په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١٤

کردەی پەشیمان بە؛ نەک نەکردەی پەشیمان؟!


ستار محەمەد قادر   


دەسەڵات و کورسی دوو شتی شوومن، ئەگەر بۆ بەرژوەندیی کەسیی و خێزانی بیانقۆزیتەوە؛ زۆر بەکەلک و سوودبەخشن ئەگەر لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتییدا بەکاریان بهێنیت؟!


ئەوە زۆر راستە کورد ناحەزی زۆرەو چوار دەوری بریتیە لەو وڵاتانەی کە داگیرکەری خاکی کوردستانن، ئەمەش بە مانای ئەوە نایات کە کورد ماڵئاوایی لە خەونەکانی بکاو خۆی رادەستی واقیعێکی تاڵ بکات. بە مانایەکی تر، ئێمە هەڵەیەکی کووشندە دەرهەق بەمێژووی پڕ لە کارەسات و قوربانی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە دەکەین، ئەگەر بیرکردنەوەمان لەچوار چێوەی ئەم وڵاتانەدا قەتیس بدەین و چاوڕوانی ئەوە بکەین تا نۆبەرەی دیمۆکراتی لەهزری ژەنگرتووی پارتە عێراقیەکاندا دێتە دونیاوەو ئیتر کەس لە کەس ناکەوێ و زۆرینە لە خزمەتی کەمینەدا دەبێ و داوای لێبووردن لە بەخشندەیی میللەتی کورد دەکەن؟!


کێشەکان زۆر لەوە قووڵترن کە دەیانبینین و قسەیان لەسەر دەکەین، ناکرێت هەروا بە سادەیی چاوڕوانی ئەوە ببین تا دەستوور دەبێت بەشوێنی بایەخی ئەوان و پێیەوە پا بەند دەبن، یان لەڕێی هەر هاوپەیمانێتیەکی درۆزنانەوە بە تەمای ئەوە ببین بە مافە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەکانمان بگەین؟ چونکە ئەو گۆڕەپانەی کە دەیبینین، کۆمەڵێک وڵات لەنێو هاوکێشەکەدان، رەنگە زۆرینەیان بە داخوازیە رەواانی گەلی کورد قەڵس ببن، کەواتە مەرجی مانەوەی کورد لەچوار چێوەی عێراقدا، ئەوە بێت دەستوور بکرێت بە مەرجەع و حکومەتی ناوەندی پێیەوە پابەند بێت، ئایا تا ئێستا نیشانەکانی پێشێلکردنی دەستوور لەسیمای ئەم حکومەتەدا رەنگی نەداوەتەوە؟!


بێ گومان هیچ کەسێک ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە سەرکردەکانی کورد بەبێ گەڕانەوە بۆ رای هاوڵاتییان بڕیاریاندا لە درووستکردنەوەی عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعسدا بەشداربن، لە کاتێکدا هەموویان باش ئەو راستییەیان دەزانی کە کلتووری دیمۆکراتی لەعێراقدا بوونی نیەو بەهەمان فۆڕمی رژێمی پێشوو حوکمی زۆرینە لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کەمینە پەراوێز بخاو رێگە نەدات بەهیچ شێوەیەک دیمۆکراتی لەم وڵاتەدا گەشە بکات، هەرگیز بیریان لەوە نەکردبووەوە کە فکری بەعس وەکو مۆدیلێکی سیاسی هەژموونخوازی لە خەیاڵدانی زۆربەی کاراکتەری هێزە سیاسیەکاندا رەگی قووڵی داکووتاوە! حاڵی حازر نە کورد متمانەی بە حکومەتی ناوەندی هەیەو نەش حکومەتی ناوەندی باوەڕی بە دەستوورو ئەو فیدڕاڵیەتە هەیە کە لەهەر سێ شارەکەی هەرێمی کوردستاندا بەرجەستەیە، بۆیە ئێستا دوای یازدە ساڵ دەرەنجامە سلبیەکانی بەشداریکردن لە درووستکردنەوەی وەها وڵاتێکدا دەردەکەون!


کورد دەمێ ساڵە بەدەستی پەتایەکی کووشندەوە دەناڵێنێت، هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە ئەزموون لەرابردووی پڕ کارەساتی وەربگرێ و هەتوانێک بۆ ئەو برینەی بدۆزێتەوە تا پێی ساڕێژ بکات، کورد بەبارتەقای دوژمنەکانی دژایەتی خودی خۆی کردووە، هەموو کاتێک پرسی نەتەوایەتیمان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، هیچ هێزو لایەنێک سڵی لەوێرانکردن و رووخاندنی رۆحی کوردبوونمان نەکردووەتەوە، لە بنەڕەتدا نەشبووە بە شوێنی پرسیارو تێڕامان، بەڵکو تا بێت رێگە بۆ ئەوە خۆش دەکرێت، بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی تخووبی کورد بوونمان ببەزێنێت، ئەمەش بووە بە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵێک رووداوی نامۆو تراژیدیا ئاسا لە مێژووماندا شوێنی خۆی بگرێت و کەسیش لە بەرانبەریدا خۆی بە بەرپرسیار نەزانێت!


سەرکردەکانی کورد نابێت کردەی پەشیمان بن، چونکە ئەوان تەنها لە چارەنووسی خۆیان بەرپرسیار نین، بەڵکو چارەنووسی گەلێک لە ئەستۆیاندایە، بۆیە وەکو ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی، دەبێت ئەوەمان بۆ روون بکەنەوە کە لەسەر چ بنەمایەک ئەوان بڕیاریاندا بەشداربن لە درووستکردنەوەی ئەم وڵاتە وێرانەدا؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک