په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠١٦

کلیپتۆکراسی لە بەرگی نیولیبرالیزمدا.


حەسەنی ئایشێ    


ھەتا بەر لە ھاتنی قۆناغی نیولیبرالیزمەکەی تاتچەریزم و ریگانیزم چەمکی چاکسازیی یا ریفۆرم ماناو مەفھومێکی پۆزەتیفی لە ئەندێشەی کرێکاران و ھەژاران و توێژە مامناوەندییەکانی کۆمەڵگەدا ھەبوو، کە زیاتر باشبوونی ھەلومەرجی ژیان، خزمەتگوزارییەکان و بیمە کۆمەڵایەتییەکانی دەگەیاند. بەڵام بە جێبەجێکردنی پلان و سیاسەتە ئابوورییەکانی (مارگرێت تاتچەر) سەرۆک وەزیرانی ئەودەمەی بەریتانیا و سەرۆکە ھاوقۆناغەکەی (واتە رۆناڵد رێگان سەرۆکی ئەمریکا)، ئیدی ریفۆرم مانایەکی دیکە وەردەگرێت کە زیاتر دەربڕی کەمکردنەوەی ئەرکەکانی دەوڵەتە لە بەرامبەر ھاوڵاتییان، زیادکردنی رێژەی باج، کەمکردنەوەی بیمە کۆمەڵایەتییەکانە، کە پێشی دەگووترێت سیاسەتی سکھەڵگوشین. سیمایەکی ئەم سنووردارکردنەی رۆڵی دەوڵەت و حکومەت لە ئاستی ئابووریدا دەستبەستراوی دەوڵەت لە بەرامبەر بازاڕ و لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا دوورکەوتنەوە و فراوانبوونەوەی مەوداو کەلێنی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە بوو.


سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە زۆربەی دەوڵەتانی جیھانی بەرەو گرتنەبەری ئەو رێگەیە و ھەر لە ژێر ناوی چاکسازیدا، ھان دا. ھەڵبەتە ئەنجامدانی ئەم سیاسەتانە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک رێ و شوێنی یاسایی، سیاسی، ئیداریی و ئابووریدا بوون و لە فۆرمی لیبراڵ دیموکراسیدا بوون.


لە کوردستان قەیرانی ئابووری کراوەتە پاساوێک بۆ ئەو شتەی پێی دەگووترێت چاکسازیی نیولیبراڵییانە، کە ئەنجامدەری ئەم چاکسازییە دەسەڵاتی دزسالارەکانە Kleptocracy، کە ناتوانێت نوێنەرایەتی حکومەتێکی بۆرژوازیش ( بە پێی مەفھومە باوەکەی) بکات. بەڵکو تەنھا نوێنەری بەرژەوەندی ئۆلیگاریشییەکی حزبی و سەربازیی ناو پارتی و یەکێتی دەکەن. پەندێکی کوردیی ھەیە دەڵێت ئەگەر دز و خاوەن ماڵ یەک بن، گا بە کڵاورۆژنەدا ھەڵ دەکێشن. سەرەڕای پارادۆکسیەتێک کە لە پەیوەندی دز و خاوەن ماڵ لەم پەندەدا ھەیە، بەڵام خۆیشی نیشاندەری دۆخێکە کە خاوەن ماڵ و دز تیایدا ھاوبەرژەوەندیی دەبن. ئەم دۆخە لە ئێستادا بووەتە واقیعێک کە دز و خاوەنماڵ لە یەک کارەکتەردا خۆیان نماییش دەکەن.


لە کاتێکدا مووچە خۆران و ھاوڵاتییانی کوردستان کێشەی نەبوونی مووچە و قەیرانێکی دروستکراویان ھەیە دەستەی فەرمانڕەوایش لە کوردستان درۆی بەڵێنی چاکسازی وچاککردنی دۆخی ئابووری کوردستان دەکاتەوە، ژێر بەژێر خەریکی بەرزکردنەوەی رسوماتەکان و زیادکردنی نرخی خزمەتگوزارییەکانە. وێڕای کەرتی ھاتوچۆ کە نرخەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە. وا خەریکە لە کەرتی تەندروستیش دەست دەکات بەو وێرانسازییە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبینین کە چۆن ھاوڵاتییان دەستیان دەچزێت بە بەرزیی نرخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکاندا. ئەم بەرزکردنەوەیە ئەگەرچی لە ژێر ناوی دابینکردنی مووچەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییدایە، بەڵام ئەمە درۆیەکە و ئەسڵ و ئەساسی نییە چونکە:


١. ھیچ یاسایەک نییە کە دەسەڵات بداتە وەزارەت یا فەرمانگەیەک تا بتوانێت داھاتەکەی خۆی بەکاربھێنێت بۆ دابینکردنی مووچەی کارمەندەکانی تا وەزارەتی تەندروستیش ھەمان بە پێی ئەو یاسایە مووچەی وەزارەت و فەرمانگەکانی تەندروستی دابین بکات.


٢. پێشتریش دەستەی فەرمانڕەوا لە کوردستان نرخی سووتەمەنی و بەنزینییان گران کرد و وتییان بەمە معاشی مووچە خۆرانی پێ دابین دەکەین وھەر پێنج حزبەکەیش پیرۆزباییان لەم ھەنگاوەی حکومەتی دزۆکراتەکان کرد. بەڵآم دوایی دەرچوو کە ئەمە جگە لە کڵاوکردنە سەر خەڵکی ھیچیتر نەبوو. ئەمە وەکو مەسەلەی پاشەوکەتکردنەکە وایە، کە ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ھیچ یاسا و رێنماییەک دەربارەی پاشەکەوتکردن لە وەزارەتی داراییەوە بۆ ژمێریارییەکان دانەبەزیوە تا بە پێی تەعلیمات رێکی بخەن. واتە دەستەی فەرمانڕەوا نەک ھیچ متمانەیەکیان نەماوە لای ھاوڵاتییان بەڵکو مەسەلەکە دزییە بە رۆژی رووناک.
٣. تەنانەت ئەگەر یاساکەیشی بۆ دابڕێژن و ئەمجارەیان راستگۆبن لەوەی مەبەستییان دابینکردنی مووچەیە(ئەمە مەحاڵە و بەقەولی خۆیان خەونی حوشترە) ھێشتا عوزر لە قەباعەت خراپترە، چونکە ئەمجارەیان دابینکردنی مووچە لەسەر حسابی گیرفانی بەتاڵی ھاوڵاتییان دەبێت. واتە بۆ ئەوەی مووچەی منی کارمەند دابین ببێت، دەبێت ھاوڵاتی باجی زیادبوونی لە سەدا سەدی کرێی دەرمان و پشکنین و نەشتەرگەری لە مەڵبەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکاندا بدات. ئەمجارە ئیدی رەشەباکە بەتەنھا رووی لە کڵاوی مووچە خۆران نییە بەڵکو کڵاوی ھەموو ھاوڵاتییان، بە کارمەندانی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتیشەوە کە تا ئێستا بێ دەنگ و بێ ھەڵوێست بوون لە ئاست ئەم رووداوانەدا، با دەیبات وکەس کڵاوێکی لەسەر نامێنێتەوە تا دەستی پێوە بگرێت . ئێمە لە داھاتوویەکی نزیکدا قسەی زیاترمان دەربارەی ئەم سیاسەتەی وەزارەت و ھەڵوێستی خراپی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و بێھەڵوێستیی لیستەکانی گۆڕان و ئیسلامییەکان لە ناو کەرتی تەندروستیدا دەبێت.


دواجار ماوەتەوە بڵێێن مووچە خۆر و ھاوڵاتی باجی ئەوە دەدەن کە سەقفی داواکارییەکان لە دابینکردنی مووچەدا ماوەتەوە و لە وەھمی چاکبوونی دۆخەکە و چاوەڕوانی وشەی سەرکردەی بێدەنگ و ھەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆرتۆنیست بوون.
 

ماڵپه‌ڕی حەسەنی ئایشێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک