که‌رکووک نه‌چوو.. دهۆک ده‌ڕوات.!
موحسين جوامێر
هه‌رچه‌نده سه‌باره‌ت به پيلانی نێو ده‌وڵه‌تی، کورد بوون به چه‌ند پارچه، وه‌لێ به‌داننان به مافی زمان و خوێندن به‌کوردی له ئێراقدا، توانرا له ماوه‌ی يه‌ک سه‌ده‌دا زمانێکی ستانداردی دانپێدانراو وه‌دی بێ و ببێته جێنه‌زه‌ری هه‌موو کوردێک و پاشان گه‌لێکی گه‌وره له ونبوون بپارێزرێت، بگره وه‌ک يانه‌سیبێک بوو، دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگی کوردانی باکوور نه‌ما و نزيکه‌ی سه‌ده‌يه‌ک قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز به‌کوردی بنگۆم بوون. ئه‌م حاڵه‌تی زمانه‌وانیی باشووری کوردستان، له کوماری کوردستانی قازی محه‌مه‌ديشدا هه‌ر زوو ڕه‌نگی دايه‌وه، ئه‌وه بوو هه‌موو نووسراوه‌يه‌کی حکوومی، فه‌رهه‌نگی و سياسی، به‌و زمانه بوو که له باشووری کوردستاندا ڕوا بوو و پاشان چه‌که‌ره‌ی کرد، هه‌ر بۆ نموونه هه‌موو گۆڤاره‌کانی که به‌ناوی ( مه‌هاباد )، ( کوردستان )، ( هه‌ڵاڵه )، ( هاواری نيشتمان )، ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد) له مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ردا ده‌رده‌چوون؛ به‌و زمانه بوون که به‌نده و سه‌دانی وه‌کوو به‌نده قه‌ڵه‌ميان پێ که‌وتووه‌ته گه‌ڕ.
بڕبڕه‌ی پشتی هه‌ر ميلله‌تێک زمانی يه‌کگرتوويه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌و تاقانه‌يه نه‌بێت؛ هه‌ميشه له‌به‌ر تۆزوبای قه‌ده‌ردايه، نازانیت چه‌ند ده‌ژی و که‌ی ده‌مرێت.. بۆی هه‌يه خاکێک چه‌ند گه‌ل و گرووپی جيا له‌باوه‌ش بگرێ و کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندی کۆيان بکاته‌وه، وه‌ک که‌نه‌دا، سويسرا، به‌لچيکا، ئێراق و ئه‌و وڵاتانه‌ی کورديان به‌سه‌ر دابه‌ش کراوه ( به زۆری يان به ئاره‌زووی خۆيان ). هه‌روه‌ها له دنيادا زمانێک نييه بریتی نه‌بێ له شێوه‌زاران، هه‌رچه‌نده ئاخێوه‌رانی که‌م بن. ميلله‌تێکی وه‌ک ( سامه‌کان ) که له نه‌رویج، سوێد، فينله‌ندا و ڕوسيا ده‌ژین و ژماره‌ی دانێشتووانيان نزيکه‌ی 80 هه‌زارێکه، نۆ له‌هجه‌يان هه‌يه. له ده‌ڤه‌ری ( سمۆلاند ) ی سوێديدا شێوه‌زاری وا هه‌يه هه‌موو سوێدييه‌ک تێی ناگه‌ن، زمانێکی بیگانه بۆ وان ئاسانتره.
که‌چی کوردانی مۆدێرنی به‌دبه‌خت له‌جياتی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وشه له‌باره بۆ خۆیان بقۆزنه‌وه، له‌م ماوه‌يه‌دا وه‌زاره‌تی په‌رورده بڕيار ده‌ر ده‌کا هه‌موو به‌رنامه‌ی خوێندن له ده‌ڤه‌ری باديناندا بکرێ به بادينی، له‌ژێر سه‌رپۆشی ئه‌وه‌ی ئه‌وان سۆرانی نازانن، له‌کاتێکدا هه‌تا ئیسته‌يشی له‌گه‌ڵدا بێت که‌سێ لاری له‌وه‌دا نه‌بووه و نییه منداڵه‌که‌ی به عه‌ره‌بی بخوێنێت، هاوکات تورکیش بووه‌ته زمانی چاکه‌ت و پانتۆڵ و قه‌ره‌وێت. که ئه‌مه جاڕدانی په‌یدابوونی زمانێک و قه‌ومییه‌تێکی ديکه‌يه، هه‌تا ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌يه‌کی ديکه لافی کوردايه‌تیش لێ بدرێت. ئه‌مه‌ش وا نه‌بێ بانگه‌شه و شيمانه بێت، به‌ڵکوو قسه‌ی ئه‌وان که‌سانه‌يه له پشت ئه‌م په‌رده‌يه‌دا کار و خه‌باتيان کردووه، که له داهاتوودا په‌يتاپه‌يتا ده‌خرێنه به‌ر زه‌ين و ديدی خوێنه‌رانی هێژا. سه‌ير نييه ئه‌گه‌ر بێژم، پێش مانگێک ئیمێڵێکم به‌عه‌ره‌بی له دهۆکه‌وه پێ گه‌يشت تێیدا هه‌ڤاڵێک که ڕێزی هه‌يه بۆ هه‌ستی کوردانه‌م، هاوکات خه‌به‌ری ئه‌وه‌م پێڕا ده‌گه‌يه‌نێ که ڕووناکبیرانی بادينی زۆر لێم زيز و زوێرن، چونکه ئه‌ز دان به ( اللغة البهدینية ! ) دا نانێم.! هه‌مديس ده‌ڵێمه‌وه، ئه‌گه‌ر موخه‌ييه‌ر بکرێم له نێوان خوێندن به بادينی يان به هه‌ر ديالێکتێکی ديکه و خوێندن به دوو له‌هجه، بادينی يان هه‌ر ديالێکتێکی ديکه ( به‌ڵام به تاقی ته‌نيا ) هه‌ڵده‌بژێرم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانم ئه‌وسا ميلله‌ته‌که‌م نابێت به دوو.
من سه‌يرم به کوردايه‌تیی دزێوی هێندێکان دێت، گوايه بۆ کوردستان سه‌ريان پێوه نييه و شه‌ويان له‌سه‌ر ڕۆژ داناوه، بۆ ڕيسواکردنی نه‌ياران، که‌چی هه‌ر که مه‌سه‌له هاته سه‌ر زمان، وڵاته‌که‌ت بۆ ده‌که‌ن به مه‌زادخانه‌ی زمانان، ته‌نانه‌ت هێندێک قايڵ نین به شێوه‌زاره‌کان بگوترێت شێوه‌زار، ده‌بی بڵێیت : زمان يان زار.. کاکی موسه‌قه‌فی لنگه‌له‌رزه‌پێکه‌وتوو و هه‌ڵه‌ی پڕ له په‌ڵه‌ی له زانستی زمان له‌وگۆڕه‌که‌وتوو و تێنوگه‌يشتوو، که تۆ ئه‌م وڵاته‌ی له چوار په‌لان گوێچکه‌شی ساغ نييه، ئاوا بده‌يته به‌رێ و خۆت بکه‌ی به مامه قه‌ساب چ له ژوورێ و چ له‌ده‌رێ، به‌م نه‌زيلۆکانه‌ت، يا هه‌ڕوو قه‌ومییه‌تێک بۆ خۆت دروست بکه، يان گه‌لێکی ديکه هه‌ڵبژێره.. ئاخر، تۆ ـ بۆ نموونه ـ ماقووڵه سێ چوار ئه‌لفوبێی له‌هجان بنووسیت، ئه‌وجا بێیت به هه‌مووان بڵێیت ( ئه‌لفوبێی کوردی )، ئاخر پێم ناڵێی مامه ئه‌مريکیی خودانی مه به‌يانی ويستی فێری کوردی ببێت، به کام زمان بقووقێنێت.؟ نه زانستی زمان، نه خودان ئه‌لفوبێیه‌کان و نه غه‌يره‌کوردی به‌ئاوه‌ز، ئه‌م گه‌ڕه‌لاوژه‌يه قبووڵ ده‌که‌ن و به‌م نازناوه ڕازين، واته حه‌تمه‌ن ده‌بێت هه‌ر يه‌که و ماڵی خۆی بکات.. ئاخر، ئه‌گه‌ر به‌يانی له‌هجه‌ی مووسڵاوييان ـ که له‌دايکوباوکێکی عه‌ره‌بییه ـ ئه‌لفوبێیه‌کی پێ نووسرا، ئاخۆ ئه‌ويش پێی بگوترێت ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی، ده‌کرێ دوو سه‌رکه‌له‌هجه‌ی عه‌ره‌بی له مه‌نجه‌ڵێکدا بێنه کوڵین و به هه‌ردووکانيش بوترێ عه‌ره‌بی، مه‌گه‌ر ببن به گيپه، له‌کاتێکدا مه‌حاڵه عه‌ره‌ب قه‌باحه‌تی وا بکه‌ن.؟
زۆر که‌س وتاری له‌سه‌ر له‌ده‌ستچوونی که‌رکووک نووسی و ڕه‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی کوردی گرت که له داکۆکیکردن و ململانێیدا، که‌مته‌رخه‌م و خه‌مسارد بوو، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن خوێندمانه‌وه که ئه‌وه‌ی له دهۆک ده‌قه‌ومێ، گه‌وره‌ترين ئاشبه‌تاڵييه و و فره فره له کێشه‌ی که‌رکووک مه‌زنتره.. ئه‌گه‌ر که‌رکووک وه‌ک قه‌واره‌يه‌ک و پارچه‌يه‌ک له کوردستان، جارێ نه‌گه‌ڕیته‌وه باوه‌شی ئه‌و وڵاته و کاتێکی بوێت، وه‌لێ کورده‌که‌ی ئه‌وێ له مه‌ترسیی توانه‌وه ڕزگاريان بووه، بگره شه‌قڵی کوردايه‌تییان چاو و دڵان ڕۆشن ده‌کاته‌وه.. له حاڵێکدا دهۆک، له‌سۆنگه‌ی ئه‌م جاڕی جودابوونه‌وه و تۆران و هه‌تڵه‌بوونه‌وه، چووه خانه‌ی هه‌ر شار و شوێنێکی غه‌يره کورد، وه‌ک به‌سڕا و عه‌ماره و ڕومادی، که ـ ئه‌گه‌ر زوو بارودۆخه زمانه‌وانییه‌که چاره‌سه‌ر نه‌کرێ ـ يه‌که‌م شار ده‌بێ که شايه‌نی هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بێت له جمهوورييه‌تی ئێراقی فيدڕاليدا، ته‌نانه‌ت بۆی هه‌يه هه‌رچی زووتره مامه‌ڵه‌که‌ی بڕوێنرێت.
2008/02/21 mohsinjwamir@hotmail.com
|