په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠١٢

هاوکێشەکانی ناوچەکە دەگۆڕێن و دەسەڵاتی کوردیش ترسنۆکه‌!

مه‌هدی حه‌مید      


بە مەزندەی من قەیرانی سیاسی ئێستای عێراق لە سەر تاریق هاشمی و سالح موتلەگ و هەندێک لە لێکەوتەکانی کە لێکەوتەی دیکه‌ی بە دواوەیە وسەرەتایەکە بۆ بەدەرکەوتنی هاوکیشەی نوێ لە رووبەڕوبونەوەکانی هێزە سیاسیە عێراقییەکان بە کورد و عەرەبی شیعە و سونە و بگرە وڵاتانی ناوچه‌که‌ش بە تایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لە سەر عێراق هەیە یان کارتێکردنەکانی عێراق دەیانگرێتەوه‌.

 

بە بۆچونی خۆم نەک لەو قەیڕانە سیاسیەی نوێیەی عێراق دوو پارتی دەسەڵاتی کوردی خۆیان ساغ نەکردۆتەوە کە ئاخۆ خۆیان زیاتر بە ئاراستەی مالیکی دەبەن یان عێراقیە بەلکو کورد ئەجندای دیاری کراوی خۆی و پلانی خۆشی بۆ ئەو مەسەلەیە نییە و ئه‌وه‌ لە لایەکەوە هه‌روا لە لایەکی دیکه‌وە نەک ئێستا بەلکو پێشتریش هەردو پارتی دەسەڵات ئەگەرچی بە یەکەوە رووبه‌ڕووی قەیرانی لەو بابەتانە دەبوونەوە، بەڵام لە ناوخۆشیان بە ئایدیا و ئەجندای جیاوازەوە مامەلەیان دەکرد و لە دوا جاردا کورد وا لێدەکەن کە مایه‌پووچیی و هەندێک جاریش بە زیانەوە لە ناو قەیران یان هاوکێشەکان دەرچێ.


کورد لە سەرەتادا وەها خۆی نیشان دا کە لایه‌نگیری تاریق هاشمین و نایەڵن لە بەغدا دادگایی بکرێ و مالیکیشیان بەوە تاوانبارکرد کە تاکو ئێستا پابەند نەبووە بە رێکەوتننامەکەی کۆنگرەی هەولێر و بۆ چارەسەرکردنی بارەکەش دەبێ کۆنگرەیەکیتر لە هەولێر ببەسترێ و دەبێ دادگاییکردنی هاشمیش لە کوردستانەوە بێ.


ئەوەی لە سەر زه‌مینه‌ی واقیع ئێستاکە خۆی نیشان دەدا، کۆنگرەی داهاتوو لە بەغدا دەکرێ و دادگایی هاشمیش لە بەغداوە دەبی و مالیکیش بەردەوامە لە سەر گوشارەکانی و دادگاییکردنی هاشمی. بەڕێز مەسعود بارزانیش رۆژێک ده‌بێژی ناچمە بەغدا بۆ بەشداریی کۆنگرەی داهاتوو و رۆژێک ده‌بێژی دەچم یان نوێنەر دەنێرم و ڕۆژێکیش ده‌بێژی چوون و نەچوونی من بۆ کۆنگرەی وەها لە ژێر ئەو پالەپەستۆیانەی دەولەتی یاساو مالیکی چ سوودێکی دەبێ. مام جەلالیش له‌ پێناو پۆستە سەرۆک کۆمارییەکەی کوردی لا گرنگ نییه‌! لایەنی کوردی نەک نەیتوانیوە ببێتە لایەنی هێرشبەر بەلکو ناتوانێ تۆپەکە لە گۆڕەپانەکەی خۆشی دوور بخاتەوە.


مەسەلەکە هەر لەو شوێنە خۆی نابینێتەوە وەک بگوترێ دەسەڵاتی کوردی خوێندنەوەی نوێی بۆ هاوکیشە نوێیەکانی ناوچەکە نییە و ناتوانێ خۆی لە گەڵدا رێکبخا بەلکو ناتوانی یان ناوێرێ یان بەرژەوەندیەکانی ئەو رێگایەی پێ نادا کە بە پیر هاوکێشە نوێکانه‌وه‌ بچێ. مالیکی لە سەر دۆسیه‌ی سوریا بە ئاشکرا و چاونه‌ترسانه‌ پشتیوانیی لە رژێمی سوریا و پێشنیاری ئێران کرد و دەکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکان و دەسەڵاتی کوردیش بە بێ بیرکردنەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان رەدوودەکەون. کەچی سوننەی عێراقی وەک بزووتنەوەی گۆڕان و باڵی دینیی کوردی لایه‌نگیریی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەن.

 

کەواتە هاوکێشە نوێکان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی کوردی و لایەنی سوننی عێراقی بۆ شۆرشگێرانی سوریا لە ئێستاوە خۆی نیشان دەدا و بە دیوە پێچەوانەکەی لایەنی دەولەتی یاسا و شیعەکان لایه‌نگریی خۆیان بۆ سوریا و ئێران نیشان دەدەن و ئەمەریکاش وێڕای ئەوەی بە خۆی و بە ئەوروپییەکان لەسەر ئێرانیان توندکردووە و نایەڵن نەوتی ئێران لە بازاڕی جیهانیی بفرۆشرێ، بەڵام لە سەر دۆسیه‌ی عێراق تا رادەیەک یان بێدەنگە یان بە لەسەرخۆیی رووبەڕووی کیشەکان دەبێتەوە وەک وا بێ کە هێشتا چاوەڕوانی روونبوونه‌وه‌ی نوێی هاوکێشەکانی ناوچەکە بێ و ئینجا دوا قسەی خۆی بکا.


هەمووشمان دەزانین کە مالیکی ئێستا گوشار دەکاتە سەر سوننەکان و گوێش ناداته‌ کوردەکان، لەبەر ئەوەیەتی کە لە لایەکەوە گوشاری ئێرانی یان بە بەرنامەی تاران کار دەکا و دەیەوێ بە نائاماده‌گیی ئەمەریکییەکان کۆنتڕۆلی شیعەکان بە تەواویی بچەسپێ. لایەنی سونە وەک مەزهەب و عێراقیە وەک دەرکەوتەی نوێنەری سیاسییان لە هەموو جارەکانی پێشتر یان جیا لە جارەکانی پێشتریان گوشاریان لە سەر کورد گۆڕیوە بۆ کۆمەککردن و هاوکارییکردنیان. ئەو دوو دیمانە تەلەفزیونییەی (که‌ی ئێن ئێن) بە جودا لەگەل تاریق هاشمی و سالح موتلەگ بە ئاشکرا لە قسەکانیان وه‌دەرکەوت کە ئێمە تەنیا لە گەڵ کوردەکان دەتوانین هاوکیشەی باڵادەستی شیعەکان بپارێزین.


لایه‌نگیریی کوردەکان بە مەرج لە گەڵ سوننەکان، تورکیای لێ دەرچێ بە مەزندەی من هیچ زیانێکی پاشەڕۆژی کوردی لێ ناکەوێتەوە بە تایبەتی لە هەڵومەرجی ئێستای ناوچەکە و لە ژێر ڕۆشنایی شنەبای بەهاری عەرەبی.


دەبێ ئەوە بڵێین پشکی گەورەی دەسەڵاتی سیاسی لە ناو گۆڕانکارییە نوێکان بەر باڵیی دینیی سوننە دەکەوێ و لەو نێوەندەدا کارتێکردنە شیعەییەکان یان فراوانخوازی ئێران بە ناوی شیعەوە ئەو گرنگییەی جارانی پێوە نامینی. ئێستاش کە کوردەکانی سوریا شانبەشانی عەرەبەکان بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان دەکەن و ئەگەر کوردی لای خۆشمان بە نوێنەرە سیاسیەکانیشیانه‌وه‌، هاوڕا بن لەگەڵیان، ئەوه‌ لە رێگەیەوە دیالۆگی کوردی و عەرەبی لە سەر بەرژەوەندیی هاوبەش هەنگاوی باش دەهاوێژێ.


هەر ئێستا لە بەر دژە تورکیا نەبێ بۆ خۆپیشاندانەکانی سوریا، ئەوا لە رێگەیەوە مەرگی رژێمی سوریا خێراتر دەبێ. هەق وایە هەموو دیالۆگە سیاسیەکانی کورد و سوننە، لە ئاستی عێراق یان ناوچەکە بێ، دەبێ نەیەڵن کاریگەریی تورکیا بۆ بێ رۆڵکردنی کوردەکان بەردەوام بێ. واتە کوردەکان لە دیالۆگیان ئەو خاڵە بکەنە مەرج کە نابێ سوننەکان بە بەرنامەی تورکەکان بڕۆن بۆ دژایەتیکردنی دۆزی کورد.


بە داخەوە ئەو دوو ناوەندە دابەشبوونەی دوو پارتی دەسەڵات هی یەکیەتی بە لای ئێران و هی پارتیش بەلای تورکیا هیچ سودێکی نەبووە و نابێ بۆ کوردەکان بە تایبەتی لەو گۆڕانکارییە نوێیانە.


کاتێ کە سالح موتلەگ لە دیمانە تەلەفزیۆنییەکەی دان بەوەدا دەنێ کە سوننە و کورد بە پێکەوەیی دەتوانن زۆرایەتی شیعە بڕەوێننەوەو بە دوایەوە هاوکێشە سیاسیەکان وایان لێ دێ کە هیچ لایەنێک نەتوانی ئەوه‌کانی تر پشتگوێ بخا. من مەبەستم لەوە نییە کە ئەو سەرکردە عەرەبە سوننە، راستگۆیە لە دەربڕینەکانی بە تایبەتی کە پێشتر رۆڵی خراپی هەبووە بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەڵام سونەتی سیاسیش لە عێراق و ئێستاکە و پاش رۆیشتنی ئەمەریکییەکان و خۆپاراستن لە کۆنترۆلی ئێران هەر وا دەبێ. سوننەکان ناتوانن وەک سەردەمی سەدام لە دژی دۆزی کورد بوەستنەوە چونکە ئێستاکە نەیاری گەورەتریان واتە دەسەڵاتی شیعە و ئێران لە دژیانن.

 

لەبەر کوردی ئێران نەبووایە ئێران و شیعەکان هەموو شتێکیان دەکرد ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی هاوکێشەی کورد بە لای خۆیاندا ببەن. ئێستاکە وێڕای مەترسییان لە بزاڤی کوردی ئێران کەچی هەموو تواناکانیان بەگەڕخستوە تاکو دوو پارتی کورد، بە لای خۆیان راکێشن و سەرکەوتنیشیان بە دەست هێناوە. کەواتە هاوکێشەی کورد نەک هەر لە عێراق بەلکو سوریا و ناوچەکەشی بخەپاڵ بۆ هاوکێشە سیاسیەکان گرنگە. باڵی سوننی ئەگەر بە هاوکێشەی کوردی بزانن، پان ئێرانیزم و پان شیعە لە خۆیان دووردەخەنەوە، بە دوایەوە لە سەر مادەی ١٤٠ نەرمیی دەنوێنن. دەبێ ئەوەش بڵێین بەهێزبوونی پەیوەندیی کورد و سوننە، پێگەی کورد لە ناو وڵاتەکانی کەنداو و میسرو ئەردەن و ئەوه‌کانی دیکه‌ش بە هێز دەکا و دەبێتە هۆکارێکی یاریدەدەریش بۆ بوژانەوەی بزاڤی سیاسی و نیشتمانیی لە پارچەکانیتری کوردستان.


راستە کۆششه‌کانی تورکیا لەو بەهاری عەرەبییە بۆ ئەوەیە کە بە ناوی دین بێ یان بە ناوی پاڵپشتییکردنی تورکیا بێ، شوێنگەیەک بۆ خۆی پەیدا بکا لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، بەڵام ناوەندی هزریی و سیاسی و دیموکراتی بۆ لەمەودوا میسر دەبێ نەک تورکیا و ئێران و لەو نێوەندەشدا ئەوان بە ئەجندای خۆیان کار و کاردانەوە دەکەن نەک حیساب بۆ هیج چەترێکی ئێرانی و تورکی بکەن لە مامەلەکردنەکانیان لەگەڵ باری ناوچەکە.

 

ئەگەر په‌یوه‌ندییه‌کانی لایەنی کورد و سوننە بە ئاقاری باشدا بڕوا بە دوایەوە دیالۆگی کورد و عەرەبەکانیش هەنگاوی باش دەنێ و بە دوای ئه‌وه‌شه‌وه‌ کاتی ئەوە دێ وەک سەردەمی جەمال عەبدولناسر قاهیرە ببێتە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەی ئاشتیانەی کورد نەک ئەمەریکا و ئەوروپا و تاران و ئەنقەرە.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک