په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٠\٢٠١٧

کەی پەرلەمانی کوردستان بڕیار لەسەر ئەنجامی گشتپرسیی دەدا؟


عەلی مەحمود محەمەد    


سێشەمە ١٠\١٠ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتایی گشتپرسیی ٢٥ی سەپتەمبەری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی لە ٥ حیزبە دەسەڵاتدارەکەی ھەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە, پاش پشکنینی تانەکان لە دوو ھەفتەی رابردووداو پەسەند کردنی لە لایەن ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوەو دەستەی دادوەری ھەڵبژاردن و راپرسی, ئێستا ئامارەکانی ئەنجامی راپرسی فەرمی و دان پێنراوە لە لایەن ٥ پارتە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان و سستەمی دادوەرییەوە, ئیتر کاتی ئەوەیە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی تایبەت بۆ ئەنجامەکانی گشتپرسیی ساز بکات و بڕیاری لەبارەوە بدات, چونکە گشتپرسیی بۆ ئەوە نەکرا ئەنجامەکەی لەسەر رەفەکان ھەڵبگرترێت و تۆز لێی بنیشێت, ھەرچەندە ھێشتا زووە باس تۆز لێنشتن بکەین, کاری پەرلەمانیش ھەر وەک پۆلیسی ھات و چۆ نییە نیشانەی ئەنجامدانی بدات, بەڵکە کارە گرنگەکەی ئێستا دەست پێدەکات کە ئەنجامەکە بباتە بواری پراتیکەوەو بڕیاری لەسەر بدات, ویست و داخوازی زۆربەی خەڵکی کوردستان لە رێگای سندوقەکانی راپرسییەوە دەرخراوە کە ٩٢,٧٣٪ی ھاووڵاتیانی کوردستان بەم ژینگە سیاسییە پڕ تەنگژەشەوە ھێشتا پشتیوانی لێکراوە, بە جۆرێک ھەرچەندە ئیرادەی سیاسی یەکگرتوو نەبوو بۆ پشتیوانی لە پرۆسەکە و مۆتەی گەندەڵی دەسەڵاتداران و دکتاتۆریەت و ھەڕەشەی وڵاتانی ھەرێمی و دەستێوەردانی حکومەتی عێراقی لە ناوەوە مەترسی بوون بۆسەر پرۆسسەکە, وەلێ گەورەیی خەونە لە مێژینەکە, زۆرینەی گەلی لە دەور کۆکردەوە, وێڕای ترسی گەورە لە کردنی کوردستان بە غەزەو شیشان لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە,بە سەپاندنی ئابلوقەیی بازنەیی و ھێرش و پەلاماری سەربازی, کە لە رابردوودا ئەم وڵاتاە زۆرترین شیوەنیان بۆ ئەو دوو شوێنە کردووە, وێڕای ھەموو ترس و ئاسەنگییەکان وەلێ خەونە ناسیۆنالستییەکەی لێ دور نەخستنەوە .

ئێستا نە بڕیاربەدەستانی سیاسی کوردستان و نە پەرلەمانە بێڕوحە نیمچە ئیفلیجەکەی توانای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گشتپرسییان نییە, وە بە سەرخستنە ژێر لمیشەوە ناتوانن خۆیان لە مۆتەکەی ئەنجامەکانی بشارنەوە, ئەگەر لە یەکەم چرکەکانا ٩٢,٧٣٪ سەرکەوتن بوو بۆیان, ئێستا جێبەجێکردنی بۆتە مۆتەکە بۆ بڕیاردان لە سەر بڕیارە گەورەکە, تەنھا لە رێگای گشتپرسییێکی دیکەوە نەبێت ناتوانن خۆیان لە مۆتەکەی گەورەیی ٩٢,٧٣٪ی دەنگدەرانی راپرسییەکە رزگار بکەن, ئەویش بەدی نایات و کەسیش جورئەتی ئەوە ناکات بانگەشەی گشتپرسیی بۆ لە گۆڕنانی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان سەرکردایەتی بکات, چۆن دەنگی نەخێر بەم ھەموو ئاڵۆزی و ھەڕەشەو کێشانەوە, بەو بەرفراوانی دەنگی نەیارییەوە کە لە ناو کۆمەڵگای کوردی و پێکھاتەکان دیکە ھەیبوو, ھێشتا بە قەزەمی مایەوە, بۆیە دەبێت گفتوگۆکان پەرلەمان بە ئاراستەی بە پراتیککردنی ئەنجامی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت و نەخشە رێگایەک بۆ جێبەجێکردنی دابڕێژن لە زوترین کاتدا خۆیان لەو کۆبونەوە گەورەو چارەنوسسازە نەدزنەوە .

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە زوترین کات پەرلەمان کۆبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەنجامی گشتپرسیی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بدات, بە جێبەجێکردن یاخود ھەڵپساردنی بۆ کاتێکی دی یاخود گفتوگۆ کردن لە سەر رێکەوتن لەسەر بژاردەیەک باڵاتر لەوەی ئێستا ھەیە بە مەرجی گرنتی نێونەتەوەیی و ھەڵگرتنی ھەڕەشەی حەشدی شەعبی و قاسمی سلێمانی لەسەر خەڵکی کوردستان.

داوایەک کە وڵاتانی ھەرێمی ھەیانە لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسیی لە دەستی کەسدا نەماوەو بۆتە ئیرادە لە رێگای دەنگدانی ٩٢,٧٣٪ی ھاووڵاتیان بە سەربەخۆیی کوردستان, کات بەسەر بردنیش بۆ خۆشاردنەوە لەو ژمارە گەورەیە دادی ھیچ لایەک نادات, خەڵکی کوردستانیش نابێت دەستکەوتی چونە سەر سندوقەکان نەدورنەوەو خەونی ٢٦ی سەپتەمبەریان لە گۆڕ نرێت بە سات و سەودا کردن بە دەنگەکانیانەوە.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک