و خراپیانەوە، کە ئەم دووانەش وەکوو حەقیقەت ڕێژەیین بۆ هەمیشە نامێننەوە، بەڵام هەرچی دەقی باشە، بە شێوەیەک لە شێوەکان تێکەڵ بە مانەوە بووە و زەمەنێکی مەودا فراوان دەژێت، بۆیە دەمەوێ بڵێم: ئایا تۆ نووسەری باش و دەقی باش، هاوکاتیش بە پێچەوانەوە، بە یەکەوە لێکدەدەیتەوە و گرێیان دەدەی، ئەوجا لە بارەی نووسراوەکانی نووسەرەوە دەپەیڤیت و دەنووسیت؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: نا، منیش لەگەڵ ئەم ڕوانینەی تۆ دام، مەبەستیشم نییە کە تێکەڵیان بکەین، چونکە لەمێژە پێم وایە سەرەکیترین پێوەندیی دەق، لەگەڵ خۆی دەیگرێت، نەک لەگەڵ نووسەر و خوێنەر و ڕەخنەکارانەوە.
مەبەستیشم ئەوە نییە کە ئەو ناوانەی لە سەرەوەدا ئاماژەم بۆ کردن، هاوکات ئەوانی تریش، هیچ نەبن، نەخێر، بەڵکوو وەک لە پێشتریشدا ئاماژەم بۆ کرد: لە سەرەتادان، ئارەزوویان زۆرە، بەردەوام لە خەمی هەژاریی فەرهەنگی کوردانن، بەڵام هەموویان، تەنانەت ئەو نووسراوانەش کە من نووسیومن، دەکەونە نێو ئەو خانەیەوە و تەنیا سەرەتان، بۆ بیرکردنەوە و گەیشتن بە ڕەهەندی تر، بە ناسینی پتر و جوانتر و ڕاستەقینەی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی زانستی و قووڵ و ئێستێتیکی.
ئەو ساکاری و سەرەتایەی باسم کردن، پێوەندییان بە تازەیی و ساکاری و تاکڕەهەندیی ڕوانینی کۆمەڵگە و تاکی کوردییەوە هەیە. لە ڕووی شارستانییەوە، لە ڕووی سیاسییەوە، لە ڕووی ژینگەوە، لە ڕووی کولتوور و نەریتەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کۆمەڵێک ڕووی تریشەوە، میللەتی مورد تازە هەڵدەتۆقێ، یان بە مانایەکی تر؛ تازە هەستی بە بەرپرسیارێتییە سەختەکە، لە هەمبەر نووسین و ژیاندا کردووە و لە قۆناغی هەرزەکارێتیدا دەژێت، هەندێک لە تاکەکانی ئەم میللەتە خەریکە لە هەرزەکارێتییەوە بەرەو قۆناغی باڵغبوون دەچن، کە تەنیا ئەمە تۆزێک ئومێدی بە من بەخشیوە.
لە ئێستەوە کۆمەڵگەی کوردی بەرەو دامەزراندنی دەزگەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و بازرگانیی دەچێت، یانی هەموو ئەو تازەگەرییانەی لە ماوەی پتر لە 200 ساڵ لە ئەوروپادا گەشەیان کردووە و لقیان لێ بووەتەوە، تازە گەیشتوونەتە نێو کوردان و خەریکە ئیشیان بۆ دەکرێت و فێریان دەبن، ئەمەش هەردوو لایەنی لە خۆ گرتووە، هەم ئیجابی و هەم سلبی.
30 ساڵ پێش ئێستە لە گوندەکانی کوردستاندا کارەبا نەبوو، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەدیبی کورد هەموو تێکستەکانی بە بێمانایی بەرهەم هێنابێت، نەخێر، بەڵکوو ئێمە کۆمەڵێک تێکستی قووڵ و نایابمان هەن؛ مێژووی ئەدەبیمان خراپ نییە ئەگەر نایاب نەبێت...
کێشەیەکی گەورەمان هەیە، بە بێ ئەوەی درکمان پێی کردبێت، بە بێ ئەوەی کە درکمان پێی کردبێت و باسمان کردبێت، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت بە چاوێکی جوایەزترەوە فەرهەنگی خۆمان بخوێنینەوە، ڕەخنەی ئاڕاستە بکەین، لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بنووسین، هەموو ڕەهەندەکانی بخەینە بەر باس و میکرۆسکۆبەوە، تا بە کۆمەڵێک ڕەهەندی نادیارییەوە ئاشنا بین.
کاکە گیان، تۆ کە نەتوانیت بە وردی ئاگاداری بۆ نموونە ئەدەبیاتی زمانێک بیت، کە پێی بنووسیت و بیربکەیتەوە و بخوێنیتەوە، پێم سەیرە لە تواناتدا هەبێت داهێنان بکەیت و پەی بە لایەنە درەوشاوە و ڕووشاو و ناتەواو و ناشیرینەکانی نەبەیت و ببەیت، خۆ داهێنان مەتەڵ و قومار نییە، یانی پێویستی بە شارەزایی و ئاگایی و ناسینی کولتووری زمان و ڕیشاڵەکانتەوە هەیە.
پێویستمان بەوە هەیە ئیتر بە زمانی زیندوو، بە زمانێک کە زۆرینە بتوانن لێمان تێبگەن، نەک بکەوینە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگەوە، بەڵکوو لە بارەی قۆناغی کلاسیزمەوە بنووسین، لە پاڵ ئەمەشدا بە نەوعێکی تر تەماشای زمانی کوردی بکەین، کە ئەمەش بۆ خۆی کێشەیەکی گەورەی ئێمەیە لە ڕابردوو و ئێستەدا، کە نەمانتوانیوە کولتوور؛ کولتووری خۆمان بخوێنینەوە. هەرچی نووسەر و کلکە نووسەر و نانووسەر هەن، بە یەک زمان دەنووسن، تارماییی فیکر و بیرکردنەوەی وڵاتانی دراوسێ ئەویش بە ناتەندروستی بە سەر زۆرینەیانەوە دیارە.
ڕستەی کوردی پڕ بووە لە وشەی عەرەبی؛ وشەی فارسی. چەند کەسێکت نین فیکریان هەبێت، فەرهەنگی تایبەتیان هەبێت، زمانی کوردی بە باشی بناسن و ئاگاداری تیۆرە تازەکان بن، ئاگاداربن لەوەی کە: چۆن و کەی دەکەونە ژێر تارماییی کاریگەرییە ناپێویستەکان، زۆربەشیان کە دەکەونە ژێر کاریگەریی، ئەو کاریگەرییانەیان بە داهێنان دەخەنە بەردەممانەوە.
بە کورتی: کەم نین ئەو بە ناو نووسەرانەی شەڕ بە ئەدەب و سیاسەت و هەر بوارێکی تر دەفرۆشن و لە پێناو پارە و کۆمەڵێک بەرژەوەندیی لایەن و کەسان، دەنووسن و ناخوێننەوە، دەخوێننەوە، نازانن بخوێننەوە و سوود وەرگرن.
هەموو ئەوانەی باسمان کردن، ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ئێمە لە سەرەتای بیرکردنەوەی تەندروستداین، لە سەرتای بەریەککەوتنمان داین لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی دا، بۆ ئەوەی ئەم سەرەتایانەش پێگەی دروست بچەسپێنن، پێویستمان بەوە هەیە زیاد لەوەی ماندووبووین لە ڕابردوودا، ئێستە خۆمان ماندوو بکەین و بە شێنەیی و قووڵ تێکەڵ بە فەرهەنگەکانی وڵاتە دراوسێکانمان بین و خەسارەکانیش لەبەر چاو بگرین؛ بە بێ ئەمانە هەوڵەکان دەبنە پووشی دەم با.
