په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٨\٢٠١٤

ھەڵکشان بەرەو ڕۆشنایی.

- خوێندنەوەیەک بۆ دیوانە شیعری (بڵاچەیەک درز دەخاتە تاریکەشەوی تەمەنم)ی فەرھاد شاکەلی -


پشکۆ نەجمەدین   

دەروازە:


ئەفراندن و نووسینی شیعر چەند سەختن، قسەکردن لەمەڕ شیعر و ھەوڵدان بۆ ھەڵاواردنی شیعر لە ناشیعر، بە مەبەستی خولقاندنی دەقێکی ڕەخنەیی و دۆزینەوە و ڕۆشنکردنەوەی پردەکانی نێوان نووسەر/ دەق / خوێنەر، سەختترن!


خوێندنەوەی دەقی شیعری، ئەگەر لە فەزایەکی تەندروستدا ئەنجام بدرێت و خوێنەر ئامادییەکی ڕۆحی، زەینی و ۆشنبیریی بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەی خوێندنەوە ھەبێت، دەشێت فەزایەک بۆ خوێنەر بخولقێنێت کە لەوێدا بەرھەمی تێڕامان و تێھزرینەکانی لە "دەق" بچنێتەوە و بەو خاڵە ئامانجدارانەی بگەیەنێت کە کردەی "خوێندنەوە" دەیانخوازێت.


خوێندنەوە، لە کن خوێنەری زیرەک، کردەیەکی لەخۆڕا و ھەڕەمەکی نییە و پێوەستی چەند ڕێسایەکی نەبینراون کە دەشی لە زەینی خۆێنەردا و پێش دەستپێکی ھەڵبژاردنی دەق، ئامادەییان ھەبێت. سەلیقەی دۆزینەوەی دەقێکی باڵا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی خوێندنەوە، دیاردەیەکی خۆڕسک نییە کە لای خوێنەرێکی گریمان بوونی ھەبێت و لای ئەوی دی نەبێت! ئەم سەلیقەیە ھەڵقوڵاوی پاشخانێکی فیکری و مەعریفییە و پێبەستبوونی خوێنەریش بە تیور و میتۆدەکانی خوێندنەوەوە، واتە ھەڵبژاردنی تیورێک کە ئازادییەکی بێسنووری لە بواری بیرکردنەوەدا، بۆ گەیشتن بە لایەنە نھێن و شاراوەکانی دەق بۆ مەیسەر بکات، ڕۆڵێکی گرنگ لە ئەنجامدانی پرۆسەی خوێندنەوەیەکی تەندروستدا دەگێڕێ.


دەقی شیعریی باڵا، خوێندنەوەی سەرپێی و تیژپەڕ ھەڵناگرێت و ئەگەر وەھامان کرد، ئیدی ناتوانین لە سروشتی باڵاییی دەقی داھێنراو بگەین و پێکھاتەکانی شیکار بکەین، کە لە بەردەم کارێکی وەھایشدا ناتوانا و دەستوەستاو بووین، ئیدی لە بینین و ھەستپێکردنی مانا و وێنە سیحراوییەکانی شیعر، زەینخاڵی و مایەپوچ دەبین.


دەقی شیعریی باڵا کامە دەقە و چۆن دەتوانین ئەم خەسڵەتە بە دەقێک ببەخشین و بەوی دیکە نا؟ بە دیوێکی تردا، ئەو ڕەگەز و کاراکتەرانەی کە دەتوانن پێناسەی شیعربوون بە دەقێکی نووسراو بدەن، چین و چلۆنیان دەناسینەوە؟


ڕەنگە شیعرناسان و توێژەرانی ھونەری شیعر، لەسەر ئەوە کۆک بن کە زمان بناخە و بنچینەی ڕۆنانی تەلاری دەقی شیعرییە و ئەو کەرەستە و ئاتاژەیە کە داروپەردووەکانی دیکەی سازکردنی شیعری لەسەر دادەنرێن، بەڵام زمانناسین و زمانزانینی شاعیر بە تەنھا ناتوانن دەقێکی باڵامان بۆ بخولقێنن و ئەو وێنانەمان نیشان بدەن کە ئێمە دەیانخوازین و چاوەڕێیان دەکەین.


دەشێ کارایی لە زانستی زمان و دەوڵەمەندیی ئەنباری زمان لای نووسەر، بۆ نووسینی وتار و لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەدەبی مەرج بن، باڵام زمانی شیعر (ڕێساکانی ڕێزمان و ڕێنووسی لێ وەدەر نێی) ناچێتە نێو بازنەی زانستی زمانەوە، بەڵکە سەروکاری لەگەڵ ئەزموونی شاعیردا ھەیە بۆ دۆزینەوە و بەکاربردنی ئەو وشە و "دال"انەی زمان کە میتافۆرەکان دەخولقێنن، ئەو وشە بە ڕیتم و موزیک بارگاوییانەی کە لەسەر سەکۆی زەینی خوێنەر سەما دەکەن و بۆ قووڵاییەکانی کردەی چێژوەرگرتن پەلکێشی دەکەن.


لێرەوە، لە ھونەری بەکاربردنی زمان و نھێنەکانییەوە کە دەبنە مەکۆی تەوزیفکردنی "بیر" لە فۆڕم و ئیستاتیکیی شیعردا، لە دەرکەی دیوانی شاکەلی وە ژوور دەکەوین..


ناساندن:


دیوانی (بڵاچەیەک درز دەخاتە...)ی فەرھاد، کۆکردنەوە و لەچاپدانەوەی چوار کۆمەڵەشیعری پێشتر چاپکراون کە تاڵێک لە تیشکی بیر و دنیابینی، زمان و میتافۆڕەکانی، عەشقی مەعشوق و سووتانەکانی پێکەوەیان دەبەستن و خوێنەر لە خوێندنەوەیاندا ھەست بە قووڵیی ئەزموون و جوانیی سەلیقەی شاعیر بۆ پێکەوەگرێدانی پاژەکانی پرۆسەی خولقاندنی شیعر دەکات... دیوانی شیعر کە زۆر جاران وا دەبێ کۆکردنەوە و پێکەوەبەستنەوەی چەند کۆمەڵەشیعر بێت و لە زەمەن و زەوینی جیادا نووسرابن، بەڵام ئەم کۆکردنەوەیە ناکرێت بێ نەخشە و ھەڕەمەکی بێت. مەبەستمە بڵێم، ساحێبی "دیوان" و خاوەنی تەلارێکی بڵندی قەشەنگ، پلانێکی نەخشەسازیی لێکچوویان ھەیە.. ھەرتکلا ھەموو ئەزموونی جوانکاریی خۆیان بۆ ڕۆنان و پێکڕاگرێدانی بەشەکانی موڵکی خۆیان بە گەڕ دەخەن و ھەوڵ دەدەن باشترین باڵانس و ھارمۆنیای شتەکان، کەرەسەکان، ڕەنگەکان و بیرەکان بخولقێنن. فەرھاد، لە ھەڵبژاردن و کۆکردنەوەی ئەو چوار کۆمەڵە شیعرەدا، بۆ ئەوەی "خاوەنی چوار موڵک" بێت و دیوانی ھەبێت، وەھای کردووە!

دیوانی فەرھاد، دکتۆر محەمەد کەمال پێشەکیی بۆ نووسیوە، پێشەکییەکە خوێندنەوەیەکی پڕ مەعریفەیە لە ڕوانگەی فیکری سۆفیزم و دال و مەدلوولەکانیەوە.. د. محەمەدکەمال، میژووی سەرھەڵدانی سۆفیزم، بیر، ڕێباز، چەمک و تێگەیشتنە جیاوازەکانی سۆفییە دیار و ناودارەکانی لە سەردەم و قۆناخە جیاکاندا شی کردوونەتەوە و باسێکیشی لە مێژووی تەسەوف لە کوردستاندا کردووە. پێشەکییەکە بەو وردی و وردبینییەوە، دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە دنیای بیری سۆفیزم و بێ ئەم زانیارییانەش، تێگەیشتن لە تەسەوف و شیعرێک یاخود دیوانەشیعرێک کە تیشکی ئەم ڕێباز و بیرەی لێ دەڕژێ، کارێکی مەحاڵە.


دیوانی "بڵاچەیەک..." ١٥٧ شیعری کورت و درێژی لە خۆ گرتوون کە مێژووی نووسینیان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨ و ٢٠٠٥دایە:
- کۆمەڵە شیعری ژێ، ٣٥ شیعر و لە بەراییی دیواندا جێگای گرتووە.
- کۆمەڵەشیعری "نیگاری تۆ لە دیواری زیندانەکەم ھەڵدەکۆڵم"، ٣٣ شیعر، لاپەڕەکانی ١٧٥ بۆ ٢٢٢.
- کۆمەڵەشیعری "ھەموو ڕازی من ئاشکرایە و ھەموو ئاشکرای تۆ ڕاز"، ٤٩ شیعر، لاپەڕەکانی ٢٢٥ بۆ ٣١٦.
- ئەم چرایە دڵم ڕووناک دەکاتەوە و تەمەنم دەسووتێنێ، دوا کۆمەڵەشیعری دیوانەکەیە، ٤٠ شیعرە و لە لاپەڕەکانی ٣١٧ بۆ ٣٩٠دا جێ کەوتوون.


لە سەرجەمی شیعرەکانی شاکەلیدا، کەمتر وا دەبینین کە شیعرێک ڕەگەزەکانی شیعربوونی لە دەرەوەی خۆی قەرز بکات، ئەمەش بە مانای ئەوەیە شیعر و حاڵەتەکانی خولقاندنی شیعر لای فەرھاد، زادەی نیگەرانییە ڕۆحییەکان و تێڕامانێکی قووڵی ئاوەزئامێزە بۆ ھەموو دیاردە و شتەکان، ڕیشەکانی دەقی خولقێنراو لە قووڵاییەکانی بیر و پاشخانێکی مەعریفیی گشتلایەندا ڕۆ دەچن و پێویستییەکانی بوونی خۆیان دابین دەکەن.

((با بێ دەنگی پڕ ئاوازت، با دەنگت بێ،
با ھەناسەت لە دوورەوە مێشکی ماندووم سەرخۆش بکات،
با بە ئاستەم بکرێتەوە گوڵھەناری دەمولێوت.
با بێ دەنگت...!
بەسەر ھەستی مات و خەمباری ئەمشەوما
نەرمەبارانی دڵداری ببارێنە!))
(بۆنی باران، ژێ، ل ٥٦).


دووری و لێکدابڕان لە ئەوی دی، تاسەی بیستنی دەنگێک، دەنگێک جیا لە دەنگەکانی تر، ھەناسەیەک لە دوورەوە کە پێشتر، لە ساتەوەختە سەختەکاندا، مێشکێکی ماندووی مەست کردووە و ئێستا ئیدی بەرامەی ناگات، گوڵھەناری دەمولێوێک کە بە چاوی خەیاڵ وێنای دەکات و تمەننا دەکات بە ئاستەم بکرێتەوە.. تامەزرۆی دەنگێک، ئەگەر بێت، دەشێ نەرمەبارانی دڵداری بەسەر ھەستی مات و خەمباری شەوێکی شاعیردا ببارێنێ! ئەم وێنە بزۆکانەی "دەنگ" کە پڕاوپڕن لە جوانی و ھارمۆنیایەک لە ڕەنگ، وەزیفەیەکیان پێ دەبەخشرێت کە وەزیفەی بە سەفرکردنی مەوداکانی دابڕان و ھەوڵدانە بۆ پێکگەیاندنی زەمەن و شوێن لە خەیاڵی شاعیردا، سڕینەوەی مەوداکان تا بەیەکگەیشتنی دڵدار و دولبەر، لە چوارچێوەی وێنەکاندا کە زمان دەیاننەخشێنێت!

لە درێژایی خوێندنەوەی شیعرەکەدا، کە مێژووی ٢٨ی ٥ی ١٩٧٨ی لە بندا دانراوە و لە ھامبۆرگ نووسراوە، تێدەگەین کە شیعرێکە لە سەرەتاکانی ئەزموونی شیعریی فەرھاد لە تاراوگەدا و ئیدی ترس، تەنھایی، نیگەرانی و دڵەڕاوکێکانی ژیان دەبنە ڕایەڵەکانی بینای شیعر..


((شەوی دڵدارێکە تەنێ
ھەرچی مەرگی سەرزەوییە
وەکو پۆلیس ڕاوی دەنێن و نایگەنێ...)).


ھاودەردێ، ھاوخەمێ لە نیشتمانەوە بێتە ئێرە و (قۆزاخەی خەونەکانی بکاتەوە)... فەرھاد، جوانیی ھەموو دارستانەکانی ئەوروپا سوکنایی ناداتێ و چاوەڕێی
(کچە ‌دملی،
کچە ‌ڕووبار،
کچە زازاییی گوڵھەنار...)
دەکات و لە شەوێکی نامۆییدا، تاسەباری بۆنێکی تا‌یبەتە..
(بۆنی دارستانت پێیە،
بۆنی شار و گوندی کوردستانت پێیە...).


عیشق چ حەقیقی بێت و چ مەجازی، لە دابڕاندا ڕۆحی شاعیر ھەڵدەقرچێنێ و دەیکاتە سۆفیی خەرابات و بادەی شیعری پێ دەخولقێنێ.. فەرھاد، لە سەرەتاکانی ئەزموونەکانی تاراوگەدا، جارێ لە بازنەی بیری سۆفیزم نەکەوتووە و ئەو لە شیعری "بۆنی باران" و چەند شیعری دیکەی "ژێ"دا، وێڕای شیعربوونی دەقەکان و باڵایی زمانەکەی، سۆفیی کۆڕی زیکری جوانییە لەدەستچووەکانی نیشتمان و یادەوەرییەکانییەتی.

لەگەڵ ھەڵکشانی ئەزموونی شاعیردا، تێمای شیعر، زمانی شیعر، تەکنیک و ھونەری تەلارسازیی شیعر، چڕیی وێنە و میتافۆڕەکان بە جێگایەکی دیکە دەگەن و شیعر لای فەرھاد بوونەوەرێکە لە ناوجەرگەی تاریکییەوە، ئەوداڵی ڕووناکاییە و بەرەو ڕۆشنایی ھەڵدەکشێ..


(کێوی دڵم
بە تیشکی ئاشناییت ڕۆشن کەوە!
دڵ و گیان
دەکەمە بەردەبازی ڕێگەکەت.
وای، کە بێتۆیی چ ساڵانێکی شەوەزەنگە،
وەی کە شاری گیان
بێ یادی تۆ،
چ گۆڕێ، چ گۆڕستانێکی بێدەنگە.)
(شیعری کێوی دڵ، نیگاری تۆ..، بڵاچەیەک ‌..، ل ١٩٦).


‌مەودای نێوان "کێوی دڵ" و "بۆنی باران" دە ساڵان ئەزموونی شیعرییە و لەم زەمەنەدا، ھەموو شتەکانی شیعر گۆڕدراون، تێما، بیر، زمان، وێنە و خوازەکان.. لێرەدا، فەرھاد سۆفیی فیکر و دیابینییەکی دیکەیە، لێرەدا، خەم و نیگەرانییەکان، دابڕان و تاسەی پێکەگەیشتن و توانەوە، جوانییەکانی نشتمان دەبەزێنن و مەودایەکی گەردوونی لە خۆ دەگرن..


شاعیر، لە سۆنگەی ئەو ئاشناێتییە ڕۆحییەی لە گەڵ(مەعشوق، خالیق، خوادا) ھەیەتی، چاوەڕێیە کێوی دڵی بە تیشکی ئەو ڕۆشن بێتەوە و بۆ ئەمەش، ھەم دڵ و ھەم گیان دەکاتە بەردەباز... دڵ کە لە فیکری سۆفییەکاندا، کانیی ڕۆشناییە،‌ ساتێ وەکو "کێو" بڵندە و چەند پلەیەکی "پەیژەی تیشک" سەر کەوتووە و بە ھیوای یەکگرتن و توانەوەیە لە "ڕۆشناییە ئەبەدیەکە"دا.

لە خوێندنەوەی دیوانی "بڵاچەیەک.."دا، منی خوێنەر، ھەنگئاسا، شەیدای مژینی شیلەی زمان، لە گوڵی شیعرێکەوە بۆ گوڵەشیعرێک، لە خەرمانەی مانگی وێنەیەکەوە بۆ ڕۆژنەی شیعرێکی سەرڕێژ لە ڕووناکایی کە لە تاریکایی تەمەندا "چۆڵەچرا"یەک پێ دەکات، دەفڕم و لە جامۆڵکەی کۆپلەیەکدا، چۆڕیک زمان دەخۆمەوە و دڵی تاسەباری شیعرم ئۆخژن دەکات.. لە خوێندنەوەدا، دڵم لە "کوپەی کۆنەشەرابێک"ی تیشکبار ھەڵدەکێشم و حەرفەکان لە زەینمدا دادەگیرسێن، داگیرسانیش مانایەک بە تاریکایی "شاری دڵمان" دەدات و پێمان دەڵێ:


لە گەردووندا، گەردوونێک کە پەرژینی تاریکایی لێمانی دەشێرێتەوە، کانی تیشک و کانیی ھومێدێک بۆ بێھومێدان ھەیە و ھەر ھێندەت گەرەکە، تۆ بە عیشقی پەیکەری تیشکینەوە، لە شاتیشکی ڕووناکایی بڕوانیت، خۆت فێری ئەم پرۆسە سەختەی توانەوە لە عیشقدا بکەیت.. عیشقی ھەموو جوانییە باڵاکان.


تشرینی دووەمی ٢٠١٠ - ستۆکھۆڵم - سلێمانی
ماڵپەڕی پشکۆ نەجمەدین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک