په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٣

کەرکوک لە نێوان بەردەئاشی عیراقییبوون و کوردستانییبووندا.


مەهدی خالید خەمبار


لە وڵاتانی دونیای پێشکەوتو بە پێچەوانەی وڵاتی ئێمە (کوردستان) دەستور و یاسا باڵادەسترین دەسەڵاتن، بە پێی ئەو دەستور و یاسا و ڕێسایە ئەرک و مافەکان دیاری دەکرێن، لەکەسی قبوڵ ناکەن بستێک لە سەروی یاساوە بێت ، هەمو تاکەکانیش لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن.


لەم وڵاتانەدا هەم حکومەت و دام و دەزگاکانی و هەمیش ئەو دارییەی کە لە کۆی سەرچاوەی داهاتەکانیەوە دەستدەکەون، بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ڕونیەوە دەخرێنە خزمەت هەمو چینوتوێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا، دابینکردنی ژیانی نوێ، هەڵکردن لە گەڵ جیهانگیری و ڕەوتی پێشکەوتنی هاوچەرخ، دابینکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی، پێشکەشکردنی گشت جۆرە خزمەتگوزاریەک، لەوانە پلانسازی تۆکمە، بنیاتنان، بوژانەوە، تەندروستی و چارەسەرکردنی بێکاری بەشێکن لە شاکارەکانی ئەم حکومەت و وڵاتانە.


ئەم وڵاتە (فینلەند) بەم هەژاری و دەستکورتیەی خۆیەوە کە نە خاوەنی بیرە نەوتێک و نە کانزایەکی ئەوتۆی جگە لە دار و دروستکردنی کەشتی و وەرگرتنی باج و هەندێ کۆمپانیای وەک نۆکیا، کەچی توانیویەتی لە زۆربەی بوارەکاندا لەوانە (نەبونی گەندەڵی و خوێندن و پەروەردە و پاکوخاوێنی) یا لە پلەی یەکەمدا یا لە ژمارە نایابەکانی تردا جێگای خۆی بکاتەوە.


لە وڵاتی عێراقیشدا کەرکوک وەک نمونەی تەنها شارێکی ئەم وڵاتە پڕ لە نەوت و سامانی سروشتیە دەهێنمەوە ، کەرکوک بە حوکمی لکاندنی بە عێراقی عەرەبیەوە، وەک شارێکی کەڤنار و دێرین و دەوڵەمەندی (کوردستان)ی هەم لە ڕابردو و هەم لە ئێستادا کراوە بە چەقی یەکلاکەرەوەی ململانێ و کێشە سیاسیە ناوخۆیی و ئیقلیمیەکان. ئەم زێڕە ڕەشەشی کە لە خاکەکەیەوە هەڵدەقوڵێت و بازارەکانی دونیای پڕکردوە لە خۆشگوزەرانی ، کەچی بۆ خەڵکەکەی هەمیشە لە جیاتی ئاوەدانی و دابینکردنی خۆشگوزەانی و پەروەردە و ژیانی ئاسودە و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی سەر و ماڵی دانیشتوانەکەی، بە پێچەوانەی هەمو ئەمانەوە وەک گەورەترین سەرچاوەی دابین و پڕچەک کردن و گەڕانی ماشینی جەنگی سەربازی و لەناوبردن و وێرانکاری و سوتماککردن و داپڵوسین لە دژی خەڵکی سڤیل و هاونیشتیمانیانی کوردستان لە لایەن حوکمڕان و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە سودیان لێ وەرگیراوە و وەردەگیرێت.


چارەنوسی کەرکوک و کەرکوکیەکان بەهۆی ئەو مامەڵە سیاسی و ئەو چەڵەمەشکێنە و پەتپەتێنەیەی کە لە دەرەوەی ئیرادەی (کوردە کەرکوکیەکانەوە) ئەنجامدراون و دەدرێن، (ڕاکێش ڕاکێشی پەتی کەرکوک لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و لایەنی کوردی)، (لایەنی کوردی و حیزبە ئیسلامیە شیعیەکان و سونیەکان)، (تورکمانەکان و کورد وڵاتانی ئیقلیمی و عێراق)، سەرباری ئەمانەش ( ڕاکێش ڕاکێشی نێوان هەردو حیزبی خاوەن دەسەڵات) (پارتی و یەکێتی).
 

لێداوانە عەنتیکەکانی لایەنی کوردی و ناوزەدکردنی کەرکوک بە (دڵ و گورچیلە و مێشک و سیکڵدانۆچکە و قودس و مەکە و مەدینە)، دەوترا کەرکوک شارێکی کوردستانیە ، بەغدا و تورکیا ئاگریان دەکردەوە! وتیان نەخێر شارێکە عێراقیە بەڵام (هەویە و جنسیە و ددەفتەر خدمەی کوردستانی لە باخەڵە) شاری (پێکەوە ژیانی نەتەوەکانە)، لە بەرامبەردا عێراقی عەرەبیش دەیفەرمو (کەرکوک شارێکی عێراقیە وەک بەسرە و رمادی)، ئەم جۆرە پیاهەڵگوتنە بە کەرکوکدا ماوەیەکی خایاند، تا پەتی پێیەکانی بەغداد و هەولێر کرانەوە و هاتوچۆکان و گفتوگۆی دوو قۆڵی نێو ژورە تاریکەکان بە شێوەیەکی گەرمتر دەستیان پێکردەوە و شەکراوی گرێبەستە نەوتیەکان لە هەولێر خورایەوە، هەولێر دوای ئەوە ئیتر لە بارەی کەرکوکەوە بو بە ماستی مەیو، چاوی هیواکان کەوتنە سەر یەکێتی و سلێمانی، ئەوانیش لەم هەڵبژاردنەدا زۆر بە کەمی بە ئاقاری کەرکوکدا گوزەریان کرد، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوش جەنابی (مالکی) فەرموی (کەرکوک شارێکی عێراقیە وەک چۆن سلێمانی و بەسرە عێراقین).


پرسیار ئەوەیە! گەلۆ ئەمجارە نە هەولێر و نە سلێمانی نوقەیان لێوە نەهات!!؟؟ ئەمجا ئێمەی کەرکوکی بڵێین چی؟ شارەکەمان عێراقیە یا کوردستانی؟؟ سوپاس بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردە کەرکوکیەکان دەداتەوە؟

 

 

m.zerdeshti@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک