په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠١٧

هەڵبژاردنی بەریتانیا و سێ ئەنجامی گرنگ! 

هیوا ئەحمەد      

شکستی تێریزا مای و بەرەی راست.


تیریزا مای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی پارتی کۆنسەرڤەتیڤ وەک نوێنەری بەرەی ڕاستی بۆرژوازی بەریتانیا بە لوتبەرزییەوە وادەی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختەی، بۆ ٨ی ئەم مانگە کە دوێنێ بوو، دیاریکرد تا ببێتە مارگرێت تاتشەری (ژنە ئاسنینەکەی بۆرژوازی) دووەم بۆ سەرجەم بەرەی ڕاستی بۆرژوازی. ئەم بڕیارو نەخشەیەشی بۆ ئەو ئامانجە بوو کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە سەرجەم بۆرژوازی و کۆمەڵگەی بەریتانیا بهێنێتە پشتی خۆی بۆ بردنە پێشەوە و بەئەنجامگەیاندنی سیاسیەتە ڕاستڕەویەکانی لە پەیوەند بە کێشە ناوخۆییە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەکان و ئەنجامدانی سیاسەتەکانی بەرەی ڕاست لە پرسی گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پڕۆسەی هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لەو یەکیەتیە ئابوری و سیاسیە. هەروەک خۆی لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەیدا بانگەشەی بۆ دەکرد دەیویست ببێتە سەرکردەی "بەهێز و ڕاوەستاو" و هەڵبژێردراو و براوەی زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمانی بەریتانیا. بەڵام نەک هەر زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەبەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشتر بەدەستنەهێنا بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە کورسیەکانی لەدەستداو ئەنجامی دوێنێی هەڵبژاردنەکان کارەساتێکی گەورە بوو بۆ خودی خۆی وپارتەکەی و لە براوەی ڕەهاوە بوو بە براوەی لاوازی پەرلەمان. نەک هەر ئەوە بەڵکو بەهۆی ئەم ئەنجامە نەخوازراوە وە بۆ پارتەکەی، ئێستا خودی مانەوەی تیریزامای لە پۆستی سەرۆکی پارتی کۆنسەرڤەتیڤ و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چۆتە ژێر پرسیارەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکرێت نەک هەر لەدەرەوەی پارتی کۆنسەرڤەتیڤدا بەڵکو لەناو خودی پارتەکەی خۆیدا دەنگەکان بەدژیدا زیاتر بەرزدەبنەوە.


ئەنجامە چاوەڕوانەکراوەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختە بۆ تیریزامای و پارتی کۆنسەرڤەتیڤ و سەرجەم بەرەی ڕاستی بۆرژوازی ئەوەندەی تر بۆرژوازی ئەم وڵاتەو بەرەی ڕاستی توشی بێئاسۆیی و سەرەگێژە و ناجێگیری دەکات لە ڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە، بەتایبەتیش لەپەیوەند بە ئایندەی پەرلەمانی هەڵواسراو و دروستکردنی حکومەتێکی هاوپەیمانی و گفتوگۆکان سەبارت بە هاتنەدەروە لە یەکێتی ئەوروپا کە ئەمەش بۆخۆی کاریگەریەکی گەورەی خراپ ونێگەتیڤی دەبێت لەسەر باری ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە و قەیرانەکان ئەوەندەی ترقوڵتر وتوندتر دەکاتەوە.


شکستێکی تری راسیسم و فاشیزم.


ئەنجامێکی گرنگی تری هەڵبژاردنی پێشوەختە سڕینەوە و ڕاماڵینی پارتی سەربەخۆی بەریتانیا بوو، کە پارتێکی ڕاسیست و فاشیست و دوژمنێکی سەرسەختی پەنابەرو کۆچبەرو بێگانەکانە و باڵی ڕاستی توندڕەوی جیابوەوە لە پارتی کۆنسەرڤەتیڤە. ئەم پارتە ڕاسیست وفاشیستە کە لایەنگری سەرسەختی هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بون و بەهۆی گەشەکردنی تەوژمی ڕاسیستیەوە لەم ساڵانەی دوایدا هەژمون و ژمارەی کورسیەکانیان لە پەرلەماندا تا ڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردبوو, لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا سەرجەم کورسیەکانیان لەناو پەرلەماندا لەدەستدا و یەک شکستی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ ئەم ڕەوتە ڕاسیست و فاشیست و دژی پەنابەرییە بەگشتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگا.

خواستی زیاتری کۆمەڵ بۆ چەپ.


ئاکامێکی گرنگی تری ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە نیشاندەری خواستی زیاتری کۆمەڵگە بوو بۆ چەپ. ئەمەش بە زیادکردنی بەرچاوی ژمارەی کورسیەکانی پارتی کریکاران (لەیبەر) بوو بۆ پەرلەمان، هۆکاری ئەمەش خودی جێرمی کۆربن سەرۆکی پارتی کرێکاران بوو وک کەسێکی چەپ و نوێنەری باڵی چەپی ناو پارتی کرێکاران کە خودی ترێزامای و باڵی ڕاستی بۆرژوازی و خودی باڵی ڕاستی ناو پارتی کرێکاران گرەویان لەسەر هەوڵدان بۆ شکستپێهێنانی دەکرد و بە چەپی توندڕەو کاتبەسەرچوو ناویان دەبرد. بەڵام سەرڕای هەموو ئەم فشارانە لە ناوخۆی پارتەکەی و دەروەیدا جێرمی کۆربن ڕۆژ بەرۆژ خۆشەویستتر دەبوو، لایەنگرانی لە ئاستێکی بەرچاودا ژمارەیان زیادی دەکرد بەتایبەت لە ناوتوێژی گەنجاندا. بە تایبەتیش دوای بڵاوکردنەوەی مانیفێستی پارتی کرێکاران بۆ هەڵبژاردنەکان کە بەندە سەرەکەیەکانی بریتی بون لە زیادکردنی باج لەسەر سەرمایەداران، بە نیشتیمانیکردنی ‌هێڵەکانی شەمەندەفەرو گواستنەوە، پاراستنی کەرتی تەندروستی لە بەتایبەتیکردن، باشکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کرێی کارکردن و هتد. هەرچەندە ئەم خواستانە لە بەرنامەیەکی ڕیفۆرمخوازانە تێناپەڕن بەڵام بۆ ئەمرۆی دەسەڵاتی بەرەی ڕاستی بۆرژوازی بە خواستی چەپی توندرە و بەئەژماردەکرێن و بەخەڵکی دەناسێنرێن. ئەم ئاڵوگۆڕە نیشاندەری ئەوەیە کە چەندە کۆمەڵگە و جەماوەری خەڵکی بەشمەینەت و ئازادیخواز پێویستی بە بزوتنەوەیەکی چەپ هەیە و زەمینەکانی ڕوهێنانی جەماوەر بەرەو بزوتنەوەیەکی چەپ فەراهەم و لە ئارادایە بەمەرجێک بزوتنەوەیەکی چەپی کۆمەڵایەتی و مەیدانی و جدی وعەمەلی بە بەرنامەیەکی پراتیکی ڕۆشن و نوێ و دژە سەرمایەدارییەوە لەمەیدان و لە ڕیزی پێشەوەی ململانێکاندا بێت.


٩\٦\٢٠١٧

ماڵپه‌ڕی هیوا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک