|
:نیاز کەرکوکی
.کێشەی کەرکوک تەنها بە خەڵکی کەرکوک
چارەسەر دەکرێت

*سازدانی:سۆران
مامەحەمە
سۆران مامهحهمه:
سیاسەتی سەرکردایەتی کورد، بەرامبەر بە ئەمریکا چۆن دەبینی؟
نیاز
کەرکوکی: سیاسەتی کورد لەسەر بنەمایەکی ستراتیژی و دوورخایەن
نابینم، بەتایبەتی لە گەڵ ئەمریکا، چونکە کورد تاکو ئێستا خاوەن یەک
دەسەڵات نییە و دەستوورێکی تایبەت بەخۆی نییە، ئەمە وایکردووە ئەمریکا
هیچ بنەمایەک بۆ ئەو بڕیارانە دانەنێت و هەمیشە پشتگوێیان بخات، لە
هەمانکاتدا کورد تاکو ئێستا لە سیاسەتی ئەمریکا تێنەگەیشتووە و نازانێت
بە چ شێوەیێک مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، ئەمە کاردانەوەیەکی زۆر خراپی
دەبێت لە دواڕۆژدا لەسەر ئاستی کوردستان، بەتایبەتی ئەگەر کورد خۆی ساغ
نەکاتەوە و سیاسەتێکی دووربین و درێژخایەنیان نەبێت لەگەڵ ئەمریکا،
یەکەم هەنگاویش پێویستە لە خودی کوردستانەوە دەستپێبکات، هەر لە
ئاشتبوونەوەیان لەگەڵ میللەت، تاکو بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان لە
حکومەت، ئەمریکا ئیستراتیژیی تایبەتی هەیە بۆ عێراق و هەوڵدەدات کە
رێککەوتننامەی درێژخایەن بۆ مانەویان لە عێراق مۆر بکات، تاکو ئێستا
زیاتر لە 700 بنکەی سەربازییان هەیە لە جیهاندا، هەروەها ئەم
رێککەوتننامانە زۆر لایەن ئەگرێتە خۆی کە لەو باوەڕەدام لە دواڕۆژدا بۆ
دۆزی کورد کاردانەوەی باشی نابێت.
سۆران مامهحهمه:
ئایا ئەمریکا، کورد بە دۆستی خۆی دەزانێت، یان لەسەر بنەمای
بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟
نیاز کەرکوکی:
ئەمریکا لە سەر بنەمای بەرژوەندی کار دەکات، لەم کاتەدا کورد بە دۆستی
خۆی دادەنێت، چونکە بەرژەوەندییەکانی لەمەدایە، بەڵام شێوەی ئەم
دۆستایەتییە چۆنە ئەوە گرنگە، سەرکردایەتی کورد هەمیشە باسی ئەوە دەکەن
کە کورد دۆستی ئەمریکایە و ئەمریکاش دۆستی کوردە، بەڵام لەراستیدا
ئەمریکا کارێکی بەر چاوی نەکردووە بۆ کورد، ئەوەشی کراوە بە فشاری
نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، ئەمریکا هیچ کاتێ بە قسەکانی
سەر زمانی پابەند نییە، بۆیە پێویستە بەڵێن و بڕیارەکانی هەمیشە بە
داکیومێنت لێوەربگیردرێ، بەڵام بەداخەوە کورد تاکو ئێستا لە گەڵ
ئەمریکا بەمشێوەیە مامەڵەی نەکردووە، بۆ نموونە کاتێ کە ئەمریکا ویستی
سەدام لەناو بەرێ، لە ساڵی 1996 کە شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد، ئەمریکا
دەستی کێشایەوە، هەر ئەوکات ئەفسرێکی (سی ئای ئەی) لە لێدوانێکیدا بۆ
کەناڵی پی بی سی گوتی “ هیچ کاتێ کورد داوایان نەکردووە لێمان کە چییان
دەوێت، تەنها داوایان کردووە سەدام لەناو بەرن و هیچ بەرنامەیێکی تریان
نەبووە بۆ ئایندەی خۆیان”. ئەو دۆستایەتییەی کورد باسی دەکات، هیچ کاتێ
داکیومنتیان نەبووە، یان هیچ رێککەوتننامەیەکیان لەنیوانیاندا مۆر
نەکراوە.
سۆران مامهحهمه:
بەرامبەر بە قەیرانی گەندەڵی لە
کوردستان چی بکرێت باشە؟
نیاز کەرکوکی: هەرێمی کوردستان بەرەو
ئەقاریکی زۆر خەراپ هەنگاو دەنیت، گەندەڵی ژیانی کۆمەڵگای کوردی
شێواندووە، لە کۆنگرێسی ئەمریکی ئاماژە کراوە بەم گەندەڵییە و لە
زۆربەی میدیاکانی دەرەوەش باسی دەکرێت. گەندەڵی بەرەو هەنگاوێکی زۆر
خەتەرناکمان ئەبات، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و حوکمکردنی حزب نەک حکومەت،
ئەمە وەکو قەیرانی ناوخۆ ئەبێت چارەسەر بکرێت، لە سەر ئاستی جیهانی
ئەبیت کورد لوبیێکی کوردی هەبێت کە پێکبێت لە کەسانی پسپۆر و شارەزا و
بێلایەن، واتە سەر بە هیچ حزبێک نەبن و کاریان تەنها بەدواداچوون و
پێوەندی بێت لەگەڵ بەر پرسان و سیاسەتمەداران و دۆستانی بیانی کورد،
تاکو لەنزیکەوە لە یەک تێبگەن و بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی
بتوانن لەڕێگای ئەم پێوەندییانەوە فشار بخەنە سەر ئەمریکا،
لەهەمانکاتدا ئەم لوبییە پەیوەندیی راستەوخۆی هەبێت لە گەڵ حکومەتی
کوردستان، بۆ ئەوی ئەم لوبییە دروست بێت، ئەبێت لایەنێک پشتگیریت بکات
لە رووی ئابوورییەوە، ئەمساڵ 30 ملیۆن دۆلار تەرخان کرا بۆ نوێنەری
حکومەتی کوردستان لە ئەمریکا، تاکو ئەم لوبییە دروست بکات، بەڵام تاکو
ئێستا هیچ دیار نییە و کەس نازانێت ئەو پارەیە چی بەسەر هات، هەرچەن
بڕوا ناکەم ئەگر دروستیش بێت هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت، چونکە وەکو حزب
کار دەکەن و کارەکانیان لە چوارچێوەی حزب دەرناچێت بۆیە ناتوانن
هەنگاوی پەراکتیکی بنێن .
کوردستان راپۆرت: سەرکەوتنی کۆمارییەکان
یان دیموکراتەکانی ئەمریکا لە هەڵبژداردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کامیان
بە قازانجی کورد ئەبیت ؟
نیاز کەرکوکی: لە راستیدا ئەگەر
سەرکردایەتی کورد بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە، هیچ جیاوازییکی نییە بۆ
کورد ئەگەر کۆمارییەکان یان دیموکراتەکانی ئەمریکا بیباتەوە، چونکە
کورد هەمیشە چاوەڕێن بزانن چییان بۆ ئەکرێت، بۆیە سیاسەتی دیموکراتەکان
بێت یان جمهورییەکان، ئەمێنێتەوە سەر باری عێراق کە بە چ ئاستێکا
دەڕوات، نەک کورد، راستە دیموکراتەکان دژی جەنگن و نایانەوێ داهاتی
ئەمریکا لە جەنگ سەرف بکەن، جمهورییەکان لە بەرژەوندییانە ئەم شەڕە
بەردوام بێت تاکو بتوانن زیاتر بمێننەوە، بەڵام کورد تەنها بە مانەوەی
ئەمریکا کێشەکانی کۆتایی پێ نایێت، بەتایبەت ئەگەر سەیری کێشەی کەرکوک
بکەیت، ئەمە یەکێکە لەو کێشانەی کە سەرکردایەتی کورد نەیتوانیوە
چارەسەری بکات، چونکە ئەمریکا پێی باش نییە کەرکوک بگەڕێتەوە سەر
کوردستان، سەرکردایەتی کوردیش نایانەوێ ئەمریکا دڵگران بکەن.
جمهورییەکانیش باش دەزانن کە عێراق بەوان چارەسەر ناکرێت، چەند جارێکیش
دانیان بەوەداناوە کە شکستیان هێناوە لە عێراق، بەڵام لەبەر کۆمەڵێ
بەرژەوەندی نایانەوێ عێراق جێبهێڵن.
سۆران مامهحهمه:
کوردی دەرەوە چ هەنگاوێکی بۆ کێشەی
کەرکوک هەڵگرتووە؟
نیاز کەرکوکی: کۆمەڵێک کەرکوکی بێلایەن
لە دەرەوەی وڵات دەستمان کرد بە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵێ کەسایەتی و
رێکخراو تاکو بتوانین کۆنگرەیەک ببەستین و بەهەموو لایەنەکانەوە
بتوانین چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزینەوە، لە سەری ساڵی 2008 دەستکرا
بەکار کردن، من نامەوێ ناوی هەموو ئەو کەسایەتییانە بهێنم، بەڵام
رووناک شوانی پەیوندیی کرد بە رزگار عەلی، ئەویش ئامادەیی خۆی دەربڕی
بۆ هاوکاریکردنمان و گوتی پارێزگاری کەرکوکیش ئامادەیە بۆ هەر
هاوکارییەک، بەڵام دواتر هیچ پێوەندیکیان نەما، لە مانگی 3 من بە
سەردان گەڕامەوە بۆ کەرکوک و پێوندیم کرد بە چەندین کەسایتی کەرکوکەوە،
هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پارتی و یەکێتی رێگا نادەن بە هیج
لایەنێک ئەم کێشەیە بگرێتە ئەستۆی و خۆیان دەیانەوێ چارەسەری بکەن،
دوای ئەو کۆبوونەوە نهێنییانەی لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و
سەرکردایەتی کورد ئەنجام درا و کەس نەیزانی بڕیارەکانی چی بوو، ئێمەش
دەستمان لە کارەکە کێشایەوە، من پێموایە کێشەی کەرکوک تەنها بە خەڵکی
کەرکوک چارەسەر دەکرێت.
سۆران مامهحهمه:
بۆچی کورد نەیتوانیوە ئەنفال و
کیمیابارانی کورد وەکو جینوساید بە دنیا بناسێنێت؟
نیاز کەرکوکی: دەسەڵاتی کوردی لەبەر
ئەوەی بەرنامەکانیان دووربین و درێژخایەن و ستراتیژی نین، نەیانتوانیوە
کاری بۆ بکەن، بەڵام رێکخراوی چاک توانیویەتی لەمبارەیەوە کۆمەڵێ
چالاکی بکات و پێوندی لەگەڵ کونگرێسمان و چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی
کردووە، حکومەت و دەسەڵاتی کوردی پێویستە ئەزموون لە هۆڵۆکوستی
جوولەکەکان و جینوسایدی ئەرمەنەکان وەر بگرن و کارئاسانی بکەن بۆ
رێکخراوە مەدەنییەکان، نەک دەستگرتن بەسەر هەموو دامودەزگایەک و
رێگەنەدان بە هیچ لایەنێک.
*
تێبینی:
“هۆی دواکەوتنی ئەم بابەتە
دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونی کات و هەروەها بڕیار وابوو
ئەم چاوپێکەوتنە زۆر دوورودرێژتر بێت، واتە کاکە
سۆرانی جوانەمەرگ پرسیاری دیکەم بۆ بنێرێت، بەڵام
بەداخەوە تەمەنی شەهید سۆران زۆر کورت بوو،
پرسیارەکانی لە ئەرشیڤەکەمدا مابووەوە، بۆیە بە ئەرکم
زانی بینێرم بۆ ههندێک له سایت
رۆژنامهکان. رۆحی کاکە سۆران شاد بێت
. لەگەڵ رێزمدا.”.
|