ئێستە کۆمەڵێک دەرگە بە ڕووی کوردستاندا کراونەتەوە، پێویستە دەرگەکان زۆرتر بکرێن، ئاگاییانەتر بکرێنەوە، لە چەنجەرەی ترەوە بڕوانین و ڕوانینەکانیش وردتر و بە ئاگاییترەوە بن، ئەگەر وەهامان کرد، ئیدی لەمە بە دوا کوردستان ستاتویەکی سیاسیی ئاشکرای دەبێت، لە جیهاندا وەکوو ناسنامەیەکی سەربەخۆ و متمانەپێکراو دەناسرێت، تەنانەت ئەگەر بێتوو ئەو ناسنانەمەیە هەڵگری ناوی فیدراڵی، یان کۆنفیدراڵی، یان هەڵگری هەر ناوێکی تر بێت، بۆ ئێستەمان کێشە نییە، ئەوە کێشەیە کە نەتوانین پێوەندیی بەو کولتوور و وڵاتانەوە بکەین، کە ئەزموون و شارەزاییی گەلێک لە ئێمە پتریان هەیە، لە نێو ژیان و بەڕێوەبردنی ئەو ژیانەدا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژیان لە ئێستەدا ئەمە دەخوازێت و تۆ ناتوانیت بە تەنیا هەموو ئیشێک بکەیت و لە هەموو بنیاتنانەکاندا بەشدار بیت و خاوەن جێگە و پێگەی جێگیر و باوەڕپێکراویش نەبیت.
بە لانی کەمەوە، ئەگەر نەتوانیت خۆراکی فیکری و فەلسەفی و ڕۆشنبیری، خۆراکی سیاسی و ئابووری، لە دەرەوە وەرگریت، ناشتوانیت بە ئاسوودەیی هەناسە وەرگریت و بیدەیتەوە، تەنانەت ناتوانیت پێوەندییەکی باش و تەندروست لەگەڵ خۆت و کۆمەڵگە و کولتووریشتدا دروست بکەیت و بەرهەمت هەبێت.
بەرهەمەکانی ئەمانە، دەبن بە هۆکاری بنیاتنانی بناغەی ڕۆشنبیرییەکی فرەڕەهەندی مەزن، کە بۆ نەوەکانی دواتریش وەکوو سەرچاوە تەماشایان دەکرێت، لە پاڵ ئەوەشدا هەردەم شیاوی هەڵوێستە و تێهەڵچوونەوە دەبن. ئەگەر هاتوو توانیمان بە شێوەگەلی سیستماتیک و بەرنامەڕێژکراو ئیشەکانمان بەڕێوەبرد، ئەوکات دەتوانین کولتووری جوان و شارستانییانەی وەهاش دروست بکەین، کە لە نێوان ئێمە و دەوروبەر، لە نێوان خۆمان و خۆماندا، لە پێوەندیدا بێت.

رابه‌ر فاریق: زۆربەی ئەو نووسەرە کوردانەی لە ئەوروپا دەژین، پێیان وایە تێکەڵاوبوون بە کولتووری ئەوروپی، یانی بەشێک لە فیکریان سەرچاوەکەی بۆ کولتووری ئەوروپی دەگەڕێتەوە، ئەگەر بێتوو بە وردیش تەماشای ئەو نووسراوانەیان بکەین کە بەرهەمیان هێناون لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا، دەبینین ڕەنگدانەوەکە بەو شێوەیە نییە کە باسی لێوە دەکەن، ئەم ڕاستییەش لە نالییەوە تا ئێستە درێژەی کێشاوە، بەو مانایەی لە بری ئەوەی نووسەران و ئەدیبان، نووسین و ئەدەبی شادمان بەرهەم بهێنن، بەشی هەرە زۆریان نووسین و ئەدەبی نیگەرانیان بەرهەم هێناوە. ئەدیب و نووسەری کورد بەردەوام خۆی دەخاتە خەڵوەتەوە، بەردەوام بە دوای نیگەرانیدا دەگەڕێت، لە کاتێکدا نیگەرانی لە ئەنجامی بیرکردنەوە لە کێشە و دنیا، بە بێ ئەوەی مرۆڤ بیەوێ، دروست دەبێت. تۆ چی دەڵێیت لە بەرانبەر ئەو ئەدەبەی نیگەرانیی بەرهەم دەهێنێت و بووەتە هۆکاری ئەوەی خوێنەریش بێتاقەت بکات، نەک تەنیا باس لە نیگەرانی بکات؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: ئەوەی تۆ باست کرد، پێوەندیی بە حاڵەتی سایکۆلۆژیی مرۆڤەوە هەیە. مرۆڤ قەت ناتوانێت نیگەران نەبێت، هەموو مرۆڤێک، تەنانەت ئەوانەش کە ئێمە پێمان وایە بیرناکەنەوە، بیردەکەنەوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا تەواو نیگەران دەبن لە هەمبەر هەر دۆخ، یان حاڵەتێکدا، کە دێتە بەردەمیانەوە.
مرۆڤ کاتێک شوێن بە جێ دێڵێت، بە تایبەت نیشتمان، یانی کە دەکەوێتە تاراوگەوە، تووشی وەها حاڵەتێک دەبێت و پێویستیش وایە خوێندنەوەی سروشتیی بۆ وەها حاڵەتێک بکرێت، لەبەر ئەوەی هەر کەسێک لە پێوەندیدایە لەگەڵ شوێن، کۆمەڵێک کەس، هەندێک دار و دیمەنی سەر ڕێگەی ڕۆژانە و شتی تر، بۆیە ناکرێت هەموو هەمانە و ئەوانی تریش پەراوێز بکرێن و ئێمە تەنیا لە سەر ئەوە لەنگەر بگرین کە بۆچی نووسینی وەها نووسەرانێک بووەتە خودی نیگەرانیی. ئەو تەجرەبەی نووسینە، تەنیا نووسەری کورد ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو وڵاتانی تریش. بە کورتی: تەجرەبەی جیهانییە و لە زۆربەی کاتیشدا نووسەر بە بێ خواستی خۆی لە شوێنێکەوە بەرەو شوێنێکی تر دەچێت، کە زۆربەشیان لە هەموو دۆخێکدا هەست بە نامۆیی، یان ناشوێن دەکەن.
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان، یەکەم شاعیری مەنفایی (ئۆڤید)ی ڕۆمانیایییە، کە ئەم شاعیرە سەر بە سەردەمی ڕۆمانیی کۆنە، کە لە قەڕنی 1ی پێش زایین ژیاوە و لە لایەن هاونیشتمانانی خۆیەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، کە تا 30 ساڵ ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، لە سەروەختی گەڕانەوەشیدا دەڵێت نیشتمان یادوەریی منی شێواندووە، ژیانمی بە ڕەوتێکی دژ بە خواستی خۆم وەرچەرخاندووە. ئەو نموونە مێژووییەی هێنامەوە، شتێکی ترە، هاوکاتیش پێوەندیی بە وەراممەوە هەیە.
هەندێک جار مەنفا لە خودی نووسەر خۆیەوە دروست دەبێت، مەنفا لە خودی مرۆڤدایە، نەک لە شوێنەکان، هەر وەختێکیش نووسەری داهێنەر هەستی بەم حاڵەتە نائیرادەییە نەکرد، داهێنانەکانی بەرەو لە نێوچوون دەچن. کەم نین ئەو نووسەرە کوردانەی لە نێو کوردستاندا دەژین و ئەگەر لە هەر وڵاتێکی تری ئەوروپیدا بژین، بارودۆخی سایکۆلۆژییان باشتر دەبێت، کە پێم وایە ئەو شپرزەییە دەروونیشەش پێوەندییەکی توندوتۆڵی بە خودی پرۆسەی داهێنانەوە هەبێت. ئەدەب مادام لە کێشەی ئینسان دەدوێت، کەواتە ناتوانێت لە نیگەرانیی دوور بکەوێتەوە، ناتوانێت خۆی لە خەمە گەورە و بچووکەکان جوێ بکاتەوە، ئەمە نەکردەیە بۆ ئەدەبی ڕاستەقینە. مارسێل پرووست، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، تۆلستۆی، ئەلبێرت مامو و کۆمەڵێک ئەزموونی تریش، هەموویان باس لە کێشە جەوهەرییە هەرە شاراوە و ڕاستەقینەکانی ئینسان دەکەن و ناکرێت ئێمە بپرسین بۆچی ئەمانە ئەدەبی نیگەرانیان بەرهەم هێناوە، کە ئەمەمان پرسی، دەبێت بێینە سەر ئەو باسەش کە بۆچی باس لە کێشەکانی ئینسان دەکەن، کە هاتینە سەر ئەم خاڵە، ئیدی بێدەنگ دەبین، چونکە وەکوو پێشتریش ئاماژەم بۆ کرد، ئەدەب لە کێشە مرۆییەکان بەدەر نییە، تەنانەت ناشتوانێت بکەێتە دەرەوەیانەوە.
چەندین شاعیر هەن کە مەنفا دروستی کردوون، لێرەشدا مەبەستم لەو کەسانەیە کە پێشر هەوڵی تاکەکەسی و بیرکردنەوەی قووڵ و تایبەت بە خۆیان هەبووە. دواتریش غەمگینی و شادمانیی قەت لە یەکتریی جوایەز نابنەوە، یانی ئەم بەشێکە لەو، ئەویش بەشێکە لەم. بە کورتی: هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە بەرەوڕوومان دێن، کە ئەویش کێشە ئینسانییەکانە.

رابه‌ر فاریق: بەڵام مەبەستی من ئەوە بوو کە ئەدەبی کوردیی مەنفایی، جگە لەوەی نیگەرانییەکانی مرۆڤ دەنووسێتەوە، خوێنەریش نیگەران دەکات، ئەم وێنایە بۆ ئەدەبی بەرهەم هێنراوی دوای ڕاپەڕینیش بە هەمان شێوە لە بەردەمماندا قوت دەبێتەوە. لێرەوە دەمەوێ باس لەوە بکەین کە ئەمە پێوەندیی بە چییەوە هەیە؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: هەڵبەتە من پێشتر باسم لەوە کرد کە ئەدەبی کوردی لە مەنفا جوانیی خۆی هەیە. لە بارەی ئەوەشەوە کە هەم ئەدەبی مەنفایی، هەمیش ئەدەبی دوای ڕاپەڕین خوێنەر نیگەران دەکەن، دەکرێت بڵێین نووسەرانی وەها هەموو وجودی خۆیان بۆ نێو ئەدەب، یان نووسراوەکانیان ناگوازنەوە، ئەمەش گرفتی سەرەکیی بەشی هەرە زۆری ئەو نووسەرانەیە کە بە درێژاییی مێژوو و تا ئێستەش وەک ئەدیب و نووسەری کوردی دەرکەوتوون. نووسەر هەر کاتێک توانای ئەوەی هەبوو خۆی لە ئەدەبدا بەرجەستە بکات، هەر کاتێک لە توانایدا هەبوو باش بخوێنێتەوە و سوود وەرگرێت، ئەدەبی وەها بەرهەم ناهێنێت کە خوێنەر بێتاقەت بکات. من دەتوانم دۆستۆیڤسکی بخوێنمەوە، بە بێ ئەوەی نیگەران بم لە خۆم، بەڵام لە هەمانکاتدا نیگەران دەبم لە دۆخی ژیان، لەو هەموو کێشە بێمانایانەی هاتوونەتە بەردەممانەوە، بە بێ ئەوەی خۆمان بکەری ئەو کێشانە بین.
بەشێک لەو شاعیرە کوردانەی ڕوویان لە تاراوگە کردووە، تەنیا بە کۆمەکی سۆز دەنووسن، سۆز بۆ شوێن و کۆمەڵێک کەس. هەڵبەتە من دژی ئەوە نیم کە سۆز لە نێو نووسیندا هەبێت، لە نێو شیعردا هەبێت، بەڵام نابێت هەموو کەرەستەکان لە سۆزەوە سەرچاوە بگرن، من ئەمە بە ڕاست نازانم. ئەدیب پێویستی بە قووڵبوونەوە و بیرکردنەوەی بەردەوام و گەڕانی بەردەوام هەیە، بەڵام چەند شاعیر و نووسەرێکیان لێ دەرچێت، بەشی هەرە زۆری ئەو شیعر و نووسینانەی لە تاراوگەوە بەرهەم هاتوون، بە سەرکەوتوو نازانم. نووسین بە بێ فیکر ئیشکردنە لە نێو وەهم دا، هەر کاتێک نووسەری کورد توانای هەبوو بە سەر ئەو وەهمەدا زاڵ بێت و بنیاتی فیکریی لە پشت نووسینەکانیەوە بینران، ئەو کاتە دەتوانین وردتر باس لە ئەزموونەکان بکەین و لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە بیانخوێنینەوە.
بە دەیان شاعیری وەهامان هەن کە چوونەتە مەنفا و کۆمەڵێک نووسینی سەیریان بە ناوی شیعرەوە بڵاوکردووەتەوە و هیچ ئیحساسیان لە کن خوێنەر دروست نەکردووە، تەنانەت بوونەتە هۆکاریش بۆ ئەوەی پتر زەوقی خوێنەری کوردی بشێوێنن و بەرەو هەڵدێر بە کێشی بکەن، ئەمانە کێشەی گەورەن، بەڵام نووسەری کورد هەر بیریشیان لێ ناکاتەوە، نەک بە دوای هۆکارەکانی دروستبوونیاندا بگەڕێت.

رابه‌ر فاریق: نموونەی ئەو شیعرە کرێتانە کامانەن؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: من نموونە دەهێنمەوە، بەڵام ئەم نموونە هێنانەوەیە کێشەمان بۆ دروست دەکات و کۆمەڵێک کەس دەڕەنجێن و کۆمەڵێکی تریش شادمان دەبن بەوەی نووسەرانی تری هاوزمانیان ڕەخنەیان ئاڕاستە دەکرێت.

رابه‌ر فاریق: لە سەرەوە باسم لەوە کرد، کە پێویستمان بەوە هەیە لە ژێر کاریگەریی سۆز و ڕقبەرایەتی دوورکەوینەوە، هاوکاتیش ئارگیومێنت بۆ ڕستە و نووسینەکانمان بێنینەوە، بۆیە دەمەوێ تۆش نموونە بهێنیتەوە. نموونەکان کامانەن؟
د. موحسین ئەحمەد عومەر: ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستان، لە ئەوروپادا شیعریان نووسیوە، تەنیا ئەحمەدی مەلا بە شیعرەکانی سەرنجکێشی کردووم، کە دەتوانم بڵێم ئەو تەجرەبە شیعرییە، یەکێکە لە تەجرەبە ئێستێتیکی و قووڵەکانی شیعری مەنفاییی کوردی، کە پێم وایە لە دوو ئاستدا کاری کردووە، ئاستی یەکەم: ئیشکردن لە نێو کێشەکانی مرۆڤدا، بە تایبەتیش تاک، ئەمە وەک یەکەیەکی سایکۆلۆژیی، ئاستی دووەمیش: ئیشکردن لە نێو دیدی کەسی مەنفایی، کە ئەم ئەزموونە بۆ من جێگەی بایەخ و تایبەتمەندیی خۆیەتی و دەکرێت قسەی زیاتری لە بارەوە بکەین.
ئەزموونی تریش هەن، بۆ نموونە ئەزموونی نەزەند بەگیخانی، کە لە مەنفادا شیعری نووسیوە و تا ئاستێک توانیویەتی وردەکاریی جوان لە نێو شیعرەکانیدا تەوزیف بکات. فەرهاد پیرباڵ 1 تا 2 قەسیدەی جوانی مەنفاییی هەن و بۆ من وەک خوێنەر ڕوانینیان تێدایە.
لە بارەی ئەو ئەزموونانەشەوە کە پێم وایە لە شیعری مەنفاییدا جوانییان تێدا نییە، دەکرێت فەرهاد شاکەلی بە نموونە بهێنمەوە، ئەمە تەنیا بۆ شاکەلی وەها نییە، بەڵکوو ڕەنگە بۆ هەموو ئەوانی تر وەها بێت، تەنیا ئەحمەدی مەلا نەبێت، کە بەرەو نزیکبوونەوە لە تەجرەبەی کامڵ دەچێت.
بە کورتی: بێجگە لە ئەحمەدی مەلا، من هەموو ئەزموونەکانی تری شیعری مەنفایی بە ناتەواو و ناهاوسەنگیی دەبینم. لێرەشەوە دەبێت بڵێم پێویست ناکات ناوەکان ڕیزکەم، لەبەر ئەوەی جوانەکانم دەستنیشان کرد، ئیدی دیدی من بۆ هەموو شیعرە بەرهەم هاتووەکانی تاراوگە بە ڕوونیی دیار دەکەوێت.

رابه‌ر فاریق: لە دوای ساڵی 2000ەوە کۆمەڵێک گەنج، کە هەم جورئەتی جوایەزیان هەیە بۆ نووسین، هەم وەکوو نەوەی دوای ڕاپەڕینیش نین، دەرکەوتوون، یانی ئەم نەوەیە لایەنی ڕۆشنبیریشیان باشە، ئەگەرچی لەمێژیش نییە دەنووسن. ئاگاداریت لە ئەزموون و هەوڵەکانیان؟ کێن ئەوانەی لەم نەوەیە نووسینەکانیان سەرنجکێشیان کردوویت؟
د. موحسین ئەحمەد عومەر: من نازانم ئاستی ماریفییان چەندە، بەڵام هێندە هەیە کە ئاگادارم لە هەندێک لە نووسینەکانی ئەوانەی باسیان دەکەیت، لێرەشدا تەنیا دەتوانم لەسەر دوو ناو بوەستم، کە نووسینەکانیان سەرنجکێشیان کردووم، ئەوانیش (رابه‌ر فاریق) بە نووسینی (خۆم، وەک کەسێکی بێ کەڵک)ە، کە لە ژمارە 3ی کۆواری (وێران)دا بڵاوبووەتەوە، هاوکاتیش چەند پارچە شیعرێکی کەسێکی تر، کە ناوی (ڕێبین ئەحمەد خدر)ە و شیعرەکانیشی لە هەمان بڵاوکراوە و لە هەمان ژمارەدا بڵاوبوونەتەوە. من بۆ خۆم چێژم لە نووسینەکان و شیعرەکان وەرگرت، هەستیشم بە جوایەزییان کرد، هەم لە ڕووی ڕوانین، هەمیش لە ڕووی نووسینەوە. ئەم قسانەش لە کاتێکدا دەکەم کە هیچ یەکێک لەم دوو گەنجانە هاوڕێم نین.

رابه‌ر فاریق: ئێستە لە ناوەوەی کوردستاندا دەستەواژەی داهێنان بووەتە دەستەواژەی سەر زاری تەنانەت ڕۆژنامەنووسانیش. بە کورتی دەمەوێ بزانم: داهێنان چییە؟ کێن داهێنەرە کوردەکان؟


د. موحسین ئەحمەد عومەر: داهێنان پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بە کۆمەڵێک قۆناغی سەرخت و نادیاردا تێدەپەڕێت، بەربەستی زۆر دەخرێتە بەردەمیەوە، دوژمنی گەلێک زۆر بۆ خۆی دروست دەکات، هەڵبەتە مەبەستم ئەو داهێنانەیە کە لە کوردستاندا دەکرێت، دەنا ڕەنگە لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی مەسەلەکە ئێجگار وەها ئاڵۆز نەبێت.
ئێمە ناتوانین ئەمڕۆ نووسینێک بخوێنینەوە و یەکڕاست و بە بێ هیچ لێکدانەوەیەک بڵێین داهێنانە، یان نووسینی بێمانایە، چونکە هەردووکیان مێژوو و داهاتوو بڕیاریان لە سەر دەدات، خۆ ڕەنگە هەندێک پێشبینیش هەبن، بەڵام ئەم پێشبینییانە پێویستیان بە بەڵگە و ڕوونکردنەوە و خوێندنەوەی قووڵ و ماندووبوون هەیە.
لە ئێستەدا بەکارهێنانی دەستەواژەی داهێنان بووەتە مۆد، کتومت وەک ئۆتۆمبێل و پانتۆڵ و قەمیس و هەر شتێکی تر، کە هەندێک ئەدیبی کوردی وەها دەنووسن و هەندێک بە ناو ڕەخنەگریش وەکوو داهێنەر وێنایان دەکەن، بەڵام پێویستە بیرمان نەچێت کە ئەمانە لەگەڵ بەسەرچوونی هەر ڕۆژگارێک، هەست بە بەسەرچوونیان دەکرێت.