|
ژیان لە قەسیدەى
بۆ( نامکوژى) )هەردى شەفیق) دا.
خوێندنەوەى: یاسین
فەقێ
دەقى
ئەم شیعرە جارێکى تر کار لەسەر دروستکردنەوەى ژیان دەکات، لەڕێگاى
هەڵوەشاندنەوەى هەموو ئەو ئاکارانەى مرۆڤ بوونى مرۆڤ دەخەنە ژێر
پرسیارو بەدیوێکى دیدا شاعیر دەخوازێت لە گریانى کوکوختیەکەوە
قەسیدەیەک بخوێنیتەوە باس لە کوشتنى مرۆڤێک دەکات کەئەمەش لێک چونێکى
زۆر لەگەڵ( سوهراب) دا دروست دەکات کەپێى وابوو کەسێک لێڵکردنى ئاوى
کانیەک بە گوناه نەزانێ تیا چوونى مرۆڤایەتیش بە گوناه نازانێ.
دیارە هەردى لەو چەند دەقە شیعریەى کەمن دیومە هیچ کات نەیویستوە
کاراکتەرى سەرەکى لەشیعرەکانیدا ڕۆڵى سەرەکى بگێڕێت وەک ئەوەى
شاعیرەکانى دى تەنها لەزمانى شاعیرەوە ئەدوێن بەڵکو هەردى کۆمەڵێک
وێناو کاراکتەرى جیاواز دێنێتە نێو دەقەوە کەئەمەش جوانیەکى زۆر بە
دەقەکانى ئەو دەبە خشێت.
ئافراندنى وەها دەقێک لێوان لێو لە مۆسیقاو خەیاڵ و گرتنى دەستبار بۆ
یەکترى کارێکى کەم وێنەو دەگمەنە و زەمەن و کۆششێکى زۆرى دەوێ بۆ
لەدایک بوون و ژانگرتنى وەها دەقێک کە گەڕانێکى سادەو ساکارە بەنێو
عەزاب و نائومێدیە کانى ژیاندا، لە گۆشە نیگاى پوچگەراییەکى سەوزەوە
کەدەکرێت ئومێدو ئاواتى ئایندەى لەسەر بونیاد بنرێت .پوچگەراییەک
هەمیشە ڕۆح ئامادەییەکى بەر چاوى هەیە تیایداو ڕۆحى مرۆڤ قسە لەسەر
ناشیرین بوون و داڕوخانى مرۆڤایەتى دەکات بەناو خۆیدا لەنێو دونیاى
مادیات و لەژێر سێبەرى ئیدۆلۆژیەکاندا کەوەک چۆن چەکە کۆکوژەکان
ئاسەوارى خراپ لەسەر جەستەى مرۆ جێدێڵن هاوشێوەى ئەوە کاریگەریە
نێگەتیڤە بە هەمان شێوە ئەویش ئاسەوارى خراپ لەسەر ڕۆحى مرۆڤ جێدێڵێ.
لێرەوە دەچینە نێوان دەروازەیەک کەوەک هەمیشە دەمان باتە نێو دووڕیانى
ژیان و مردن و لەوێوە تەفسیرێکى تر بۆ ژیان دەکات و جارێکى تر زۆرێک
لەلایەنەکانى ژیان دەخاتە ژێر پرسیارە قوڵە کانى ڕۆح و لەنێو دەقێکى
نێهلیزمدا شاعیردێت و ژیان لەفۆرم و ستایلێکى تازەدا دەنوسێتەوە .بەشێوەیەک
خوێنەر بەنێو دونیاى ڕۆحى شاعیردا دەگێڕێت مرۆ هەست ناکات قەسیدەیەک
دەخوێنێتەوە بەڵکو تەماشاى دیمەنە نابووتە کانى ژیان دەکات.وەک
لەبەشێکى قەسیدەکەدا دەنوسێت :
بەرلەوەى مەرگى ئەو پاساریانە بمکوژێ
بەگوێ سەبانەى ماڵە هەژارەکانى عیشقەوە
گۆرانیان ئەوت و کوشتنیان .......بۆنامکوژى
بەرلەوەى خەزانى باخچەکانى خەیاڵ بمکوژێ ...بۆ نامکوژى ؟
بەرلەوەى بەچەقۆ یادگاریە کانیان لەسەر باڵى پەپولەیەک بنوسن و
لەسەر پلیکانەى مەعبەدێکدا بمکوژن
یەشتا کەسى پیادا سەر نەکەووتووە....بۆنامکوژى؟
ئەگەرچى خوێنەر هێشت (هەردى)بەشاعیرى (قەسیدەى ژیان جەللادێکى
بێگوناهەدا)دەناسێت بەڵام دەکرێت بڵێن قەسیدەى بۆ (نامکوژى )باشترین
دەقى شیعرى ئەوە ئەگەر چى دەقەشیعریەکانى ئەو لەپەنجەى دەستێک
تێناپەڕێت ئەمەش ئاکارى شاعیرە کەم نوس و پوخت نوسەکانەئەوەى هەردیش لە
شاعیرانى دى جیا دەکاتەوە ئەو ستایلە تایبەتیەیە کەوێنا کردنى هەمان
وێنا کردنى ژیانى ئاسایی خەڵکە بەشێوەیەکى فەلسەفى و لەنێو جەنجاڵى
شەقام و بازاڕە کان و پێدانى خوێندنەوەیەکى قوڵترەو خستنە ژێر پرسیارى
ژیان و ڕوداوە ئاساییە کانى ڕۆژانەى ژیان و ئەو پرسیارە قوڵانەیە
لەپەنجەرەیەکەوە سواڵکەرێک یاخود سۆزانیەک سەیرى دونیاى لێوە دەکات و
لەهەمان گۆشە نیگاوە سۆزانیەک ئازارەکانى پێناسە دەکات و پێایدا
ئەناسرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵێک وێناى حەقیقى دا کەئەشێت لەژیانى ڕۆژانەى
هەر یەکێکماندا بوونى هەبێت و لەسەر شاشەى تیڤیەکان و کۆڵانەکانى ناو
شاردا بیبنین و هەمان خوێندنەوەمان بۆى نەبێت ئەمەش فاکتەرێکە لە ڕێگاى
ئەزەلیەتى ئەو ڕوداوانەوە کەئەشێت هەر ڕۆژێک دووبارە ببنەوە قەسیدەکە
دەباتە نێو دونیاى جاویدانى.
کە مرۆڤایەتى..........
شیعرێک و فتواى کوشتنى کۆترێکى پێ جیانەکرایەوە
مردنى مرۆڤێک و عاشق بوونى گوڵێکى بەژیان پێ َلێک نەدرایەوە
جیاوازى پێ نەکرا لەنێوان ئیحساسەکانى شاعیرێک و
ئەو ڕۆژوە وانەى ڕۆژوەکەى بەگۆشتى کوژراوێک ئەشکێنێ
دیمەنى گوڵێکى لاحەرامەو کوشتنى مرۆڤێک بەشەرم نازانێ
جیاوازى پێنەکرا لەنێوان ئیحساسەکانى شاعیرێک،
بچوکتر لەدڵى پەپولەو گەورەتر لەجیهان
لەگەڵ قارەمانێ بکوژى هەزران ئینسان
بۆ نامکوژى ...؟؟
جگەلەوەش گوزەر کردن بەنێو دەقەکانى شاعیردا هەمیشە لەکۆتا دێڕدا
هەستێکى مرۆیی و ڕۆحیەتێکى مرۆڤ دۆستانەت لاجێدێڵى هەروەک لەم دەقەشدا
ئەمە دووبارە بووەتەوە ، بەشێوەیەک لەدواى خوێندنەوەى هەریەکێک لەو
دەقانەى من خوێندومەتەوە وەک (دواهەمین قسەى عیشق و ژیان جەللادێکى
بێگوناهەو ئێمە گوناهبار ترین کوڕەکانى ئادەمین)تۆ بەردەوام پرسیارێک
لە خۆت دەکەیت بۆدەبێت ئێمە بە خوێنى ئەوانى دى ڕەنگى لێومان سوربکەین
؟و ژیانى خۆمان ڕەنگ بکەین ؟بۆلەمەرگى نیوەکەى ترمان ژیانى نیوەکەى
ترمان دروست بکەین؟بۆ دەبێت بە وردو خاشکردنى سۆزانى و لەشفرۆش و
سواڵکەرکان هەیبەت وپێکەنین بۆ خۆمان دروست بکەین؟
بەرلەوەى مێژو ئەوینم بکات بەعیبرەتێکى تر بۆ
لاپەڕەکانى
جەلادێک بمکوژێت لەڕۆحى خۆیدا تەریقى ناکێشێت
عاشقێک لەسەر ڕوى مانگە شەو بنوسێ
هەر زوو کەوتینە داوى دۆزینەوەى بەختەوەرى و
درەنگ زانیمان ژیان ئولفەت گرتنە بەمەرگەوە
نورانیەک پێت بڵێیت ئەوە تۆنیت ڕو لەماڵى نائومێدى ئەکەیت
ئەوە ئەوە میواندارى تۆ ئەکات
ئاخر ژیان هێندەى بە بەرەوە نەماوە گۆرانیەکى تیابڵێ ى
بەرلەوەى عیشق ، جەنگە خوێنینەکە،
لەخۆش ویستنى دوومرۆڤدا سەرەتاى بێت و
لەکوشتنى دوو مرۆڤدا دوایی بێت
بەرلەوەى پێکەوە بوونى جوتێک مرۆڤ
هەرزانتربێت لەپێکەوە بوونى جوتێک پێڵاو
بۆنامکوژى ...؟؟!
بۆدەبێت بە کوشتنى سەرجەم بە ها مرۆییە کان و ڕشتنى خوێنەکان گۆرانى بۆ
بەختیاریەک بڵێین کەلەواقیعدا بونى نیە.لێرەوە دەقى (بۆنامکوژى)قەسیدەیەکە
لێوان لێو لەنائومێدى لەدونیایەکدا کە گوڵ و خوێن و ژیان و مردن
هەمویان لەژێرسێبەرى جەللادەکاندان و مردن قیمەتێکى ئەوتۆى نیە و
ئەوسام و هەیبەتەى نیە گەشبینەکان باسى لێوەدەکەن.لێرەدا دەتوانیین
بڵێن ئەگەرچى هەردى بەو ڕۆحیەتە جوانەوە هەمیشە دەیەوێت ژیان لەنێو
خوێنەکانەوە بهێنێتە نێو شکۆفەى گوڵەکان لێ هەمیشە کارکردنى ئەو
بەئاراستەیەکە هەمیشە خوێنەر تەسلیمى نائومێدى دەکات ئەمەش خاڵێکە
لەخاڵە نێگە تیڤەکانى ئەو و بەئاشکراش لەم دەقە شیعریەدا ئەوە هەست
پێدەکرێت بەتایبەتیش لە دووبارە کردنەوەى وشەى (بۆنامکوژى) لەدواى
هەرکۆپلەیەکدا کە شاعیر بەهەستێکى سەیرو لەززەت بەخش (لەدواى نائومێدى
ناو کۆپلەکانەوە باسى لێوەدەکات)دروستدەکات بۆ مردن و دەست بەرزکردنەوە
لەبەردەم قافڵەى مردندا .گەر سەرنجى کۆپلەى سەرەتاش بدەین.
بۆ نامکوژى...؟؟
کەمن بەناو فەنابوونى ئەم هەموو حەسرەتەدا شۆڕ بوومەتەوە
بەنێو جەنگى ئەم هەموو فیراقەدا تێپەڕیوم
لەناو ئەو هەموو ئەویندارو دێوانە بوونەدا گەورە بووم
بەهەموو یەئسە ڕەنگ مەغریبیە کانمەوە
لەئێوارەکانى تەنیاییدا
ئەم سەفەرى عیشقەم نەگەیاندە کۆتا
ماتڵى چیت .........بۆنامکوژى ؟؟
ئەوا هەر لەسەرەتاوە دەبیینین کە کلیلى چونەناوەوەى شیعرە کەیە ئەم
حەقیقەتە بەڕونى دەبینین و هەرلە سەرەتاوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەى بە
بێ دروست کردنى ئاڵۆزیەک لە زماندا شاعیر توانیویەتى ئاڵۆزیەک لە
مۆسیقاو کێشى مۆسیقى شیعرەکەو واتاى شیعرەکەدا دروست بکات ئەگەر
بەقوڵیش لەنیوەى دووەمى کۆتایی شیعرەکە ڕابمێنین دەبینین بەشوێن گۆڕکێ
و دەللالەت و مەدلولەکان شاعیر توانیویەتى چێژێکى زیاترو مۆسیقایەکى
کەم وێنە بەشیعرە کەى ببەخشێ و من پێم وایە بۆخۆشى نەیتوانیوە ئەمە
هەرگیز لە قەسیدەکانى تریدا دوبارە بکاتەوە، ئەگەرچى لە نوێگەریدا و
لەخەیاڵ جوانیدا توانیویەتى کارى جوانتر بکات بەڵام ئەوەى بۆ نەچووەتە
سەر جارێکى تر مۆسیقاى نێو ئەم دەقەشیعریە تێببپەڕێنێ.
بەرلەوەى گوڵە سپیەکانى ئیحساسم بمکوژن....تۆ
بمکوژە
ئەو گوڵانەى بۆنیان بچێت بەسەر هەرکەسێکدا
بۆ هەتا هەتایە نەى بینمەوە
گەر بەمردنى من چرایەک دائەگیرسێ......فەرموو بمکوژە
گەر بەمردنى من ئەم شەوە درێژە دوایی دێت
گەربەمردنى من ئەم وەحشەت ناکە کۆتایی دێت
گەر بەمردنى من سۆزانیە کان
دەبنەوە پاکیزەى ناو داستانە کۆنەکان
گەر بەمردنى من ئێوارەکانى مردن
لەسپێدە کانى ژیاندا هەڵنایەن
گەر بەمردنى من باخچە لەدەست پایز قوتار ئەبێت
خوێن یاداشتى ڕۆژانەى عیشقێک ئەنوسێتەوە
گەر بەمردنى من شەو بەسەر پشتى شەمشەمە کوێرەوە نافڕێت
گەر بەمردنى من ئاسمان باڵندەیەک لەئامێز دەگرێ
لەناو ئەو هەموو باڵندە گۆشت خۆرەدا
کەباران تواناى فڕینى پێنە هێشتوە
بۆنامکوژى ...؟؟
بوون و مردن کە ئامادەگی هەیە لەتەواوى ئەم قەسیدەدا و ڕەنگى داوەتەوە
بەشێوەیەک شاعیر دەیەوێت لەهەموو ڕوانگەکانەوە پێت بڵێت کەژیان تامى
تیا نەما باڕو لەماڵى مردن بکەین و ئەشێت مردن قابیلى ئەو ترسە قوڵ
وئەزەلیە نەبێت لەگەڵ بوونماندا هەیە بەڵکو مردن داخستنى پەنجەرەیەکە
بەڕوى کەناریەکدا باران تواناى فڕینى پێنەهێشتوە ،مردن مردنى ڕۆحە
لەنێو جەنجاڵى ژیاندا، لەگۆڕنانى ڕۆحە لەنێو کوشتنى مرۆڤدا ،مردن
ونبونە لەنێو ڕۆحى مرۆڤ وخۆ نەدۆزینەوەى لە دونیاى بێگوناهیدا ،مردن
خۆکوشتن و سەوز بوونەوەیە لەنێو ڕۆحى خوێن ڕێژێکدا،کەئێمە لەسایەى ئەم
ڕۆح کوشتن ومردنەوە ئەشێت هەموو ڕۆژێک بمرین وزیندوبین،هەموو ڕۆژێک
عەزاب بمان کوژێ وزیندووبین ئیدى بۆ لەجەللادێک بترسین دەمان کوژێت و
لەدەست بینینى ئەو هەموو خوێنەى قوربانیەکان ڕزگارمان دەکات؟بۆ لەمەرگ
بترسین وادەزانین نادیارەو ئەو لەسەر ڕۆح وعەزابەکانى گیانى ئێمە
دەژى؟بۆ لەمردنێک بترسین ڕۆحمان خاڵ دەکاتەوە لەنابووتى ژیان وپاکمان
دەکاتەوە لەهەموو ئەو گوناهانەى لەترسى مردن و مانەوە دەیکەین؟
بەرلەوەى خەمە غوربەتیەکانى ئەم گێتیە بمکوژن
مەرگى ئەو کچانە ببینم بەر لەتەواو کردنى نامەیەک کوژران
بەبەرد بوونى ئەو کوڕانە ببینم ڕۆحیان بووەتە پارچەیەک سەراب
گوناهى ئەو کچانە ببینم لەپشت چاوەکانیانەوە مردن و تەنهایی دەبینرێن
ئەو ئەسپە شەکەتانە ماچ بکەم شەکەت بوونى بیابان تواناو جوانى بردوون
بەرلەوەى جەنگاوەرە بریندارەکان
ئەو ئەسپە سپیانە بکوژن گالیسکەى جەنگەکان ڕائەکێشن
بۆنامکوژى ....؟؟
هاو زەمان لەگەڵ ئەمانەشدا شاعیر بەردەوام پرسیارێکى دۆستانە ئەما پڕ
لەکوشتن وئارەزوى جەللاد ئاراستەى جەللاد دەکات کەمردن ئەو هەموو
ناهەموارى وناسۆریەى پێیە بۆنامکوژى؟کەمردن ئەو هەموو جوانیەى پییە بۆ
نامکوژى ؟یان بەدیوێکى تردا دەیەوێت بڵێت جەللادەکان هەموویان
دۆستەکانى ئێمەن و وەک ئێمە مرۆڤن و لەهەسارەیەکى ترەوە نەهاتوون ،ئەوە
من و تۆین دەبین بەجەللاد بۆ کوشتنى دڵ و ڕۆحى یەکترى و یەکترى دەکەین
بەپەیژەو پیایدا سەردەکەوین بەرەو دونیاى لەززەت ودەسەڵات کەلە واقیعدا
ئاسودەیی وبەختیارى لەوێدانیە.
بەرلەوەى بۆنى خوێنى خۆم و بۆنى باران لێک جوێ
نەکەمەوە
بەرلەوەى ئەم شەڕى یەقین و گومانە لەمندا دەست پێبکات و
دوا حەسرەتیش لەمندا کۆتایی بێت
بەرلەوەى وەک مشکى تاقیگە
دانە دانەى ئەم ئازارانەم لەسەر تاقى بکەنەوە
بەرلەوەى ئەم ڕۆمانى ئازارە لەژیانمدا درێژە بەبوونى بداو
بەسەر هاتى مەرگى من بنوسێتەوە
بەرلەوەى من ژیانم بەحەسرەت ڕەنگ بکەم و
تۆش عیشقت بە ئاگر تەواو بکەى
خەیاڵ بتباتە نێو جەنگى ئەو قا فڵانەى لەسەر کەنیزەکەکانیان یەکتریان
قڕ دەکرد
حەسرەت بمباتە سەر ئەسڵى ئەو خێڵانەى کوژراوەکانیان بەشدە کرد
بۆ نامکوژى ....؟؟
شاعیر لەم قەسیدە دا بەلایەنە جۆراو جۆرەکانى ژیاندا دەمان گێڕێت بەنێو
دونیاى عیشق و سیاسەت و کۆمەڵگاو ڕۆحى خۆمان و...هتد دا وبۆئەوەى
پێناسەیەکى تر بەژیان بدەین وخوێندنەوەیەکى تر بە گوناه وسزا و
خوێندنەوەیەکى ڕۆحیتریش بدەین بەئاکارو کۆمەڵگا لێرەدا من دەمەوێت بڵێم
هەرئەمەشە سیفەتەکانى شاعیرو بگرە ئەخلاقیاتى شاعیریش ژیان لەنێو
دونیاى ڕۆح وپاکیدا دروست کاتەوە و ئاوى گوڵەکانى ڕۆح وجوانى بداتەوە .بەڵام
لەیۆتۆپیاى هەردیدا وەک سوپا سالارەکان ى جەنگ دەیانەوێت بەخوێنى
بێگوناهەکان بەختەوەرى بۆ مرۆڤایەتى بهێنن هەردیش بەهەمان شێوە بەڵام
بەدیوێکى تردا کەئەویش لەوەدا خۆى دەبینێتەوە دەبێت وەک مەسیح وحەللاج
خەڵک لەنێو خوێنى شاعیرەکانەوە تەفسیرێکى تر بۆ ژیان بکەن و لەبرى
موشایەخەکان خەڵک بچنە سەر مەرقەدى شاعیرەکان و واى بۆ دەچم ئەو تاکە
شاعیرێکیشە لەڕێگاى پیرۆزى دان بە خوێنى بێگوناهەکانەوە دەیەوێت پیرۆزى
بداتەوە بەپاکى مرۆڤ وجوانیش بداتەوە بە ژیان هەروەک وئەمە تاڕادەیەک
لەمەزهەبى شیعەدا بوونى هەیەو دەیانەوێت لەڕێگاى پیرۆزى دان بە خوێنى (حەسەن
وحسین)ەوە نەفرەت لەجەنگ بکەن سرودێک بۆپاکى بڵێن و ئەمە زۆرجار لە
کوردەواریشدا هەیە زۆرێک لە کوژراوەکان بوون بەو موشایەخانەى خەلک بۆ
مرازى دڵیان دەچنە سەریان و ئەمەش لاى هەردى بەدیوە فەلسەفیەکەیەتى و
هەروەک لە کۆپلەى کۆتایی قەسیدەى بۆنامکوژى دا ئەمە بەڕونى دەبینرێت.
گەرکوشتنم ئاشتیەک بەڕۆح و جەستەت ئەدات
گەر کوشتن جوانیەک بەمرۆڤ بوونت ئەدات
لەکاتێکدا کوشتنم لەبێمانایی ئەم ژیانە پوچترەو
تەنها دەنگى حەزینى کوکوختیەک ئەتوانێ
لەشیعرێکدا ئەداى بکات
شاعیر دەیەوێت لەڕێگاى ئەم قەسیدەوە پێمان بڵێت وەزیفەى شیعر
لەهەڵچونێکى عاتیفى زۆر گەورەترەو شیعر ئەتوانێت جارێکى تر ناوەوەى
مرۆڤ دروست کاتەوە و ئەگەر شاعیر ئەمەشى نەکرد ئەوا هەزار ئارایشت بدات
بەیماو ناو و ناو بانگى شاعیر ئەوا کارێکى نەکردوە خزمەت بە مرۆڤایەتى
بکات .وەک ئەوەى هەردى دەنوسێت مردنى مرۆڤ لەنێو ڕۆحى خۆیدا زۆر لەز
مردنە سەخت ترە لەپەشیمانى و عەزاب ویژداندا مرۆڤ دەکوژێ.
بەرلەوەى دوو کەڵى ئەم شەمەنەفەرەدێرینە بمکوژێ ...بۆ نامکوژى؟
ئەزانى شەرمکردن لەتاریکى چ گەورە بوونێکە؟؟!
تاکەى چاوەڕوانى ئەو مردنە شیرینەبم؟
بەرلەوەى نوێژەکانم لەسوجدە دابمکوژن ....تۆ بمکوژە
بەرلەوەى ئەو قافڵانە بمکوژن،
دیوارەکان ڕاویان ئەنێن و ڕوو لەگۆڕەکان ئەکەن....تۆبمکوژە
بەرلەوەى یەکێک لەو کوڕانە بمکوژێ
هەزاران جار گۆڕەو شار دراوە زیندوو بووەتەوە بۆ خۆکوشتن
یەکێکلەو کچانە بمنێژێ هەزاران جار مردووەو
زیندووە بووەتەوە بۆ میهرەبانى ناشتن
بەرلەوەى پاسەوانى ئەو باخچانە بمکوژن
لەنجەولارى گوڵێک ئەیان کوژێ.. تۆبمکوژە
بەلەوەى ئەو ڕاوچیانە بمکوژن نیگاى کۆترێک ئەیانکوژێ
بەرلەوەى ئەم شەرمەزاریە بمکوژێ تۆبمکوژە
مردن چیە لەوساتانە زیاتر هەست بەزەلیلیت بکەیت ؟؟
بۆ دەستەو ئەژنۆ دۆشداماوى ؟
ماتڵى چیت ؟
بۆنامکوژى .....؟؟
وێراى دەست خۆشیم لە شاعیر وەک کەسێکى شیعر دۆست
چاوەڕێى داهاتوویەکى ڕوناکى لێدەکرێت و ببێتە یەکێک لەشاعیرە دیارو
گەورەکانى کورد ئەگەر بەم نەفەسە شیعریە بەردەوام بێت.
|