په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١١

ژن و ژیان و توندوتیژیی!

مەھدی خالید خەمبار 


پێشکەشە بەو ڕۆحە پیرۆزانەی کە بە ناڕەوا خەڵتانی خوێنکران ، بون بە خۆڵەمێش ، بەرد و بلۆک باران کران لە لایەن پیاوانەوە، زۆر جار تێکچونی باری تەندروستی دەبێتە یەکێک لە ھۆکارەکانی دابران لە چالاکی وجوڵە بە ھەموو ڕەنگ و جۆرەکانیەوە.


من ئەمجارەش داوای لێبوردن لە دۆستان و ھاوڕێیان و ئەو ھەستە ناسکانە دەکەم کە پێشتر بە ڕۆحی نوسین و بابەتەکانی من ئاشنا بوبون ! وا پاش ئەم دابڕانە جارێکی تر و لە تاف بۆنەیەکی تردا ، دڵ و ویژدان و خامەکەم دەخەمەوە خزمەتی ئێوەی چاو گەشانی میلەتەکەم.


ساڵانە و بە پێی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتەوکان و وەک خێرێک بە ڕەگەزی مێ !، ٢٥ مانگی ١١ بە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان ناوزەد کراوە .
جارێ بەڕای من ژن و ژیان لە تام و خۆشیەکانیاندا دوو تەواوکەری یەکترن ! سەرەتاکەیان بە دوو پیتی وەک یەک دەست پێ دەکات و کۆتاییەکەشیان بە ھەمان شێوە بە دوو پیتی وەک یەک کۆتایی دێت ، ئەگەر کەمێک زیاتر لەم دوو ووشە جوان و پڕ مانایە وورد ببینەوە ئەوا دەگەینە ئەم ڕاستیە و کۆمەڵێک لێکچونی بەڵگە نەویسیتمان بەر چاو دەکەوێت .


بۆیە لە سەر ڕەگەزی نێر پێویستە ڕێز لەم بنەما پیرۆز و ڕاستیە بگرێت ، چونکە زوو بێت یان درەنگ دەبێت خۆی لە ژن نزیک بکاتەوە ، جا ج لە تاف و ھەڕەتی گەنجی بێت ، یان لە کاتی ھەژاری و نەداری بێت ، یانیش لە کاتێکدا بێت کە دەوڵەمەندی ھەموو بۆشاییەکانی گیرفانی پڕ کردبێتەوە ، یان ئەوەتا سەرکردەیەکی بە توانا و بە ناوبانگ بیت ! دەبێت ھەر کام لەمانە بچنە نێو ئەو بازنە ھەنگوینەیەی کە بە یەکەوەیان دەنوسێنێت و ئەمانیش جارێکی تر دەبنەوە تەواوکەری یەکتر و ئەمجارە نێر و مێ باوەش بە ژیاندا دەکەن و پێکەوە دەبێت بەردی بناغەی قۆناخێکی نوێ دابنەن و لێرەوە تەرازوی کێشانی خێر و شەڕ لە ماڵدا دادەنرێت و بەزۆریش دەکەوێتە ژێڕ ڕکێفی پیاوان و خۆی بیەوێ لاسەنگی بکات ئەوا دەیکات و ئەوجا بەلای کێدا لاسەنگی دەکات ؟ ئەوە پرسیارێکە و وەڵامەکەی لە گیرفانی نێردایە ( ڕەنگە ڕەگەزی نێریش پشت بە ھەندێک بنەما و ڕێسا ببەستێت کە ئەم مافەی بۆیان بەڕەوا ناساندبێت !).


خۆمان ھەمومان لە نەرمی و بەخشەندەیی و بەوەفایی و جوانی و دڵسۆزی و میھرەبانی و بەسۆزی و بێ وەیی ڕەگەزی مێ بێ ئاگا نین ، ڕەنگە بەشێک لەم سیفاتە باشانە لە بەشێک لە ڕەگەزی نێردا ھەبێت ، بەڵام گەر بتەوێ کەسانێک لەم سیفاتانە ھاوتەریبی ژنان بن ( ئەوا ڕەنگە بە ڕێژەی پەنجەکانی دەست زێتر نەبن ، کە ڕێژەیەکی ئیجگار کەمە ) و زۆرینەمان حیساب بۆ ئەو ھەموو خۆشی و خۆشەویستی و لەزەتە ناکەین کە ڕەگەزی مێ لە سەر خوانی زێڕین پێشکەشی ئێمەی نێری دەکەن ! بەڵکو سەرباری ئەوەش ئەوەی پێمان بکرێت لە دژیان ئەنجامی دەدەین ، تا ئەو ئاستەی بەشێکمان ئەو پەپولە ناسکانە خەڵتانی خوێن دەکەین یانیش گڕکانی ڕقیان بۆ دادەگیرسێنین و جەستەیان لەو جوانی و بێ وەیەوە دەکەینە تۆپەڵێک لە خۆڵەمێش و خۆشمان ( نێرەکان ) وەک بەرزەگی بانان بۆی دەردەچین و دەست بە سمێڵماندا دەھێنین !


چەوسانەوەی ژنان و توند و تیژی دژی ژنان پرۆسەیەکی بەردەوامە و ھەموو دونیای تەنیوە و ھەر وڵات و نەتەوەیەک بە شێوەی جیا ، یانیش ھاوشێوەی ( مەملەکەتەکەی ئێمە ) ئەم پرۆسەیە پیادە دەکەن و ژن و ژیان لە دەمرێنن و ئەگەریش لە فاکتەر و ھۆکاری گەنجکوژ کردن و جوانەمەرگکردنی ژنان بکۆڵینەوە ، ئەوا گومانی تێدا نیە کە ( ڕەگەزی نێر تاوانباری سەرەکی ) ە ، واتە ھەم ئەنجامدەرەی تاوانەکەیە کە بە ھۆیەوە حەز و ئارەزوە سێکسیەکانی تێر دەکات و ھەمیش ئەنجامدەری کوشتنەکەیەتی بەوەی پەڵە و لەکەی سەرشۆڕیەکەی دەشواتەوە .


جۆرێکی تر لە توندوتیژیی ئەو زوڵم و زۆر و کوتان و تێھەڵدان و تف باران و سەرزەنشتکردن و شەق شەقێن و سەرکوتکردنەیە کە بەشێک لە ژنان لە لایەن بەشێک لە ھاوسەرە نێرەکانیانەوە ڕۆژانە وەک موچە بۆیان بڕاوەتەوە و لە ترسی دڕندەیی و بێ بەزەیی پیاوەکانیان ناتوانن ئەم نھێنیانە بدرکێنن تا دەبنە پاڵنەرێک بۆ بڕیاردانی ژن بۆ بە کۆتا ھێنان بە ژیان و خۆڕزگارکردن لەو دۆزەخە .


لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا و دونیای پڕ شارستانیدا ، جۆرێکی تازە لە چەوسانەوەی ژنان دەبینین کە بەدەر لە کوشتنی ژن لە لایەن ھەندێ پیاوەوە ، جەستەی ژن وەک کاڵایەکی بێ نرخ بۆ وەدەستھێنانی بەرژەوەندی پیاوان ، لە زۆربەی میدیاکاندا نمایش دەکرێت و سرنجی نێری پێ ڕادەکێشرێت و ھەندێ کاتیش تا ئاستێکی ئیجگار نزم نرخی ئەو ژنانە دادەبەزێنرێت ، کە ھەرگیز ژن بەو پیرۆزیەی خۆیەوە شایانی ئەو سوکایەتیپێکردن و ھەڕاجکردنە نیە !


کەسمان نیە لە کۆڕ و کۆبونەوە و بڵندگۆی مزگەوتەکان و میدیاکان و گفتوگۆ و ئاخاوتنەکانماندا ( ژن نیوەی کۆمەڵە و دایکی نیوەکەی تریەتی ) و ( بەھەشت لە ژێر پێی دایکان ) دایە بەر گوێمان نەکەوتبێت و ئێمەش دەیان جار نەماجاکانبێتەوە ، کەچی ھەر خۆشمانین ئەم کارەساتانە بە سەر ژناندا دەھێنین و لە ھەردوو حاڵەتەکەشدا وەک گورگی ھار تێکیان دەشکێنین ، بۆیە بەڕای من کاتی ئەوە ھاتوە کۆتایی بەو جاوە جاوە بھێنرێت و یاسایەک سەروەر بێت کە کەس نەتوانێت لە ئاستیدا گەورەتر و سەروەر تر بێت ، ئەم یاسایە زامنی کۆتاییپێھێنانی چەوسانەوە و توندوتیژییە دژ بە ژنان نەک شتی تر .

 

 

m.zerdeshti@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک