په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠١٦

کەیسی دەرھێنان و لابردنی پەکەکە

وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانیی.

 

 

     دەیڤد فیلیپس*     و       کێلی بێرکڵ**

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئەحمەد ساڵح***

لادانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک ڕیکخراوێکی تیرۆریستی بیانی لە ستەیت دیپارتمێنتی(وەزارەتی دەوڵەت) ئەمریکا دۆخێکی وادەخولقێنێت، دەتوانێت ببێتەھۆی گیانبەبەرداکردنی ئاسایشێکی سەقامگیر لەنێوان وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەو ھاوکاریکردنی یەکتر لەجەنگ لەدژی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی (داعش) لەئێراق و سوریا. لەبەرامبەر لادانی ناوی پەکەکە وەک تیرۆریست، دەکرێت داوا لە پەکەکە بکرێت تێکشاندن، وێرانکردن، لەناوبردنی گروپی تیرۆریستی داعش بکاتە ئەولەوییەتی کارەکانی و بەشێوەیەکی فەرمی دەست لەکاری توندوتیژی ھەڵگرێت و بەردەوامی بدا بە کامپەینی سیاسی بۆ بەدیھینانی ئامانجە ڕامیارییەکانی. زیادلەوەش لادانی ناوی پەکەکە ڕێگە خۆشکەردەبێت بۆ ڕاپەڕاندنی گفتوگۆو، وتوو ووێژ لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە، ئەمەش دەبێتەھۆی خۆڕێکخستن و زیادبونی سیکیوریتی (ئاسایش) لە تورکیا و لەھەمانکاتدا دەبێتەھۆی دەسەبەرکردن و پەرەسەندنی زیاتری مافەکانی کورد لەڕووی سیاسی و کەلتورییەوە.

پێشکەوتنەکانی پەکەکە.


پەکەکە لەساڵی ١٩٧٤ دامەزرا لەژێر ڕۆشنایی ئایدۆلۆجی مارکس-لینین، عەبدوڵا ئۆچالان شۆڕشی چەکداری لەساڵی ١٩٨٤ دەستپێکرد، بۆ بنیادنانی کوردستانی گەورە لەو تێریتۆریانەی کە کوردی تێدا دابەشبوە ئەوانیش( تورکیا، ئێراق، ئێران و سوریا)ن. ساڵی ١٩٩٧ پەکەکە وەک گروپێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکرا بەھۆی بەکارھێنانی توندوتیژی دژی سەربازی تورکی و ئەوکوردانەی بەشێوەیەکی فەرمی وەک گروپ ھاوکاربون لە گەڵ دوژمن یان بەشێک بون لە سترەکچەی سیکورتی تورکیا (وەک پێکھاتەیەک لەڕێکخستنی ئاسیشی تورکیا). لەکاتێدا تورکیا وای چاوەڕواندەکرد دەتوانن بەکامپەینی سەربازی تەواوی ھاوکارییەکانی پەکەکە بوەستێنن و قەڵاچۆیانبکەن، بەڵام پەکەکە لەترۆپکی شۆڕشی چەکداری خۆیدا لە ساڵانی نەوەدەکان ھەستا بەڕفاندن و تەقینەوەو کاری خۆکوژی دژی حکومەتی تورکیا، ئەنجامی ئەم بەریەککەوتن و بەیەکدادانە تائەمرۆ بوەتەھۆی کوشتنی زیاد لە چل ھەزار مرۆڤ لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا. لە ساڵی ١٩٩٩، پاش دەسگیرکردنی عەبدوڵا ئۆچالان بڕیاری دا واز لە سەربەخۆیی کوردستانی گەورە بھێنێ، بەرامبەر مافی کوردو سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و دیموکراسی لە تورکیا، پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنانەی ڕاگەیاند لەساڵی ١٩٩٩ کەبەردەوامی ھەبوو تا ساڵی ٢٠٠٤.


لە مانگی جوڵای ٢٠٠٧ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) خۆی وەک تاکە حیزب و خاوەن ھێز چەسپاند، لەدوای ئەوە لەساڵی ٢٠٠٩ لەژێر دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەک سەرۆک وەزیران، حکومەتی تورکیا ھەنگاوی دەستپێشکەری دیموکراتیکی ڕاگەیاند، وایان گەیاند پرۆسەی دەسپێشکەری دیموکراتیک دە ببێتەھۆی پێشخستنی مافی ھەموو ھاووڵاتیانی تورکیا بە کوردیشەوە. سەرەتای گفتوگۆکان لەنێوان دەزگای زانیاری تورکیا (میت) و نوێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئۆسلۆ، پایتەختی ووڵاتی نەرویج دەستیپێکرد لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١١، بەرھەمی ئەم گفوگوانە، سەرەنجام بوەھۆی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن عەبدوڵا ئۆچالان، ئەم گفتوگۆو ئاگربەستە بەردەوامبوو لە ٢٠١٣ تاکو جوڵای ٢٠١٥.


لەھەڵبژرادنەکانی مانگی جونی ٢٠١٥ ئاکەپە توانی تەنیا ڕێژەی ٤٠.٩ی کۆی دەنگەکانی تورکیا بەدەستبھێنێت، ئەمەش ئەنجامێکی زۆر چاوەڕوان نەکراوبو بۆ دەسەڵاتدارانی ئاکەپەو کاریگەری نێگەتیڤی ھەبوو بۆ بەدیھێنانی خەون و ھەوڵی ئەردۆگان بەمەبەستی دامەزراندنی سیستەمی سەرۆکایەتی و لێدانی سیڤیڵ سەسایەتی (ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی). بەپێچەوانەوە گەورەترین براوەی ھەڵبژاردنەکان پارتی کوردان بوو-پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) کەتوانی ١٣.١ کۆی دەنگەکانی تورکیا بھینێت، واتا بوبە خاوەنی ھەشتا کورسی پەرلەمانی لەپەرلەمانی تورکیا. ھەریەک مانگ دواتر لە ٢٠ی جوڵایی لەشاری سوروج خۆکوژێک بوەھۆی کوشتنی ٣٣ گەنج و بریندارکردنی سەدان گەنجی کورد کە گەنجانی کوردی خەباتگێڕو چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی کردە ئامانج، لەکاتی خۆئامادەکردندا بۆ پلاندانان و بەھاناوەچوونی شاری کۆبانی. زۆربەی کوردان بڕوایان وایە دەزگای میت دەستی لەپشت ئەم خۆکوژێیەوە ھەبو یان بەلای کەمەوە دەزگای میت کارئاسانی بۆیان کردوەو چاویان لەڕاستی کارەساتەکەو نوقاندوە. لەتۆڵەی بکوژانی سوروج، گەنجانی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕ دوو پۆلیسی ھێزەکانی تورکیایان کوشت. لەوەڵامدا ڕەفتاری تورکیا لەڕادەبەدەر توندوتیژ بوو، بەسەدان گەنجی خستەبەندینخانەو دەستی بەبۆردومانی کوردەکان کرد لەڕێگەی فرۆکەجەنگیەکانیەوە. تورکیا لە٢٢ ھەمان مانگ ڕێگەیدا بەبەکارھێنانی فرۆکەخانەی ئێنجەرلیک لەلایەن وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەباشوری ڕۆژھەڵاتی ووڵاتەکەی، تورکیا ئەم ھەلەی قۆستەوە وەک کۆمەککردنی بۆ لێدانی پارتی کرێکارانی کورتدستان لەکوردستانی ئێراق و باشوری ڕۆژھەڵاتی تورکیا. لەمانگی ئۆگەستی ٢٠١٥ەوە دەوڵەتی تورکیا دەستی کرد بەکوشتنی سەدان خەڵکی سڤیل و بەسەدان ھەزار خەڵک ئاوارەو دەربەدەربوون لەماڵەکانیان.. سەرۆکی تورکیا ئۆردۆگان دووپاتیکردەوە کە'' ئەوجەنگە بەردەوام دەبێت تاکوو پاکتاوکردنی پەکەکە، بەمانایەکیتر بەردەوامی بەو جەنگەدەدەن دژی چەکدارانی پەکەکە تاکو یەک چەکداریان مابێت'' بەردەوامیدان بەم جەنگە ھیچ بواری بۆ ھێنانەکایەی پرۆسەی ئاشتی نەھێشتوەتەوە لەنزیک مەودادا. ئەردۆگان ئەم جەنگەی گواستۆتەوە بۆ گۆڕەپانی سیسایش دژ بەکورد. ئاکەپە پەلەیکرد بۆئەوەی ھەڵبژاردنێکی لەپڕ بھێنێتەکایەوە لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ بەمل نەدان بۆ حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی. کامپەین و پلاتفۆرمی ئەردۆگان وابوو گوایە کۆتای بەتیرۆریزم دەھێنێ و دەتوانێت ئارامی و ئاسیش بۆتورکیا بگەڕێنێتەوە، سەرەنجام ئاکەپە دەنگی ٤٩.٥ی تورەکیای بەدەستھێنا، بەزۆرینەی دەنگ ئاکەپە ھێزی ئەردۆگانی چەسپاند بەدامەزراندنی سەرۆکۆمارێتی ئیمپراتۆری.


بەسەرداسەرکەوتن و تێکشکاندنی داعش پرایۆرەتییە لەئەرک و کارە ھەرەگرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما، بۆئەم ئامانجە پشتگیری ھێزە کوردییەکانکراوە ھەم لەڕێگەی دابیکردنی چەک و تەقەمەنی ھەم لەڕێگەی ھێزی ئاسمانی، بەھێز( پەکەکە)ەشەوە بۆ پاراستن و بەرگریکردنی کۆبانی. بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما لەنزیکەوە کاردەکات لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) کەپارتیێکی کوردیە نوێنەرایەتی کوردانی سوریا دەکات، لەکاتێکدا ئەردۆگان پەیەدە بە لقێک لە پەکەکە دەزانێت و دژی کاری پێکەوەییە لەگەڵ وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.


کوردەکان ئەوەیان سەلماندووە کەباشترین ھاوپەیمانی ئەمریکا لەجەنگی دژی داعش لەسوریا و ئێراق ئەوانن. سەرەڕای ئەوەی پەیەدە لە کۆنفرانسی ئاشتی ژنێڤ بەشداری پێنەکرا، بەڵام نوێنەری تایبەتی سەرۆکی وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چاوی بەنوێنەرانی پەیەدە کەوت لەمانگی فەبریوەری لە سوریا. ئەمریکا و پەیەدە لەسەر تاکتیکی شەڕەکەو، یەکخستن و ڕێکخستنی ستراتیچی سیاسی و ئایندەی دیسێنترەڵایزیدی دیموکراسی بۆ دوای ئەسەد لە سوریا گەشەپێدا. حکومەتی ئەمریکا مامەڵەکردنی لەگەڵ پەیەدە جیاوازەو بەھێزێکی جیاشی دەزانێت لەپەکەکە لەبارەی یاساوە، سەرەڕای کارو لینکی (پەیوەندی) مێژووییان.


ھەندێک کاری لە پێشینەو بەڵگەی باش ھەیە دەکرێت لەنێوان تورکیا و پەکەکەدا بەکاربھێنرێت بۆ گەشەسەندنی نێوانیان. پەکەکە لەڕابردوو ئامادەیی ڕێکەوتن و ئاگربەست بو لەساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠١٣، لەھەمانکاتدا حکومەتی تورکیا وویستی خۆی پیشانداوە بۆ ڕێکەوتن و دایەلۆگی سیاسی لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە ھەم لە ئۆسلۆو ھەم لەگەڵ عەبدوڵا ئۆچالان لە دورگەی ئیمراڵی، ئەوشوێنەی لێی بەندە. بێگومان قەوارەی سیاسی تورک و کورد ھەستیان بەوەکردوە بەریەککەوتنەکان بەرەو ئاڵۆزی دەچن کاتێک تورکیا یان پەکەکە ھێزی سەربازی وەک بژاردە دەبینن.


دەرھێنانی ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر باشترین ھۆکارە بۆ ئاشتی لە تورکیا، لەبەرامبەردا دەکرێت پەکەکە دەست ھەڵگرێت لە توندوتیژی سیاسی، وویستی خۆی دوپاتبکاتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ تورکیا و جارێکیتر بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆسیاسییەکان. ئەمەش بەرامبەر پێدانی مافی تەواوی سیاسی و کەلتوری بۆ کورد لە تورکیا، لەم ڕیگەوە ئاشتی و سەقامگیری بۆ ووڵات دەگەڕیتەوە. وەک مەرج بۆ دەرھینانی ناوی ، پێوویستە پەکەکە دڵنیای بدات بۆ لەناوبردن و پالپشتی تێکشکاندنی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان. دەرھێنانی ناوی پەکەکە دەبێتەوھۆی بەرھەمی باشتر لەشەڕ دژی داعش، وە دەبێتەھۆکاری ئاسایشی باشترو کاریپێکەوەیی لەنێوان وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریک او پەکەکە.

دەستنیشانکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی.


بڕیاری لادانی زیاتر بناغەیەکی سیاسی و سەکیورتی ھەیە( ئاسایشیە) چونکە ھەرلەدەسپێکەوە پرۆسەی دەستنیشانکردنی ڕیکخراوی تیرۆریستی بیانی خۆی لە ئاگادارکردنەوەو تێگەیشتنی یاسایی و گرفتی تێکنیکی دەبینێتەوە. ماددەی ٢١٩ی قانونی نیشتیمانی ئەمریکا ڕیگەدەدات بە وەزیری دەرەوە بۆ دیاریکردنی ناوی ھەر گروپێک وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی. بۆ دڵنیای ھەرگروپێک پێوویستە وەزیری دەرەوە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات: ١) گروپەکە ڕێکخراوێکی بیانییە. ٢) ئەو گروپە چالاکی و کاری تیرۆریستی ئەنجام داوە یان تواناو ئامانجی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی ھەیە. ٣) چالاکی ئەو گروپە تیرۆریستییە ھەڕەشەیە بۆ ھاونیشتیمانیانی ئەمریکا و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا. پێش دانانی ناوی ڕێکخراوەکە وەزیری دەرەوە ڕاوێژ بە وەزیری دارایی و وەزیری داد دەکات. ئامانج لە دەستنیشانکردنی ھەرگورپێک لەژێر ناوی ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی بۆ ئەوەیە زەخت بخەنە سەرگروپەکە، دایببڕن لەجیھانی دەرەوەو لەوڕیگەوە ھەوڵبدەن بۆ ڕیگرتن لە چالاکی ئابوری و ھەرکارێکیتر کە دەیکات. دەشکرێت وەک ئاماژەیەکی ڕەخنە ئامێزی ئەمریکا تەماشابکرێت بۆ حکومەتەکانیتر کە چۆن دەڕوانێتە ئەو گروپە.


ھەر ڕێکخراوێک دەتوانێت داوای پێداچونەوەی یاسایی بکات لە دادگای پێداچوونەوە لەھەرێمی کۆلۆمبیا لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا، لەڕۆژی ناساندنی وەک تیرۆریست. لەڕابردودا ھەندێک ڕێکخراو ئەم بابەتەیان جوڵاندوە بۆ پێدچونەوەی یاسایی ، وەک ڕێکخراوی موجاھیدینی خەلق و ڕێکخراوی پڵنگی ئازادی لە سریلانکا، دادگا پێداچونەوەی تەنیا بۆ دوو خاڵی یەکەمی مادەکەکرد، چونکە سێ یەم ئامرازی داخوازییەکەوە ئەوەی ئایا چالاکی ئەو گروپە تیرۆریستییە ھەڕەشەیە بۆ ھاونیشتیمانیانی ئەمریکا و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بۆیە دادگا کێسەکەی ڕەوانەی لایەنی پەیوەندی دارکردبوو. وەزارەتی دەوڵەت زۆرجار ناوی ڕێکخراوی تیرۆریستی زیاد دەکات و یان ناویان دەردەھێنێت بەپێی داواکاری خۆیان، ھەنوکە ناوی ٥٩ گروپ لەم لیستەدایە. داواکاری حوکمی بەژمارە ١٣٢٢٤ ڕێگەدەدات بەدیاریکردن و دەستنیشانکردنی نەک بەس گروپ و ڕێکخراو بەڵکو تاکەکەسیش لەسەر ئاستی جیھان بۆئەوەی وەک تیرۆریست ناونوسبکرێن. لەکاتێکدا وەزارەتی دەوڵەت توانای ھەیە گرووپ یان تاکەکەس دەستنیشانبکات وەک تیرۆریست، بەڵام وەزیری دارایی تەنیا توانای دیاریکردنی ڕێکخراوھەیە وەک تیرۆریست. داواکاری حوکمی بەژمارە ١٣٢٢٤ لە سێپتەمبەری ٢٠٠١ە وە کاری پێدەکرێت، بەڵام مێژووی ڕێکخراوی تیۆریستی بیانی (فتۆ) پێشترە، بۆیە لەھەمانکاتدا پێکەوە ئەم بڕیارانە پەکەکە ناگرێتەوە. ھەردوو یاساکە ھەم لەسەرئاستی تاکەکەسی و ھەم بۆ ڕێکخراوە توانای فریزو بلۆککردنی ھەموو موڵکوماڵێکی ھەیە. بەڵام یاسایی ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی زیاتر ڕوونکردنەوەدەدات تەنانەت سنور بۆ بواری پەنابەریش دادەنێت، ھەموو ھاوکارییەکی مەتیاریاڵی و ڕیسۆرسێک (مادی و مەعنەوی) یاساغ دەکات بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، مەبەست لە مەتیاریاڵ ھەمووشتێکی وەک موڵک، زانیاری، مەشقکردن، ڕاوێژ، ھاوکاری یان دابینکردنی ئامرازی پەیوەندیکردن و چەک و تەقەمەنی، یارمەتی تاکەکەسی و گواستنەوەو زۆرشتیتر.


لەساڵی ٢٠١٠ دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان دۆسییەی پێداچونەوەی بۆ پشتگیری ماتێریاڵی و پرۆژەی قانونی مرۆیی کردەوە، داواکار وویستی لەم ڕێگایەوە خزمەتێک بە پەکەکە و پڵنگی ئازادی لە سریلانکا بکات. ئامانج لەم پێداچونەوە قانونییە بۆئەوە بوو کەلایەنگران و ئەندامانی پەکەکە بتوانن چالاکی مرۆیی، مەدەنی و سیاسی نا توندوتیژی ڕێکبخەن لەتاراوگەو ناوخۆی تورکیا بۆ ھاوکاریکردن و پشتگیریکردنی دۆسسیەی گەلی کورد. ھەروەھا ڕێکخستنی مەشق و ڕاھێنان بە ئەندامانی پەکەکە بۆ بەکارھێنانی یاسا نێوەدەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و سود وەرگرتن لە کامپەین و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان . ئاکام و کۆتا بڕیاری دادگا وەک خۆی مایەوە بەبیانووی ناڕۆشنی لەچالاکی و پشتگیری مەتێریاڵی، بەبەھانەی ئەوەی تەنانەت چالاکی ئاشتیخوازانەش نابێت ڕێگەی پێ بدرێت بەناوی ئازادی ڕادەربڕین (فریدەم ئۆف سپیچ) لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی.


دەسستنیشانکردنی پەکەکە وەک تیرۆریست و گەشەسەندنی پەکەکە دوای دەرھێنانی وەک تیرۆریست.


بۆئەوەی ھەڵسەنگاندنێکی باش بۆ لێھاتووی پەکەکە بکەین، گرنگە لەسەرەتای باروودۆخی پەکەکە تێبگەین بۆئەوکاتەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناسێنرا. پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناسێنرا بەھۆی چالاکییە توندوتیژییەکانی لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠- ١٩٩٠. پەکەکە ھێرشی دەکردە سەر ھێزی سەربازی تورکیا، سڤیل و ئەوکوردانەی کە ھاوکاری تورکیایان دەکرد یاخود بەشێک بوون لە دامەزراوەکانی تورکیا. لە ٨ی ئۆکتۆبای ١٩٩٧ وەزارەتی دەوڵەت لە ئەمریکا ٣٠ ڕێکخراوی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی ناساند،( پەکەکە)ش یەکێک بوو لەو ڕێکخراوانە. جارێکیتر لە٣٠ی ئۆکتۆبای ٢٠٠١ پەکەکە وەک ڕێکخراو ناویان خستە سەر لیستی تیرۆریستی جیھانی. وەزارەتی دەوڵەت ناوی ھەریەک لە کۆنگرەی گەل و ئازادی بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆگەل خستە سەر ھەمان لیست. لە ساڵی ٢٠٠٢ یەکێتی ئەوروپاش ناوی پەکەکەی خستە سەر لیستی تیرۆر، ھەروەھا بەریتانیا، نیوزیلاند، کەنەدا و ئوسترالیاش.


لەمانگی فەبریوەری ١٩٩٩ ھێزەکانی تورکیا (عەبدوڵا ئۆچالان)یان لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیا بەدیلگرت. لەپرۆسەی دادگایکردنەکەیدا عەبدوڵا ئۆچالان داوای لێبوردنی لەخانەوادەی ئەوکەسانەکرد کە ڕۆڵەکانیان لەجەنگی پەکەکە و تورکیا کوژراوە. عەبدوڵا ئۆچالان داوای خۆشی بۆ پرۆسەی چارەسەری دیموکراتی لە تورکیا دوپاتکردەوە، پەکەکەش ئاگربەستی یەک لایەنەی ڕاگەیاند. کە تاکوو جونی ٢٠٠٤ بەردەوام بوو. لە مارچی ٢٠١٣ عەبدوڵا ئۆچالان جارێکیتر ئاگربەستی ڕاگەیاند و داوایکرد ھێزەکانی پەکەکە لەشارەکان بکشێنەوە لەبەرامبەر چاکسازی سیاسی (پۆلەتیکڵ ڕیفۆرم).


بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگای دژەتیرۆر (کاونتە تێرەریزم)ی ئەمریکی ساڵی ٢٠١٤'' دوای سێ دەیە جەنگ لەگەڵ پەکەکە، لەکۆتای ساڵی ٢٠١٢ حکومەتی تورکیاو ڕابەرو سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵا ئۆچالان دەستیان بەگتوگۆکردن کرد لەپێناو پرۆسەی ئاشتی. ئەم گتوگۆکردنەوە بەردەوام بوو لە ساڵی ٢٠١٤. لە مارچی ٢٠١٣ پەکەکە داوای ئاگربەستی ڕاگەیاند، سەرەڕای، بەردەوامی گفتوگۆی ئاشتی بوەھۆی کەمکردنەوەو نەمانی توندوتیژی لەنێوان پەکەکەو ھێزەکانی حکومەتی تورکیا، ئەگەرچی لەھەندێک شوێن و ژورەدەست ڕووداوی نەخوازراو بەردەوامبوو. بەڵام لەگەڵ دەرچونی ئەم ڕاپۆرتە، زۆری نەخایاند توندوتیژییەکان زۆر بەدراماتیکی (خێرای) تەشەنەی سەند.


پرۆسەی ھەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دیاریکراو.


یاسای کۆچووپەنابەری و نەتەوەیی ماف دەدات بە کۆنگرێس بۆ بلۆکردن یان ھەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دیاریکراو. ھەروەھا، وەزیری دەروەی وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دەسەڵات و توانای ئەوەی ھەیە، کاربکات لەژێر ھەمان یاسادا، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە لەھەر کاتێکدا بیەوێت. ئەمەش بەدوو ڕێگەی تایبەت دەکرێت:


یەکەم: ئەکرێت ئەو ڕێکخراوە پێتیشن (سکاڵانامە) پێشکەش بکات بۆئەوەی ناوی لەسەر لیستی ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دەربھێنرێت. ئەو ڕێکخراوە دەبێت بەڵگەو زایناری پێوویست دابینبکات و ڕوونی بکاتەوە کەبارودۆخی ئەمڕۆی جیاوازە لە قۆناغ و کاتی دەست نیشانکردنی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی، ھەنوکە ئەو یاسایە ھەڵوەشاوەتەوە. پێتیشن یان سکاڵانامە دەکرێت دوای دووساڵ، لەناو نوسکردنی ڕێکخراوەکە بکرێت. دەشبێت پاش دووساڵ لە سکاڵانامەی یەکەم بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەویاسایە پێتیشن دووبارەبکرێتەوە. وەزیری دەرەوە کەبە سێکرێتەری ستەیت ناسراوە دەبێت لەماوەی ١٨٠ ڕۆژدا بڕیاری کۆتەی بدات. ئەگەر ڕێکخراو سکاڵانامە پێشکەش نەکات بۆ پێداچونەوە، ئەوا سێکرێتەری دەوڵەت، پێنج ساڵ جارێک پێداچونەوە بەناوی ئەم ڕێکخراوانەدا دەکات.


وەزیری دەرەوە، توانای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەی ھەیە، پاش دیراسەکردن و بەراوردکردن، لەنێوان قۆناغی پێشتر و ئێستای ڕێکخراوەکە. ھەروەھانابێت، ئاسایشی نەتەوەیی، وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ڕێگربێت لەھەڵوەشاندنەوەی ئەم یسایە. ئەگەر وەزیری دەرەوەی وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، سکاڵانامەکەی ڕەتکردوە، دەکرێت، ڕێکخراوەکە، داوای پێداچونەوەی یاسای بکات، لەدادگا، لەماوەی ٠٣ ڕۆژدا. تا ئەمڕۆ، وەزارەتی دەوڵەت، ناوی ١٢ ڕێکخراوی لە لیستی تیرۆریستی بیانی ھەڵوەشاندۆتەوە. ڕۆژ و کاتی دەستنیشانکردنی ٩ لەوڕێکخراوانەش، ھاوکاتە لەگەڵ ناونوسکردنی پەکەکە وەک تیرۆریست لە ٨ی ئۆکتۆبای ١٩٩٧. ٨ لەو ڕێکخراوانەش، کەناویان دەرھێنراوە وەک تیرۆریست، لەسەر ئادیۆلۆجی چەپ و مارکس-لینین بوون. سێ لە ڕێکخراوانەش، گروپی ئیسلامی بونە. یەکێک لەو گروپانەش گروپی ڕاستڕەوەکانی کۆڵۆمبیا بوو.


دەرھێنان و لابردنی ناوی ئەم ڕێکخراوانە، لەسەر لیستی تیرۆریستی، تەنیا گۆڕانکاری نەبوو بۆ ئەم گروپانە بەڵکو، کاریگەری باش و پۆسەتیڤیان ھەبوو بۆ ئاسایشی نەتەوەیی وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. لادانی ناوی ئەم ڕێکخراوانە وەک تیرۆریست، ئاماژە نیە، بۆ سەلماندنی ئەم ڕیکخراوانە، بەڵکو کاریگەری ھەیە لەسەر جۆری بڕیاردان. کاتێک ئەم یاسایە ھەڵدەوەشیتەوە، بێگومان گەشە بە ئاسایشی نەتەوەیی و ئامانجی سیاسی دەدات.


بۆ نمونە کاتێک (سوپای سووری یابان و بزاڤی شۆڕشگێڕی توباک ئامارو) لە ژاپۆن و پێروی باشوری ئەمریکا ناویان لەسەر لیستی تیرۆریستی لادرا، لەساڵی ٢٠٠١، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، کۆڵین پاوەڵ ئاماژەی بەوەکرد'' ئەم بڕیارە، مانای قبوڵکردنی، ئەو کارە توندوتیژیانە نیە کە لە ڕابردودا پێی ھەستاون، بەڵکو ئەو تیرۆریستانەی بەکاری تیرۆریستی ھەستاون، ھەر بەرپرسیارن بۆ ئەنجامدانی کارەکیان. بەھەمان شێوە، کاتێک موجاھیدینی خەلق، ناوی لە لیستی تیرۆر دەرھێنرا لەساڵی ٢٠١٢، وەزارەتی دەوڵەت ، بەڕوونی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ''کارە تیرۆریستی و چالاکییە تیرۆریستییەکانی موجاھیدینی خەلقان، بیرناچێتەوە ، بەڵکو ئێمە ڕێکخراوەکەمان وەک موجاھیدینی خەلق بۆ گرنگە، نەک کارە تیرۆریستیەکانی ڕابردوی''.


پێداچونەوەو لێکۆڵیەنەوە بۆ پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی.


وەزیری دەرەوە دەتوانێت،ناوی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لادات، لەڕێگەی بەکارھێنانی توانای یاسای خۆی یاخود، وەک وەڵامێک بۆ سکاڵانامەیەک، کەدەکرێت لەبری پەکەکە، ئەم سکاڵانامەیە بەرزبکرێتەوە. پێداچونەوەی ئەم بڕیارە، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا یەکجار گرنگە. مێژوو باردۆخی ئەمڕۆی پەکەکە، ئێجگار جیاوازە، لەو مێژوو قۆناغەی پەکەکە ی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی تێدا ناسێنرا. سەرھەڵدان و دەرکەوتنی داعش یان دەوڵەتی بەناو ئیسلامی،گۆڕانی بەسەر ئەولەویەتی وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا ھێنا، بۆیە لەناو بردنی داعشی کردە لەھەر پێشترین ئەرکەکانی. شەڕی پەکەکە لەگەڵ داعش، خزمەتێکی باشی بەسیاسەتەکانی ئەمریکاو، سیاسەتی دژەتیرۆر کردوە لە سوریاو ئێراق. پەکەکە توانی بەرگریکارێکی زۆر باش بێت لە ناوچەکە، توانی ناوچەکانی مەخمور، شەنگال، کەروکوک لە ئێراق ئازاد بکات، ھەروەھا کۆبانی ئازادکرد لە باکوری سوریا. لە ئۆگەستی ٢٠١٤، پەکەکە تەنیا ھێز بوو، توانی ببیتە سەرچاوەی دامەزراندنی تونێلێک بۆ ڕزگارکردنی دەیان ھەزار یەزیدی، کەلەلایەن داعشەوە چواردەور درابون لە چیای شەنگال.


لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە لە جەنگی داعش، دەشتوانێت وەک پارتێکی سیاسی خزمەت بەپرۆسەی دیموکراسی بکات لە تورکیا. پەکەکە ئێستا کار بۆ ئۆتۆنۆمی دیموکراتی دەکات لە تورکیا. بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی ڕۆژاڤا لە سوریا، پەیوەندی باشی بەپەکەکە ھەیە، کەلەلایەن پەیەدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.نمونەیەکی باش و پۆسەتیڤی دیموکراسیە، ڕۆڵێکی گرنگی بەپێگە و بەھێزی ژنان داوە، ژینگەیەکی سەقامگیری ھەیە. لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لەوەڵامی پرسیارێکدا، گوایا، '' ئەو ئاگادارە کە زۆر لە چەکدارانی پەکەکە پەیوەندی دەکەن بە ھێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)'' وەڵامی ئەوەبوو، کە وەزارەتی دەوڵەت ''جیاوازییەکی ڕوون دەبینێت لەنێوان ھەردووگروپ)'' لەکاتێکدا ئەردۆگان، ئەو جیاوازییەی ئەمریکا نابینێت، بەڵکو پەکەکەو یەپەگە وەک تیرۆریسات دەبینێت.


زۆر لە شارەزایان، ئەکادیمیەکان، سیاسەت مەدارانی ئەوروپا، چینی ڕۆشنبیری ووڵاتانی ڕۆژاوا داوا دەکەن پەکەکە ناوی لە لیستی تیرۆر دەربکرێت. ئاماژە بەوەدەکەن، کە ڕۆڵی پەکەکە زۆر گرنگە بۆ شەڕی داعش. پێتیشن، (سکاڵانامە) بەرزکراوەتەوە، دانراوە لەماڵپەڕی فەرمی کۆشکی سپی، دەڵێت '' ئێمەی خەڵک'' بەرنامەیەکە کە زیاتر لە ٣٣٠٠٠ کەس واژۆی لەسەرکردوە.


ئەگەر پەکەکە ھەنگاوێکی ڕەزامەندیانە بنوێنێ بۆ ئەم پێتیشنە، بۆئەوەی وەزارەتی دەوڵەت ئەم قانونە پوچەڵبکاتەوە، ئەوکات پێتیشنەکە، پێ دەنێتە قۆناغی چوارەمەوە، بۆ پشتگیریکردنی ئەو گۆڕانکاریانە لەسەربناغەی نوێ و بەیاننامەی دەستھەڵگرتن لە توندوتیژی سیاسی، کەدەکرێت پشتگیری بکرێت لە کۆمیتەی ناوەندی پەکەکەوە. بەیاننامەی پەکەکە دەکرێت وەک بەڵێنێک بێت بۆ پشتگیری جەنگیھاوپەیمانی فرەنەتەوەیی کە ئەمریکا ڕابەرایەتی دەکات دژ بە داعش. لەگەڵ نزیکبونەوەی حکومەتی ئەمریکا لە پەکەکە، دەبێت ھەمەئاھەنگی بۆ ھەمان پرۆسەبکرێت لەگەڵ ووڵاتانی ھاوپەیمانان وەک بەریتانیا، کەنەدا، و ئوسترالیا. پشتگیری باش و زۆر بەرچاو ھەیە بۆ ھەمان پرۆسە لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا.


بەھۆی مامەڵەو ھێرشە ناپەسەندەکانی ئەم دواییانەی میلیتەری تورکیا دژ بە پەکەکە، کە بونە ھۆی قوربانی خەڵکی سیڤیل، واپێوویست دەکات، نزیک بونەوەو مامەڵەی جیاواز لەگەڵ پەکەکەد بکرێت. ڕێبازێکی پراگماتیکی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەئاڕاستەی پەکەکە، ھاندەردەبێت بۆ گۆڕین و ڕیفۆرمی سیاسی لەناو پەکەکەدا. ھێشتنەوەی ھەرگروپێک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، کاریگەری نێگەتیڤانەی دەبێت، لەوانەشە ببێتەھۆی، دروستبونی گروپی ڕادیکاڵتر و توندوتیژتر لەناوخۆیدا. دەرھێنان و لادانی ناوی پەکەکە لەناو لیستی تیرۆریستی وەک ڕێکخراو، دەبێتەھۆی زیاترپتەوکردنی ڕۆڵی پەکەکە دژی داعش. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێتەھۆی فاکتەرێکی بەھێزی سیاسی، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا. ئاسایشی تورکیاش، سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ، لەڕێگەی چارەسەری سیاسیەوە، مافی سیاسی زیاترو کەلتوریش بۆ کورد دەسەبەردەبێت.
____________________________________
بۆ خوێندنەوە یان بینینی ڕاپۆرتەکە بە زمانی ئینگلیزی، ئەم بەستەرە کلیک بکە:
www.lawfareblog.com/case-delisting-pkk-foreign-terrorist-organization

* دەیڤد فیلیپس: بەڕێوەبەری پرۆگرامی بونیادنانی ئاشتی و مافی مرۆڤە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا. وەک ڕاوێژکارو پسپۆری نێودەوڵەتی لە وەزەراەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی، جۆرج بۆش، بیل کلینتۆن و باراک ئۆباما خزمەتی کردوە.
** کێلی بێرکڵ: پارێزەرەو شارەزای بواری تیرۆریزمە لە کۆلێژی جەی، لەزانکۆی نیویۆرک بەشی قانونی خوێندوە، لەبواری ئاسیشی نەتەوەی لە فۆردھام لۆسکوڵ خزمەتیکردوە.

*** ئەحمەد ساڵح: ماستەر لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و ئاسایشی جیھانیی.

 

 

٢\٣\٢٠١٦
ahmed_saleh_75@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک