په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هەڵوێستی بەشێک لە چەپەکان لەسەر دەنگدان

نموونە "پارتی چەپی کوردستان و یەکێتی کۆمۆنیستەکان".

   
عەلی مەحموود محەمەد

 

ئەم بابەتە جێگای ناسنامە بەخشینەوەی چەپ بوون نییە و ئەو مافەشم نییە ئەو ناسنامەیە ببەخشم بە هیچ کەس و لایەنێکی تێکۆشەر،هەڵگرتنی ئەم ناسنامەیەش لە ئێستادا هیچ دەسکەوتێکی نییە بۆ تاک و ڕێکخستنەکان جگە لە پەراوێزخستن،تەنها لە ڕوانگەی خۆمەوە دەتوانم بۆچوونی ئەو لایەنانەی خۆیان بە بەشێک لە چەپ ژماردووە لەم کورتە سەرنجەدا کە وەک نموونە هێناومەتەوە شیبکەمەوە.


لە زۆربەی جیهاندا بە تایبەت لە وڵاتە دواکەوتووەکان تەوژمە سیاسییە جیاجیاکان لە ناویاندا چەپ کە خۆی لە چەندین قوتابخانە و بۆچوونی جیاجیا دەبینێتەوە بە تایبەت ئەو گروپانەی سنورەکانی بەرنامەی لانی کەم و ستراتیژیان سڕاوەتەوە بەشداریکردن لە کایەکانی هەڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە.


بەمەش بە ئەزموون دوور دەکەونەوە لە کایەی سیاسی وڵات و خۆیان دەخەنە پەراوێزەوە،هەموو هێزە چەپە کاریگەرەکان دەچنە کایەی هەڵبژارنەوە.زۆر لایەنی دیکە دەچنە ناولیستە چەپ ودیموکراتەکانەوە بێ ئەوەی بیر لە بەشە کورسی بکەنەوە،تەنها ئامانجیان هێز بەخشینە بەو لایەنانەی نزیکن لێیانەوە لە بەرامبەر لایەنەکانی دی.


هەڵبژاردن هەلومەرجێکی لەبارە، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان ،بە تایبەتی چەپەکان، کەڵک لە بانگەشەی هەڵبژاردن وەربگرن بۆ ناساندنی بەرنامەو ئەجندای سیاسی خۆیان بۆ کۆمەڵگا.


بوونی لیستی یەکگرتووی چەپ و پاڵێوراوی هاوبەش بۆ سەرۆکایەتی و ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەی هاوبەش بۆ چوونە ناو کایە سیاسیەکان،تاکتیکێکی سەرکەوتووە بۆ چەپەکان کە توانای جەماوەری و ئابووریان دیاریکراوە لە هەلومەرجی ئێستادا،بە ئەزمونیش دەرکوتووە سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەک پەیوەستە بە یەکێتیانەوە.


بەشداریکردن لە لیست و بەرەی چەپدا مانای سڕینەوەی بەرنامەی لایەنەکە نییە،بەڵکە هەنگاوێکی تاکتیکییە لە قۆناغێکی دیاریکراودا بۆ بەشداری لە ژیانی سیاسیدا،بۆ لایەنە چەپەکان لەگەڵ یەکدا ئەو قۆناغە درێژ خایەنە چونکە خاڵە هاوبەشەکان زۆرن بە تێپەڕ بوونی کات و بە پێشەوە چوونی کۆمەڵگا ئەو قۆناغە زیاتر درێژ دەبێتەوە.


لە کوردستاندا دەکرا سەرجەم لایەنە چەپ و مەدەنی و دیموکراسیخوازەکان بە لیستێکی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنیان بکردایە و بچونایەتە ناو پرۆسەکەوە نەک وەک ئێستا بەشێک لە دەرەوە و بەشێک لە ناوەوە.ڕاستە چەپەکان بە هەموو قوتابخانە و بۆچونەکانەوە تێکۆشەر بوونە و خاوەند مێژوویەکی پڕ لە سەروەرین و کاریگەرانە بەشداری ڕاپەڕین و جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردیان کردووە،وەلێ مێژوو بە ئەندازەی ئەوەی ئێستا هەیە ڕۆڵ ناگێڕێت،ئەگەر چەپ کاریگەر بوایە کاک نەوشیروان مستەفا وێنەکەی شەهید ئارامی فڕێ ناداو هانای بۆ ئایاتەکان و بەرماڵی شێخێکی تەزویر نابرد.


بۆیە من پێم وایە :
-ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ خۆی خۆ پەراوێزکردنە .
-پێک نەهێنانی لیستێکی بەرفراوان بە فیڕۆ دانی بەشێک لە وزەو توانای چەپەکانە.
-پێویستە هەموو هێز و لایەنێک ڕیالیستانە هێز و تواناکانی خۆی بزانێت ونەکەوێتە تەوەهوماتی خۆ بە ڕەوا زانین و گەورە زانینەوە.

ئەم هەڵبژاردنە و هەڵوێستەکان


بە کورتی لەسەر دوو هەڵوێست ڕادەوەستم:


-پارتی چەپی کوردستان –ئازادکردنی ئەندامان لە دەنگدان بە لایەنێک.
-یەکێتی کۆمۆنیستەکان-دەنگ نەدان بە هیچ لیستێک.


لە حالەتی یەکەمدا،بۆ ڕێکخراوێکی سەربەخۆی جەماوەری ئاساییە هەڵوێستی لەم چەشنە وەربگرێت،وەلێ بۆ پارتێکی چەپ کە پێوەری خۆی هەیە لە سیاسەتدا،چۆن دەبێت ئەندامەکانی ئازاد بکات بۆ دەنگدان بە لایەنێک،لە کاتێکدا زۆر لایەن هەیە وەک باوەڕ تەواو دژ بەوانن،دەبوایە پارتی چەپ ئازایانە خۆی یەکلا بکردایەتەوە لە دەنگدان بە لیستێک دیاریکراو.


هەرچی حالەتی دووەمە ڕەتکردنەوە،ئەمەش بە بڕوای من هەنگاوێکی پۆزەتیف نییە ،تەنها خۆ بە ڕاست و پاکزانین و ڕەتکردنەوەی بەرامبەرەکان لایەنی سیاسی بەرەو گۆشەگیری وپوکانەوە دەبات، هیچکات لە جیهاندا هێزەکانی وڵاتێک بە یەک ئاست ڕەش و سپی نین،سیاسەتی مەوجود زۆر جیایە لەوەی دەنووسرێت و دەخوێنرێتەوە.بەشدارینەکردن لە دەنگنەدان لە کاتێکدا باوەڕت بە شێوەی تێکۆشانەکە هەیە بۆ خۆی هێز بەخشینە بە فەرمانڕەوایان.بە دەسەڵاتداران بێت ئەو ڕۆژەی دەنگدان دێتە پێشەوە هەموو نەیاران بمردنایە بۆ ئەوەی ڕزگاری بوایە لە دەنگەکانیان.


پێم وایە ئەندامانی ئەم دوو ڕێکخراوە کەسانی بە ئەزمون و دڵسۆزن هەروەها هەموو ئەو لایەنانەی دیکە کە دەنگدان و بەشداریان ڕەتکردەوە،بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەیتوانی کێشی سیاسی زیاتر بە ڕێکخراوەکانیان بدات،ئەوەش لە یاد نەکەن بەشداریکردن لە چوارچێوەی بەرەیەکی هەڵبژاردن تەنها بۆ کورسی نییە ،بە تایبەت ئەم ڕێکخراوە بچوکە نوێیانە پێویستیان بە خۆناساندنە لە کۆمەڵگا،سەردەمی هەڵبژاردن زەمینەی لەبار بۆ ناساندنی تەواوی لایەنەکان دێنێتە پێشەوە.


هیوادارم بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو،چەپەکان و دیموکراتیخوازە پێشکەوتووخوازەکان بتووانن یەکگرتووانە خۆیان ڕێک بخەن ،هەموو پێکەوە بتوانن کاریگەرانە بەشداری لە پرۆسەکە بکەن،چەندە دەنگی ئەو بەرەیە بەرز بێتەوە ئەوەندە قورسایی لە پرۆسەی سیاسی دەچێتە سەر .