په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٦\٢٠١٧

''هەرێمی سلێمانی'' پڕۆژەیەکی بێ بنەما.

حەمە غەفور      


لە وتارێکدا کاک عەدنان عوسمان پڕۆژەیەکی بێبنەما و خەیاڵی وای پێشنیازکردوە بۆ دەربازکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەو قەیرانە سیاسییەی تێیکەوتوە، کە ئەگەر خاتری بگرین و پێینەڵێین، گۆڕان دۆستی وەکو عەدنان عوسمانی هەبێ دوژمنی بۆ چییە! ئەوا پڕۆژەکەی بەڕێزی کە بۆ کوردستانی پێشنیازکردوە لەو بەسەرهاتە دەچێ کە دەڵێ: کابرا بۆ ڕیش چوو، سمێلیشی نایە بانی! ئێمە بەدەست دوناچەییەوە گیرمان خواردوە، کاک عەدنان فرەناوچەیی پێشنیازدەکا. عالەم باسی فەشەل و کۆتایی فیدڕاڵیزمی عێراق دەکات کە تەنیا هەرێمێک هەیە و نییە ئەمەی کوردستانە، کەچی بەڕێزیان باسی فیدڕاڵیزم بۆ کوردستان دەکەن! کەسێ نەزانێ ڕەنگبێ پێیوابێ، خەڵکی کوردستان خێر و بێرێکی زۆریان لە فیدڕاڵیزمی کۆنەپەرسانە و شکسخواردوی عێراق بینیەوە!

ئەمە لە کاتێکدایە عێراق هیچ بنەمایەکی دەوڵەتی تیانەماوە و هیچی بەسەر هیچییەوە نەماوە تا کەسێکی سیاسی وەکو کاک عەدنان خۆشباوەڕ بێت بە مانەوەی کوردستان تیایدا. پارلەمانە تائیفی و قەومییەکەی عێراق یاسای تایبەت بۆ ڕەسمییەدان بە حەشدی شەعبی دەردەکات، کە میلیشیایەکی ڕاستەوخۆی ژێر حوکمڕانی جمهوری ئیسلامی ئێرانە و هیچی وای کەمتر نییە لە داعش.

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانی منە ئەوەیە، کاک عەدنان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی تەنیا بەو هۆکارەی پارتی چالاکە تیایدا و ئەم ماوەیە بەدەستییەوە گرتوە، ڕەتدەکاتەوە و بەنیازە شەڕی خۆی و حزبەکەی لەگەڵ پارتی بخاتە پێش مەسەلەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانەوە، وە خراپتر لەوەش شەڕ دژی پارتی بخاتە جێی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان!

زیاد لە سەد ساڵە مەسەلەی چارەنوسی کوردستان لەگەڵ عێراق کێشەیەکی گەورەیە و هاوژینی ئەم دوو بەشەی عێراق بەکردەوە مەحال بونی خۆی بەهەر عەقڵێک سەلماندوە. بۆیە ناکرێ و نابێ ڕێگابدرێ هیچ کەسێک لەژێر هیچ پاساوێکدا لە بایەخ و گرنگیی پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کەمکاتەوە. بەکردەوە جێبەجێکردنی سەربەخۆیی بۆ کوردستان لەڕێی ڕیفراندۆمێکی ئازادەوە تەنیا ڕێگای ئاشتەوایی کۆتاییهێنانە بەم کێشە سەدساڵییە لە عێراقدا.

سیاسەتی جددی و کارا ئەمڕۆ کارکردنە لەسەر پراتیککردن یاخود دەستپێکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەجیا لە هەر مەرامێکی پارتی و یەکێتیش! لە سەربەخۆییدایە پارتی داری دەستی دەکەوێتە خوارەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئیمکانات و توانایی مانۆڕکردنی نامێنێ بەسەر چارەنوسی هاوڵاتیانی کوردستانێکی سەربەخۆوە نەک ئەوەی کاک عەدنان پێشنیازی دەکات. چونکە لە کوردستانێکی سەربەخۆدا ئیتر پارتیش و یەکێتیش ئەو بیانوە لەدەستئەدەن کە بۆ وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک و مافەکانیان هەمیشە پەنجەی تاوانیان دەکردە حکومەتی بەغدا و ئەویان بە سەرچاوەی کێشە و گرفتارییەکانی خەڵکی کوردستان و قەیرانەکان دادەنا.
__________________________
بەشێک لە وتارەکە:
عەدنان عوسمان لە وتارێکیدا بەناوی؛ هەرێمی سلێمانی، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئارامی کوردستان دەڵێ: "من بەزەحمەتی ئەزانم لەگەل ئەم عەقڵییەتەی ئێستای پارتی بگەینە هیچ ئاکامێکی باش، هەڵبژاردن و پەرلەمان و کابینەی نوێش ناتوانن گۆڕانێکی جەوهەری بەدی بێنن. کێشە ئەسڵیەکان هەر وەک خۆیان ئەمێننەوەو مەترسی تەقینەوەیان بە ئاراستەی خراپتردا لی ئەکرێت، بۆیە باشترین و عەمەلی ترین هەنگاو، پێک هێنانی هەرێمی سلێمانی- کەرکوک-هەلەبجەیە بە سنورە مێژویەکانیەوە. بەوەش هەنگاوێکی گەورە ئەنێین بەرەو چەسپاندنی لامەرکەزیەت و دانانی بناغەی کوردستانی فیدرال. هەنگاونان بەرەو بەهەرێمکردنی ئەم ناوچەیە، زۆر لە ریفراندۆمە ساختەو بێبنەماکەو دروشمی نەزۆکی بێبەرهەم، عەمەلیتر و ئاسانترە.".

 

٤\٦\٢٠١٧

ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک