په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٠

    هەڵەبجە هەرگیز پیرنابێ.


کەژاڵ ئیبراهیم خدر

هەڵەبجە هەرگیز پیرنابێ
تادێ کلوکلو بەفری سپی
بەدووکەڵێکی شنروێدا
لەسەر روومەتی دەنیشێ
هەموو دەمێک چاوی قەڵادزی و
بە فرمێسکی شێخ وەسانان
کێڵگەی دڵی تەڕ تەڕ دەبێ
هەڵەبجە هەرگیز پیرنابێ
ئەو ئاسمانی هەیە بەرین
بەرین بەئەندازەیی دڵی خاوەر
بەرین بە پێوانەی دوعایەک،
ئەوکاتەی
دەگاتە ئاسمانی ئەوین
هەڵەبجە،ئاسمانێکی هەیە پڕە لە هەور
هەوری مەحوی، هەوری نالی
هەوری بەرەکات و عەلەوی
هەورێکیش پڕ لەبارانی چرکە
سەرێکی بەدەست جەواهیری و
ئەوسەریشی بەدەست شێرکۆوەیە
ئەوکاتەی هەوری عەلەوی
بەسەر هەڵەبجەدا دەگری
شەرمی عەرەب بوون،
شەقامە رەشەکان دادەپۆشێ و
دڵۆپ دڵۆپ پەشیمانی
دەتکێتە ئینجانەی دڵی خاوەر
هەرکاتێ هەورەکەی بەرەکات
چاوی خۆی خاڵی کردەوە لە حوزن
دەستی بەناو هەورەکاندا رەتدەکا و
دوعایەک پڕ لە قەهر
بە دەستیەوە بۆ ئاسمان دەنێرێ
بە چرپە و بەهیواشی و ویقارەوە
دەڵێت"
(خودایە ئەوانە کوردەکانی تۆن)
هەرکاتێکیش لەسەر پشتی هەورێکی شین
جەواهیری پڕی کڵاوەکەی دیاری کوردان
تەمەنی خۆی دادەباراند
شەقامەکانی هەڵەبجە ،پڕ دەبوون لە چرکە
لە خوولەک، لە کاتژمێر و، ساڵی درێژ
هەوری مەحوی، هەوری نالی
هەوری شێرکۆ
هەریەکەیان پڕ بە دڵی قەسیدەیەک
بە قەد ووشەکانی هەمبانە بۆرینەی هەژار
خولەکیان بەسەر هەڵەبجەدا دەباراند
هەڵەبجە هەرگیز پیر نابێ
ئەو، هەرچەند دیاری بەدەست دەگات
یا چرکەیە، یا کاتژمێرە، یا خوولەکە.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر