په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٠

حکومەت و کارەبا؟!


ستار محەمەد قادر


کاتێک گەرمای هاوین لە شارێکی سیخناخ لە درووسشمی بریقەدار و قەیرانی سیاسیی و ئابووریی و خزمەتگووزاریی تەنگ بە هاوڵاتییان هەڵدەچنێ و بڕسکیان لەبەر دەبڕێت، ئەوجار ئەوەیان وەبیر دەکەوێت، لەم سەردەمەدا جگە لەوەی بە پشتیوانی رەگەزی ئاو، ئاوەدانی بەرجەستە دەبێت، بە یارمەتی داهێنانی ئاوەزی ئەدیسۆنیش ژیانێکی باشتر فەراهەم دەکرێت.


ئەم هاوینە دوای بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرماو دابەزینی کێرڤی کارەبای نیشتیمانی، لە لایەن هاوڵاتییانەوە گلەییکی زۆر لە حکومەت دەکرێ و لە رێی دیمانە تەلەفزیۆنەکانەوە رەخنەی ئەوە ئاراستەی میکانیزمی کارکردنی حکومەت دەکرێت، ئەگەر حکومەتداری بەو شێوەیەی ئێستای ئەوان بێت، ئەوە هەر یەکێک لەو هاوڵاتییانە لە توانایاندایە بەبێ موجامەلە لەسەر ئەو کورسییە دابنیشن کە وا بۆ حەوت مانگ دەڕوات وڵاتی تووشی گرفتی دۆگما بوونی سیاسیی و ئیداریی و ... هتد کردووە!


هێندێک پێیان وایە حکومەتێک بەو زەبەلاحییە، نەتوانێت بڕی مووەلیدەیەکی ئەهلی پشکی کارەبا بۆ هاوڵاتییانی دابین بکات، ئیتر بۆ ناوی حکومەت لە خۆی دەنێ و ئەو شەڕە نەخوازراوەش لەسەر ئەو کورسییە نەگریسە بۆچی دەکەن، کە جگە لە ئیمتیازات بۆ سەرۆک وەزیران و حیزب و ئەندامانی خێزانەکەی و بەرژەوەندی باڵای وڵاتە ئێقلیمییەکان، بەرژەوەندی باڵای میللەت بە حەقیقەت لە بنەڕەتدا فەرامۆش دەکەن!


کارەبا ئەو فاکتەرەیە بۆ جارێکی دیکە ئەوەی وەبیری هاوڵاتییان هێنایەوە، لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا چۆن و بە چ شێوەیەک تیشک دەخرێتە سەریان و چ جۆرە ئیعتیبارێکیان بۆ دادەنرێت، لە دوای ئەو پرۆسەیەیش چۆن پەراوێز دەخرێن؟!


خۆ پیشاندان یەکێکە لە پێدراوەکانی گەرمای هاوین، ماوەیەکە شاری کەرکووک هەر جارەی گەڕەکێک بە شێوازی جۆراو جۆر گوزارشت لەو پەراوێز خستنە دەکەن کە هەموو بەرپرسەکانی شار لە ئاستیدا خۆیان کردووە بە کەڕەی شەربەت، تا پەنایان بۆ ئەو شێوە شارستانییەی دەربڕینی ناڕەزایی نەبرد، تا پشکۆی نا رەزایی بەردەرکی هێندێکیانی نەگرت، گلەیی و گازندەکانییان کاریگەریی ئەوەی نەبوو چالاکترین پەرلەمانتێر یان بەرپرس ئاوڕیان لێ بداتەوە تا بەدوادا چوون بۆ داخوازیی و داواکارییەکانییان بکرێت؟!


شاری کەرکووک، دوای ئەوەی بۆ حەوت ساڵ دەڕوات بە هۆی ململانێی نا تەندرووستی حزبایەتییەوە دەرگای بۆ کۆمەڵێک پاشا گەردانی خستە سەر پشت، دوای ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی باش لە حەقیقەتی ئەوە گەیشتن، کە ئاراستەی سیاسیی شتێکەو لایەنی ئیداریی و خزمەتگوزاریی شتێکی دیکەیە، ئەوەیان بۆ روون بووەوە لە کەرکووکدا درووشم گووتنەوە کاتی بەسەر چووەو بە تەنها قسە کردن بەرد ناخاتە سەر بەردێک، بە باشی لە حەقیقەتی ئەوە گەیشتن زۆرێک موزایەدات بەسەریانەوە دەکەن و لە فۆرمدا خەمی ئەو خەڵکەیانەو لە جەوهەریشدا هەریەکەیان خەریکی تەنها خۆیەتی و " ئۆخەی، ئۆخەی، هەرکەس بۆ خۆی" هێدی هێدی خەریکە دەبێت بە نۆرم و بێ ماسک لە کارو کرداریاندا رەنگدانەوەی دەبێت، لەوە حاڵی بوون زەممەنی گوێ گرتن لە گەڵ رووخاندنی رژێمدا چووە زبڵدانی مێژووەوەو کاتی ئەوە هاتووە لە مەو دووا گوێیان لێ بگیردرێت!


هەر چەندە نەبوونی کارەباو ئاو، کە دوو رەگەزی سەرەکین بۆ ئەوەی ژیان بۆ هاوشارییەکان بگەڕێنێتەوەو کەرکووکیش لە بە بیابانبوون بپارێزێت. بوون بەو دەلاقەیەی تا هاوڵاتییان فێری ستایلێکی دیکە بکەن بۆ ئەوەی لە رێیەوە بەرپرسان بێدار بکەنەوە لەو خەوە قووڵەی کە هەمیشە خەون بە خۆیانەوە دەبینن، بەڵام دەبێت دان بەو راستییەیشدا بنێین شاری کەرکووک لە زۆر رووەوە کەم و کورتی هەیەو نەبوونی خزمەتگووزاری وەکو نیمچە پێویست یەکێکە لەو دیاردە ترسناکانەی بووە بە هۆکاری ئەوەی روخساری ئەم شارە، لە شارێکی دەوڵەمەندەوە بگۆڕێت بۆ زبڵدان، کەواتە دەبێت لە مەو دووا چ بەرپرسان و چیش هاوڵاتییان، ئەوە لە بەر دید بگرن، کە خۆپیشاندان یەکێکە لە تەژییەکانی دیمۆکراسییەت و رەگەزێکە سەرچاوەی وەبەرهێنی تازە گەرییەو دایکێکە تەنها لە ئامێزیدا کۆرپەڵەی داد پەروەری چاو دەکاتەوە، لە بەر ئەوە هەرگیز نابێت بیر لەوە بکەینەوە ئەو دەلاقەیەی لە دەرەنجامدا سەر ئێشە بۆ نەوەکانمان چێ دەکات، بە باراسیتۆل یان ئەمپۆلێکی موسەکین لەو کاتانەدا دەبێت ئێمە بە خۆماندا بچینەوە، بە قسەی بێ ناوەڕۆک و بەنج دایبخەین، چونکە هەر هەنگاوێک کاتی بێت، هیچ ئامانجێک ناپێکێت، بۆیە دەبێت کۆتایی بەو دیاردە نەخوازراوە بهێنین، لە دوای رووداو قسەی بێ بنەما نەکەین؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر