په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٢

ھەر جۆرە باشبوونێکی ژیانی ژنانی کوردستان،

بە توندکردنەوە و ھاتنەمەیدانی خەبات لە دژی دەسەڵاتەوە بەندە!



٨ی مارس ڕۆژی جیھانی ژنان، ڕۆژی ھاتنە مەیدانی بزووتنەوەی یەکسانی خوازی‌و دەربڕینی ناڕەزایەتی ژنان‌و پیاوانی ئازادە بەڕووی جیاکاری‌و ستەم‌و کۆیلەیەتی ئینسانی ژن، ڕۆژی تووندکردنەوەی خەباتە بەڕووی دەسەڵاتی بۆرژوازی‌و نەزم نیزامی سەرمایەدا، کە ‌لەسەر ‌بناغەی ڕاگرتنی ئەم نایەکسانیەو پیاوسالاری‌و ژێردەستەیی ژنان ڕاوەستاوە. ئامانجی چینی بۆرژوازی‌و دەسەڵات‌و حکومەتەکانی لەھێشتنەوەی جیاکاری‌و ژێردەستەیی ژناندا، ناچار کردنی نیوەی کۆمەڵەگایە، بەمانەوەی وەک بەشێک لەھێزی کاری ھەرزان‌و لەشکری سپێری ئامادە بەکار، بەجۆرێک کەسەرچاوەیەکی بەردەوام بۆ قازانج ھێنەری بەرزی سەرمایەداران دابین بکاو وەک ئامرازێکیش بۆ لەخوارەوە ڕاگرتنی بەھای ھێزی کاری گشت چینی کرێکار بەکاری بەرێ. ھەربۆیە مەسەلەی ڕزگاری ژنان لەکۆ‌مەڵگادا بە ‌ڕزگاری چینی کرێکارو بزووتنەوەی سۆسیالیستی ئەم چینەوە گرێی خواردووە. ‌


لە کوردستان، بزووتنەوەی ‌ناسیۆنالیستی کورد، وەک بزووتنەوەی چینە داراکانی کۆمەڵگا، کە ‌لەسەر ناسنامەی نەتەوەچێتی ‌و پیاوسالاری‌و تێکەڵاو بە ئیسلام‌ و فەرھەنگ‌و ئەخلاقیاتی دواکەوتووانەی عەشیرەتی‌و ناموسپەرستی دامەزراوە، چ لەڕابردووداو چ لەئێستادا بەکردەوە دژایەتی خۆی لەگەڵ ناسنامەی ئینسانی بوونی ژن‌و ماف‌و ئازادیەکانی نیشانداوە. تەنانەت حکومەت‌و دەسەڵاتە ھاوبەشەکەی یەکیەتی‌و پارتی، وەک نوێنەری بەرژەوەندیەکانی کۆنەپەرسترین بەشی چینی بۆرژوازی لە ‌کوردستان، ھۆکارو سەرچاوەی مانەوەی جیاکاری ڕەگەزی نێوان ژن‌و پیاوەو ڕەواج پێدەری سیستمی پیاوسالاری‌و کۆنەپەرستی‌وھەڵاواردنی ژنانی کوردستانە.


لە ‌٢٠ ساڵی ڕابردووی ژێرسایەی ئەم دەسەڵات‌و حکومەتەدا، ژنانی کوردستان نەک ھەر مافی ھاوڵاتی یەکسان‌و ئازادیەکانیان لەچاو پیاواندا بەڕەسمی ناناسرێت، نەک ھەر بەکاری خۆڕایی ماڵداری‌و پەروەردەی مناڵەوە یەخسیرکراون، نەک ھەر لەئاستی دانی کرێ‌و بیمە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕووبەڕووی جیاکارین‌و زۆرترین ڕیژەی بێکاریان کراوەتە نەسیب، بەڵکو ئەم حکومەتەو ئەم دەسەلاتەی بۆرژوازی کورد، ژیانی ژنانی کوردستانی بە بێحورەمەتی پێکردن‌و ئۆقیانوسێک لەتاوان‌و توندتیژیەکی بێوێنەوە لەقاڵب داوە. کوشتنی دەیان ھەزار ژن بە بەھانەی شەرەف‌و ناچارکردنی دەیان ھەزاری تر بەخۆسوتاندن، لوتبڕین‌و زیندانیکردن لەحەمام‌و ھەڵواسین بەپردا و بەردەبەران کردنیان لەنێوەندی شاردا،.. ھەموئەمانە تراژیدیترین وێنای کویلەیەتی‌و ژێردەستەیی‌و تەحقیر کردنە کەئەم دەسەڵاتە بەژنانی کوردستانی سپاردووە. لەلایەکی ترەوە، کردنی شەریعەتی ئیسلامی بەسەرچاوەی یاساکان‌و بەدەستەوە ‌گرتنی یاسای باری کەسێتی سەردەمی بەعس‌و بەکارھێنانی ھەمو ئەو یاسایانەی کەژنانیان کردۆتە پاشکۆی پیاوان، لەسەفەرو ھاتوچۆو مامەڵەی بازاڕو مانەوە لەئوتێل‌و وەرگرتنی میراتدا، خۆی نێشانەی بەڕەسمی کردنی کۆیلەیەتی ژنانە چ لەئاست یاساکان‌و چ لەبەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا. تەنانەت پەسەند کردنی یاسای فرەژنی، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، نەک ھەر کردنی ژنانە بەکاڵایەکی سێکسی لەبەردەم بازاڕی کڕین‌و فرۆشتنی پیاوانی دەوڵەمەندو سەرمایەداردا، بەڵکو بێحورمەتی پێکردنێکی ئاشکرایە بەگشت کۆمەڵگای کوردستان.


ئەم دەسەڵاتە کەئەمساڵ ژنانی کارمەندی ناچارکردووە بەپۆشینی بەرگی کوردی لە ٨ی مارسدا، گەرەکیەتی نەک ھەر پۆشاکی فەرھەنگی دواکەوتوانەی نەتەوە چێتی بکات بەبەر ئەو ھەموو تاوان‌و توندوتیژی‌و بێمافیانەدا، کەیەخەی بەژنانی کوردستان گرتووە، بەڵکو دەیەوێت بەڕاگرتنی ئایدیۆلۆژیای قەومی بەسەر سەری ژنان‌و کۆمەڵگاوە، خەسڵەتی ئیعترازی‌و یەکسانیخوازی بزووتنەوەی ٨ی مارس بەلاڕێداببات‌و خەباتی ژنانی کوردستان لەشاڕیی بزووتنەوە جیھانیەکەی کە ‌لەدژی جیاکاری‌و چەوسانەوەو ‌ژێردەستەیی ژنانە، دابڕێنێ‌و بیکاتە قوربانی کوردایەتی.


لە ڕوانگەی ھەموو ئەم ڕاستیانەوە ئایندەی بەدیھاتنی یەکسانی‌وھەڵگرتنی تەواوی ستەم ‌و جیاکاریەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ‌و یاسایی‌و ھەموو ئەو موسیبەتانەی کە ‌بەسەر ژنانی کوردستانەوەیە، لە ‌گرەوی بردنە پێشەوەی خەباتێکدایە کەئاڕاستەیە بۆ ھەڵوەشانەوەی سیستەمی چینایەتی‌و وەلانانی دەسەڵاتی ‌بۆرژوازی کوردو حیزبەکانی. تەنانەت ھەرجۆرە باشبوونێکی ژیانی ژنانی کوردستان، بەتوندکردنەوەوھاتنەمەیدانی خەبات لەدژی ئەم دەسەڵاتەوە بەندە، ھەربۆیە دەبێ لەکەشوھەوای ئەمڕۆی لەئارادابوونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا، ژنانی کوردستان‌و ‌بزووتنەوەی یەکسانی خوازی‌و ڕیکخراوەکانی، وەک ڕیزێکی سەربەخۆ لەدژی دەسەڵات ڕاوەستان‌و بەشیعاری "٨مارس ڕۆژیک نییە بۆ پۆشینی بەرگی کوردی بەڵکو ڕۆژێکە بۆخەبات لەدژی یاسای فرەژنی"، بۆ ئەم خواستانەی خوارەوە بێنە مەیدانەوە:


١- کۆتا کردنی دەستی دین لەسەر ژیانی ژنان‌و جیاکردنەوەی دین لەدەسەڵات‌و بوارەکانی پەروەردەو فێرکردن.
٢- ھەڵوەشانەوەی یاسای فرە ژنی‌وھەموو ئەو یاسایانەی کەجیاکاری لەنێوان ژن‌و پیاودا جێگیردەکات‌و ماف ‌و ئازادیە فەردی‌و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان ناسەلێمنێ و جێگرتنەوەی بەیاسایەک کە یەکسانی تەواوی ژنان و پیاو لە ھەموو بوارەکانی کاروباری خێزانی‌و زەواج‌و تەڵاق، کۆمەڵایەتی‌و ئابووریدا، بەڕەسمی دەناسێنی.
٣- دانی کرێی یەکسان لەبەرامبەر کاری وەک یەکی پیاواندا. ھەروەھا دانی کار یان بیمەی بیکاری تەسەل بە ھەموو ھاوڵاتیانی ١٦ ساڵ، لەوانەش ژنان.
٤- قەدەغەکردنی ھەرجۆرە توندوتیژیەک لەدژی ژنان. دانانی یاسایەکی تایبەت بۆ بەسزای گەیاندنی توندی ئەوکەسانەی کە ‌دەست بۆ کوشتن‌و ئازاردانی ژنان بە ‌بەھانەی شەرفە دەبەن. ھەروەھا بە ھانا چوونی خیرای ئەو ژنانەی کە ‌قوربانی توندوتیژین، وەیا لە کارەساتی خۆکوژی‌و کوشتن ڕزگاریان بووەو کۆمەک پێکردنیان بۆ بەھرەمەندبوون لەژیانێکی ئاسوودە. ‌


حیزبی کۆمۆنیستی کڕیکاری کوردستان لە٨ی مارسی ئەمساڵدا سەرجەم ژنان‌و پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانی خواز بانگەواز دەکات بۆخەباتێکی یەکگرتوو ڕێکخراوی نەپساوە لەدژی بۆرژوازی کوردو دەسەڵاتەکەی. خەباتێک کە کۆمەڵگایەکی ‌ئازاد و یەکسان‌و خۆشگوزەرانی بۆ ھەمووان دەستەبەر دەکاو ھەرجۆرە ئاسەواڕیکی ستەم‌و جیاکاریش دەسڕێتەوە.

پیرۆزبێت ٨ مارس ڕۆژی جیھانی ژن!


حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
hkkurdistan@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک