په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کتێب بۆ خۆێندن و وەڵامدانەوەیە، نەک بۆ سوتاندن!

سەلام عەبدوڵا


پێش ئەوەی هەواڵی کتێب سوتاندنەکەی فەرهاد پیرباڵ لەلایەن چەند گەنجێک لە کەلار، بڵاوببێتەوە، یەکێکیان پەیوەندی بەمنەوە کرد و بەیاننامەیەکەیان سەبارەت بە هەڵویستەکەی فەرهاد پیرباڵ لەبارەی هەڵبژاردن بۆ خوێندمەوەو پاشان وتی: کتێبەکانیمان سووتاند.


منیش دەستخۆیشم لێکردن بۆ بەیاننامەکەیان، بەڵام پێموت: کتێب بۆ سووتاند نییە. کاتی خۆی نازییەکان هەرچی کتێبی شیوعییەکان بوو، کۆیانکردەوە و سوتاندیان. تکایە با کەس نەزانێ کە ئێوە کتێبتان سوتاندووە و بەکەسیش مەڵێن!


بەداخەوە بۆ ئێوارەی هەمان رۆژ، هەواڵی کتێب سووتاندنەکەیان، لە سایتەکان خوێندەوە.


رەنگە یەکێک پێی وابێت ئەو گەنجانە کەسانی توڕەو نەفام بن، بەڵام لەراستیدا کەسانیێکی بەویژدان و خۆشەویستن و زوڵمکارییان پێ قبووڵ نییە و لە چالاکییەک دژ بە خراپی بارودۆخی منداڵانی کوردستان لە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان لەگەلیان ئاشنابووم.


ئەم باسە، هەڵویستی قەشەیەکی ئەڵمانی بەبیرهێنامەوە: پاش هەرەسەکەی ئەڵمانیا رۆژهەڵات، زۆرێک هەبوون کتێبەکانیان، بە کتێبەکانی ناو کتێبخانەکانیشدا هه‌ڵدایه‌‌ زبڵخانەکانەکان. قەشەیەک کە هەرگیز پەیوەندی بە مارکسیزمەوە نەبوو، ئەو کتێبانەی لە کڵێساکەی کە لە گوندێکی لەنزیک شاری نۆردهایم بوو، کۆکردەوە. لەوێ شوێنێکی بۆ تەرخانکرد و بە نرخێکی زۆر هەرزان دیفرۆشتەوە و لە کۆتایی هەفتە خەڵک بەمەبەستی کتێب کڕین، سەردانی ئەو شوێنە دەکرد و منیش یەکێک بوو لەوانەو نزیکەی40-50کتێب لە چیرۆک بۆ منداڵ و زۆریتریشم کڕی و بەم بۆنەیە سەردانی قەشەکەم کرد و پرسیارم لێکرد، بۆچی ئەو کارە دەکەی، لە وەڵامدا وتی: کتێب بۆ خوێندن و وەڵامدانەوەیە، نەک بەو شێوەیە سووکایەتی پێ بکرێ!


کتێب بۆ خوێندن و زیادکردنی مەعریفەت و چێژلێوەرگرتن و رەخنەگرتن و تێگەیشتنە لە ژیان و جیهان و گۆڕینی و ئەو گەنجانە دەیانتوانی بەو شێوەیە کە بەباشی دەزانن و بەوپەڕی توندی بیروڕاو رەخنەی خۆیان لەسەر هەڵویستی مامۆستاکەیان بنووسن، نەک کتێبەکانی بسوتێنن.

 

 

dwaroj@yahoo.de