په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

کام لیژنەى ئیغتیالات سۆرانى کوشت ؟


پێشڕەو حەمید   


(تامردن بەچەکەوە پیرۆز بیت ئەوا بۆهەموو ووشەیەک گوللەیەک ئامادەیە).


لەسەردەمى حوکمڕانى شێخ مەحمود ئەگەر کورد نەیزانیبێت سیاسەتى حوکمڕانى مەیسەربکات و لەنێو گەمەسیاسیەکاندا یاریزیانێکى باش بوبێت ئەوا کەم تازۆر بە پێى گێراِنەوە مێژوییەکان ڕێز لەئیرادەى دەنگى جیاواز گیراوەو سەکۆیەکى فراوان ئامادەى هەبوە بۆتەعبیر کردن لە جیاوازییەکان و لە نائامادەبونى هۆشیارى سیاسیشدا هێشتا کورد لەو کاتەدا لەغیابى فیکرى تیرۆردا ژیاوەو بۆکپکردنەوەى دەنگە جیاوازەکان لەئەداى کاربەدەستانى حکومەت ، هێشتا هیچ دەزگایەکى سەرکوتکەر وەک دەزگایەکى پۆلیسى یان عەسکەرتاریەت بەشێوەیکى وەها نەبوە کە ژیانى کەسە ئۆپزسێونەکان یانە گروپ و لایەنە نەیارەکان بخاتە بەردەم هەڕەشەى کوشتن و لەناوبردنەوە و ئیهانەیان بکات ، ، کە ڕەنگە هۆکارى ئەوەش بونى داگیرکارى سۆپاى ئینگلیزو نەیارانى کورد بوبێـت لەسەرخاکەکەى و ئەوەندەى لەو کاتەدا کورد چ نەتەوە چ وەک دەسەڵات تەنها بیریان لەڕزگارکردن کردبێتەوە و بیرى کوشتنى دەنگى جیاواز لە ئەجنداى پێکهاتە ئەمنیەکانى حکومەتدا بوبێت ، بەڵام بە دیوێکیتردا هێشتا ئەو دەسەڵاتە لەسەرەوە تا خوارەوە بە پێى سەرچاوە مێژویەکان بەردەوام لەململانى و کپکردنەوەى دەنەگە نەیارەکاندابوە لەناوخۆى سنورى قەڵەمڕەویەکانی خۆیدا و ئەوەندەى لەهەڵدانەوەى لاپەڕەکانى مێژودا لەسەردەمى حکومەتى شێخ مەحمودا وەدەستم گەیشتبێت تەنها کوشتن یان تیرۆرکردنى ( جەمال عیرفان ) بوە ، کوشتنى ( عیرفان ) دەمانباتە بەردەم پرسێاریک و دەڵێت ئایا کوشتنى ( عیرفان ) لەوکاتەداچیى بەرهەمێکى بەخشیە بیر تەسکى ئەوانەى لە ووشە دەترسان ؟ ئایا تیرۆرکردنى ووشە لەو کاتەدا نابێتە سەرەتایەک بۆکوشتنى بەردەوامى هێزى ( ووشەى ئازاو ئازاد ) لەئێستاماندا ؟ ئایا باگراوندنى کوشتنى ووشەى ئازاد لەسەردەمى حکومەتە جیاوازەکاندا لەگۆڕەپانى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردیدا سەرەتاى ستنوێکى درێژخایەن نیە بۆپەرەپێدانى بیرى کوشتن و تیرۆرکرندى ئەوانەى لەدەرەوەى هەیمەنەى هێزەباڵادەستەکانەوە ، کۆمەڵگاو کایەجیاوازەکانى ترى کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکى تردەبەن کە دەخوازێت لەبازنەى بیرتەسکى ئەجنداى دەسەڵاتەوە بیانکاتەدەرەوە و ڕێڕەوەى ئایندەى هاوڵاتى بون و دروستکردنى تاکى ئازاد سەربەستانە لە پانتایى یەکى تردا دروست بکات و کەرامەت بۆئەو مرۆڤانە بگەڕێنێتەوە کە جەبەروتیەتى دەسەڵاتى پاوەنخواز تەواوى بونەورەکانى لەپێکهاتەیەکى تەواو تەندروستەوە تێکشکاندو وەو بۆمەبەستى سەرخستنى پرۆژە جەهەنمیەکانى خۆى مۆنۆپۆلیان دەکات ؟ ئایا کوشتنى مرۆڤ لەسەر دەربڕینى بیرێکى جیاواز یان ئەو پرسیارانەى کە دەستەواژەى ( بڤە ) ى بۆداداشراەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە چی مانایەک دەبەخشێت ئەگەر ئێمەتەنها ماناى دیکتاتۆربون و مرۆڤ کوژى و ژیان کوژ نەبەخشینە خودى ئەو دەسەڵاتە ؟


لە ماوەى ( 15 ) پانزە ساڵى ڕابردودا هەرلەکوشتنى ( بەکر عەلى ) و تەواوى ئەوکەسانەى تر کە لیژنەکانى کوشتن یان ( لیژنەى ئیغتیالات ) ى حیزبەکوردیەکان لەسەر دەربڕینى بیروڕاى جیاواز یان لەبەر لایەنگریان ولایەنداریان بۆحیزبەکانى تر کردیان ، جگەلەوەى گۆمانێکى گەورەمان لادروست دەکات لەوەى کە هێشتا عەقڵیەتى کوشتن و بڕین و سوکایەتى کردن وەک ئەوەى لەهەناوى بەعسیەکاندا تائێستاش بونى هەیە بەهەمان شێوەش لەهەناوەى حیزبەکوردیەکاندا خۆى مەڵاس داو هەرساتێک ختوکەى ئەو عەقڵێتە ئیرهابیە بدرێت گورزى خۆى دەوەشێنێت و ژیان پڕدەکات لەخوێن و خویشى بەڕشتنى خوێن و بەبۆنکردنى ( مەست ) دەبێت و بوار بۆپێناسەکردنێک یان خوێندنەوەیکى تر ناهێلێتەوە کە بەسەر ئەو عەقلێتەدا دایببڕیت و ئەوەندە نەبێت کە حیزبەکوردیەکان لیژنەکانى ئیغتیالات کردنى خۆیان فراوانترکردو نێچیرەکانى یەکتریان بردە گۆڕەپانى شەڕى ناوخۆوە و لەوێندەرێ یەکەیەکە ( تەسفێکران ) و بەناوى پارستنى ئەمنى قەو مى و دەسکەوتەکانى ڕاپەڕین و خۆێنى شەهیدانى شاخ ، سوکایەتى دونیایان بە کوردو گونجانى کوردو ماناکانى حکومکردن کردو تۆوى دوبەرەکى و نایەکسانیان لە خاکێکدا چان کە هێشتا بونەوەرە چەقۆبەدەستەکانى جەلادانەتر مرۆڤ دەکوژێت و دوا قوربانیشیان ( سۆرانى مامەحەمە ) بو ؟! ئەگەرچى کوشتنى ( سۆران ) دەکەوێتە دەرەوەى پانتاى بیرى ( لیژنەکانى کوشتن ) ى حیزبەکوردیەکان ، بەڵام هێشتا لەناو ئەجنداى لیژنەکانى کوشتنى ( پەرپرسە جەلادەکاندا خول دەخوات و سۆران دوا قوربانى چەقۆبەدەستەکان و چەتەکان و دوژمونانى ووشەى ئازاد نابێت و ڕەنگە نێچرى ئەم جارەیان تەنها کەسێک نەبێت و بەکۆمەڵ نیچیرەکانیان ڕاوبکەن بەتایبەتى ئەو کەسانەى تەنها قەڵمیان چەکى دەستیانەوە بە ووشە وێنە ناشرینەکانى کاربەدەستان و مەرامە شەهوانییەکانیان ئاشکرادەکات و ئەو هەنگاوانەیان بۆچەڵ دەکاتەوە کە پێى دەوڵمەند دەبن لەسەر حسابى خەباتى پێشمەرگە خاکیەکان و خەڵکانى دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر.


شەهید کردنى سۆرانى گەنج و سۆرانى خاوەن وشەى ئازاد جگەلەوەى بانگەشەکانى سەرکردایەتى سیاسى کورد بۆ ئازادى و دیموکراتیزەکردن دەخاتەژێر پرسیارەوە ، بە هەمانشێوەش گومانێکى وەها دروست دەکات کە مەحاڵە بڕو ابەوەبهێنم کە ئەو ئازادیەى بانگەشەى بۆدەکرێت جگەلە حیکایەتێک هیچ مانایەکى تر هەڵبگرێت ؟ کوشتنى ڕۆژنامەنوسێک لەسەر دەربڕینى جیاواز و هەڵدانەوەى نهێنى ناخى بەرپرسانى گەندەڵ و شەهوەتبازەکانى ناو کایەجیاجیاکانى دەسەڵات لەکەرکودا لەبن دەستى دو ئاسایش و ئەو هەمو هێزەکوردیەدا لە کەرکوک چیى دەبەخشێت جگەلە زیندوکردنەوەى لیژنەى ئیغتیالات ) کە بەدەستى ئەو لیژنانەى حیزبەکان زۆرترین خەڵکانى ڕۆشنبیر و نەیارى یەکترى لەناوچون ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کام لیژنەى ئیغتیالاتى حیزبەکوردیەکان ( سۆران ) یان کوشت ؟ کام لەو بەرپرسانەى کەناوەکانیان لاى سۆرانە و لەگەڵ سۆزانیەکانى کەرکودا دەستیان تێکەڵ کردبو ( سۆران ) یان بەوشێوە ترسنۆکانەیە کوشت ؟ کوشتنى سۆران چیى مانایەکى دەبەخشێت بە ئەجنداى کارى بکوژەکانى ؟ ئایا لەبیرکردنەوەى ئەواندا کوشتنى سۆران بێدەنگ کردنى تەواوى خاوەن قەڵەمە ئازادەکانە ؟ یان کوشتنى سۆران سەرەتاى هەرەس هێنانى ئەو پانتایە ئازادەیە کە سەرکردایەتى کورد لەخەیاڵدانى خۆیدا وێناى کردوە و لەڕاگەیاندن و گوتارەکانیاندا بانگەشەى بۆدەکەن و لۆژیکیەن هیچ بونێکى نیە ؟ یان بکوژان و جەلادان لە ڕێگەى کوشتنى ( سۆران ) ە وە پێمان دەڵێن ( گەندەڵى و چەتگەرایى و شەهەوەت بازیى و خیانەتکردن ) پرۆژەمانە و کەس ناتوانێت ڕێگرمان بێت و هەر هاوڕێ یەکى ( سۆران ) یش وەک سۆران ( ووشە یەک ) دورلەخواستى ئێمە بکاتەهەوێنى نوسینى ( وتارێک ) وەک سۆران لەجامەتاریکەکانى ئۆتۆمبیلەکانمانەوە ( گوللە ) بارانى دەکەین .


کوشتنى سۆران جگە لەوەى هێزى زیاتر بە( قەڵەمەکانمان ) دەبەخشێت ، بەهەمان شێوەش تاقى کردنەوەیەکە و بەردەوام بون بۆ بڕینى قۆناغەکانى ئەو تاقیکردنەوەیەو قوربانى زیاترى دەوێت و دڵنیاشم کە تا ( گەندەڵکاران و شەهوەت بازان و چەتەکان ) ى ناو دەسەڵات لە ( ووشە ) بترسن دەیان ( سۆران ) ى تر دەبنە قوربانى ئازیەتى خویان و سنگیان دەکەوێتە بەر دەستڕێژى گوللەى ئەو بونەوەرە تێکشکاوە ترسنۆکانەوە.


سڵاو لە وشەى ئازاد ، سڵاو لە قەلەمەئازاکان ، سڵاو لە شەهیدى قەڵەم ( سۆرانى مامەحەمە ).

 


peshrawhameed@gmail.com