په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٥

کاراکتەری کورد؛ وەکو گەمەکەرێکی ھەمیشە دۆڕاو؟!


ستار محەمەد قادر   


بەداخەوە کورد تا ئێستا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەرگری لەماف و شووناسی خۆی بکات، وەکو نەتەوەیەکی خاوەن ماف بەبێ ماسک دەنگی بەرز بکاتەوەو پەیامی خۆی بگەیەنێت، لەسیاقی مێژووەوە ئەوە بەرونی دەبنین، کە ھەر جارەی خۆی بەشتێکەوە ھەڵواسیوە، لەھیچیشیاندا سەرکەوت و نەبووە، نەدیمۆکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردو نەش ئەو فیدڕاڵیەتەی کە لەدەستووری نوێی عێراقدا جێگیر کراوە.


ئەم گەمەیەی کە کورد بەحەقیقەتی خۆیەوە دەیکات، گەمەیەکە ھەمیشە بەزیان لێی ھاتووەتە دەرەوە، چونکە دووژمنەکانی لەیەک دەلاقەوە لەکورد دەنواڕن، ئەویش میللەتێکە دەبێت سازش بەمافە سرووشتییەکانی خۆیەوە بکات، ئەوجار قبووڵی دەکەن و بەزمی پێدەگێڕن!


کورد زۆر ئایدیاو ئایدۆلۆژیای تاقیکردەوە، زۆریانی کرد بەپاساو بۆ شەرعیەتدان بە کورد بوون، لەکاتێکدا لەھیچ کامیاندا مۆفەق نەبووە،تەنھا وەکو گەمە کەرێکی دۆڕاو لێیان دەرچووە!


ئەو گەمەیەی کورد بەخۆیەوە دەیکات، لەژێر ھە ناو و ناونیشانێک بێت، ئەوان تەنھا ئەوە دەبینن کەلەنێو فیکریاندا بەرجەستەیە، بۆیە ئەوەی تاکو ئێستا وەکو گەمەکەرێکی ماسکدارو شەرمن دەردەکەوێت، ئەوە کاراکتەری کوردە، نەک ئەوانیتر!


کورد کێشەیەکی ھەیە، نایەوێت راستەو خۆ بڕواتە نێو بابەتەکانەوەو پەردە لەسەریان ھەڵماڵێت، بەڵکو بەردەوام بیری لەلا قرتێ کردۆتەوە، ئەمەش لەھەموو سەردەمەکاندا زیانێکی زۆری بەر شووناسی کورد وەکو نەتەوەو کورد بوون وەکو چەمک گەیاندووە، ھەر ئەمەش وێنەی کوردێکی لەلای ئەوانیتر درووست کردووە، ھەمیشە گەمە بەژیانی خۆیەوە دەکات لەسەر حیسابی خۆی، نەک لەسەر حیسابی لایەکی تر، گەمەکە بەرێتە پێشەوە یان برەوی پێ بدات!


بێ گومان، ئەوەی ئەم گورزە کەمەر شکێنە لەماناو مەفھومی کورد بوون دەدات، ھێزە سیاسییەکانن، ئایدیاو ئایدۆلۆژیاکانن، چونکە ئەوان نەھاتوون بۆ ئەوەی ئەنەرژی بەکورد بوون بدەن، بەڵکو لەسەر حیسابی کورد بوون شوێنی خۆیان دەکەنەوەو درێژە بەژیانیان دەدەن، نەک کورد بوون ھێزو ووزە لەوانەوە وەربگرێت و خۆی و فەرھەنگی دەوڵەمەند بکات، بەڵکو ھەموو شتێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لەکورد دەدزن و بۆ بەرژەوەندیی ئایدۆلۆژیای حزبەکانیان بەکاریدەھێنن!


مێژوو و رووداوەکان، ئەوەی بۆمان سەلماندووە، ھیچ ئایدیاو ئایدۆلۆژیایەک، ھێندەی کورد بوون خۆی، ناتاونێت برینی سەر جەستەی کورد وەکو نەتەوە ساڕێژ بکات، چونکە ھێزە سیاسییەکان کوردیان کردۆتە ئامراز، نەک ئامانج!


جگە لەکوورد بوون ھەر زاراوەیەک یان ئایدۆلۆژیایەک بگریت، شەپا زلەیەک لەکورد بوون دەدات و دەیخاتە پەراوێزی خۆیەوەو کەم بایەختر لەخۆی دەینرخێنێت، چونکە بەرژەوەندی حیزبی تا ئێستا رێگا نادات، ئایدیاو ئایدۆلۆژیاکانی ئەوان بکەن بەھەوێنی کورد بوون، بەڵکو ھەمیشە کورد بوونیان کردووە بەقووربانی بۆ خۆیان، ئەمەش خاڵی لاوازی کوردە، کە بەردەوام دووژمنانی کورد کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی بەزیندوویی بیھێڵنەوە، بۆ ئەوەی ھەمیشە وەکو نەتەوەیەکی شەرمن دەست لەدووژمنەکانی پان بکاتەوە، لەسەر خاکی خۆی، جۆگرافیای کوردستان، قوربانیەکانی، سازشی پێ بکەن؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک