په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٠

هەتا وەتبان تکریتیش داوای لێبووردنی لەگەلانی عێراق کرد،

ئەی ئەنفالچییە کوردەکان بۆ نایکەن؟!


رابەر رەشید    


دواجار و لەم رۆژانەداو لەبەردەم دادگادا (وەتبان تکریتی)ی کە یەکێکە لە گەورە تاوانبارانی رژێمی پێشوو و لەسەر دۆسییەی بازرگانەکانی عێراق فەرمانی لە سێدارەدانیشی دراوە، چیتر بەرگەی ئازاری ویژدانی خۆی نەگرت و بەوپەڕی راشکاوییەوە داوای لێبوردنی لە گەلانی عێراق کرد، بەوەی کە ئەو حزبەی ئەو لە پێناویدا کاری کردووە، بۆتە هۆی نەهامەتی و ئازارێکی زۆر بۆ گەلانی وڵاتەکەی. ئەم قسانە، ئەگەر هەر بۆ خۆ بە پەشیمان نیشاندەریش کردبێتی، نیشانەی ئەوپەڕی ئازایەتییە، لای ئەو کابرایە، چونکە وەک دەڵێن: دانان بە هەڵەدا، گەورەییە.


خۆ ئەگەر بێین و بەراوردێک لەنێوان ئەم تاوانبارەو تاوانبارە ئەنفالچییەکانی لای خۆمان بکەین، ئەوا بەپێی ئەم هاوکێشەیە، وەتبان لە ئەنفالچییەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، بوێرو ئازاترەو ئەگەر لە دوا ساتەکانی ژیانیشیدا بێت، ئەو لایەنە مرۆڤایەتییەی جولاو زۆر لەسەرخۆ، داوای لێبوردنی کرد لەسەرجەم ئەو تاوانانەی ئەنجام دراون و لە ئاوڕدانەوەیەکیشدا گەورە تاوانبارێکی وەکو (تاریق عەزیز) کە زۆرێک لە بەرپرسە گەورەکانی لای خۆمان بە کابرایەکی بێ گوناهی دادەنێن و هەتا داوای ئازادکردنیشی دەکەن، کەچی (وەتبان) تاریق عەزیزی بە ئەندازیاری تاوانەکانی عێراق دایەقەڵەم. مەبەست لەم پێشەکییە ئەوەیە کە تۆ بڵێی ئەنفالچییەکانی لای خۆیشمان کاتێک راپێچی دادگا دەکرێن –کە دڵنیام چ زووبێء چ درەنگ، هەردەبێ ئەو تاوانبارانە لەبەردەم دادگادا ئامادەبنء هێزیش نییە، تاسەر بتوانێت داکۆکییان لێبکات-، ئەوانیش وەکو وەتبان، ئەگەر لەدوا ساتەکانی ژیانیشیاندا بێت، ویژدانی مردوویان بجوولێتء بە تەنها رستەیەکیش داوای لێبووردن لە شەرەفی ئەتککراوی کورد بکەن، کە بە داخەوە ئەمڕۆکە دەسەڵاتی حزبی لەناو دەسەڵاتی باشووردا داڵدەیان دەدات و ئامادە نییە، دەسبەرداریان بێت، لێ مانەوەی ئەو موستەشارو جاش و خۆفرۆشە کوردانەی ئەنفالی (182) هەزار مرۆڤی کوردیان کرد و نەوەیەکیان بە نەخوێندەواری و کۆڵەواری هێشتەوەو منداڵەکانی خۆیانیان پێگەیاند، هەتا ئەو رۆژەی دەسەڵاتی حزبی ناو حکومەتی هەرێم بڕیاری راپێچکردنیان دەدات بۆ بەردەم دادگا هەر پەڵەیەکی رەشی سەر رووی ئەوانە دەبن کە داکۆکییان لێدەکەن و ئامادەنین بدرێنە دادگاو بە سزای خۆفرۆشی و کوردفرۆشییان بگەیەنن. ئاخر کەی رەوایە ئەنفالچییەک شانبەشانی شێرەکوڕێکی ئەم باشووری کوردستانە بە بازاڕی شاردا پیاسە بکات و ئەنفالچییەکە های لایڤ بژێت و شێرەکوڕەکەش بەهەزار دەردەسەری بژێوی منداڵە منداڵە نەخوێندەوارەکانی پەیدا بکات؟.. کەی رەوایە ئەنفالچییەک لە هەمان تۆماری شەهیدانی گەلدا ناوی گڵاوی شانبەشانی ناوی پیرۆزی پیرۆزییەکانی نەتەوەیەکدا بنووسرێتەوە، ئەمە لە گرێژنە دەرچوونی راستییەکانەو ئەو رۆژەش زۆر نزیکە هۆشیاریی رۆڵەکانی گەل، وەکو تاوانبارانی مێژوو و ناوی گڵاوی ئەوان تووڕ تووڕ هەڵبدات و تۆماری شەهیدان و دڵسۆزانی گەلیش گڵەشۆر بکرێن و لەو خڵتەو خاشاکە گەنیوە پاکژ بکرێنەوە، دڵنیام ئەو رۆژە زۆر نزیکەو شەقیش مێژووش لە رادەبەردەر ترسناکە بۆ ئەوانەی بە دەستنوێژەوە بۆ نەمری دەژین.

 

کەرکوک
ماڵپەڕی رابەر رەشید