په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٢

 هەرەسهێنانی سوریا و

مەترسیی حیزبوڵا و حەماس لە باشووری کوردستان.

 

هێمن


لە کەس شاراوە نییە دوای رووخانی حکومەتی بەعسی لە عێراق بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ئه‌لقاعیده‌ روویان کردە عێراق و بە کۆمەکیی کۆنە بەعسییەکان و دەسەڵاتی ئێران بارودۆخێکی نالەبار لە عێراق درووست بوو و بە هەزاران خەڵکی بێ تاوان لە سەر شەقامەکانیدا بوونە ئامانجی کردەوە تیرۆرستیەکانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئه‌لقاعیده‌.


تاکو ئێستاش عێراق نه‌ێتوانیوه‌ خۆی لەو کێشەیە دەرباز بکا تەنانەت بەشێکی زۆریش لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی ناوەندیی عێراق تێکەڵاوی جموجۆڵی تیڕۆستی بوون و ئەوەش کەند و کۆسپێکی جیدی لە مەڕ سەقاگێربوونی دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق درووست کردووە.


هەنووکە حکومەتی بەشار ئه‌سه‌د دواهەمین پاشماوەی بەعس رووبەرووی ڕۆژه‌کانی کۆتایی دەسەڵاتداری لە سوریا بووە و ئەگەری رووخانی دامودەزگاکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتر دەبێت، و پڕ ئاشکرایە سوریا باڵێکی بەهێز و هاوپەیمانی پله‌ یەکی رژێمی ئیسلامی ئێران لەو ناوچەیە و ئێران لەوێڕا توانیێەتی حیزبوڵا و حەماس پڕ چەک بکا و لە کۆتاییدا ئاماجەکانی خۆی پێی جێبه‌جێ بکا، ئەو پرسیارە دێتنێتە ئاراوە.


ئایا دوای هەرەس هێنانی حکومەتی بەشار ئه‌سه‌د بەشێک لە هێزەکانی دوو حەرەکەی ئیسلامی حیزبوڵا و حەماس بەرەو عێراق بە گشتی و هەرێمی باشووری کوردستان بە تایبەت بەڕێ ناکەون، بۆ ئەوە بەتوانن هەم زیاتر خۆیان لە ئێران نیزیک کەنەوە و هەمیش لە ژێر باڵی بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کانی کورد لە باشووری کوردستان خۆیان حەشار بەدەن؟


ئایا لە ئەگەرێکی ئاوادا کوردستان بەرەو چ ئاراسته‌یه‌ک دەچێ و هەڵوێستی حیزبه‌ ئیسلامییەکان کورد لە باشووری کوردستان چەلۆن دەبێ؟


ئایا ئێران کە هەنوکە زیاتر لە ٣٢٠٠٠ سیخۆری لە باشووری کوردستان هەیە و لە هیچ کەسیش شاراوە نییە حیزبه‌ ئیسلامییەکانی کورد لە باشووری کوردستان بە شێوەیەک مەلەفەیان لە ئێرانە و بەستراوە سیاسەتەکانی مەلاکانی تارانن، لە ئەگەری رووخانی نیزامی بەعسی سوریا ئەو هەلە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران درووست بێ تا هێزەکانی حەماس و حیزبوڵا لە سوریا بۆ باشووری کوردستان بگوازێتەوە و زیاتر لە ئیستا گێره‌شێوێنی و ئاڵۆزیی لە باشووری کوردستان بەڕی بخا و مەترسی ئەرگەی نفوزی لەو ناوچەیە پەرەپێ بدا؟


ئایا حیزبە ئیسلامیەکانی باشووری کوردستان ئەوەندە سەربەخۆ و بوێرن و نەکەوتونە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بتوانن خۆ لە حیزبوڵای دەستکردی ئێران هەڵاواردکەن و بەژەوەندی نەتەوەیی کورد و کوردستان لە سەرەوەی بڕوای ئیسلامی بەراوورد بکەن؟


یان حیزبە ئیسلامیەکانی کورد لە باشووری کوردستانیش وەکو هاوتایی نیزامی ئیسلامی ئێران هەموو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی لە پێناوی ئیسلام لە ژێر پێ دەنیین و مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و پێیان وایە دەبێ هەموو مروڤێک موسوڵمانە و دەرگای مزگەوتەکان بۆ کراوەیە و به‌س؟


یاخود جارێکی تر مێژوو دووپاتە دەبێتەوە و سه‌لاحه‌دینێکی دیکه‌ لە کورد دا دەخۆڵقێ و مەیدانداری بۆ پەرپێدانی ئیسلام دەکا و بەرژەوەندییەکانی ئیسلام لە سەرەوەی هەست و سۆزی نەتەوەیی کورد بەراورد دەکا و مافی بەرهەق و ڕوا و ڕاستەقینەی نەتەوەیی کورد فیدای دین و مەزهەب دەکا؟


هەرچەند ئەوە ڕاستە کە هەرەس هێنان و تێکرووخانی دواهەمین ناوەندی حکومەتی و پاشماوەکانی بەعسی لە خۆورهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد بەگشتیی و کوردانی سوریا بەتایبەتە تا نەتەوەکانی تر لەو ناوچەیە.


بەڵام پێویستە ئێمە کورد ئاگادار و هۆشیاری ئەگەر مەترسییەکانی درووست بوونی بە سیاسیی کردنی بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان لە کوردستان بین و نەهێڵین بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد لە پێناوی مەسەلەی دینی بە فیڕۆ بچێ.


کەوابوو ئەرکی هەموو کوردێک و بە تایبەت کوردان لە باشووری کوردستان پاراستن و ڕاگریی تاکە هەرێمی کوردستانە و پێویستە بۆ ئەو مەسەلەیە لە هیچ هەوڵ و کۆشەشێک کۆتایی نەکرێ و ده‌رفه‌ت نەدەین بە حیزبوڵا، حەماس، عەرەب، تورک، و فارس بە هەر بەهانەیەک و دەلیلێک ئەوەندی کە پاش سەدان ساڵ خودان و خەباتی خویناویی و جینوسایدکردنی گەلەکەمان بە دەستمان کەوتوە لێمانی تێک بدەن.

 

٨\٢\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی هێمن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک