٦\٧\٢٠١٤
کەمپینی نا بۆ
یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان.
بەڕێزان: سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان
رای گشتی
دوای
ناڕەزایەتی زۆری خەڵکی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و
داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ، سەبارەت بە دەرچوونی یاسای ژمارە ١١ی
ساڵی ٢٠١٠ی رێکخستنی خۆپیشاندان، کە چەندین کەلێن و کەموکورتی یاسایی
تێدایە بەبێ رەچاوکردنی ئەو بنەما راستەقینانەی کە دەبوو یاساکەی لە
پێناودا دەربکرایە، چاوەڕواندەکرا یاساکە لەسەر بنچینەی پرەنسیپە
نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکان ھەمواری یەکەمی بۆ
بکرایەتەوە، بەداخەوە ھەر لە دەرکەوتەکانی سەرەتای ھەموارکردنەوەی
ماددەکانی یەکەم و دووەمدا بەربەست و رێگری نوێ لە بەردەم خۆپیشاندان و
رێگاکانی ناڕەزایی دەربڕین لە کوردستاندا چەسپێندراوە ، کە ناگونجێت
لەگەڵ:
- ماددەی ٢٠ی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ.
- ماددەی ٢١ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بەمافە مەدەنی و
سیاسییەکان.
- خاڵی "د"ی ماددەی ٨ی پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری و
کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان.
- بڕگەی ٣ی ماددەی ٣٦ی "بەشی ئازادییەکان"ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق.
لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا خۆپیشاندان مافێکی بنەڕەتییەو لە ریزی مافە
سروشتی و سەرەکییەکانی دیکەی مرۆڤە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و
دیموکراسی.
خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەبوو بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە ٥ی
ساڵی ٢٠١٣ی پەیمانی ھاوبەشی گەشەپێدان لە نێوان دەسەڵاتە گشتییەکان و
رێکخراوە ناحکومییەکان لە ھەرێمی کوردستان، کاری لەسەر ھەموارکردنەوەی
یەکەمی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان بکردایە، پەراوێزخستنی راوێژ لەگەڵ
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و پسپۆرانی ئەکادیمی و پارێزەر و دادوەران
دەرکەوتەیەکی ناتەندروستانەی مامەڵەی پەرلەمانی کوردستانە لەگەڵ چەمکی
بەشداری لە دەوڵەتی دیموکراسی دا بەپێی بڕیاری ژمارە (٥) ساڵی ٢٠١٣،
ھاوکات پەرلەمان بەشدار دەبێت لە جێبەجێ نەکردنی یاسا و بڕیارەکان کە
خودی پەرلەمانی کوردستان دەریکردوون.
ھەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندان بەم شێوەیەی ئێستا پەرلەمانی
کوردستانی دەخاتە بەدەم پرسیار و دانانی بەربەستی زۆر بەناوی
ھەموارکردنەوەی یاساکە، وەک ئەوەی لە بڕگەی ٤ی ماددەی ٢ دا پەرلەمان
پەسندی کردووە "کاتێک خۆپیشاندان دەبێتە ھۆی پەکخستنی دامودەزگا
حکومییە بنەڕەتییەکان وەکو خزمەتگوزاری و ھاتوچۆی گشتی و چالاکییە
ئابووری و بازرگانییەکان ئەوا پێویستە کۆتایی پێبھێندرێت". ئەمە جگە
لەوەی مانەوەی چەندین دەستەواژە و بڕگە لە یاساکەدا خۆی مانەوەی
بەربەست و پێشێلکارییە، بەتایبەت کە دەستەواژەی لاستیکی تری بۆ
زیادکراوە.
سەرەڕای ئەوەی ھەموارکردنەوەی یاساکە گرنگ دەنرخێنین، بەڵام
ھەموارکردنەوەکە نرخ و بەھایەکی نامێنێت ئەگەر بە پێچەوانەی ئەو
داواکارییە بنەڕەتییانە بێت کە چەندین ساڵە ھەزاران ھاووڵاتی خەڵکی
کوردستان داخوازییان لەسەر بووە و ئێمەش وەک (کەمپینی نا بۆ یاسای
رێکخستنی خۆپیشاندان) جگە لەوەی واژووی زیاتر لە ٣٠٠٠ ھاووڵاتیمان
لەسەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان گەیاندە پەرلەمانی کوردستان، ئەمە
جگەلەوەی لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکاندا خۆپیشاندانی ناڕەزایی جەماوەری
ئەنجامدرا.
بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی لەبەرامبەر
فەراھەمکردنی مافەکان و رێکخستنی بەپێی یاسا زیاتر بچەسپێنێت بەپێی
پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ھاوکات یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە پێناو
ئامانجی دەستەبەرکردنی ئەو مافە و رێکخستن و پاراستنی خۆپیشاندەران و
ئاسانکاری کردن بێت بۆیان، نەک دانانی بەربەست و رێوشوێنی ناکردەیی کە
جارێکی تر مەترسی رژانی خوێنی ھاووڵاتیانی کوردستانی لێبکەوێتەوە وەک
ئەوەی لە رووداوەکانی ١٧ی شوبات و خۆپیشاندانەکانی سەید سادق دا
بینیمان.
بۆیە ئێمە داخوازیی بنەڕەتییەکانمان وەک ئەوەی لە ساڵانی رابردوو
سەبارەت بە ئامانجی ھەموارکردنەوەی یاساکە خستبووە روو، جارێکی تر
دەیخەینەوە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی و مێژوویی ئێوەی
بەڕێز، بۆئەوەی لەکاتی ھەموارکردنەوەی یاساکەدا بچەسپێندرێت:
یەکەم: خۆپیشاندانی لەناکاو وەک جۆرێک لەخۆپیشاندان لەیاسای
رێکخستنی خۆپیشانداندا جێگیربکرێت چونکە نەبوونی ئەو جۆرە خۆپیشاندانە
لەیاساکەدا کەلێنێکی زۆر گەورە لەو یاسایەدا بەرجەستە دەکاتو بەشایەتی
ھەموو لایەکیش زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانەی لەماوەی رابوردودا لەھەرێمی
کوردستاندا ئەنجامدراون زۆربەیان لەمجۆرە خۆپیشاندانە بوونو ھیچ
کۆمەڵگەیەکیش نییە لە دنیادا ئەمجۆرە خۆپیشاندانەی تێدا نەبێت، ھەربۆیە
گرنگە لەیاسای رێکخستنی خۆپیشانداندا بناسێنرێتو ئەو رێوشوێنە
مەدەنیانەش دیاریبکرێن کەپێویستە لایەنی پەیوەندیدار لەکاتی روودانی
ئەمجۆرە خۆپیشاندانەدا بیانگرێنەبەر کەخۆی لەپاراستنی خۆپیشاندەراندا
دەبینێتەوە.
دووەم: جگە لە گۆڕینی ھێزی پۆلیس بە ھێزی چالاکییە مەدەنییەکان،
ئەو ھێزەی ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکانی لەئەستۆدایە دەبێت ئەم
ھێزانە راھێنراو بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشانداندان و لەکاتو شوێنی
خۆپیشاندانەکاندا ئامادە بن بەمەبەستی پاراستنی خۆپیشاندەران و دەبێت
ئەم ھێزە بێچەکو ئاشتیپارێز بێتو تەنھا لەکاتی روودانی پشێوییو
ناچاریدا دەتوانن ئەو ئامرازانەی بەرگریو روبەڕوبوونەوە بەکاربھێنن
کەپێیانە، وەک ( قەڵغان، داری پلاستیکی، فیشەکی پلاستیکی، سۆندەی
ئاوپڕژێنو گازی فرمێسک رژێن) بە پێی ستاندارتی نێودەوڵەتی .
سێیەم: مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی تاکەکەسی وەک مافێک لە
یاساکەدا بچەسپێندرێت، ھاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو نوێنەرانەی
ئاگادارنامە پێشکەش بەلایەنی پەیوەندیدار دەکەن.
چوارەم: مافی ئاگادارکردنەوە بدرێت بە
دامەزراوەیەکی مەدەنی نەوەک سەربازی و ئەمنی لە کاتی ئەنجامدانی
خۆپیشاندانی سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان یاخود بخرێتە دەست یەکەی
کارگێڕی.
پێنجەم: دوورخستنەوەی یاساکە لە ھەر
دەستەواژەیەکی لاستیکی کە تەفسیری جۆراوجۆر بۆ یاساکە ھەڵبگرێت لە
ئایندەدا وەکو ھاتووە "کاتێک خۆپیشاندان دەبێتە ھۆی پەکخستنی دامودەزگا
حکومییە بنەڕەتییەکان وەکو خزمەتگوزاری و ھاتوچۆی گشتی و چالاکییە
ئابووری و بازرگانییەکان ئەوا پێویستە کۆتایی پێبھێندرێت".
شەشەم: دووپاتی ئەوە دەکەینەوە
بەرپرسیارێتی روودانی ھەر زەرەرو زیانێک، چ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە
بێت یان ھێزەکانی پۆلیسەوە، بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسییەو بەپێی یاسا
کارپێکراوەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێتو داواکارانی ئەنجامدانی
خۆپیشاندانیش وەک ھەر بەشداربوویەکی تر مامەڵەی کەسییان لەگەڵدا بکرێتو
بەرپرسیارێتی گشتی روودانی زەرەرو زیان نەخرێتە ئەستۆیان ، چونکە لە
رابردوو داواکارانی خۆپێشاندان سزا دراون و دەستگیر کراون بەتایبەت لە
خۆپێشاندانەکانی بەردەم کونسوڵگەری ئێران و چالاکیەکانی پارتی چارەسەری
دیموکراتی کوردستان.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین کە:
یاسایەکی روونو ھاوچەرخو مۆدێرن بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان روویەکی گەشی
ئەزمونی ھەرێمی کوردستان نیشاندەداتو سەرەتایەکی یاسایی گونجاو دەبێت
بۆ ناسینی خۆپیشاندان وەک مافێکی سروشتیو دەستووریی ھاوڵاتیانو رێگە
خۆشکەریش دەبێت بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانو پاراستنی مافی ھاوڵاتیان
لەپیادەکردنی ئەو مافەیانداو لەھەمانکاتدا ھاوکاری دەسەڵاتی
جێبەجێکردنیش دەکات بۆ ئەوەی بەشێوازێکی ھاوچەرخ مامەڵە لەگەڵ
خۆپیشانداندا بکەنو ئەو بیرۆکە کۆنو تەقلیدیانەش سنوردار دەکات کە
خۆپیشاندان وەک کردارێکی ئاژاوەگێڕیی ناوزەد دەکەن، بەتایبەتیش
کۆمەڵگەی کوردی لەدوای چەندین ساڵی دکتاتۆریەتو بێ بەشبوونیان
لەپیادەکردنی مافە سروشتییەکانیان وایلێکردوون کە تامەزرۆی یاسایەک بن
کەجێبەجێکردنی ئەو مافانەو ھەموو مافە مەدەنیو دیموکراسییەکانی دیکەیان
بۆ دەستەبەر بکات.
٥\٧\٢٠١٤
- ھەولێر
|